بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندی فیدراڵ-هەرێمییەکان: پرۆسەیەک کە لەمێژە دواکەوتووە
پرسی ناوەكی
بەڕێوەبەری پانێل بە پرسیارێك دەستی پێكرد كە پەیوەستبوو بە دابەشبوونی هەرێمی كوردستان و بەردەوامبوونی هەردوو زۆنى زەرد و سەوز كە خەڵك چاوەڕوانبوو لەگەڵ گۆڕانی سەردەم نەمێنێت. كەچی “ئێستا پێدەچێ زۆنى زەرد و سەوز زەردتر و سەوزترن و اتفاقى ستراتیجیش کەس باسى ناکات، یاخود نەماوە”. گوتیشی: “ئەگەر بێتو داواى نەخشە رێگایەک لە جەنابت بکرێت چۆن حەلى دەکەیت؟”
- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
- هیوا عوسمان، میدیاکار (بەڕێوەبەری پانێل)
لە وەڵامدا سەرۆکی هەرێم وتی:
بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانى پێشتر لەو ماوەیەى کە خوالێخۆشبوو مام جلال و جەنابی سەرۆک بارزانى پێکەوە ئیشیان دەکرد ئێمە توانیمان بە هاوکارى و یارمەتى هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەستکەوتى گەورە بۆ میللەتەکەمان و بۆ عێراقیش بەدەستبهێنین. پەیوەندی نێوان یەکێتى و پارتى پەیوەندییەکى گرنگە و دەبێت هەموومان هەوڵى ئەوە بدەین ئەو پەیوەندیە کێشەى گەورەى تێنەکەوێت، من دەتوانم ئەوە بڵێم زۆرجار نیگەرانییەکى گەورە هەیە لەوەى ئایا ئەوەندە خراپە پەیوەندی نێوان پارتى و یەکێتى کە کێشەی گەورەى لێ بکەوێتەوە؟ من دەڵێم، نا، وانییە ئەوەندە خراپ نییە ئێمە نەتوانیین عیلاجى بکەین. ئەگەر بێینەوە سەر واقیعی ئێستا، من پێم وایە ئێستا لە کوردستان بەتایبەتى دواى خوالێخۆشبوو (مام جلال) یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە فەترەیەکى گوزەراندا تێدەپەڕێت، دوای وەفاتى مام جلال و دواى ئەوەش تووشى هەندێک کێشەى تربوون، ئێستا ئەوەى ئێمە هەست دەکەین ئیستیقراڕێکى سیاسیى باشتر لە ناو خودى یەکێتیشدا دروست بووە، بەتایبەتى دواى ئەم کۆنگرەیەى کە یەکێتى کردى. ئێمە زۆر بە هیواوە بەرەو ئاییندەیەکى باشتر لە عیلاقەى بەینى یەکێتى و پارتى دەڕوانین، مەسەلە ئەوە نییە کە دەبێت یەکڕیز بین، نا بەڵکو دەبێت لێکتێگەیشتنێکى هاوبەش بدۆزینەوە كە چۆن پێکەوە ئیش بکەین، من پێم وایە هەم یەکێتى دەرکى بەوە کردووە کە دەبێت لەگەڵ پارتى ئیش بکات و هەم پارتى دەرکى بەوە کردووە کە دەبێت لەگەڵ یەکێتى ئیش بکات.
سەرۆکی هەرێم درێژەی بەو وتانە دا و گوتی “دەبـێت لەسەر وەرەقەیەک رێک بکەوین، ئایا روئیای هەردوولامان بۆ ئاییندەى ئەم پەیوەندییە چییە؟ دواى ئەم دۆخە تازەى کە ئێستا لە کوردستان هەیە پێویستمان بە ڕێکەوتن و بە تێگەیشتنێکى سەرلەنوێ هەیە لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان بۆ بەڕێوەبردنى وڵات، وە ئێمە هەردولامان بەواقعی سەیری وەزعەکان بکەین و پێکەوە کاربکەین.
پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا
بەڕێوەبەری پانێل گوتی: پارتی ویەکێتی بەشێکن لە( إئتلاف إدارة الدولة) و مەرجی داخل بونیشیان چەند شتێک بوو: بودجە، یاسای نەوت و غاز، ماددەی (١٤٠) و ڕێکەوتنی شەنگال. بەڵام تاکو ئێستا نەگەیشتوینەتە هیچ شوێنێک، وە زۆر بە زەحمەت شتەکان بەرەو پێشەوە ئەڕۆن. ئایا بە گشتی دۆخەكە لەگەل بەغدا چۆنە؟
لە وەڵامدا سەرۆکی هەرێم وتی:
بەڕای من کێشەیەکی جەوهەرى لە عیلاقەى بەینی بەغداد و هەولێر هەیە، دەبێت ئەوە چارەسەر بکرێت. پێش هەموو شتێک بەپێی دەستورى عێراق، ئێمە سیستەمێکمان هەیە کە سیستەمێکى فیدراڵیە، عێراق وڵاتێکى فیدراڵە، بەڵام لەناوەڕۆکدا مەرکەزیەتێکى زۆر بەقوەت هەیە، فیدرالیەت لە عێراق تا ئێستا جێی خۆى نەگرتووە. ئەمە وەکو گلەیی نییە. ئێمە لە ماوەی ساڵى (2003)ەوە تاوەکو ئێستا بە فەترەیەکى گوزەراندا تێدەپەڕێین. هەتا ئەم موشکیلەیە بە جەزرى لەگەڵ بەغدا حەل نەکرێت کە ئایا ئێمە {خاوەنی} سیستەمێکى فیدرالیین یان سیستەمێکى مەرکەزیین، کێشەکانى تر حەل نابن. جەوهەرى کێشەکە لێرەیە و من با زیاتر ئەوە بڵێم: بۆ نموونە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت عێراق ئیستیقرارى سیاسی هەبێت، ئەگەر دەمانەوێت ئیستیقرارى ئابوورى هەبێت، دەبێت برایانی ئێمە لە بەغدا زۆر بەجدى هەڵوەستە لەسەر ئەم بابەتە بکەن. واتە من نامەوێت بلێم دژم، بەڵام من دەمەوێت بڵێم هەتا ئێستا لە هەردوولا ئیرادەیەکى وا بەقوەت نییە کەبەبێ موجامەلە لەسەر مێزى گفتوگۆ دابنیشن و کێشەکان حەل بکەن. بۆ نمونە سەبارەت بە سیستەمى فیدراڵى، لەوانەیە ئێمە هەندێک شت لە هەرێمى کوردستان دەکەین کە بەپێی سیستەمى فیدراڵی حەقى ئێمە نییە، بەڵام ئێمە ئەو تەعامولەى کە بەغداش لە هەندێک مەجالاتدا لەگەل هەرێمى کوردستان دەیکات هەموو شتێکە بەس فیدراڵى نییە.
ئەمە پێوستى بە چییە؟ ئەمە پێوستى بەوە هەیە بەبێ موجامەلە دابنیشین، لەکوێ هەرێمى کوردستان زیاد رۆیشتووە لە سیستەمى فیدراڵى، کەمى بکەینەوە لە چ شوێنێک بەغدا سیستەمى فیدراڵى جێبەجێ ناکات پڕى بکەینەوە. من پێم وایە ئەمە لە مەسلەحەتى هەموو گەلانى عێراقە، ئەو مەسلەحەتەى بۆ هەموومان پێویستە کە هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتر بکەین. لەناو عێراقدا، قەت نابێت قسە لەسەر ئەوە بێت کێ زەعیفە و کێ بەقوەتە، ئەمە مەنتقێکە کە زۆر زۆر خراپە بۆ عێراق، ئەگەر ئەم مەنتقە بەردەوام بێت لە کێشە زیاتر هیچى تر بۆ عێراق بەرهەم ناهێنرێت.
