بەرەو حوكمڕانی دروست و خۆشگوزەرانی
- بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
- دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری (دوێنەر)
گفتوگۆی نێوان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەکێتی) و دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI) لە ساتێکی گرنگدا بوو- تەنها هەفتەیەک دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان و پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت. لەم کاتەدا خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدوای بەرچاو ڕوونیدا دەگەڕان لەسەر سیاسەت و ئاراستەی حزبە دەسەڵاتدارەکان. ئەمەی خوارەوە پوختە و ناوەرۆكی ئەو خاڵە سەرەکیانەیە کە بافڵ تاڵەبانی باسی کرد. لە كۆتایی ئەو لاپەڕەیەدا، ڤیدیۆ و راپۆرتی درێژەی گفتوگۆیەكە و خودی گوتەكانی تاڵەبانی دانراون:
- بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر ستراتیژی بوو، كارێكی وایكرد كە ڕکابەرەکان تەكیز بخەنە سەر بەرگریكرد لەخۆیان. یەکێتی دەنگدەرانی هێنایە سەر سندوق و باوەڕی بە دیموکراسی گەڕاندەوە، هاندانیدان بۆ بەشداریکردن بەبێ گوێدانە حەز و ئارەزووی حزبی. ئەم ڕێبازە ڕێژەی بەشداری دەنگدەرانی زیاد کرد و پێگەی یەکێتی بەهێزتر کرد، لە کاتێکدا زۆرێک لە ڕکابەرەکان ستراتیژییەکی ڕوونیان نەبوو، ئەمەش وایکرد کە لاواز بن و ناچاركران سیاسەتەكانیان لە ناوەڕاستی هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەستكاری بكەن.
- لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵبژاردنی دیموکراسیەوە پشکی دەنگەکانی یەکێتی بە ڕێژەی 92% زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لەو حزبە کەمانەی عێراق و کوردستان کە گەشەیەکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە. هەروەها ئەو حزبە لە ناوچە كانی وەک هەڵەبجە، دەربەندیخان، ڕانیە، گەرمیان، پشتیوانی خۆی پتەوتر کرد. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا رێكخستنەوەی سەرکردایەتی بناغەیەکی بەهێزی بۆ پێشکەوتنی سیاسی داناوە.
- گۆڕانی دیمەنی سیاسی لە پاشەكشەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دیارە کە لە 56 کورسییەوە دابەزی. یەکێتی بۆ گفتوگۆی سیاسی ئامادەیە بەڵام ئامادەیە بەبێ هەندێ لە فراکسیۆنە دیاریکراوەكان حوکمڕانی بکات. ئێستا هاوکاری نێوان لایەنەکان لە هەموو کاتێک پێویستترە، پارتی و یەکێتی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بە حزبە ئیسلامییەکانیشەوە قورسایی بەرچاویان هەیە.
- ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بۆ دیموکراسی زۆر گرنگە، بەڵام گواستنەوە لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ حوکمڕانی جێگەی تەحەدایە. بزوتنەوەی گۆڕان کە سەردەمانێک دەنگی ڕەخنەگری حکومەت بوو، دوای كە هاتنە ناو حكومەت، كێشەیان هەبوو لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان. بە هەمان شێوە پارتە نوێیە ئۆپۆزسیۆنەکانی وەک نەوەی نوێ لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی هەمان تاقیکردنەوە دەبنەوە- تا کەی دەتوانن بەڵێن بدەن بەبێ ئەوەی بەشداری لە حوکمڕانیدا بکەن؟ یەکێتی پێی وایە گۆڕانی سیاسی ڕاستەقینە دەبێت لە ناو سیستەمەکەوە بێت نەک لە دەرەوە.
- سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت دەرگای یەکێتی بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ گفتوگۆ بەڵام بە وردی لە دۆخەکە دەکۆڵێتەوە. هەندێک لایەنی بچووکتر هەست بە دڵشكان دەکەن، بەتایبەتی لە بەغدا ، و یەکێتیش پشتگیری لە نیگەرانییەکانیان دەکات. هاوکات پارتی دێموکراتی کوردستان و ئەوانی دیکە بەردەوامن لە پشتبەستن بە تاکتیکی سیاسی بەسەرچوو. لەماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا متمانە بە یەکێتی گەشەی کردووە و لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێکدا ئەو حزبە زەبری زیاتر بەدەست دەهێنێت. سیاسەت پرۆسەیەکە بە تێپەڕبوونی کات بنیات دەنێت و ڕێڕەوی ئێستاش ئەوە دەردەخات کە یەکێتی لە هەڵکشاندایە.
- هەڵبژاردنە گشتییەکانی پێشوو ستراتیژی و یەکگرتوویی و بەرنامەی ڕوونیان نەبوو. زۆر لایەن تەنانەت مانیفێستۆیان نەبوو. بەڵام لەو کاتەوە یەکێتی ڕێبازێکی تۆكمەتری گرتۆتەبەر. هەندێک لایەن بەردەوامن لە پشتبەستن بە تاکتیکی بەسەرچوو و بێکاریگەر، شکست دەهێنن لە خۆگونجاندن لەگەڵ دیمەنە سیاسییە پەرەسەندووەکان. لە سیاسەتدا مرۆڤ دەبێت پەرە بسێنێت یان لەدواوە بمێنێتەوە.
- پرۆسەی سیاسی پێویستی بە سەبر و خۆڕاگری هەیە، بەڵام ئاراستەکەی ڕوونە. ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵێکدا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی دەستی بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکان لە نێویاندا ئیسلامییەکان درێژ دەکات. لە کاتێکدا هەندێک کەسایەتی بە زەحمەت كاریان لەگەڵدا دەكەن، هەندێکی تر ئامادەن بەشداری بکەن. یەکێتی شەفافە سەبارەت بە سیاسەت و پرەنسیپەکانی، هیوادارە ئەم گفتوگۆیانە دەرئەنجامی بەرهەمداریان لێبکەوێتەوە.
- ئێمە پێمان باشە دەستبەجێ حکومەت پێکبهێنین، بەو پێیەی بەرنامەیەکی ڕوون و پابەندبوونمان بە خەڵکەوە هەیە. بەڵام پێویستە حکومەتی هاوپەیمانی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک پێکبهێنرێت. ئەگەر هەندێک لایەن دەیانەوێت بە تەنیا حوکمڕانی بکەن، پێویستە لەسەر بنەمای هێزی خۆیان ئەو کارە بکەن نەک چاوەڕێی ئەوە بکەن کە ئەوانی دیکە بارگرانییەکە هەڵبگرن. یەکێتی نیگەرانی ڕەوای لەبارەی حوکمڕانی هەیە، لەوانە خراپ بەکارهێنانی دامودەزگاکانی حکومی و هەڕەشە و گەندەڵی. لە کاتێکدا ئێمە کراوەین بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکان، هەرگیز سازش لەسەر مافەکانی خەڵک یان بنەما سەرەکییەکانمان ناکەین.
- کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی پێکهاتەیی جددی دەبێتەوە. متمانە بە سەرکردایەتی کەم بووەتەوە و چالاکوانان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە وەک هەڕەشە ناوزەد دەکرێن. نەبوونی دامەزراوە بەهێزەکان کێشەیەکی گەورەیە- حوکمڕانی لە دەوری تاکەکانە نەک سیستەمەکان. دادوەرەکان نابێت لە ژێر کاریگەری کەسایەتییە سیاسییەکان بن، و دەبێت ڕێز لە سەروەری یاسا بگیرێت. ئەمە ساڵانی نەوەدەکان نییە کە میدیا سنووردار بوو. ئەمڕۆ بەهۆی ئەوەی تەکنەلۆژیا مرۆڤەکان لە ئاستی جیهانیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، خەڵک لە هەموو کاتێک زیاتر ئاگادارن. ئەم هەڵبژاردنە کولتوری ترسی شکاند، كە دەستکەوتێکی بەرچاوە. لە کاتێکدا ڕەنگە بە هۆی ئەم گۆڕانە هەندێک لایەن بە یەکێتییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببنەوە، بەڵام هەنگاوێکی پێویستە بۆ پێشەوە.
