لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە، بێرنارد هێنری لێڤی نیگەرانی خۆی نیشاندا بەرامبەر نەبوونی ستراتیژی و ڕووانگەیەکی ڕوون لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش.
بێرنارد هێنری لێڤی کە بە یەکێک لە دیارترین فەیلەسووفی فەڕەنسی سەردەم و بیرمەندێکی کاریگەر لە بواری ئایین و کاروباری نێودەوڵەتی دادەنرێت. بێرنارد هێنری لێڤی لەماوەی شەڕی ناوخۆی لیبیا ناسراو بە ‘بەهاری عەرەبی’ لە ساڵی ٢٠١١ ڕۆڵی کارای گێڕا لە گفتوگۆ کردن کە داوای پشتگیری بۆ شۆڕشگێران دەکرد لە دژی موعەمەر قەزافی. دواتر داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد کە بەهانای سوریاوە بچن و کۆمەڵکوژی بەشار ئەسەد رابگرن بە دروستکردنی هەرێمێکی دژە فڕین.
لە ماوەی گەمارۆی سەر کۆبانێ، بێرنارد هێنری لێڤی ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی تورکیا گرت و کورد بە هاوپەیمانێکی شیاو و دروستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دادەنێت لە شەڕی دژی داعش، چونکە تەنیا ئەوانن کە ڕووانگە و ویستی تەواویان تێدایە بۆ شەڕکردن، هەر ئەو هەڵوێستەشە کە وای کردووە سەردانی کوردستان بکات و بە خۆ بەدوورگرتنیش، ململانێ و خوێنڕێژی لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت.
لە چوارچێوەی چەندین دیداری لەگەڵ بڕیار بەدەستان و بیرمەندان لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی بێرنارد هێنری لێڤی لەگەڵ دلاوەر عەلائەدین بۆ ئەوە هات کە هەنگاوی جیدی بنرێت بۆ ئاگادارکردنەوە و بەرزکردنەوەی هۆشیاری لە پێویستی هەبوونی ستراتیژی هاوبەش لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ لە دژی داعش. بەشێکی زۆری گفتوگۆکان تیشکیان خستەسەر قەیرانی سیاسی و ئەمنی کە ڕووبەڕووی عێراق و سوریا و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە دەبێتەوە بەهۆی پێشڕەوییە بەردەوامەکانی داعش، کە تا ئێستا ڕووبەرێکی فراوانی عێراق و سوریای داگیر کردووە.
لە کۆتاییدا، بێرنارد هێنری لێڤی باسی لە ئینستیتیوتی the Rule of the Game بۆ توێژینەوەی فەلسەفە و سیاسەت کرد کە خۆی سەرۆکایەتی داکات و هەردوولا ویست و رەزەمەندی خۆیان نیشاندا بۆ هاریکاری و هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان هەردوو ئینستیتیوت وهەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە نێودەوڵەتییەکان و بڕیار بەدەستان لە پلاتفۆرمێک بۆ تاوتوێکردنی مەترسی و هەڕەشەکانی داعش و پێویستی کاردانەوەی پێکەوەیی هاوبەش.