لە گۆڕە بەکۆمەڵەكانی کۆچۆوە، پارێزگاری نەینەوا دانی بەوەدا نا کە “هێشتا کەموکورتی لە لایەن حکومەتی خۆجێی و حکومەتی فیدراڵییەوە بەرامبەر بە خەڵکی قەزای شنگال هەیە.”[i] ئەم لێدوانە دانپێدانانێکی ڕاستەوخۆ و نامۆ بوو بە شکستی دەوڵەت لە چارەسەرکردنی دۆسیەی شنگال، دوای زیاتر لە دە ساڵ لە ڕزگارکردنی ئەم ناوچەیە. گرنگتر لەوەش، ئەم لێدوانەی پارێزگار، كە بە بۆنەی دوازدەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە ئێزدیەکاندا بوو، تەنیا چەند هەفتەیەک لە دوای هەوڵی هەمان پارێزگار هات بۆ گەڕانەوەی نووسینگەی قایمقامیەت بۆ نێو خودی قەزای شنگال، لەگەڵ گەڕانەوەی بەڕێوەبەری ناحیەی سنۆنی بۆ ناحیەكەی، کە لە ئێستادا هەردووكیان لە پارێزگای دهۆکەوە کارەکانیان ئەنجام دەدن.[ii] بەڵام هەر وەک هەوڵەکانی پێشووتری ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئیدارەی شنگال، ئەم هەوڵەش نەگەیشتە ئەنجام، هۆکارە سەرەکیەکەشی بریتیە لە ڕەتکردنەوەی پڕۆسەكە لەلایەن “هاوپەیمانی دۆزی ئێزدی”وە. ههڵبهته ئەو هاوپەیمانیە نوێیە، کە له كۆمهڵێ پارت و كهساىهتى سیاسی و مەدەنی ئێزدی پێکهاتوە، پێیان وایە پێشوەختە لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە ڕاوێژیان لەگەڵ نەکراوە. هاوكات ترسیان لەوەیە كە گەڕانەوەی قایمقامیەت بۆ سەنتەری قەزاکە ڕێگا بۆ گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ نێو شانۆی سیاسی شنگال خۆش دەکات.[iii]،[iv]
ئەم بنبەستە درێژخایەنە بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە، کاتێک داعش شنگالی داگیرکرد و حکومەتی خۆجێیی قەزاکەی ئاوارە كرد. لەو کاتەوە، چەند لایەنێکی ڕکابەر هەوڵیاندا دەسەڵاتی خۆیان بەسەر قەزاکە بسەپێنن و هەر یەکەشیان بە جۆرێك لە جۆرەكان پشتیوانیی دەرەکی هەبوو، و زۆربەی داواکارییەکانیشیان دژ بەیەکتری بوون. دوای ڕزگارکردنی شنگال، قایمقامی یاسایی قەزاکە گەڕایەوە سەر پۆستەکەی، بەڵام دوای توندوتیژییەکانی پاش ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، دووبارە دەربەدەر کرا و ئیدارەیێکی فەڕزكراو لەلایەن حەشدی شەعبیەوە جێگای گرتەوە. هەربۆیە بۆ ماوەیەک دوو ئیدارەی خۆجێی بەجیا کاریان لە شنگال جێبەجێ دەکرد: یەکێکیان نافەرمی و پشتبەستوو بە دینامیەتی مەیدانی ناو شنگال، ئەوی دیکەیان لەلایەن دەوڵەتەوە دانپێدانراوبوو، بەڵام لە دوورەوە، لە فایدەی هەرێمی کوردستانەوە، کاری دەکرد.[v]
ڕێککەوتننامەی شنگال، کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ دا لە نێوان بەغدا و هەولێر واژوو کرا، هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی دا، و پێكەوە دیاریکردنی قایمقامێکی نوێی کردە سەرەکیترین بڕگەی رێكەوتنەكە. بەڵام ڕێککەوتننامەکە هەرگیز جێبەجێ نەکرا، چونکە چەند لایەنێکی چەکداری ناحکومی و چەند لایەنێکی ئێزدی خودی پرۆسەکە و ناوەڕۆکەکەیان ڕەتکردەوە.[vi] هەروەها لە حوزەیرانی ٢٠٢٤ و لە ساتە کۆتاییەکانی دانیشتنێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوادا، بەغدا هەوڵێکی ئەم ئەنجومەنەی ڕاگرت کە بۆ دیاریکردنی کۆمەڵێک قایمقام (بە هی شنگالیشەوە)، ئەنجامدرابوو. پاشان هەمان ئەنجومەن لە ٢ی تەمووزی ٢٠٢٤ سەیدۆ خەیری ئەلئەحمەدی وەکو قایمقامی شنگال هەڵبژارد، لەگەڵ دەستنیشانکردنی چەندین قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی دیکە. بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد و دژایەتیی خۆی بۆ پرۆسەکەی دەربڕی، كە بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنە نوێیەکەی شنگال بێ کاریگەری بمێنێتەوە.