Back

هەرێمی کوردستان: نیشتیمانسازی و دەوڵەتسازی

ھەرێمی کوردستانی عێراق دوای ھەڵبژاردن: ستراتیژ و ئەولەویەتەکان

  • مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، هەرێمی كوردستان
  • دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری (دوێنەر)

لە دیبەیتێکی ڕاشکاوانە و گەرموگوڕی پۆڵەسیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) لە کۆمەڵێک بابەتی گرینگدا قوڵبوونەوە. گفتوگۆکەیان تێڕوانینێکی بێئەندازەی لەبارەی دیمەنە سیاسییە پەرەسەندووەکانی ناوچەکە پێشکەش کرد، کە مامەڵەی لەگەڵ بابەتگەلی سەرەکی وەک حوکمڕانی، دیموکراسی، گەشەپێدانی ئابووری، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و بەشداریکردنی فراوانتری ناوچەیی کرد. دیبەیتەكە ڕۆشنایی خستە سەر هەردوو ئاستەنگە بەرچاوەكان و ئەو دەرفەتانەی کە داهاتووی کوردستان لە قاڵب دەدەن.

هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە

لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستاندا ڕێژەیەكی سەرنجڕاکێشی لە ژمارەی دەنگدەرانەوە بەخۆوە بینی کە زیاتر لە 70% بوو، سەرەڕای دواکەوتنێكی درێژخایەن. عەلائەدین تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەشدارییەکی وەها بەرز لە چاوەڕوانییەکان زیاتربوو، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تەحەدای ڕاستەقینە بۆ لایەنە دەسەڵاتدارەکان لە داهێنانی یەکگرتوویی سیاسی و وەرگێڕانی ئەنجامەکاندایە بۆ حکومەتێکی بەهێز و سەقامگیر.

مەسرور بارزانی دانی بە نیگەرانییەکاندا نا لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بەتایبەتی کاریگەری قەوارە سیاسییەکان لەسەر یاساکانی هەڵبژاردن و میکانیزمی چاودێری. ناوبراو ئاماژەی بە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت دواکەوتنەکان کرد، لەوانە داواکاری گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنەکان و نەهێشتنی کورسییەکانی پشکەکان و داوای چاودێری دەرەکی لە بەغداوە. سەرەڕای ئەم تەحەددایانە، بارزانی دووپاتی کردەوە کە چاودێرانی نێودەوڵەتی هەڵبژاردنەکەیان بە پاک و شەفاف زانی، ئەمەش پێویستیی هەموو لایەنەکان بۆ ڕێزگرتن و بەرزڕاگرتنی ئیرادەی دەنگدەران بەهێزتر کرد.

حوکمڕانی دوای هەڵبژاردن و یەکێتی نیشتمانی

پاشان، گفتوگۆکە تیشکی خستە سەر پرۆسەی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستان. دلاوەر عەلائەدین جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژە زۆرەكەی دەنگدەران ڕەنگدانەوەی متمانەی گشتییە بەڵام ئەم ڕێژەیە ناڕەزایەتی و چاوەڕوانییەکان ناشارێتەوە. پێویستە  سەقامگیری و پەیوەندی ناوچەیی ناوخۆیی تۆکمە وبەهێز بکرێت بۆ ڕێگریکردن و بەرگەگرتن لە  شۆک وگورزی ناوخۆیی یان دەرەکی. ئێستا کە هەڵبژاردنەکان کۆتایی هاتووە، گرنگە پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز بكرێتە ئەولەویەت و حکومەتی نوێش پلانێکی ڕوونی چوار ساڵەی هەبێت. سەرەڕای ئەوەش، بە لەبەرچاوگرتنی بەرپرسیارێتی پارتی دیموکراتی کوردستان وەك براوەی یەكەم لە سەرکردایەتیکردنی حکومەتی داهاتوو و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە دەنگدەران دراوە.