ئەوەى کە جەنابت ئیشارەتت پێدا ئێمە بەڵێ ئێمە بەشێکین لە {ئیئتیلافی} ئیدارەى دەوڵەت، لەگەڵ برایانمان بەشێکى ئەساسىین لە دروستکردنى ئەم ئیئتیلافە. ئەگەر پرسیارەکەى جەنابت ئەوەیە هیچ نەکراوە هیچ نەبووە نا من واى نابینم. پێم وایە لەو هەشت نۆ مانگە،لەو کاتەی ئەو ئیدارەیە تەشکیل بووە، هەندێک بەرەو پێش رۆیشتووە، بەڵام کێشەشمان هەیە. ئەو کێشانەش دەبـێت عیلاج بکرێن واتە ناکرێت ئێمە هەر بەبەردەوام بین، بەڵام ئێمە نەخشە ڕێگایەکمان داناوە هەموو لایەکمان لەسەرى موتەفقین. نەخشە ڕێگایەکە روونە، کە ئێمە چۆن دەگەینە ئەو هەدەفەى کە بۆمان داناوە.
ئێمە پێکەوە سەرکەوتوو بووین لە تێکشاندنى داعش. دروستکردنەوەی دەوڵەتى نوێی عێراق ئێمە پێکەوە دامانناوە، یەک لایەن بەتەنیا نەیکردووە. ئێمە پێکەوە لەگەڵ هێزەکانى تر، بەتایبەتى برایانى شیعەى خۆمان. ئێمە عێراقمان لە دواى 2003 دروستکرد، بەردى بناغەکەى پێکەوە داماننا. ئێمە بەشێکى ئەساسیین لە عێڕاق و بەشێکى ئەساسیش دەمێنینەوە. من زۆرجار تەئکیدم لەسەر یەک قسە کردۆتەوە ئەویش ئەوەیە، هەرێمى کوردستان دەبێت لەوە تێبگات بوعدى استراتیجی عیلاقەى هەرێمى کوردستان بەغدایە، هیچ شوێنێکى تر نییە، بەغدایە، و دەبێت لەگەڵ بەغداش حەل بکرێت لەو مەحەتانەی کە پێکەوە هاوکارى یەکترمان کردووە، ئێمە پێکەوە داعشمان تێک شکاند، هەم پێشمەرگە شەهید بوو هەم جەیشى عێراقى شەهیدی دا، هەم حەشدى شعبی شەهیدی دا. ئەمانە هەموو شەهیدیان دا لەم پێناوە. خوێنەکە تێکەڵ بووە لە پێناو چی؟ لە پێناو بەرگریکردن لەم وڵاتە و یەک هەدەف، لەبەرئەوە دەبێت وا لە ئێمە بکات کە ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ ئێمە دەبینین لەو ڕێگەىە دەبێت بە ئاسانى چارەسەریان بکرێت، واتە معقولە هەرێمى کوردستان هەتا ئێستا کێشەى ئەوە بێت مووچەى پێ دەدرێت یان پێ نادرێت، ئەمە چ پرسیارێکە؟ ئایا مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەشێک نین لە گەلى عێراق؟ واتە وەلاء چۆن دروست دەبێت بۆ وڵاتێک؟
حکومەتى هەرێمى کوردستان بەو پەڕى شەفافیەتەوە هەڵسوکەوتى لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ بەغدا و هێزەکانى سیاسی بەغدا کردووە. ئێمە چاوەڕوانین ئەوان بەرگرى لە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بکەن…… مووچە مافێکى سەرەتایی هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانە و وەکو بەشێک لە هاولاتیانى عێراق، دەبێت ئەو ئیلتیزاماتە جێبەجێ بکرێت.
ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی كوردی
سەبارەت بە ئێران، هیوا عوسمان ئاماژەی بە داوایەكەی ئێرنان كرد كە لە هەرێمى کوردستانی کردووە بەوەی كە هێزە كوردیەكانی ئۆپۆزیسیۆنى ئێران وەکو پەناهەندەى سیاسی دوور بخرێنەوە. سەرباری دڵنیاكردنەوەیان لەلایەن بەرپرسانی بەغدا، كەچی پێناچێت ئێران رازی بووبێ. عوسمان گوتی “ئێران جۆرە هەڕەشەیەک لە هەرێمى کوردستان دەکات و لە رابردووشدا کردوویەتى و دوانزە مووشەکى تێگرتین لەم هەولێرە، چۆن تەعامول لەگەڵ ئێران دەکەین جەنابت رەنگە وەکو یەکێک پەیوەندیت باشە لەگەڵیان ؟”
لە وەڵامدا سەرۆکی هەرێم گوتی:
وەکو پرینسیپ، دروست نییە بە بێ هیچ یاسایەکى نێودەوڵەتى وڵاتى عێراق ببێتە سەرچاوەى هەڕەشە بۆ هیچ یەکێک لە جیرانەکانى ئێمە. یاساى نێودەوڵەتیش ئەو ئیجازەیە بەکەس نادات کە وڵاتەکەى ببێتە ناوچەیەکى ئەمین بۆ ئەوەى ئۆپۆزیسیۆنى وڵاتێكی دیكە سودى لێ وەربگرن …. و پرۆسەى سەربازى {لە وڵاتی خۆیان} ئەنجام بدەن و دواتر بگەڕێنەوە. لەلایەکی تر بەغدا لەگەڵ تاران ڕێکەوتنێکى ئەمنیان ئیمزا کردووە. ئێمە لە هەرێمى کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق پابەندى جێبەجێکردنى ئەو ڕێکەوتنەین، ئێمە پابەندین و ئەوەى هەتا ئێستاش کردوومانە بەپێی ئەو ڕێکەوتنە بووە. لەبەغداش ئەو مەلەفەى کە ئێستا بەڕێز (قاسم الأعرجی) ئیدارەى دەکات و لە هەرێمى کوردستانیش وەزیرى ناوخۆ ئیدارەیان دەکات هەنگاوى یەکجار زۆر بەرەو پێشەوە رۆیشتووین. واتە لەم مەجالەدا پێشکەوتنى باش بەدەستهاتووە. ئێمە دیسانەوە تأکید لەسەر ئەو مەبدەئە دەکەین کە هەرێمى کوردستان سەرچاوەى هەڕەشە نییە بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران. کۆمارى ئیسلامى ئێران دراوسێیەکى گرنگی ئێمەیە. ئێمە سنورێکى دوورو درێژمان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران هەیە و دەمانەوێت ئەو کێشانە بە گفتوگۆ چارەسەربکرێن. هەنگاوى باش چووینەتە پێش و ئەوەى من بزانم و ئاگادارم هەتا حەددێکى باش کۆمارى ئیسلامى ئێران سوپاسگوزارە بەو هەنگاوانە….. دەشتوانم بیڵێم بە سوپاسەوە ئەوان {لایەنە كوردیەكانیش} تێگەیشتنێکی زۆر زۆر باشیان بۆ وەزعى هەرێمى کوردستان هەیە….. چەندین جار من دانیشتنم لەگەڵیان کردوە وە هەموویان زۆر پەرۆشی ئەوەن کە هەرێمی کوردستان توشی هیچ کێشەیەک نەبێت.
هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەی بەڕێوەبەری پانێڵ سەبارەت بە دەسپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیاوە، سەرۆکی هەرێم گوتی:
تورکیا ئێستا ئامادەیى خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەى بۆڕی نەوتەکە بکرێتەوە و نەوت بڕوات. دوو کێشەی گەورە بەربەستن: یەکەمیان، بەپێیی ئەو ڕێکەوتنە ئەگەر نەوت بڕوات، پارەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا. بەڵام ئایا پارەى شەریکاتی نەوت چۆن دەدرێت؟ ئێستا بەپێی یاسای بودجەى عێراق، بۆ هەر بەرمیلێک لەنەوتی کوردستان شەش دۆلاریان داناوە، کە ئەوە زۆر زۆر کەمە، چونکە شێوەى کۆنتراکتەکانی ئێمە لەهەرێمی کوردستان سێرڤیس نیە. شەراکەتە لەگەل کۆمپانیاکان. ئەوان دەلێن بۆ ئێمە ئەگەر بڕیار وابێت لەهەر بەرمیلێک شەش دۆلار بێت دەریناهێنی. لە عێراق بۆ خۆی لەهەندێک شوێن بەپێی زروفەکە سی (30) دولاریان دەداتێ. لەگەیارە، بۆ هەر بەرمیلێک سی دۆلارە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان شەش دۆلار. ئەمە خۆی لەخۆیدا کێشەیەکی گەورەیە. لەبەر ئەمەیە دەبێت عیلاج بکرێت. كێشەكەی تریان ئەوەیە كە سۆمۆ دەبێت عەقد لەگەل ئەو شەریکانەى کە تا ئێستا نەوتى کوردستانیان کڕیوە، بکات. ئەوە نابێتە موشکیلە، چونکە خەریکن ئێستا قسە دەکەن، بەڵام ئەم مەسەلەیە دەبێت لەگەل بەغداد عیلاج بکرێت بۆ ئەوەى لەرووى عەمەلیەوە دەست بە هەناردەکردنى نەوت بکرێت بۆ دەرەوە٠کێشەکە لەتورکیا نیە، کێشەکە لە بەغدایە.
توركیا و پەكەكە
سەبارەت بە شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە، هیوا عوسمان پرسیاری كرد ئایا نزیک بوونەوەیەک لە نێوان پەکەکە و حکومەتى تورکیا روودەدات، “بەتایبەتى جەنابیشت پەیوەندى زۆرباشت هەیە لەگەل ئەنقەرە”. هیچ بوارێک هەیە ئیمرۆ شتیکى وەك رابوردوو وا دووبارە بکرێتەوە یاخود زیندوو بکرێتەوە؟
لە وەڵامدا سەرۆکی هەرێم گوتی:
وەکو پرنسیپ، ئەم کێشەیە دەبێت بە دیالۆگ چارەسەربکرێت. واتە ئەمە کێشەیەک نیە بتوانین بە عەسکەرى چارەسەرى بکەین. مانای ئەوەیە جۆری کێشەکە وایە، دەبێت بە سیاسی چارەسەربکرێت. ئەوەی کە لەسەر ئێران قسەمکرد لەسەر تورکیاش هەمان ئەو پرەنسیپەیە، نابێت هەرێمى کوردستان ببێتە سەرچاوەى تێکدانى ئەمنیەت بۆ وولاتانى دراوسێ. تورکیا وەکو دراوسێیەکى گرنگی ئێمە، ئەو پرینسیپە لەسەر تورکیاش دەگرێتەوە. پەکەکە کێشەیەکى گەورەیە بۆ هەرێمى کوردستان، پەکەکە هیچ احترامێکی بۆ موئەسساتى هەرێمى کوردستان نیە، وە هەتا سیاسەتى پەکەکە ئەمە بێت بەراستى ئێمە ناتوانین زەمانەتى ئەوە بکەین کەتورکیا هیچ نەکات.
بەندە زۆر هەوڵم داوە تا حەدێکی زۆریش پێشکەوتنیشمان بە دەست هێناوە، مانای ئەوە نەبووە كە هیچ نەکراوە. لە تورکیا زۆر بەهێمنى زۆر شتمان کردوە. ئەگەر پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێستا ئەو مەجالە هەیە، یان ئەومەجالە دەبینین {وەك ئاماژە بە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا)، ئێمە بەهەموو نەوعێک دەمانەوێ فرسەتێک هەبێت ئێمە بتوانین دەورێک ببینین بۆ حەل، بەڵام ئێستا حالى حازر دیار نیە .
