Back

دیبەیتی پۆلەسی لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا لەسەر شەنگال

شنگال: ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان

  • عەبدولقادر ئەلدەخیل پارێزگاری نەینەوا
  • خۆگر وریا، توێژەری باڵا، مێری (توێژەری دوێنەر)

خۆگر وریا لە پێشەکییەکەیدا ئامادەبووانی بیرخستەوە کە ئەم پانێڵە وەک بەشێکی دانەبڕاوە لە پڕۆژەیەک کە مێری ساڵی پێشوو دەستی پێکردووە و تێیدا سەرەتا شیکردنەوەی قووڵی ئەو ئەدەبیاتە کراوە کە لەسەر شەنگال بڵاوکراونەتەوە، دواتر کاری مەیدانی بەرفراوان لە شێوەی ئەنجامدانی راپرسی و چاوپێکەوتن و گفتوگۆی فۆکۆس گروپ لە نێوان شەنگالیەکانی نیشتەجێی قەزاکە و ئاوارەکان ئەنجام دراوە. ناوبراو ئاماژەی بە زیاتر لە ٧٠ چاوپێکەوتنی سەرەکیی کرد کە لە بەغدا و هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا ئەنجامدراون و دە کۆبوونەوەی داخراو لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی شەنگال ئەنجامدراون. هەروەها باسی لەوە کرد کە مێری گفتوگۆی لە نێو ونێوان کۆمەڵگاکانی شەنگال ئەنجامداوە بۆ ئەوەی باشتر لە دینامیکیەتی کۆمەڵایەتی لە قەزاکەدا دەستەبەر بکرێت. وریا جەختی لەوە کردەوە کە چەندین ئەنجامی سەرنجڕاکێش لەو پرۆژە بەدەست هاتوون، بەڵام وەک نموونە باسی  تەنها دوو ئەنجامی کرد. یەکەم، بە گوتەی زۆربەی بەشداربووان، بوونی دەوڵەت (حکومەت) لە شنگال لە قەزاکەدا زۆر لاوازە، و ئاستی خزمەتگوزارییەکان بە خراپی ماوەتەوە. دووەم: ئەم نەبوونی حکومەتە بووەتە هۆی بەسیاسیکردنی پرسەکان، لەوانە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان.

بەم پاشخانە، سەرنجی گفتوگۆیەكە خرایە سەر ئاڵۆزییە پێکهاتەیی و کارگێڕی و کۆمەڵایەتییەکان کە ڕێگرن لە بەدیهێنانی بوژانەوە و سەقامگیری لە شەنگالدا.

حوکمڕانی پارچەپارچە و تەحەدیاتی سیاسی

پارێزگار ئەلدەخیل دانی بە تەحەدییە درێژخایەنەکانی حوکمڕانی شنگالدا نا و ئاماژەی بە لاواز دەوڵەتی و دیمەنێکی سیاسی ناوخۆیی پەرتەوازە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کرد. ئەم بۆشاییە و پەرەوازییە بەسیاسیکردنی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دۆخی نالەباری گەلانی خراپتر کردووە. ئەلدەخیل ئاماژەی بەوەدا کە زۆرجار لایەنە سیاسییەکان ئازارەکانی شەنگال وەک ئامرازێک بۆ ئەجێنداکانی خۆیان بەکاردەهێنن، ئەمەش چارەسەرەی تۆکمە دوادەخات. جەختی لەسەر پێویستی بوونی پێکهاتەیەکی کارگێڕی بەهێز و یەکگرتوو کردەوە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری، هاوکات هۆشداریدا لەوەی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ناوچەکە پێویستیان بە کۆدەنگی هەیە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا. پارێزگار بوونی لایەنی سیاسیی زۆر وەک بەربەستێکی بەرچاو لەبەردەم حوکمڕانی کاریگەردا دەستنیشان کرد. فرەیی بەرژەوەندییەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بووەتە هۆی ئیفلیجی بڕیاردان، بەتایبەتی سەبارەت بە شەنگال. جەختی لەسەر پێویستی نەخشەڕێگایەک کردەوە کە لەسەر بنەمای کۆدەنگی بێت و ئامانج لێی سەقامگیرکردنی تەواوی پارێزگای نەینەوا لەڕێگەی چارەسەری هاوبەشەوە بێت.

