Download Full Policy Report in English
کورتەی راپۆرت و پێشنیارەکان بە کوردی
پوختەی ڕاپۆرت
ئەو پلانەی بۆ دوای جەنگی عێراق لە ٢٠٠٣ دانرابوو بەلایەنی کەمەوە پلانێکی لاوازبوو. له دهرئەنجاميدا چەندين فاكتهر هاتنه كايهوه کە بوونە هۆێ بەلاوەنان و بێبەشکردنی عهرهبی سوننە مهزههبهکان. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە لایەنە توندڕەوەکانی وەک (ئهلقاعیدە) و (دهوڵهتی ئيسلامی – داعش) سوود لەم دۆخە وەرگرن و جێی خۆیان لە ناوچە سونەکانی عێراق بکەنەوە. لێرهدا گرنگە کە هەموو ڕێگەیەک بگیردرێتە بەر تا ئەو ههڵانه لەو شەڕەی کە ئێستا بەرانبەر داعیش دەکرێ دووبارە نەکرێتەوە؛ ئەگەر لە ئازادکردنی موسڵدا پلانی درێژخایەن بە تەواوەتی پشتگوێ بخرێت لهوانهيه ئەمە خۆی لە خۆیدا ببێتە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو کێشانەی کە پێشتر لە بنەڕەتدا بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش. پێویستە کە دهرس لە هەڵەکانی سهردهمی دوای سەدام وەربگیردرێت و وە ئەم جۆره هەڵانە دوای رزگاربوون له داعش دووبارە نەکرێنەوە. پێویستە ڕێگەیەکی هەمەلایەنە هەبێ بۆ پلانی ئازادکردنی موسل وە ئەمەش نابێ خۆی تەنيا لە لایەنە سەربازیە (عهسكهريه) کەدا ببینێتەوە.
ئامانجی ئەم ڕاپۆرتە ئەوەیە کە لایەنە غهيره سەربازیەکانی ئەم بابەتە شی بكاتهوه، ئهوانهی کە دەبێ چارەسەربکرێن پێش ئەوەی هێرشی کۆتای بکرێتە سەر داعش لە موسل. کەواتە ئەم ڕاپۆرتە جەخت دەخاتە سەر لایەنی مرۆیی و حوکمڕانی و دابینکردنی ئاسایشی دوای جەنگ و بونیاتنانەوەو پێکهاتنەوە. ئامانجی گشتی ئەم ڕاپۆرتە ئەوەیە کە تێگەیشتنێک دروست بکات لەسەر ئەوەی کە چۆن ڕێگە نەدرێ ئەو دۆخەی کە ڕێگەی بۆ پهيدابوونی داعش خۆشکرد دیسان سەرهەڵنەداتەوە بە جۆریک کە ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش یان ڕێکخراوێکی تری ڕادیکاڵ کە بە شێوەیەکی شەڕەنگێزی نوێنەرایەتی سوننه پهراوێزخراوهكان بکات. بهو پێيه ئەم ڕاپۆرتە لەو خاڵە سەرەکیانە دەکۆڵێتەوە کە جێی بایەخن بۆ دانیشتوانی سوننەی پارێزگای نەینەوا، وە شیکاری بۆ ڕێگەچارەکان دەکات لە ناو هاوكێشه سیاسی دەستوریهكانی عيراقدا. ئەم ڕاپۆرتە ئەوەش لەبەرچاو دەگرێت کە ئەو خاڵانەی کە بۆ دانیشتوانی سونەی نەینەوا جێی بایەخن مەرج نیە هەمان خاڵبن بۆ کەمایەتیەکانی تریش.
پارێزگای نەینەواو شاری موسل شوێنی گرنگن کە لێیانەوە دهكرێ لە هەندێ لە کێشە فراوانترەکانی عێراق بکۆڵدرێتەوە. بهو پێيه ئەم ڕاپۆرتە تەنيا لێکۆڵینەوەیەک نیە لەسەر ئازادکردنی موسل لەدەست داعش، بەڵکو لەوە زیاترە. ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی هەندێ لە كێشە پربایەخەکان دەداتەوە کە پەیوەستن بە داهاتووی عێراق خۆیەوە. کەواتە دەشکۆڵێتەوە لە کێشەكانی وەک مهركهزيهت و پەراوێزخستنی لایەنەکان و بەفیدراڵیکردنی عێراق و دروستکردنی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی هەرێمەکان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان.