فڕۆكەخانەی سلێمانی
بەڕێوەبەری پانێڵ پرسی: ئایا باسی فڕۆکەخانەى سلێمانیت لەگەڵ کردوون؟ لەگەڵ تورکەکان. بۆ دایانخستووە، کەى دەیکەنەوە؟
سەرۆکی هەرێم گوتی: بەڵى ئەو باسەشم لەگەل کردوون. ئێمە لە گفتوگۆیەکى بەردەوام داین بۆ ئەوەى هەر نیگەرانیەک لەو بابەتە کە تورکیا هەیەتى ئێمە ئەو نیگەرانیانە نەهێلین و هاتنى فڕۆکەی تورکیا و وڵاتانى تر بۆ سلێمانى ئاسان بێت، بە بەردەوام ئێمە لەسەرخەتین لەگەڵیان. هەندیک نیگەرانیان هەیە کە ئەو نیگەرانیانە دەبێت عیلاج بکرین بۆ ئەوەى هەنگاوى تر بەرەو پێشەوە بچن.
ئەمەریكا و هەرێم
سەبارەت بە ئەمەریكا، هیوا عوسمان ئاماژەی بەوە دا كە ئەمەریکا هاوپەیمانێكی گرنگە لێرە، و لە ڕۆژئاواش هاوپەیمانی هەسەدەیە. گوتی: لەهەردولا شەڕتان بەیەکەوە کردوە، بەڵام ئەوەى ئێستا دەیبینین ئەو هاوپەیمانیەیان لەگەڵ هەسەدە بە بەرچاوى ئەو خەڵکەوە و بەبەرچاوى ئەمەریکاوە هەمو ڕۆژی بۆردوومان دەکرێت. ئەمەریکا سەیریان دەکات. ئەگەر بێت و خوانەخواستە شتێکى وا لێرە رووبدات، هەرچەندە لەهەندێ شوێن روودەدات، تەوقعی چی لەئەمەریکا دەکەن، ئەو پەیوەندیەتان لەگەڵ ئەمەریکا تاکوێ یە؟
سەرۆکی هەرێم وەڵامی دایەوە: هەر لە نەوەد و یەکەوە ئەگەر سەیر بکەین ئەمەریکا بەشێکى سەرەکى بووە لە پاراستنى هەرێمى کوردستان، کە ناوچەی دژە فڕینیان دروستکرد. ئەو کارە بە بێ ئەمەریکا نەدەکرا، وە ئەمەریکا و بەریتانیا هاوپەیمانانى تر فەرەنسا، ئەمانە پشتگیری ئەساسی بوون بۆ پاراستنى هەرێمى کوردستان لەو کاتەدا. ئەگەر سەیری هەمو ئەو قۆناخانە بکەین دەبینین ئەمەریکا پاڵپشتیکى ئەساسی بوو. ئەمەریکا و هاوپەیمانانى تر لە ئەوروپا ئەگەر لەمەسەلەى شەڕی داعش دا یارمەتى هەرێمى کوردستان و عێراقیان نەدابووایە، مەعلوم نەدەبو وەزعەکە چۆن دەبوو.
ئێمە بەسوپاسەوە سەیری دەورى ئەمەریکاو هاوپەیمانان لەئەوروپا ئەو هاوپەیمانانە دەکەین کە بەڕاستى یارمەتى ئێمەیان داوە. ئێمە ئێستاش لە هەرێمى کوردستاندا وەکو بەشێک لە عێراق دەبینین ریکەوتنیکى ستراتیجى لە نێوان ئەمەریکا و عێراقدا هەیە. زۆر مەجال هەیە بۆ هەرێمى کوردستانیش کە بتوانێت لە چوارچیوەى ئەو رێککەوتنە ستراتیجیە ئیستیفادە بکات، و بتوانێت دەورى هەبێت. ئەمەریکا هەتا ئێستا دەیەوى هانى هەردولامان بدات بۆ حەلى موشکیلەکان، چ لەناوخۆ وەکو هەرێمى کوردستان، وە بەبەردەوامیش هانى ئێمە دەدات بۆ گفتوگۆ و دایۆلۆگ و حەلی کێشەکانیش لەگەڵ بەغداد. لەم دەورەدا لەم مەسەلەیەدا هیچ شتێک نەگۆراوە ئەوەى کە دەبینریت لەهەندێک جار ئەمریکا هەندێ سستى پێوەدیارە. من پێم وایە مەسەلە سەرقاڵیە، مەسەلە ئەولەویەتیان زۆرە، ئێستا مەسەلەى ئۆکرانیا، مەسەلەى چین، مەسائلى ترى زۆر گەورە هەیەکە ئەمەریکیەکانیان مەشغول کردوە. ئەگەر ئەوە نەبێت ئێمە نابینین بەراستى گۆڕانکایەکى زۆرگەورە لەسیاسەتى ئەمەریکا بەرامبەر بەهەرێمى کوردستان و عێراق هەبێ .