لەوەڵامدا. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن هەوڵێکی بەکۆمەڵ بووە، ستایشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکان و لایەنگرانیشی کرد. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتێکدا هەندێک لایەن پێشبینی دەرئەنجامی جیاوازیان کردبوو، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەو پێشبینیانەی بەهەڵە خستەوە. ئەو هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرنگی پرۆسەکەی ڕەتکردەوە و دووپاتیکردەوە کە دەنگدەران بە ڕوونی ئارەزووی خۆیان بۆ داهاتوو دەربڕی. بارزانی بەڵێنیدا بەڵێنەکانی حزبەکە جێبەجێ بکات و شانبەشانی ئەوانی دیکە کاربکات بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی سەقامگیر و پێشکەوتوو و و ئاوەدان.

لە دیبەیتەكەدا جەخت لەوەش کرایەوە کە دەبێت ئیدی حکومەت لە خیتابی هەڵبژاردن تێپەڕێت و سەرنج بخاتە سەر بەدامەزراوەییکردنی پرۆسەی بڕیاردان حکومڕانی. خۆ ڕوونە کە ناكۆكی لە ناو پارت و فراکسیۆنە سیاسییەکان لە مێژوودا بووەتە هۆی ئیفلیجی سیاسی و حکومڕانی و ڕێگری لە جێبەجێکردنی کاریگەرانەی سیاسەتەکان و یاسا كردووە. دلاوەر عەلائەدین پەیامی بۆ ئەکتەرە سیاسییەکان ئەوەبوو کە ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو وەلا بنێن و حوکمڕانی بكەن پێشینەی کارەکانیان و کار بکەن بۆ دیدگایەکی گشگتگیر بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدان و سەقامگیری و بەرژەوەندی نیشتمانی و دوور لە ئەجێندای حیزبی. ناوبراو تیشکی خستە سەر گرنگی بەهێزکردنی بناغە دامەزراوەییەکان و باشترکردنی سەقامگیری ئابووری و بەرزکردنەوەی ژینگەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی. کلیلی ئەم دیدە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوورییە، لەوانەش دروستکردنی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن و فەزای گشتی سەربەخۆ. بە ئاماژەدان بە ڕاگەیاندنی دواییەی پڕۆژەیەی رێگای کۆیە-هەولێر. دلاوەر عەلائەدین هیوای خواست بە تۆکمەکردنی پەیوەندی نێوان ناوچەکانی دیکەی هەرێمی و لابردنی بەربەستەکانی وەک بازگەی دێگەڵە.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوبەشەکانی بە پەرۆشەوە کاریان کردووە بۆ پێشخستنی رۆسەی نیشتیمانسازی، بەتایبەتی لە دروستکردنی ژێرخانی ئابووری و بەدیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزاریە حکومییەکان و هەمەچەشنکردنی ئابووریدا. ناوبراو تیشکی خستە سەر پێشکەوتنی بەرچاو لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەوانەش چاودێری تەندروستی و حوکمڕانی، سەرەڕای  ئاستەنگەکان لەبەردەم جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەتدا. دەستکەوتێکی سەرەکی لەم میانەدا، دامەزراندنی ناوەندێکی داتای پێشکەوتوو بووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بڕیاردان لەسەر بنەمای زانیاری وداتای دروست.