- حوکمڕانی لە کوردستان هەوراز و نشێوی هەبووە. هەندێک لە کابینەکانی پێشوو باشتربوونیان نیشان دا، بەڵام حکومەتی ئێستا خراپترینە لە مێژووی ئەم دواییەدا- نەک بەهۆی تاکەکانەوە، بەڵکو بەهۆی عەقڵیەتێکی پڕ لە کەموکوڕییەوە. ئەو باوەڕەی کە دەکرێت هەندێک لایەن پەراوێز بخرێن، سەلماندوویەتی کە هەڵەیە. لە ئایندەدا پێویستە حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوبەشی پێکبهێنین نەک ڕکابەری. یەکێتی هەمیشە بەرژەوەندی گشتی لە پێشینەی داناوە، ئامادەیە قوربانی بدات بۆ چاکەی گەورەتر. بەڵام ئەوانەی یەکێتی بە کەم دەزانن درک بەوە دەکەن کە نەک هەر دۆستێکی دڵسۆزە بەڵکو نەیارێکی ترسناکە.
- نەبوونی شەفافیەت لە کەرتی نەوت و دارایی کوردستان پرسێکی سەرەکییە. کەس بەڕاستی نازانێت نەوت چۆن دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت و پارەکە بۆ کوێ دەڕوات- تەنانەت وەزیری داراییش نازانێت. تا ئێستا بودجەی کوردستان وەک پێویست نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان، ئەمەش نیگەرانی جددی دروستکردووە. گەندەڵی و نهێنی، نەک گفتوگۆی ئاشکرا، هەڕەشە لە یەکڕیزی کورد دەکات. هەموو وڵاتێک هەڵەی کردووە، بەڵام پێشکەوتن لە دانپێدانان و چاککردنەوەیان دێت.
- یەکێتی هەمیشە باوەڕی بە وەستانەوە بەڕووی ئەم پرسانە هەبووە، نەک ئیمتیازاتی بێکۆتایی. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە تا ئیمتیازات زیاتر بکەین، داواکاری زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت. لەبری ئەوەی لە ترسی “وێرانکردنی کوردستان” خۆمان لە گفتوگۆی سەخت دوور بخەینەوە، دەبێت سەر بەڕوو ڕووبەڕوویان ببینەوە. کەس بێ هەڵە نییە. داننان بە هەڵەکان و هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕۆژانە باشتر ئەنجام بدەیت، تاکە ڕێگایە بۆ پێشەوە.
- ئێمە پلانێکی چاکسازی وردمان داڕشتووە بە ناوی پڕۆژەی کوردستان 2030، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە لەمێژینەکانی حوکمڕانی. ئەمەش چاکسازی لە بواری نەوت و گاز و ئاسایش و پەیوەندییە سیاسییەکان و داڕشتنەوەی دامەزراوەکان دەگرێتەوە. تەرکیزمان لەسەر خزمەتکردنی خەڵکە، بەتایبەتی ئەوانەی فەرامۆشکراون. سیستەمی باج شکاوە- کۆمپانیا گەورەکان خۆیان لە باج دەپارێزن لە کاتێکدا خاوەن بزنسە بچووکەکان وەک نانەواکان ناچارن پارە بدەن. خوێندکاران پشتیوانی داراییان نییە، پێشمەرگە خانەنشینکراوەکانیش خانەنشینی شایستەی خۆیان لێ زەوت دەکرێن. چاکسازیی دارایی هەمەلایەنە، بەتایبەتی لە وەزارەتی دارایی، بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای یەکێتی.
- پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵیدا سەرنج لابدات بە دروستکردنی سەرقاڵکردن، بەو هیوایەی سەرکردەکانی یەکێتی لە پرسە بچووکەکاندا تێئاڵێنێ. ئەمەش نەبوونی پلانێکی ڕاستەقینەیانی دەرخست- پشتیان بە تاکتیکە کۆنەکانی وەک دابەشکردنی پارە و زەوی بەستبوو، بە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی حکومەت بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە حزبییەکان نەک خەڵک. نابێت هیچ حکومەتێک وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێنرێت.