[vii] دواتر پارێزگاری نەینەوا سکاڵای لە دژی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا تۆمار کرد، کە پەیوەست بوو بە میکانیزمی دەستنیشانکردنی ئەو کاندیدانە. لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٥، دادگا سکاڵاکەی ڕەتکردەوە و پشتگیریی لە ڕێکارە یاساییەکانی ئەنجومەن کرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ فەرمانێک بۆ دەستبەکاربوونی قایمقامی شنگال و سەرۆک ناحیەی سنونی دەرنەچوو. بەم شێوەیش، هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ ئەم قەزایە بێ قایمقام مایەوە.[viii]،[ix]
هەڵبەتە دۆخی سیاسیی نالەبار و پەرتەوازەیی دەسەڵات لە شنگالدا ئەوە دەردەخات کە نە بڕیاری سیاسی و نە پرۆسەی یاساییش دەسەڵات لەگەڵ خۆییدا دەهێنێت. خۆ ڕکابەرایەتی سیاسی براوەی بەرهەم هێنا، کاتێک لە دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا هاوپەیمانی دۆزی ئێزدی زۆرینەی دەنگەکانی لە شنگال بەدەستهێنا. بەڵام، سەرباری ئەم سەرکەوتنە،ئەم هاوپەیمانێتیە نەیتوانی کێشەی قایمقام چارەسەر بکات، و کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە دابمەزرێنێ. بەتێکڕا، ئەم دۆخەی شنگال پیشانی دەدات کە نە زۆری دەنگ و نە دەستنیشانکردن، وە نە بڕیاری یاساییش دەتوانێ دەسەڵاتێک بەرهەم بهێنێت کە لەلایەن هەموو لایەنە کاریگەرەکانەوە قبوڵکراو بێ. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەشە کە بڕیارە فەرمییەکان بەدەگمەن دەبنە مایەی ڕێکەوتن و جێبەجێكردن.
ڕاوێژکردن دەسەڵات نابەخشێت
زۆر جار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نوێنەرایەتی و بەشداری کردن، راوێژ لەگەڵ “نوێنەرانی کۆمەڵگەی ئێزدی” دەکرێت. ئەم شێوازەش بەهۆی رێكاری دەستنیشانکردنەوە شکست دەهێنێت، نەک لەبەر خودی پرۆسەی راوێژکردن. بە درێژایی دەیەی ڕابردوو، هیچ لایەنێک لە نوێنەرایەتکردن و قسەکردن بەناو ئێزدییەکانی شنگالەوە بە تەنیا و بێ رکابەر نەبووە. “کۆمسیۆنی هەماهەنگیی شنگالیش”، نموونەیەكی ڕوونی ئەم بابەتەیە. ئەم لیژنەیە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکی نوێنەرایەتی دامەزرا و پێکهاتبوو لە کۆمەڵێک لایەنی فەرمی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و نوێنەرانی پارتە خۆجێییەکان. ئەم لایەنە زوو بوو بە کەناڵێک کە لایەنە حکومییەکان لە ڕێگەیەوە دەیانتوانی لەسەر پرسە هەستیارەکان ئیدیعای پشتیوانیی وپاڵپشتی پێکهاتەکانی شنگال بکەن. بەڵام دوایین توێژینەوەی ئینستیتیوتی مێری دەریخست کە تەنیا کەمینەیەک لە ئێزدییەکان و دانیشتووانانی دیکەی شنگال ئاگاداری ئەم کۆمسیۆنە بوون.[xi] خۆ لەوانەیە بوونی هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ ئەم کۆمسیۆنە ڕەوایەتیی بۆ دەسەڵاتداران لە بەغدا دروست کردبێت، بەڵام ئەم لایەنە ڕەوایەتی لەلای پێکهاتەکانی شەنگال بۆ پڕۆسەی بڕیاردان لەسەر داهاتووی ناوچەکەیان نەگەڕاندەوە.