هەوڵەکان بەرەو ئاوەدانکردنەوە

ئەلدەخیل چەندین پرۆسەی خستەڕوو کە ئامانجیان چارەسەرکردنی پێداویستییە بەرفراوانەکانی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال بوو. تیشکی خستە سەر پێشکەوتنەکانی خاوەندارێتی موڵک و داواکاری قەرەبووکردنەوە و باشترکردنی کەرتی تەندروستی. بۆ نموونە، نۆژەنکردنەوەی گوندی کۆجۆ- کە بۆتە هێمای ئازارەکانی ئێزیدیەکانە- بە پشتیوانی ڕێکخراوی USAID دەستیپێکردوە. سەرەڕای ئەوەش، دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ و پەرەپێدانی پڕۆژەی ئاوی پاک بۆ هێنانی ئاو لە بەنداوی موسڵەوە بۆ شەنگال، رەنگدانەوەی هەوڵەکانە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان.

ئەلدەخیل دانی بەوەدانا کە ئەم دەستپێشخەرییانە هەرچەندە گرنگن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی وێرانکارییەکان بەس نین. دووپاتی لە گرنگی دانانی بودجەیەکی تایبەت بۆ شەنگال کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، 40%ی 150 ملیار دیناری تەرخانکراو لە سندوقی ئاوەدانکردنەوە هەنگاوێکی سەرەتایی دروستە بەڵام ناتەواوە. داوای لە بەشداریکردنی زیاتری لایەنە نێودەوڵەتیەکان کرد بۆ پشتگیریکردن لەم هەوڵانە. بەشێکی گەورەی شەنگال هێشتا بە وێرانە ماوەتەوە سەرباری ئەوەی کە  بەشێکی بەرچاو لە خەڵکەکەی هێشتا لە ئاوارەدان دوای تێپەربوونی زیاتر لە دە ساڵ لەقەیرانەکە. لە کاتێکدا راستە کە پارەی حکومەت تەرخان کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی کاتی شەڕ کەمە و بەشی ئاوەدانکردنەوە ناکات، هێشتا زۆرێک لە خەڵکی شەنگال قەرەبووی خۆیان وەرنەگرتووە  بوهۆی ئەو بیرۆکراسییە قورسەی کە لەگەڵ پرۆسەی داواکارییەکەدا دێت.

پەروەردە و دامەزراندن و ئاسایش و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی

بەگوتەی پارێزگار، لە کەرتی پەروەردەشدا پێشکەوتن بەدیهاتووە لە تەرخانکردنی دەرفەتی دامەزراندنی مامۆستایان لە شنگال و کامپی ئاوارەکان لە دهۆک. بەڵام پارێزگار دان بەوەدا نا کە پێداویستییەکان زۆر لە سەرچاوە بەردەستەکان زیاترن. ناوبراو تیشکی خستە سەر گرنگی رەخساندنی هەلی کار بۆ ئێزیدییەکان بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە یارمەتی دەرەکی. هەروەها باس لە جێگیرکردنی پۆلیسی کرد لە شنگال و سنونێ و ئەلقەحتانیە لە چوارچێوەی رێککەوتنی شنگال وەک هەنگاوێک بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە بە حوکمڕانی ناوخۆیی.

سەرەڕای ئەمەش، دۆخی ئەمنی شنگال هێشتا ناجێگیر و ئاڵۆزە بەهۆی بوونی پەکەکەوە، کە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوە بە بڕیارێکی حکومەتی عێراقی. پارێزگار جەختی لە پێویستی هەوڵی هاوئاهەنگی لەلایەن حکومەتی عێراق و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگە ئەمنییانە کردەوە. داوای جێبەجێکردنی سەروەری یاسا بە تایبەتی بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان کرد، کە دەکرێت ببێتە ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لە نێوان کۆمەڵگاکان.