گەشەپێدانی ئابووری و کەشوهەوای وەبەرهێنان

گەشەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان تیشکی زایتری خرایە سەر لەم پانێڵەدا و تیێدا باس لە پێویستی بونیاتنانی ژینگەیەکی بەهێزی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرکەی کرا.  لێرەدا، دروستکردنی ژێرخانی ئابووری بە گرنگ وەسف کرا بۆ بەستنەوەی هەموو کوردستان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حوکمڕانی. لەدرێژەی دیبەتەکەدا، چەندین دەستکەوت لە  بواری بەدیجیتاڵکردن و هەمەچەشنکردنی ئابووری و باشترکردنی ژێرخانی بانکی باسکران، بەتایبەتیش، سەرۆکی حکومەت باسی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بوژانەوەی ئابووری کرد لە هەرێمی کوردستان لە 1.8% بۆ 8%.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە گەندەڵی و قۆرخکاری زۆرن چونکە ئەم بابەتانە بەربەستی سەرەکین لەبەردەم وەبەرهێناندا لە کوردستان. نەبوونی کەرتی بانکی تەواو گەشەسەندوو بەربەستێکی سەرەکییە لەبەردەم گەشەی ئابووریدا. هێشتا پشتبەستنێکی زۆر بە مامەڵەی کاش دەکرێت لە کوردستاندا وئەمەش شەفافیەتی دارایی سنووردار کردووە و وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی لاواز کردووە. دیارە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی ژێرخانی بانکی مۆدێرن، لەوانەش بانکی دیجیتاڵی و چاکسازییەکانی ڕێکخستنی دارایی هەنگاوی بنەڕەتین بەرەو فراوانبوونی ئابووری. سەرەڕای ئەوەش، پێویستە  چاکسازی لە ڕێکارە ئابوورییەکان بکرێیت و ڕێکبخرێن بۆ ئەوەی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ گەشەی کەرتی تایبەت لە کوردستاندا دابین بکرێت و  خاوەنکاران و بزنسە بچووکەکان دڵنیابن لەوەی کە پشتگیری وەربگرن نەک بەهۆی دەستێوەردان و ناکارایی بیرۆکراتی و سیاسییەوە ڕێگرییان لێ بکرێت.

پشتبەستنی ئێستا بە مامەڵەی کاشەوە لە سیستەمی بانکی کوردستاندا بەربەستێکی گەورەیە، چونکە سیستەمی دارایی جیهانی بەرەو مامەڵەی دیجیتاڵی و کرێدیتی بانکی دەڕوات. بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش پڕۆژەی هەژماری من خرایە ڕوو وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتییەک هەژماری بانکی تایبەت بەخۆی هەبێت و سەربەخۆیی دارایی مسۆگەر بکات و پشتبەستن بە پاڵپشتی سیاسی کەم بکاتەوە. هەڵبەتە ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها چێی ململانیە لە نێوان بەغدا و هەولێردا، بەڵکو لەناو خودی هەرێمی کوردستانیشدا.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت بە کرداری هەنگاوی ناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکانی وەکو کارەبا و کەمیی ئاو. بەڵام لەکوردستاندا ئەم هەوڵانە هێشتا وەدینەهاتوون و کاریگەریان بەتەواوەتی بەرجەستە نەبوون. سەرەڕای پێویستی بەپەلەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەم سێکتەرانەدا، بە هەمان شێوە گرنگە کە گەنجانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان لە زیادبووندایە بەشداربن و دەرفەتی کارکردنی یەکسانیان بۆ برەخسێنرێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان. بێ گومان ئەم پرۆسانە، پێویستی بە ئیرادەی سیاسی بەهێز و ئیلتیزامی بەردەوامە. خۆ ئەم هەنگاوانە گرنگن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و دانانی بناغەی پێشکەوتن. هەر لەو ڕوانگەیەوە سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پرۆژەی گەشەی کرد، کە دەستپێشخەرییەکە داڕێژراوە بۆ پاڵپشتیکردنی گەنجانی خاوەنکار لەڕێگەی پێدانی یارمەتیی دارایی حکومی. ئەم پرۆژەیە دارایی پێشکەش بە خەڵک وخاوەن کارەکان دەکات بە مەبەستی یارمەتیدانی لە دەستپێکردن بزنس و کار و هەروەها لەفراوانکردنی کاروبارەکانیان.

قۆرخکاری و دادپەروەری ئابووری

 هەر لەم دیبەیتەدا باس لە ڕادەی قۆرخکارییەکانی ناو هەرێمی کوردستان کرا. بە وتەی دکتۆر دلاوەر عەلائەدین قۆرخکاری تەحەدایەکی بەرچاوە لە هەرێمی کوردستان. وڵاتە پێشکەوتووەکان  دەمێكە زاڵ بوونە بەسەر پراکتیزە قۆرخکارییەکان لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای تایبەت و جێبەجکردنی ئەو یاساو ڕێسایانە. هەر بۆیە بەبڕوای ئەو یاسای دروست وتۆکمە پێویستن لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و دەستەبەرکردنی دادپەروەری ئابووری . بە بەستنەوەی ئەم بابەتە بە وەبەرهێنانەوە، عەلائەدین ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتێکدا کوردستان لە پێگەیەکی باشتردایە لە باقی عێراق بۆ وەبەرهێنان، بازرگانییە بیانییەکان بە تایبەتی کۆمپانیا ئەوروپی و تورکییەکان بە هۆی نیگەرانی ئەمنی و ئاستەنگی بیرۆکراسی و گەندەڵی دوودڵن لە وەبەرهێنانکردن لە هەرێمی کوردستاندا. بە شێوەیەکی سروشتی وەبەرهێنەران پێش ئەوەی داراییەکانیان بەکاربهێنن، بەدوای گەرەنتی درێژخایەندا دەگەڕێن. هەڵبەتە چوارچێوەی یاسایی وەبەرهێنانی بەهێز لەهەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ ناکرێن.