ئەم ڕاپۆرتە پێدادەگرێ لەسەر ئەوەی کە پێش ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسل, ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئاسایشی پێویستە تاوهكو ڕێگە لە سەرهەڵدانی شەڕ لە نەینەوای دوای داعش بگرێت. هەروەها لە گۆشەنیگایەکی مرۆیی و ئاشتەواییەوە شیکاری دەکات بۆ گرنگی پێدانی ڕێککەوتن لەسەر پرۆسەیەکی تێروتەسەل دەربارەی خەڵکە ڕاگوێزراوەکان، بونیاتنانەوەی پاش شەڕ، دادوهرێتی و سیستەمی پەروەردەو پڕۆسهی گەڕان بەدوای ڕاستیەکاندا. هەروەها ئەم ڕاپۆرتە لە گرنگيی ڕۆڵی هێزێکی یەکگرتوو لە پرۆسەی ئازادکردنەکەداو سهقامگيركردنیئارامی دوای جەنگ دەکۆڵێتەوە لەگەڵ رۆڵی ئەو هێزانەی کە بەشداریکردنیان لهو ئازادكردنه لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە قهبوڵ دەکرێت.
لە گۆشەنیگای حوکمڕانیەوە، بەهای فیدراڵیەت لە عێراق لە هەردوو لایەنی تیۆری و ئەزمونیەوە جەختی لەسەر دەکرێتەوە و بهوپێيهفیدراڵەت بۆ نەینەواش پێشنیازدەکرێت. سەرەڕای ئەمانەش، ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە داهاتووی ناوچە دابڕاوەکان دەبێ گفتوگۆیان لەسەر بکرێت بە جۆرێک کە داهاتووی یاسایی ئەم ناوچانە قەزا بە قەزا بڕیاری لێ بدرێت.
ئەم ڕاپۆرتە لە گۆشەنیگای سیاسەتەوە نوسراوە وە بەجۆرێك كه له هەر بەشێکيدا چەند پیشنیارێک دهخاته ڕوو بۆ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر بنەمای ئەو توێژینەوەیەی کە کراوە. توێژینەوەی ئەم پرۆژەیە لە نێوان مانگەکانی ئایارو ئابی ٢٠١٦دا کراوە وە هەروەها دیدەنی لەگەڵ چەندین کەسی دیاری سیاسی نەینەوا کراوە لەگەل بەشداریرکردن و ڕێکخستنی چەند مێزگردێك لەسەر موسل بە بەشداری لایهنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان. ئەمانە سەرەڕای لێکۆڵینەوە لە وتارەکان بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لەو كێشانەی کە بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش لە عێراق.
پێشنیارەکان
پێش ئازادکردن
پیش ئەوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسل دەست پێبکات، گرنگە کە ڕێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی ناوچەکەو مهركهزی دەوڵەتدا بکرێت. ئەمە لەوە دڵنیامان دەکاتەوە کە دواتر کێ حوکمی نەینەوا دەکات و چۆن. لە کاتی ئیستادا چەندین لایەنی سیاسی و سەربازی، کە لایەنی دەرەکیشیان تێدایە، هاتوونەتە ناوچەکە. کەواتە گەر ڕێککەوتنێک نەکرێت ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی دواتر ههڵگيرسانی شەڕێكی ديكه. لەبەر هەمان هۆکار، پێویستە کە ڕێککەوتنێک بکرێت لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ناوچەکەدا تا هەموویان یەک سەرکردایەتیان هەبێ لە ناو هێزە چەکدارە نیشتیمانیەکاندا.
لە لایەنێکی زیاتر پراکتیکیەوە، ئامادەکاری بۆ لهخۆگرتنی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە بکرێت پێش ئەوەی هیچ پرۆسەیەکی ئازادکردن دەستپێبکات. ئەو بارودۆخەی کە پاش حوزەیرانی ٢٠١٦ لە ئازادکردنی فەلوجەدا بینیمان ئەوەبوو كه ئەوانەی ئاوارەبوون لە دۆخێکی خراپدا دەژیان، دەبێت بە هەرچۆنێک بووە ئهو دياردهيه ڕێی لێبگیردرێت.
لە هەمانکاتدا، پێویستە بونیاتنانەوەی ئەو شوێنانەی کە لە دەستی داعش ئازادکراون بە خێرايی دەستپێبکات چونکە ئەمە فشار لەسەر کەمپەکانی ئاوارەکانی ناوخۆ کەمدەکاتەوە و ڕێگە بۆ ئەوانە خۆشدەکات کە ئێسات تیایاندان تا کەمپەکان بەجێ بهێڵن. پێویستە کە پلان و سەرچاوەی پێویستیش هەبێت تا بە خێرای موسل بونیات بنرێتەوە.