تەبایی کۆمەڵایەتی لە شەنگال  وەک بابەتێکی دیکە باسی لێوە کرا لەم پانێڵەدا. ئەلدەخیل دانی بە ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی شەنگالدا نا، کە بەهۆی بەشداریکردنی بەشێک لە دراوسێی ئێزیدییەکان لە نێو کۆمەڵگەی موسڵمانی عەرەب لە تاوانەکانی داعش بەشدار بوون. جەختیشی کردەوە کە بەرپرسیارێتی دەستنیشانکردن و لێپرسینەوە لەو تاوانبارانە لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی و خۆجێیدایە نەک ئێزیدییەکان. ناوبراو داوای کرد پرۆسەیەک بە سەرۆکایەتی پێکهاتە غەیرە ئێزدیەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەوانەی بەشداربوون لە جینۆسایدەکەدا دروست بکرێت. ئەم پرۆسەیە دەکرێت لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە ئاسانکاری بۆ بکرێت و بەپاڵپشتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەنجام بدرێت. ئەمەش داواکارییەکی بەردەوامی کۆمەڵگەی ئێزیدی بووە، کە جێبەجێکردنی هێشتا مشتومڕی لەسەرە. کۆمەڵگەی عەرەبی جەخت لەسەر بەجێگەیاندنی ئەو داواکارییە  دەکات لە کاتێکدا ئێزیدییەکان بە پێچەوانەوە ئەوە دەنگ بەرزەکەنەوە. هەرچییەک بێت، پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق لەسەر ئەم بابەتە روونکرندوەی یەکلاکەرەویان هەبێت. ئەوەی روونە ئەوەیە کە لە ژێر رۆشنایی ئەم ناتەباییەدا، متمانەی کۆمەڵایەتی نێوان ئەو دوو پێکهاتەیو بە لاوازی و ترس و وریایی ماوەتەوە.

بنیاتنانەوەی متمانە و دڵنیایی بۆ ئێزیدییەکان

لەلایەن پارێزگارەوە ، نەبوونی دڵنیایی بوو بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی سەبارەت بە سەلامەتی و داهاتوویان، جێی نیگەرانیە. سەرەڕای بەردەوامی چاکسازییەکان،  پارێزگار دانی بەوەدانا کە ئێزیدییەکان هێشتا گەرەنتی بەرجەستەیان پێنەگەیشتووە کە مافەکانیان پارێزراو بێت و ئەو جۆرە دڕندەییانەی لەدژیان ئەنجامدرا دووبارە نابێتەوە. ئەلدەخیل جەختی لەسەر پێویستی پەیامێکی روون کردەوە لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بکرێت بەرامبەر بە ئێزیدییەکان کە پابەندبوونیان بە ئاسایش و کەرامەت و یەکگرتنەوەی ئێزیدییەکان دووپات بکاتەوە.

لە کۆتایی قسەکانی، ئەلدەخیل جەختی لەسەر گرنگی هەنگاونان بەرەو پێشەوە کردەوە لە هەمان کاتدا چارەسەرکردنی هەڵەکانی رابردوو. پێویستە دان بەو برینە قووڵانەدا بنرێت کە جینۆسایدەکە هێناویتیە کایەوە [ و بەپەلە گرنگی بە ئاوەدانکردنەوە و چاکبوونەوە بدرێت. بۆ ئەمەش پێویستە گرنگیدان بە پێویستی و ناڕەزایی ئەو عەرەب و کورد و شیعانەی شنگال بگرێتەوە. پارێزگاری نەینەوا هیوای خواست کە لە رێگەی لێپرسینەوەی دادوەرانە و گەشەپێدانی ژێرخان و چاکسازی کۆمەڵایەتی، شنگال بتوانێت ببێتە مۆدێلی سەقامگیری و خۆڕاگری لەناو نەینەوادا.

دیداری مێری ٢٠٢٤

شنگال: ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان

پانێڵی ١٠ب

Comments are closed.