پێش و دوای گشتپرسی، بۆ خه‌ڵكی جيهان ده‌ركه‌وت كه خواستی هه‌رێمی كوردستان له به‌ده‌وڵه‌تبوون كه‌متر نيه و نابێ، به‌ڵام پرۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ی و كاتی راگه‌ياندنه‌كه‌ی جێگه‌ی مشتومڕه. ئه‌زموونی وڵاتانی ديكه نيشانيان داوه كه راگه‌ياندنی ده‌وڵه‌ت پێويستی به ره‌چاوكردنی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری گرنگه، له‌وانه هێزی ناوه‌كی، پاڵپشتی زلهێزێكی جيهانی وه هه‌ڵبژاردنی باش‌ترين كاتی راگه‌ياندن.
هێزی ناوه‌كی
گره‌وی هه‌رێم بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆيی له‌و كاتوساته‌دا تا ڕاده‌يه‌ك په‌يوه‌ست بوو به‌وه‌ی كه ئيمڕۆ هێزه عيراقی و ئيقليميهكان په‌رته‌وازه و ناته‌بان. به‌ڵام حاڵی هێزه ناوهكيهكانی هه‌رێم به هه‌مان شێوه‌ن. دياره له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواييدا حاله‌تی په‌رته‌وازه‌يی و ناته‌بايی نێو هێزه كورديه‌كان وه‌ك رێژه‌ی نه‌گۆڕ ده‌قی گرتووه و بووه‌ته حاڵه‌ته سروشتيه نۆرماڵهكه. بێگومان يهكڕيزيهكهی رۆژی گشتپرسی ٢٥ی ئه‌يلول ديارده‌يه‌كی زۆر گرنگ و بێ وێنه‌بوو، به‌ڵام زۆر به قورسی هاته كايهوه و مه‌ودای كاريگهريهكهی ته‌نيا بۆ ٢٤ كاژێر بوو، وله‌وێ به‌دواوه كه‌لێنه‌كان خێرا ده‌ركه‌وتنه‌وه. كه‌چی له به‌رامبه‌ردا هێزه عيراقی و ئيقليميه لێكترازاوه‌كان به هۆی گشتپرسی له‌يه‌كتر نزيكبوونه‌وه. بۆيه ئێستا له هه‌موو كاتێكی ديكه زياتر پێويسته هه‌ڵوه‌سته له باری ناوه‌كی هه‌رێم بكرێ، هه‌وڵی به‌هێزكردنی سيسته‌می حوكمڕانيهكهی بدرێت، په‌رله‌مانی كارا بێ و پرۆسه‌ی بڕياردانی بهدامهزراوهيی بكرێ و تهركيزيش بخرێته سه‌ر ئاشتكردنه‌وه‌ی هاوڵاتيان و باشتركردنی بژێوی ژيانيان.
پاڵپشتی جيهانی
له جيهانی ئيمڕۆدا، دامه‌زراندن و پاراستنی ده‌وڵه‌تێكی نوێ له هه‌ر قوژبنێكی دونيا به‌بێ پاڵپشتيی زلهێزان كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته، چ جای به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێمێكی خنجيلانه له دهورودراوسێيهكی دژوار و ناهه‌مواردا. ئه‌گه‌ر هه‌رێم بيه‌وێ پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات، پێويستی به‌وه‌يه ئاراسته‌ی كاروانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی يه‌كبخات. به ووردی پاڵنه‌ری هاوكێشه‌كان بخوێنێته‌وه و بزانی چۆن ئهولهويهتهكانی خۆی له‌گه‌ڵ هی زلهێزێكی دۆست و يه‌ك دوانێك له هێزه ئيقليميهكان هه‌ماهه‌نگ بكات.
ديارده و ململانێيهكانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وای ده‌گه‌يه‌نن كه گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی ديكه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وابهڕێوهن، وه ئه‌گه‌ر كورد پشووی درێژ بێ و خه‌ريكی پته‌وكردنی هه‌ناو و لۆبی ده‌ره‌كی بێ، ئه‌وا زياتريش توانای قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كانی ئاينده‌ی ده‌بێ.