ئیدیعاکردنی نوێنەرایەتیکردن بەم شێوازە لایەنێک بەرهەم دەهێنێت کە هەر کاتێک ویستیان دەسەڵاتداران بتوانن ڕاوێژی لەگەڵدا بکەن، بەڵام مەرج نیە خەڵک دانی بەو لایەنەدا بێنن هەتا بتوانن نوێنەرایەتیان بكەن. دەرئەنجام، ئەم شێوازە کۆدەنگی درست ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی زۆربوونی ئەو لایەنانەی کە ئیدیعای نوێنەرایەتی دەکەن، وپاشان هەریەکە لەم لایەنانە ڕکابەری یەکدی دەکەن و کەلێنی ڕەوایەتی نوێینەرایەتی قووڵتر دەکەنەوە.
ڕێککەوتننامەی شەنگالی ٢٠٢٠یش، هەمان کێشەی هەبوو، بەڵام لە ئاستێکی فراوانتردا. کێشەی ئەم ڕێککەوتننامەیە ئەوە بوو کە بە بەرفراوانی باس لەوە دەکرا کە نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی شنگال لە دانوستانەکانی پێش ڕێککەوتننامەکەدا بەشداریان پێ نەکرابوو. لە ڕاپرسییەکی ئینستیتیوتی مێریشدا کە بە بەشداری ٦٥٦ دانیشتوو و ئاوارەی شنگال ئەنجام درابوو، دەرکەوت کە ٢٩٪ ئێزدییەکان و ٧٧٪ی عەرەبە سوننەکان هیچ زانیارییەکیان دەربارەی ڕێککەوتننامەکە یان بڕگەکانی نەبووە.[xii]
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی نۆڤێمبەری ٢٠٢٥دا، هاوپەیمانی دۆزی ئێزدی زۆرىنهى دهنگى ئێزیدیەکانی بەدەستهێنا و ٤٩,٢١١ دەنگدەری ئئزیدی دەنگیان پێ دا. ئەمەش وایکرد کە بۆ یەکەم جار لە ٢٠١٤ەوە، دەسەڵاتێکی سیاسیی ئێزدیی پێوانەکراو سەرهەڵبدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ئەم هاوپەیمانێتیە لە نێو کۆمەڵگای ئێزدی ساخ نەبۆتەوە و سەرباری بردنەوەكەی، قەزاکە هێشتا بێ قایمقام ماوەتەوە.
دەرچەیەک، لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕاوێژكردن
شاراوە نیە کە کۆمەڵگاکانی شنگال لەئێستادا پەیوەندی و ئاستی متمانەیان بەرامبەر یەکدی سستە، ئەم ئالنگاریەش کێشە بۆ دروستبوونی شەرعیەت بۆ پرۆسەی حکومڕانی ناوخوێی دروست دەکات. هەر بۆیە وەدەستهێنانی شەرعیەت لە شنگالدا تەنها بە پڕکردنەوەی ئیدارەکەی نایێت، بەڵکو پێویستی بە بەشداری بەردەوامی لایەنەکانە لە پرۆسەی بڕیاردان. لێرەدا “پلاتفۆڕمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شنگال – پلاتفۆرمی شنگال” کە لە دەرەنجامی توێژینەوەیەكی مەیدانی ئینستیتیوتی مێریەوە هاتە كایەوە و وەک ئەزمونێک تاقیکرایەوە، ڕێگاچارهێكى کرداریە بۆ دروستكردنەوەی متمانەی خەڵكی قەزاكە بە پڕۆسەی حوكمڕانی و خزمەتگوزاری لە شنگالدا.