- دیمەنی سیاسی کوردستان ناهاوسەنگە. هەندێک لایەن لە ڕێگەی ژمارەوە دەستیان بە دەسەڵاتەوە گرتووە نەک توانا. تەنانەت دامەزراوەکانی وەک هێزی پۆلیسیش ڕووبەڕووی مامەڵەی نادادپەروەرانە دەبنەوە- دەرچووانی دهۆک شایەنی دانپێدانانن، لەگەڵ ئەوەشدا پێگەی تەواویان پێنادرێت وەک دەرچووی ئەکادیمی. سیاسەتەکان لەبری پەروەردەکردنی یەکڕیزی، بۆ لاوازکردنی هەندێک هێز داڕێژراون. ئەمەش کوردستانێکی بەهێز بنیات نانێت؛ لێكترازان قووڵتر دەکاتەوە. ئەگەر بەڕاستی یەکڕیزیمان دەوێت، پێویستە ئەم سیستەمە بگۆڕین و دادپەروەری و لێپرسینەوە و چاکسازی ڕاستەقینە لە پێشینەی کارەکانمان دابنێین.
- یەکێتی ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ هەرکەسێک بکات کە هاودیدی ئێمە بێت- بۆ لابردنی کاریگەری بەرژەوەندییە سیاسییەکان و خزمەتکردنی میللەتەکەمان. ئامانجمان دامەزراندنی دامەزراوەکانە کە شانازی پێوە بکەین- پەرلەمانێکی ڕاستەقینە، وەزیرێکی ڕاستەقینە کە دەسەڵاتیان بەسەر بەشەکانی خۆیاندا هەیە، نەک دەزگا ئەمنییەکان کە بڕیارەکانیان بسەپێنن. گەندەڵی ئاشکرایە و کاتی ئەوە هاتووە ئەو شتە بگۆڕدرێت.
- یەکێتی پرۆژەی تایبەتی خۆی هەیە، ئێمەش ئامادەین بەرەو پێشەوە بچین- جا ئەوانی تر بچنە پاڵمانەوە یان نا. بەڵام بۆ هەموومان باشترە ئەگەر پێکەوە بیکەین. ئەگەر نا، دەبێتە بۆ کێبڕکێی دەسەڵات، کە پارە و هەڕەشە دەیانجولێنێ. کە سوودی بۆ کەس نابێت. سەرەڕای هەموو شتێک، بە گەشبینییەوە دەمێنمەوە. لەم هەڵبژاردنەدا بە هەموو کوردستاندا گەشتم کرد و گەنجانم بینی کە خەریکی سیاسەت بوون. بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2018، پشتگیریمان گەشەی کردووە، بەشداری دەنگدەران لە هەموو شوێنێک زیادی کردووە. تا خەڵک زیاتر خەریکی پڕۆسەی سیاسی بن، دەرئەنجام بۆ هەموو لایەنەکان باشتر دەبێت.
- بۆ هەموو گروپە سیاسییەکان: ئێمە لێرەین بۆ لەناوبردن نین، بەڵکو بۆ بنیاتنانین. ئێمە دەمانەوێت شتەکان چاک بکەین. ئێمە دەمانەوێت پێکەوە کار بکەین. بەڵام بەرەو گۆشەگیریمان مەبەن. کەس لە ئێمە باشتر نازانێت چۆن سیستەمێک هەڵبوەشێنێتەوە. ئەگەر پێویستت بە بەڵگەیە، تەنها سەیری هەموو ئەو مایکرۆفۆنانە بکە کە بەدرێژایی ساڵان شکاندوومن.
بۆ بینینی تەواوی گفتوگۆیەكە و خوێندنەوەی خودی تێكستەكە، کلیک لێرە بکە.
ديداری مێری 2024
پەرەسەندنی داینامیکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان: لە چوار ساڵی داهاتوودا