ئهولهويهتهكانی زلهێز
له ئێستادا، ئه‌وله‌ويه‌تی هه‌ره به‌رزی زلهێزی ئه‌مه‌ريكی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بريتيه له شه‌ڕی دژبه تيرۆر، كه جارێ هيچ جۆره سازێكی له‌سه‌ر ناكات. هه‌ر وڵاتێك يان بزوتنهوهيهك له‌گه‌ڵ ئه‌و ئهولهويهته هه‌ماهه‌نگ بووبێ گه‌وره‌ترين سوودی له هاوكاری ئه‌مه‌ريكی بينيوه. ئه‌وه‌تا رێكخراوی (په‌يه‌ده) كه سه‌ر به هێزی (په‌كه‌كه)يه، و ئه‌وه‌ی دواييش له ئه‌مه‌ريكا و ئه‌وروپا به تيرۆريست له‌قه‌له‌م دراوه، كه‌چی نه‌ك ته‌نيا ئه‌مه‌ريكا خه‌ريكه به‌سه‌ر سوريای فه‌رز ده‌كات به‌ڵكو به‌دوور نازاندرێ توركياش رازی بكات كه په‌يوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌يه‌ده باش بكات و دان به حوكمڕانی (به‌ره‌ی ديموكراتی سوريا)دا بنێ. هه‌تا ئه‌وكاته‌ی هه‌رێمی كوردستان وهيان حكومه‌تی عيراق ته‌ركيزيان له‌سه‌ر ئه‌و ئهولهيهتهی ئه‌مه‌ريكا و ئه‌وروپا بێ، ئه‌وا بهشهشێری پاڵپشتيهكانی ئه‌و هێزه جيهانيانهيان ده‌ست ده‌كه‌وێ.
ئه‌وله‌ويه‌تی دووه‌می ئه‌مه‌ريكا ئه‌وه‌يه كه حكومه‌تی حه‌يده‌ر ئه‌ل-عيبادی له حوكمی عيراقدا به‌رده‌وام بێ، وه له هه‌ڵبژاردنی گشتی ئاينده‌دا سه‌ركه‌وێ. ئه‌مه‌ريكيه‌كان، راست بن وهيان هه‌ڵه، وای داده‌نێن كه به‌ديلی عيبادی توندڕه‌وێكی سه‌ر به كامپی نوری ئهلماليكی ده‌بێ كه به سه‌رسه‌ختیه‌وه سه‌ر به ئێران ده‌بێ. ئه‌مه‌ريكاييه‌كان وای داده‌نێن كه عيبادی ميانڕهوه و ئاماده‌يه هێدی هێدی عيراق له ئێران دوور بخاته‌وه. بێگومان ره‌نگه ئه‌مريكيه‌كان له‌وه‌دا زۆر سههووبن، چونكه عيراق قوڵاييهكی ستراتيژی گرنگه بۆ ئێران و له ماوه‌ی حوكمڕانی ئهلعيباديدا، ئێران توانيويه‌تی عيراق زياتريش بخاته ژێر ركێفی خۆيه‌وه، جا به هێزی حه‌شدی شه‌عبی بێ وهيان به پشت به يهكتربهستنی سياسی و ئابووری و ئه‌منيه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، ئه‌مه‌ريكا ئاماده‌يه هه‌موو هاوپهيمانهكانی هان بدات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی لێ تێك نه‌ده‌ن. خۆ به پێی لۆژيك، وا له هاوپهيمانێكی بچووكی وه‌ك هه‌رێم چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه له‌وه‌دا هاوكار بێ چونكه ته‌نانه‌ت مانه‌وه و سه‌ركه‌وتنی خۆی پێويستی به پاڵپشتی زلهێز ده‌بێ.
ئه‌وله‌ويه‌تی دواتری ئه‌مه‌ريكا بريتيه له تهنگههڵچنين به ئێران تاوه‌كو چه‌كی ئه‌تۆمی لێ داماڵێ و نفوزی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌م بكاته‌وه. ئه‌وه خواستێكی ئه‌مه‌ريكی و ئه‌وروپی و عه‌ره‌ب و توركيا و ئيسرائيله، زوو يان دره‌نگ ده‌بێته ئهولهويهتێكی لوتكه‌يی به‌ڵام له دوای به‌ديهێنانی ئهولهويهتهكانی يه‌كه‌م و دووه‌م. له‌و حاڵه‌ته‌شدا، هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی زۆر گرنگ و كارتێكی به‌هێزی ده‌بێ كه نه ئێران ده‌توانێ لێی بێ‌باك بێ و نه ئه‌مه‌ريكاش ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ.
ئه‌وكات، دۆستايه‌تی نێوان ئێران و هه‌رێم بۆ ته‌هران گرنگتر ده‌بێ وه‌ك له پێچه‌وانه‌كه‌ی، وه له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران‌دا ده‌بێ له ئێستاوه به سياساتی كۆنی دابچێته‌وه و هه‌رێم بۆ خۆی رابكێشێ و رێگه له سهرفرازيهكهی نه‌گرێ. ئه‌گه‌ر له هه‌ر كاتێكدا ئێران چاوپۆشی له به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێم بكات، ئه‌وا عيراق و توركيا توانای رێگريكردنيان لێی نابێ. خۆ ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌وه ئێران بووه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ هه‌رێم، ئه‌وا ئهڵتهرناتيڤی زۆر به‌هێز له‌به‌رده‌ستدا ده‌بن و ره‌نگه له به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه جيهانيه‌كاندا بێ كه هه‌رێم له ئێران بپارێزن و له عيراقێكی سه‌ر به ئێران جيای بكه‌نه‌وه.