بە کۆکردنەوەی نوێنەرانی پێكهاتەكان و لایەنە لۆکاڵییەکان و دەسەڵاتدار و بڕیاربەدەستانی پارێزگای نەینەوا لە هۆڵێكدا، ئەم پلاتفۆرمە دەتوانێت وردە وردە یەکڕیزی ناوخۆیی و متمانەی کۆمەڵگاکان بەدی بهێنێت، ئەویش بەمەبەستی ئەنجامدانی راوێژی بەردەوام سەبارەت بە خزمەتگوزاری و پێداویستیە کارگێڕیەکانی شنگال. نهێنی سەركەوتنی ئەو پڕۆژەیەش لەوەدایە كە لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە بڕیارەکان تاوتوێ دەکرێن، تاقی دەکرێنەوە، دەگوازرێنەوە بۆخەڵکی وپاشان بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
بۆیە نموونەی پلاتفۆرمی شنگال، پرۆسهى راوێژکردن و بهشدارپێیکردنی نوێنەرانی پێکهاتەکانی شنگال لە پرۆسەی بڕیارداندا دەچەسپێنێت، بەبێ رەچاوكردنی ئەوەی كە كێ یان كام لایەن لەدەسەڵاتدایە. دەكرێ لە رێگەی ئەم میکانیزمەدا لایەنێکی نێوخۆیی دەستنیشان بكرێ و مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ، بەهۆیەوەش بانگەشەی پشتیوانی و شەرعیەتی دەسەڵاتی خۆجێیی بکرێت. لەو چوارچێوەیەشدا، ڕاوێژ و بەشداریپێکردنی بەردەوام ئەم بانگەشانە دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەی ڕاستیەوە. بۆیە لایەنەکان دەبێت بەردەوام بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و وەڵامی گلەیی و گازندەکانی خەڵک بدەنەوە و هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن و بیسەلمێنن کە دەتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. شایانی باسە کە تەنیا ئامادبوون لە گفتوگۆکان و ئەندامبوون لەم پلاتفۆرمە نابێتە هۆی دروستبوونی ڕەوایەتی وشەرعیەت بۆ لایەنێک، بەڵکو ئەوەی گرنگە لەم میکانیزمەدا بەردەوامێتی و شەفافیەت و وەڵامدانەوە و بەدواداچوونی پێوستە بۆ داواکاریی و پێویستیەکانی خەڵک و ناوچەکەیە.
پلاتفۆرمی شنگال لە نۆڤەمبەر/تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ جێبەجێكرا و لەکۆبوونەوەی یەکەمیدا مێکانیزمی کارکردنی ئەم پلاتفۆرمە پێشکەشکرا.[xiii] پلاتفۆڕمەکە بژاردەیەكی پێکهاتەکانی شنگالی لەگەڵ پەرپرسانی حکومەتی نەینەوا، کە پێکهاتبوون لە پارێزگار، جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەرەوڕوو کردەوە. ئەم کۆبوونەوە هەمەگیرە، دەستکەوتی پێوانەکراوی لێکەوتەوە، و پارێزگار و ئامادەبووانیش دانیان بە سەرکەوتوویی کۆبوونەکەیان نا. ئامادەیی بەشداربووان بۆ هاوکاریی بنیاتنەرانەی یەکدی زیادی کرد و گلەیی و داواکارییەکان گۆڕان بۆ داواکاریی خزمەتگوزاریی کردەیی لە بواری ڕێگاوبان، تەندروستی، پەروەردە، بەڵگەنامەکان و پاڵپشتیی ڕزگاربووان.
بەلەبەرچاوکرتنیی سەرکەوتنی ئەم پلاتفۆرمە، پێویستە پارێزگای نەینەوا، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و هەولێر، لەسەر سەرکەوتنی پلاتفۆرمی شنگال بنیات بنێت و وەک میکانیزمێکی ڕاوێژکاریی دایبمەزرێنێت و بێبەستێتەوە بە ئەنجومەنی پارێزگا و فەرمانگە خزمەتگوزاریکانەوە. مەبەستی سەرەکی ئەم پلاتفۆرمە دەبێت ڕێکاری بێت و بۆ بنیاتنانی متمانە بێت، لە ڕێگەی:
(أ) فەراهەمکردنی میکانیزمێکی باوەڕپێکراو کە لە ڕێگەیەوە کێشە و داواکارییەکانی کۆمەڵگاکان ببیسترێن پێش ئەوەی ببنە بۆچوونی سیاسیی چەقبەستوو؛
(ب) دیاریکردنی ئەولەویەتە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان؛
(ج) بەدیهێنانی ڕاوێژکردنی بەردەوام و شەفافیەت و لێپرسینەوە؛
(د) جێبەجێكردنی بەڵێنی بانگەشەکانی نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکان کۆمەڵگەی شنگال لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە؛
(هـ) گەیاندنی کێشەو داواکارییەکان بە بەرپرسەکانەوە.
