Back

دەسەڵاتی ئیسلامی و خێڵەکی ناوخۆیی لە خۆڕاگری کۆمەڵگادا

ڕۆڵی دەسەڵاتی ئیسلامی و خێڵەکی ناوخۆیی لە خۆڕاگری کۆمەڵگادا: بۆسنە، سوریا و هەرێمی کوردستان

ئەم لێکۆڵینەوە بەراودكارە دەریدەخانت كە چۆن سەرکردە تەقلیدییەکانی کۆمەڵگا کاریگەرییان لەسەر خۆڕاگری ناوخۆیی هەیە لەمەڕ سەرهەڵدانی مەترسی پەرگیری و توندڕەوی کە زۆرجار لەناو دەوڵەتە لاواز و لێكترازاوەکاندا گەشە دەکات. دانەران بە سوودوەرگرتن لە توێژینەوەی مەیدانی لە ڕۆژئاوای باڵکان  و کوردستانی عێراق و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، شرۆڤەی دەسەڵاتە تەقلیدییەکانی وەک کەسایەتییە ئایینییەکان و سەرکردەی هۆزەکان دەکەن. ئەویش بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ئاست و توانای ئەو کەسایەتیانە لە بەرپەرچدانەوەی سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی توندوتیژ، بەتایبەتی ئەوانەی کە لەلایەن گروپە توندڕەوی توندوتیژەکانی وەک داعشەوە سەرهەڵدەدەن. لە کاتێکدا سەرکردە نەریتییەکان دەتوانن وەک هێزی سەقامگیرکەر خزمەت بکەن، بەڵام کاریگەرییەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسیی دۆخەکەیانەوە.

لە ڕۆژئاوای باڵکاندا، بەدامەزراوەییکردنی ئیسلامی حەنەفی میانڕەو و بەشداری چالاکانەی ئیمام و موفتییەکان لە سنووردارکردنی توندڕەویدا رۆلێکی زۆر گرنگی  هەبووە. ئەم سەرکردانە بەرەنگاری ئایدۆلۆژیای ڕادیکاڵ دەبنەوە، بە هەردوو شێوەی ئۆفلاین و ئۆنلاین، واتا لەسەر ئەنتەرنێت و لەنێو کۆمەڵگاکانیش.  هەروەها ئەوان کۆمەڵگاکانیان لە کاریگەری توندڕەوی توندوتیژ دەپارێزن و شێوازێکی لێبوردەی ئیسلام و ڕەگداکوتراو لە نێو کولتووردا پەرە پێدەدەن. کارەکانیان لەلایەن پێکهاتە دەوڵەتییە تاڕادەیەک سەقامگیرەکانەوە و بە متمانەی کۆمەڵگاوە پاڵپشتیان لێ دەکرێت، ئەمەش وایکردووە ئەو ئەکتەرانە بتوانن لایەنە ڕادیکاڵەکان گۆشەگیر بکەن و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی بپارێزن. لە کۆسۆڤۆ و بۆسنە و هێرتزەگۆڤینا، دامەزراوە ئاینییەکان هەنگاوی بوێرانەیان ناوە، لەوانە دەستکاریکردنی پڕۆگرامی خوێندن و بەکارهێنانی میدیا، بۆ بونیاتنانی خۆڕاگری لە دژی توندڕەوی توندوتیژ.

لەبەرامبەریشدا، دۆخەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەوە ئاڵۆزترە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ئایینی بەدامەزراوەیی و مەرکەزی کردووە و هانی فۆرمێکی “ئیسلامی کوردی” داوە کە دۆزی ناسیۆنالیستی کورد لەگەڵ بیروباوەڕی تەقلیدی تێکەڵ دەکات. هەروەها بە مەرج پشتگیری لە کەسایەتییە سەلەفییە میانڕەوەکان دەکات، بۆ ڕێگریکردن لە توندڕەوی توندوتیژی کە بەهۆی ئاینییەوە سەهەڵدەدەن. لە کاتێکدا ئەم ستراتیژە یارمەتیدەر بووە بۆ سنووردارکردنی ژمارەی ئەندامانی داعش لەنەتەوەی کورد، نیگەرانییەکان سەبارەت بە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی بەهێزکردنی ئایدۆلۆژییە موحافیزکارەکان بەمەرامی سیاسی، هێشتا هەر ماوە.

هاوکات لە شاری دێرەزۆر لە سوریا، سەرکردەکانی هۆزەکان تاڕادەیەکی زۆر نەیانتوانیوە پێش بە سەرهەڵدانی گروپە جیهادییەکان بگرن. دەسەڵاتی نەریتی (تەقلیدی) بەهۆی دەیان ساڵ لە دەستێوەردانی دەوڵەت و باڵکێشانی سەرکردە جەنگییەکان وزاڵبوونی بازرگانەکانەوە، لاواز بووە. خێڵەکان لە نێوان ململانێی سەرچاوەکانی دەسەڵات و هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە توندڕەوەکاندا لێكترازان. ئەم بۆشاییە ڕێگەی بە داعش دا کە سوود لە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان وەربگرێت. سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ زیندووکردنەوەی یەکڕیزیی خێڵەکان، سەرکردە نەریتیەكان نەیانتوانی شەرعیەت یان یەکدەنگی بەدەست بێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی بە شێوەیەکی کاریگەر. بە گشتی، ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکات کە دەسەڵاتی نەریتی بە تەنیا ناتوانێت بەرەنگاری توندڕەوی توندوتیژ بێتەوە، ئەگەر پشتگیری دامەزراوەی بەهێز و گشتگیر و متمانەی کۆمەڵگایان نەبێت.

لێرەوە درێژەی بەشە کتێب دابەزێنە بە زمانی ئینگلیزی.

Comments are closed.