هه‌ڵبه‌ته، هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تيه‌كان جموجۆڵ و گۆڕانكاری زياتريشيان لێ چاوه‌روان ده‌كرێ، وه هێزه ئيقليميهكانيش هه‌ميشه چاوه‌رێی بڕيار و ئهولهوياتی ئه‌مه‌ريكی نابن، به‌ڵكو ره‌نگه له ده‌ره‌نجامی ململانێی ئاڵۆزی ههمهپاڵنهردا، هاوكێشه‌كان له ديوی توركيا زياتر بگۆڕێن. ئيمڕۆ توركيا تووڕه‌يی ده‌رده‌بڕێ، بۆ كهنارگيركردنی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و دوو هێزه متمانه‌یان به‌يه‌كتر نيه و دوورنيه به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌تر سياساتی هه‌ردوولايان ديسانه‌وه بگۆڕێ. له‌و حاڵه‌ته‌دا رێگه‌ی دهچيتێ ئه‌وجاره‌يان توركيا له‌گه‌ڵ سعوديه هه‌ماهه‌نگی ده‌ست پێبكات و به‌يه‌كه‌وه ببنه فريادرهسی هه‌رێم له به‌رامبه‌ر هه‌ژموونی ئێران.
باری سياسی هه‌رێم و به‌غدا
به لايه‌كی ديكه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پشووی درێژ نه‌بێ و په‌له له به‌ده‌وڵه‌تبوون بكات، وهيان له‌كاتی گفتوگۆكردندا ره‌چاوی په‌رته‌وازه‌يی ناو ماڵه‌كه‌ی و هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه ئيقليميهكان و ئهولهويهكانی هێزه جيهانيه‌كان نه‌كات، ئه‌وا ده‌بێ حيسابی به‌ربه‌ست و ته‌حه‌دای مه‌زن بكات. هێزی ههناويی ناو هه‌رێم له رووی سياسی و ئابووريه‌وه كێشه‌ی زۆره. توانای ئێرانی و توركی له ده‌ستێوه‌ردان و بنكۆڵكردنی هه‌رێم زۆر له‌وه زياتره كه دركی پێكراوه. حكومه‌تی به‌غداش، كه له به‌رامبه‌ر هێزه ئيقليمیهكان و هێزی تيرۆردا لاوازه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر هه‌رێم خه‌ريكه به‌هێز و به‌هێزتر ده‌بێ. حكومه‌تی عيبادی تازه له شه‌ڕی داعشدا وه‌ك رزگاركه‌ر خۆی ده‌نوێنێ و به‌هۆی پشتگيری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تيه‌وه متمانه‌ی به‌خۆی زياتر ده‌بێ. حكومه‌تی به‌غدا پێش گشتپرسی تكای گفتوگۆكردنی له هه‌رێم ده‌كرد، كه‌چی ئێستا ده‌بێ تكای لێ بكرێت له گفتوگۆدا به‌شدار ببێ. كه بهشداريش بوو هه‌ڵبه‌ته توندیهكی زێده ده‌نوێنێ تاوه‌كو ببێته قاره‌مانی پاراستنی يهكپارچهيی خاكی عيراق له به‌رامبه‌ر مه‌ترسی داعش و “خواستی جياخوازيی كوردی”.
ستراتيژی هه‌رێم
له‌جياتی ئه‌وه‌ی به‌گوتاری ئاگرين و بڕياری يهكلايهنانه ده‌ستی حكومه‌تی عيراق بههێزتريش بكرێت، پێويسته لايه‌نی كوردی سه‌رجه‌م ئه‌و دهستپێشخهريانه بقۆزێته‌وه كه جه‌خت له رێكه‌وتن و دۆزينه‌وه‌ی خاڵی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌نه‌وه. پێويسته ستراتيژی كوردی سێ قۆناخی جياكهرهوهی تێدا بێ: هه‌نووكه‌يی بۆ ئاساييكردنه‌وه، مام ناوه‌ندی بۆ گفتوگۆ و رێكه‌وتن، دوورمه‌ودا بۆ به‌ده‌وڵه‌تبوون.