ئەم میکانیزمە لە ئێستادا بنبەستی قایمقامیەت چارەسەر ناکات، بەڵام دەتوانێت کەلێنی ڕەوایی و شەرعیەت کەم بکاتەوە کە بوونەتە هۆی شکستی سەرجەم هەوڵەكانی چارەسەرکردنی کێشەی حکومەتی خۆجێی شنگال، و بەمەش زەمینە بۆ گواستنەوەی ئیداری لە داهاتوودا خۆشتر بکات و كارئاسانی بۆ بكات.
- [i] عەبدولقادر الدخیل، «ڤیدیۆ: پارێزگاری نەینەوا سەردانی شنگال دەکات و بەشداریی یادی دوانزەیەمین ساڵیادی جینۆسایدەکە دەکات»، ڤیدیۆی فەیسبووک، ٥ی ئابی ٢٠٢٦، سەردانی کراوە لە ٥ی ئابی ٢٠٢٦، https://www.facebook.com/AbdalQaderAlDakhil/videos/2480204145833505/.
- [ii] کرکوک ناو، «شەنگالییەکان ڕەتیدەکەنەوە کارگێڕیی خۆجێییِ لایەنگری پارتی بگەڕێتەوە»، کرکوک ناو، ١٦ی ئایاری ٢٠٢٦، https://kirkuknow.com/en/news/71669.
- [iii] https://x.com/YazidiCause/status/2054505003272765555?s=20
- [iv] https://x.com/murad_ismael/status/2052379601666539801?s=20
- [v] خۆگر وریا و دڵاوەر عەلائەدین، نێوەندگیری حوکمڕانی لە شنگال: پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا(هەولێر: پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥)، https://www.meri-k.org/wp-content/uploads/2025/10/Sinjar-English-Report.pdf.
- [vi] زمکان سەلیم و ڕەناد مەنسوور، وەڵامدانەوە بە ناجێگیری لە قەزای شنگالی عێراق: چۆن ناوچەیەکی دوورەدەستی عێراق بوو بە ناوەندێکی ململانێی فرانەتەوەیی، و ئەمە چ مانایەکی هەیە بۆ ئاشتیبنیاتنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (لەندەن: چاتەم هاوس، ئازاری ٢٠٢٤)، ٢٩–٣٠.
- [vii] ئەحمەد بوڵا، «ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا قایمقامی شنگال هەڵدەبژێرێت و بڕیار لەسەر نۆزدە پۆستی دیکە دەدات»، کرکوک ناو، ٢ی تەمووزی ٢٠٢٤.
- [viii] «ململانێیەکی سیاسی-کارگێڕی ڕێگر دەبێت لە نۆژەنکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان و دانیشتووانی شنگال دەکاتە بارمتەی “ڕێگای مەرگ” بۆ دهۆک»، NIRIJ، ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦.
- [ix] «دادگای فیدراڵی باڵا سکاڵای پارێزگاری نەینەوا لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگا ڕەت دەکاتەوە»، شەفەق نیوز، ١٨ی ئازاری ٢٠٢٥.
- دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. (٢٠٢٥). کۆی دەنگەکانی پارت و هاوپەیمانییەکان [PDF]. کۆماری عێراق، سەردانی کراوە لە ٥ی ئابی ٢٠٢٦، https://shorturl.at/s05l0
- [xi] خۆگر وریا و دڵاوەر عەلائەدین نێوەندگیری حوکمڕانی لە شنگال: پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا (هەولێر: پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥)، https://www.meri-k.org/wp-content/uploads/2025/10/Sinjar-English-Report.pdf.
- [xii] هەمان سەرچاوە.
- [xiii] هەمان سەرچاوە.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر حوکمڕانی شەنگال، ڕاپۆرتی مێری بخوێنەرەوە.