لەبەرامبەردا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە بازاڕی ئازاد لە هەرێمی کوردستاندا ڕێگە بە کێبڕکێ دەدات و هەندێک لایەن بە شێوەیەکی سروشتی بەهۆی ئەزموون و تواناکانیانەوە سەرکەوتووتر دەبن لەکارەکانیان. لە ڕوانگەی سەرۆک وەزیرانەوە ئەمە واینشاندەدات کە لە هەرێمی کوردستاندا دۆخی بازاری ئازاد ڕێکە زیاتر بەلایەن و کۆمپانیای بەئەزموون دەدات. سەرەڕای جیاوازی لە ڕوانگەیاندا، سەرۆکی حکومەت و سەرۆكی ئینستیتوتی مێری کۆدەنگ بوون لەسەر پێویستی دادپەروەری ئابووری و چاودێری زیاتر بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری.

یەکخستنی هێزی پێشمەرگە

خاڵێکی دیکەی دەیبەیتەکە پەیوەست بوو بە بابەتی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە. دلاوەر عەلائەدین ئاماژەی بەوەدا کە لەکاتێکدا  هەنگاوی بەرچاو لە یەکخستنی بەشێک لە یەکەکانی ناو هێزەکانی پێشمەرگە نراوە، ئەمەش بە یارمەتی و هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدیهاتووە، ڕەخنەیەکی گەورە  هێشتا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان  دەگیرێت بەوەی کە یەکەکانی 70 و 80 هێشتا تاڕادەیەکی زۆر بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکەن و لە دەرەوەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدان. هەڵبەتە بانگەوازی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خاڵێکی سەرەکی بوو لە کامپەینی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام وەرگێڕانی ئەم پابەندبوونە بۆ هەنگاوی کۆنکرێتی رەنگە ئاڵۆز بێت. هەربۆیە حکومەتی داهاتوو پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە لەسەر ستراتیژی یەکخستنی ئەم هێزانە بە تەواوی و دڵنیابوون لەوەی کە  وەزارەتی پێشمەرگە وەک یەک دامەزراوەیەکی سەربازی نیشتمانی یەکگرتوو کاربکات.

سەرۆکی حکومەت لەو بروایەدا بوو کە پێشمەرگە جێگای شانازییە بۆ هەموو کوردستان و بەشدارییەکانی هەموو پێشمەرگەیێک بەبێ گوێدانە پەیوەندییەکی سیاسی جێگەی دەست خۆشی و دانپێدانانە. جەختیشی لەوە کردەوە کە لە کاتێکدا ڕەنگە یەکانی 70 و 80 پەیوەندی سیاسییان هەبێت، بەڵام ئەندامەکانیان قوربانییەکی بەرچاویان لە بەرگریکردنی کوردستان داوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە نابێت مەیلی سیاسی پێناسەی ئەوە بکات کە ئایا هێزێک بە نەتەوەیی دادەنرێت یان نا، گەر  ئامانجی ئەو هێزە پاراستنی وڵات بێت. لە دیبەیتەکەدا دوو دەستپێشخەری سەرەکی خرانەڕوو لەم بوارەوە: یەکەم، دامەزراندنی سیستمێکی ژمێریاری هاوبەش بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سەرجەم مووچەی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ناوەندی لەلایەن وەزارەتەوە بەڕێوەدەبرێت؛ دووەم: داڕشتنەوەی هەیکەلیەتی ڕێکخراوەیی وەزارەتی پێشمەرگە بەجۆرێک کە هەموو یەکەکان لە ژێر فەرماندەیی یەکگرتوودابن. مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارە سەربازیەکان دەبێت دامەزراوەیی بن نەک حزبی، هۆشداریشی دا لە دروستکردنی گرووپی چەکداری جیا بۆ مەرامی سیاسی یان شەخسی، لێرەشدا جەختی لەوە کردەوە کە تەنها حکومەت دەبێت دەسەڵاتی بەسەر پێکهاتە و ڕێکخستنی پێشمەرگەدا هەبێت، بەشێوازێک کە دەسەڵاتەکانی بە یاسا ڕێکبخرێت و دەستکاری نەکرێت بۆ قازانجی حزبی.

سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، قۆناغی داهاتوو  دەبێت بریتی بێت لە ڕێکخستنەوەی ئەو هێزانەی کە ڕێک نەخراون، بۆ نێو لیوا و فیرقەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. لە کاتێکدا  ئەم پرۆسەیە بەردەوامە، سەرۆکی حکومەت خواستی بەهێزی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی بە زووترین کات  یەکخستنی تەوای هێزەکانی پێشمەرگە تەواو بێت بە ماوەێکی کەمتر لە چوار ساڵی داهاتوو،  پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بە دڵنیابوون لەوەی کە یەکگرتنەوەی هێزەکان بەبێ دواکەوتن بە تەواوی بەدیبهێنرێت.

ڕوونە کە کێشەی یەکخستنی پێشمەرگە بەهۆی  پەرتەوازەیی سیاسیەوەیە. پارتە سیاسییەکان لەماوەی ڕابردوودا یەکەی چەکداری سەربەخۆیان پاراستووە، ئەمەش گومان لەسەر یەکگرتنەوەی تەواوی هێزەکان دروست دەکات بەبێ فشاری دەرەکی.  هەر لەم پانێڵەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە پێویستە سەربەخۆیی دارایی و دابەشکردنی مووچە لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بەسیستەماتیک بکرێت بۆ ئەوەی کاریگەری سیاسی بەسەر هێزەکاندا نەمێنێت. هەر لەسەر ئەم بابەتەس، پانێڵەکە باسی لە بەهێزکردنی و تۆکمەکردنی پرۆسەی فەرمان وڕابەریەتی وبوونی  پرۆسەیەکی بەهێز وستانداردی ڕاهێنانی کرد بۆ هەموو یەکەکان وهێزەکانی پێشمەرگە.

پەیوەندی لەگەڵ بەغدا

لە گفتوگۆکەدا جەخت لەسەر بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکان وهاوبەشییەکی تۆکمە لەنێوان  بەغدا و  هەرێمی کوردستان کرا. شاراوە نیە کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا هەوڵەکان بۆ تێکەڵکردنی حکومەتی هەرێم بە پرۆسەی حوکمڕانی  لە عێراقدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر بووەتەوە. چونکە  نە بەغدا بە تەواوەتیی  کوردستانی لە باوەش گرتووە و نەهەرێمی کوردستانیش توانیویەتی ببێتە هاوبەشێکی یەکسان لە پرۆسەی حکومڕانی لە عێراقدا. لە سەرباری ئەوەی کە لایەنی کوردی پۆستی باڵای سیاسی وەدەستهێناوە، بەڵام نەیتوانیوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بەدامەزراوەیی بکات و بەو پێیەش پرسە سەرەکییەکانی وەک مادەی 140، ناکۆکییەکانی مووچە، و تەرخانکردنی سەرچاوەکان بە چارەسەرنەکراویی ماونەتەوە.