دادپهروهرێتی و ئاشتبوونهوه رۆڵێكی گرنگیان دەبێت لە ئاسایکردنەوەی نەینەوادا. کەواتە پێویستە بەرنامەیەکی ڕوون دابنرێت تا ڕێ لە کاری تۆڵەسەنەوە بگرێت لەلایەن هێزە ناوخۆی و دەرەکیەکانەوە. کاری تۆڵەسەندنەوە تەنها دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
کاتی پێش ئازادکردن دەبێ بەکاربهێنرێت بۆ دڵنیابونەوە لەوەی کە داهاتووی نەینەوا داهاتوویەکی پۆزەتیڤە. بەم جۆرە، توانای سیاسیەکان و وە هێزە لۆکاڵیەکان (ئەگەر یەکگرتووبن) دەبێت پەرەیان پێ بدرێت. ئەوان بەڕێوەبەر دەبن و لە دۆخێکی زۆر قوڕسدا ئارامی دابین دەکەن ، کەواتە ئەوان هەموو ڕاهێنانێکیان پێویستە کە پێیان بکرێت تا ئەم پرۆسەیە ئاسان بکات.
چوونە نێو موسڵ
سوپای عێراق و هێزە لۆکاڵیەکان دەبێت هێزە سەرەکیەکان بن کە دەچنە ناو موسل بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانەکان و هێزی پێشمەرگە لە باکورو ڕۆژهەڵاتەوە. هێزی هاوپەیمانەکان دەبێت وەک سەرپەرشتیار لەسەر زەویش ڕۆڵیان هەبێت. ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا به كۆی دهنگ دەنگی لە دژی بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە ئازادکردنی شاری موسلدا داوە. ئەم ئەنجومەنە نوێنەرایەتی خەڵکی ناوچەکە دەکات و بڕیاری ئەوان دەبێت ڕێزی لێبگیردرێت.
هێزە لۆکاڵیەکان، دوای ئەوەی یەکیان گرت، دەبێت بە شێوەیەکی چڕ بەشداربن لە ئارامی دوای شەڕ لە شارەکەدا تا وا نیشان بدەن کە شارەکە ئازادکراوە نەک داگیرکراوە.
حوکمڕانی
تاوەکو ڕێ لەو کێشانە بگیردرێت کە بوونە هۆی پەراوێزخستنی سوننەکان و تا ڕادەیەکیش سەرهەڵدانی داعش، پرۆسەیەکی لامەرکەزیەت و فیدراڵیەت پێویست دهبێت. عێراق زۆر لە مەرجەکانی تیادایە بۆ بهفیدراڵیكردن وە چەسپاندی ئەم سیستەمە لە سەرانسەری عێراقدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەموو پێکهاتەکان بەدوای هەمان سووددا بگەڕێن نەک ئەو سیستەمەی کە ئێستا هەیە کە تێيدا هەرێمی کوردستان تاقانەیە. هاوکات لەگەڵ ئەم پرۆسەی بەفیدراڵیکردنە و گۆڕانكاری چڕوپڕ لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەستنیشانکردنی کابینەی حکومەت و میکانیزمی دابەشکردنی دەسەڵاتیش پێویستن.
نەینەوا دەبێت ببێتە هەرێمێکی فیدراڵی کە دەسەڵاتەکانی به لامەرکەزیانه تیادا بەشبەش بکرێت. ئەمە سوننەکان لە خۆبەسەرداسەپاندن دەپارێزێت چونکە ئەوکاتە تا ڕادەیەک خۆیان حوکمی خۆیان دەکەن. لە هەمانکاتدا، هەبوونی هەرێمێکی فیدراڵی نەینەوا کەمایەتیەکان دەپارێزێت لە خۆبەسەرداسەپاندن، چونکە ئەوانیش بە هەمانشێوە ڕەهەندێکی خۆبەڕێوەبەریان دەبێت لە ڕێی لامەرکەزیەتی هەرێمەکانەوە لەگەڵ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەناو هەرێمە فیدراڵەکەدا.
پێویستە هەڵبژداردنیش بکرێت لە نەینەوا هەر کاتێک کە بەشی ئەمە ئارامی تیادا بهرجهستهبوو چونکە دانیشتوانەکەی پێویستیان بەو هەلە دەبێت کە بزانن کێ حوکمڕانیان دەکات لەو دۆخە تازەیەدا.
ناوچە كێشە لەسەرەکان
ئەوەی کە پەیوەندی بە ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە هەبێت، مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق نەیتوانیوە کە کێشەکە چارەسەربکات وە باشترە کە میکانیزمێکی تر بدۆزرێتەوە کە لەسەر هەمان ئەو بنەمایانە بێت. پێویستە کە دانوستانی نوێ بکرێت لەسەر ناوچە جێ ناکۆکەکان لە نێوان ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواو حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداری بەغداو ئاسانکاری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لهوهدا دهكرێ رهچاوی ئهوه بكرێ كه بڕيار لهسهر ناوچه جێناكۆكهكان لهسهر بنهمای قهزا به قهزا بدرێ. ئهو پرۆسهيه پهيوهست نيه بهوهی كێ حوكمی ئهو ناوچانه دهكات، بۆيهش نابێ كشانهوهی پێشمهرگه تێياندا ببێته مهرجێكی پێشوهخته.