لێرەدا بەڕێوەبەری پانێڵ گوتی: زۆر شت هەن کە داواتان لێدەکەن، مەسەلەى یەکگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە هەندێ داواکارى تر بە قسەیان ناکەن.
سەرۆکی هەرێم دانی پێدانا و گوتی: لە مەسەلەى هێزى پێشمەرگە پێموایە گلەییەکانیان زۆر حەقن وە زۆر رەواشن لە یەکێتى و پارتى، کێشەى ئەوەى کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا دەیانەوێ چیە؟ دەیانەوێ پێشمەرگە یەکگرتوو بێت، لەم مەجالەدا گلەییان هەیە لە یەکێتى و پارتى کە وەکو پێویست هەنگاو نانێن بۆ ئەم مەسەلە. گلەییەکان لەجێی خۆیانن. بێگومان، مانای ئەوەنیەکە هیچ نەچۆتە پێش، هەندێک هەنگاو چۆتە پێش، بەڵام هەنگاوەکان بچوکن، سستن و ئەوان دەیانەوێ ئەم پرۆسەیە بەشێەیەکى باشتر وخێراتر ئەنجام بدرێت…… من وەکو سەرۆکى هەرێم بەگەشبینیەوە سەیری مەلەفەکەم کرد، چونکە بینیم هەندێ هەنگاوى باش بەرەو پێشەوە چووین، بەڵام ئایا ئێمە ئێستا گەیشتووینەتە ئەم هەنگاوانەى کە دۆستانى ئێمە، هاوپەیمانانى ئێمە، ئەوانەى کە پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکەن؟
پەیوەندی فیدرالی
هیوا عوسمان هاتە سەر لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندیە فیدرالی نێوانیان، پرسیاری كرد ئایا لەکوێدا هەرێمی كوردستان زۆر رۆیشتووە و لەکوێ بەغدا بەرەو مەرکەزیەت رۆیووە؟ ئایا ئەم گفتوگۆیە لە کوێی بەغدادا بکریت، لە دادگا، لەئەنجومەنی وەزیران، لە پەرلەمان یان لەگەڵ ئیئتیلاف؟
سەرۆکی هەرێم گوتی: بەڕاى من هاوپەیمانانی خۆمان، ئەوانەى کە حکومەتمان لەگەل تەشکیل کردوون، لەگەل ئەوان گفتوگۆیەکى جدى بکەین. واتە لەم مەسەلەیە دەبێت یەكەمجار لەگەڵ هاوپەیمانانى خۆمان لە ئیدارەى دەولەت بکرێت، میکانیزمێکى جیددى دابنرێت. ئەگەر بە کوردیەکەى بڵێم ئەو تەعامولەى لە رووى مالیەوە بەغداد لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەیکات لە هیچ فیدرالیەتێکى عالەمدا شتى وانیە. سالى دوو هەزار و سێ ئێمە بەو بەڵێنانەوە چووینە بەغداد، لەو کاتەوە کە بەشداریمان لە تەشکیلی عێراقی نویێدا کردوە، لەڕووى سیاسیەوە لە هەرێمى کوردستان زۆر نەگۆراوە. لە پێش دوو هەزارو سێ هەمان ئەو وەزعەمان هەبوە، ئەوەی کە ئێستا هەمانە.