له بەغدا تێروانینێک هەیە بەوەی که حکوومه تی هەڕێم زیاتر له شایستەی خۆی وەردەگرێت، ئەم ڕوانگەیەش بەردەوامه له ئاڵۆزکردنی پەیوه ندییەکان. ئەمە له کاتێکدا  کەبەغدا ئەوەندە پشتی کوردستانی نەگرتووە بۆ ئەوەی وەکو کیانێکی تۆکمە و دامەزراو له ناو عێراقدا کار بکات. سەرەڕای ئەم گرژییانە، لە دیبەیتەکەدا پێشنیاز کرا کە حکومەتی هەرێم چالاکانە دەستپێشخەربێت لە خوردکردنەوەی پەیوەندییەکە بۆ چەند تەوەرێک  بۆ ئەوەی بتوانرێت چارەسەر بکرێن چونکە چارەسەرکردنی گرفتەکان بەیەک پاکێج زەحمەتە.  بۆیە پرسیار ئەوەیە کە چۆن لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا دەتوانرێت کەلێنە گەورەکان پڕبکرێنەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی سەقامگیر و بەدامەزراوەیی بکرێین، بەئاستێک کە مامەڵەی نایەکسانی لەم پەیوەندیەدا چارەسەر بکرێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە تێڕوانینە هەڵەکانی ڕابردوو چارەسەر کراون. جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای دەستووری عێراقدا دروست بووبێت بۆ دەستەبەرکردنی مامەڵەی یەکسان و نەهێشتنی جیاکاری لە جێبەجێکردنی دەستوردا. وێڕای بوونی عەقلیەتی و بیرکردنەوەی مەرکەزی، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگی بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی فیدرالیزمی ڕاستەقینە و حوکمڕانی دروست لەسەر بنەمای دیموکراسی لە عێراقدا، کردەوە.

لەئێستادا، یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی لەمەر پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر پرسی مووچەیە. بە وتەی سەرۆکی حکومەت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی کاری بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە کردووە لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ بەغداوە، لەسەر ئەم بابەتەش شاندەکانی حکومەتی هەرێم سازشیان لە دەرەوەی مافە دەستوورییەکانیان کردووە بۆ نیشاندانی نیەتپاکی و بەرەوپێشبردنی یەکێتی نیشتمانی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی حکومەت داوای لە بەغدا کرد کە مامەڵەی یەکسان لەگەڵ هەموو هاووڵاتیانی عێراقدا بکات، بەو پێیەی سیاسەتی ئابووری دادپەروەرانە هانی هاووڵاتیانی کورد دەدات بۆ ئەوەی هەست بە هاوڵاتیبوونی زیاتر بکەن لە عێراقدا.

سەرەڕای جیاوازیەکان ،مەسرور بارزانی جەختی لە هەوڵەکانی کەمکردنەوەی دووبەرەکی و بونیاتنانی زەمینەی هاوبەش لەگەڵ بەغدا کردەوە و متمانەی خۆی بە ئامادەیی حکومەتی فیدراڵی ئێستا دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی پرسە درێژخایەنەکان و هیوای خواست کە بە پەرەپێدانی هاوکاری و پەیوەندییەکان، هەردوولا بتوانن ستراتیژ بۆ پێشکەوتن و سەقامگیری نیشتمانی دابڕێژن.

ڕۆڵی کوردستان لە سەقامگیری ناوچەكەدا

لە کۆتاییدا، دیبەیتەکە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەسەر ئەم بابەتە تێگەیشتنێکی روون پێشکەشکرا بەوەی کە هیچ کێشەیەک بە شەڕ چارەسەر ناکرێت و نابێت هەرێمی کوردستان ببێت مەیدانی ململانێ ناوچەییەکان. بەڵکو دەبێت عێراق هەوڵی ڕۆڵێ دیپلۆماسی بدات لە پەرەپێدانی ئاشتی و دیالۆگدا. ئەمەش دەکرێت لەڕێگەی دوورخستەوەی عێراق بێت لە گۆڕەپانی  ململانێ دەرەکییەکان. عێراق پێویستی بەوەیە کە سەرنج بخاتە سەر گەشەپێدان و پەروەردە و خۆشگوزەرانی ئابووری.

بۆ بینینی تەواوی گفتوگۆیەكە و خوێندنەوەی خودی تێكستەكە، کلیک لێرە بکە.

ديداری مێری 2024

ھەرێمی کوردستانی عێراق دوای ھەڵبژاردن: ستراتیژ و ئەولەویەتەکان

پانێڵی 5

29 ئۆكتۆبەری 2024

Comments are closed.