هێنانەوە ئارای سەقامگیری
ئاشتهوايی لە عێراقی دوای سەدام بابەتێک بوو کە بە تەواوەتی پێشتگوێ خرابوو وە ئاکامەکانی ئەمە زۆر کاریگەر بوون. ئەمە ناکرێ دوای داعشیش دووبارەبکرێتەوە. ئاشتهوايی پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و زۆرجار بەوە دەستپێدەکات کە لایەنە تاوانبارەکان ببرێنە بەردەم یاسا. هەرچەندە، پێویستە کە جیاوازی بکرێت لە نێوان ئهوانەی کە بەخۆشی خۆیان پەیوەندیان بە داعشەوە کردوە وە ئەوانەی کە بەزۆر کراون بە داعش. پێویستە کە ئەم پرۆسەیە بە ووردی بایەخی پێبدرێ وە لەلایەن دادگای تایبەتی لۆکاڵیەوە کاری تیادا بکرێ. باشتریشە کە سهرپهرشتيارێكی دادگەری نێودەوڵەتیش سەرپەرشتی بکات. وەک بەشێک لەو پرۆسەی پێکهاتنەوەیە، قوربانیەکانی ئەو جەنگە پێویستە قەرەبووبکرێنەوە و لیژنەیەکی بەدواگەڕانی ڕاستیەکان دابمەزرێت تا دۆکیومێنتی ئەوە بکات کە کتومت چێ ڕوویداوە، ئەوەش پیشانبدات کە چۆن و پێکهاتەجیاوازەکان چیان چەشتووە.
هەر کە تهڵهكانی مين (لوغم) و تەقەمەنیەکانی داعش پاککرانەوە، دەبێت بونیاتنانەوە دەستپێبکات. دهبێ میکانزمی بەهێز دابنرێت تا لەو پرۆسەی بونیاتنانەوەدا ڕێگە لە گەندەڵی بگرێت وە پێویستە پرۆسەیەکی چاودێری دابنرێت بۆ دڵنیابوون لە کواڵیتی و چوستی. پێویستە خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان وەک ئاو و کارەبا و تەندروستی و پەروەردە دابینبکرێنەوە. پێویستە ئاسانکاری بکرێت بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکە وە ڕێکخستنی پرۆسەکەش ئاسانبێت. لەهەمانکاتدا، نابێت حاڵی گەڕاوەکان لەو کاتە خراپتربێت لەوانهی کەمپەکاندابوون وە بەمجۆرەش دەبێ لەگەڵ ئەو خزمەتگوزاریە سەرەتاییانەی کە باسکران موچەیەک لەگەڵ خواردن و پێداویستیە سەرەتاییەکان دابین بکرێت.
پێویستە وەبەرهێنانی گەورە لە ئابووری نەینەوادا بکرێت. پرۆگرام بۆ دروستکردنی هەلی کارو پرۆژەی پێداویستیەکانی کۆمەڵگەکە پێشبخرێت تا هۆکارەکانی توندڕەوی کەمبکرێتەوە وە پەرەش بە پرۆسەی پێکهاتنەوەش باشتر بکات. هاوتا لەگەڵ ئەمەش، دەبێت پرۆگرامێکی دژەتوندڕەوی و دەسپێشخەری بۆ حاڵەتی دەروونی شڵەژانی پاش کارەسات[1] پەرەی پێبدرێت تا لەگەڵ دۆخی نەینەوادا بگونجێ.
پێویستە سیستەمێکی نوێی پەروەردە پەیڕەو بکرێت تا چارەی ئەو ڕاستیە بکات کە زۆربەی لاوەکان لە دوو ساڵ زیاترە لە خوێندنێکی ڕێکوپێک دابڕاون. هەرچەندە، ئەم سیستەمە دەبێت هاوکاتبێت لەگەڵ سیستەمی ئاسایی خوێندن تا ئەوانەی کە تازە دەست بە خوێندن دەکەن سودمەندبن لێی.
[1] Post-Traumatic Stress Disorder.
Download Full Policy Report in English
کورتەی راپۆرت و پێشنیارەکان بە کوردی
Citation: O’Driscoll, D. (2016) The Future of Mosul: Before, During, and After the Liberation. MERI Policy Report