گەورەترین پرسیار ئەوەیە هەرێمى کوردستان بەشێکە لە عێراق یان نا؟ ئێمە هاوڵاتى عێراقین یان هاوڵاتى عێراقی نین؟ ئێمە خۆمان بەهاوڵاتى عێراقی دەزانین، پێشکەوتنی هەر بەشێکى عێراقیش بە پێشکەوتنى خۆمان دەزانین. ئەو پێشکەوتنە لە بەسرە ببینین دڵخۆش دەبین، لە ئەنباریش ببینین دڵخۆش دەبین. دەبێت لە عێراقیش وابێت، پێشکەوتنى هەرێمى کوردستان پێشکەوتنە بۆ هەموو عێراق. روون نیە ئێستا لەعێراقدا چ سیستەمیێکى بەرێوەبردنمان هەیە؟ ئەگەر ئێمە بتوانین ئەمە چارەسەر بکەین، میزانیە حەل دەبی، کێشەی موچەش حەل دەبی، چونکە ئێمە دەگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ بەرێوەەبردنى وولات. ئەمە گەورەترین ئەولەویەتە. من کە چووم بۆ ئەلمانیا، سەرۆک وەزیران پرسیارى کرد چۆن دەتوانین یارمەتیتان بدەین، وەڵامى من تەنها ئەوە بوو ئێوە سیستەمیکى زۆر مورەتەبی فیدرالیتان هەیە، جەنابی سەفیریش {لوقمان فەیلی} لیرە دانیشتوە …. یارمەتى ئێمە بدەن چۆن سیستەمى فیدرالی لەعێراق جێبەجێ بکەین.
وەڵامی پرسیاری ئامادەبووان
مامەڵەی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان: لە ڕووی پشتگیریەوە، ئەمریکا جیاوازى لە نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان ناکات. ئەمریکا جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکى عێراق و لەناو عێراقیش هەرێمێکى بەهێز هەبێت کە بتوانێت یارمەتى خۆى و عێراق بدات. من خۆم نابینم لە سیاسەتى ئەمریکا لەو سیاسەتە هیچ گۆڕابێت، بەڵام مەسەلەى حەلى موشکیلەکان ئێمە پێویستمان بە دەرەوە نابێـت، لەوانەیە لەرووى تەکنیکەوە پێویستمان بە یارمەتى هەبێت، بەڵام ئەوەى گرنگە ئێمە دەبێـت خۆمان موشکلیەى خۆمان چارەسەر بکەین. وەکو یەک ماڵ، لەسەر مێزى گفتوگۆ دابنیشین و ئێمە ئاییندەیەکى موشتەرەکمان هەیە. مادام وایە پێش ئەوەى ئێمە داوا لە ئەمریکا بکەین دەبێ خۆمان دابنیشیین ئەو وەختە ئەگەر پێویست بوو داوا بکەین ئەمریکا یان هەر لایەنێک پشتگیریمان بکات.
شەڕى نێوان حەماس و ئیسرائیل و ئامادەكاریەكان لە هەرێمى کوردستان: ئێمە وەکو میللەتێک و وەکو عێراقیش، کەس بەقەد ئێمە نازانێت بەدبەختی و ناخۆشی شەڕ واتە چى، هەموومان دەزانین وەکو پرسیپێکی ئەساسی و بە بەردەوامیش وتوومانە ئەم کێشەیە بە شەڕ چارەسەر نابێت دەبێت بە ئاشتى و گفتوگۆ چارەسەر بکرێـت و حەقى گەلى فەلەستینە کە دەوڵەتى خۆیان هەبێت. ئەگەر سەیرى ناوچەکە بکەى دەبینین مافى خۆیانە دەوڵەتیان هەبێت و بە ئاشتى بژین لەو ناوچەیە. مەسەلەى ئابلۆقەی ئەمرۆ لەسەر غەززە كە شوێنێکە دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار کەسی تێدا دەژین. ئەمە بەرەو کارەساتێکى مرۆیی دەچێت و هیوادارین بەزووترین تەواو بێت ئەم شەڕە.
ديداری مێری 2023
گەنگەشەی سیاسەتە دەستبەجێكانی عێراق
11-10 ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم
پانێڵی 6: بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندی فیدراڵ-هەرێمییەکان: پرۆسەیەک کە لەمێژە دواکەوتووە
ڤیدیۆی پانێڵ