له چه‌ند رۆژ و هه‌فته‌ی ئاينده‌دا، پێويسته هه‌رێم له باره‌ی فرۆكه‌خانه و ده‌روازه سنووريه‌كان و مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و گازدا ده‌ستپێشخه‌ری بكات له پێشكه‌شكردنی هه‌ندێ سازش و پێشنيازی عه‌مه‌لی. به‌وه ته‌ركيزی به‌غدا بخاته سه‌ر ووردهكاريه تهكنيكيهكان و به‌هۆيانه‌وه پردی په‌يوه‌ندی و گفتوگۆيه‌كان دروست بكاته‌وه. له‌و ميانه‌دا شتێك به‌ده‌ست عيبادیهوه بدات تاوه‌كو مهوقيعی له نێو شيعه‌كان لاواز نه‌كات و عيباديش له به‌رامبه‌ردا بتوانی هاوكاری هه‌رێم بێت. ئه‌و جۆره ده‌ستپێشخه‌ريه دڵی هاوپه‌يمانانی نێوده‌وڵه‌تی رازی ده‌كات و رێگه‌يان بۆ خۆش ده‌كات هاوكاربن و گوڕێك به نێوهندگيریهكان بده‌نه‌وه و رێگه نه‌ده‌ن هه‌رێم له عوزلهتدا گير بخوات. هاوكات، لايه‌نی كوردی پشووی له گفتوگۆيه‌كان درێژ بێ و هه‌تا كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عيراق ته‌نسيق له‌گه‌ڵ عيبادی بكات. له گوتاره‌كان نه‌رمی بنوێنێ تاوه‌كو چيتر نه‌بێته ئامانجی رمحهكان و چه‌قی موزايهدهی پۆپۆليستی نێو عيراقيه‌كان و دراوسێكان.
له‌و نێوه‌دا، پێويسته هه‌رێم خۆی بۆ قۆناخی گفتوگۆی جيددی سه‌باره‌ت به داڕێژتنه‌وه‌ی په‌يوه‌ندی حوكمڕانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ئاماده بكات و هه‌وڵدات له مه‌ودای مام ناوه‌نديدا به كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی نوێوه دۆزه‌كه بباته پێشه‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێه‌وه (واته به‌ده‌وڵه‌تبوون) بۆ ئه‌و كاته‌ی بهێلێته‌وه كه ئه‌ستێره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مانگ و رۆژ ده‌كه‌ونه سه‌ر يه‌ك هێلی راست.
پێويسته له ئێستاوه سه‌ركردايه‌تی كوردی كه‌مترين و زياترينی ئه‌و داواكاريانه دياری بكه‌ن كه له گفتوگۆيهكاندا پێی رازی ده‌بن و ده‌شزانن له به‌غدا مايه‌ی قه‌بوڵكردن ده‌بن. شايانی باسه كه پێش ئه‌نجامدانی گشتپرسی، سه‌ركرده‌كانی به‌غدا ئاماده‌بوون، جگه له سه‌ربه‌خۆيی، گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو جۆره گوژمهيهك بكه‌ن به سيسته‌می فيدراليشهوه، به‌ڵام له ئێستادا، ئه‌وانه به هيچ شتێكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور رازی نابن، وه بهلايانهوه ده‌بێ كورد سوپاسی خوا بكات ئه‌گه‌ر ماده‌ی ١٤٠ ی ده‌ستووری بۆ جێبه‌جێ بكرێت.
جموجۆليهكانی ئێستای به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ن نه‌ك ته‌نيا حاڵه‌تی پێشوو به‌رده‌وام بكه‌ن و بگره ده‌سه‌ڵاته سياديهكانيش له هه‌رێم بستێننه‌وه. ههلبهته، ئه‌وه له گفتوگۆدا يه‌كه‌م وه‌ره‌قه‌ی ده‌ستپێكی لايه‌نی عيراقی ده‌بێ، هه‌روه‌ك چۆن يه‌كه‌م وه‌ره‌قه‌ی ده‌سپێكی هه‌رێميش به پێچهوانهوهكهيهوه به ميچێكی به‌رزه‌وه ده‌ست پێده‌كات و داوای ده‌وڵه‌ت ده‌كات. هه‌ردوو لاشيان ده‌زانن له بارودۆخی ئيمڕۆدا هيچ كام له‌و دوو جه‌مسه‌ره قابيلی قه‌بوڵكردنی هه‌ردوولا نين، به‌ڵام له‌نێوانياندا مهسافهيهكی به‌رفراوان هه‌يه كه ده‌كرێ خاڵی رێكه‌وتنی تێدا بدۆزرێته‌وه. به رێكه‌وتن له‌سه‌ر سازشێك بۆ قۆناخی ئێستا ئه‌و مانايه ناگه‌يه‌نێ كه ئه‌نجامی گشتپرسی پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه به‌ڵكو لايه‌نی كوردی هه‌ميشه ده‌ست به‌و (به‌ڵێ)يه گرنگه‌ی گشتپرسیهوه ده‌گرێت.
خواسته‌كانی هه‌رێم
ده‌كرێ داواكاريه‌كان به گوژمه (پاكێج) بن، كه چه‌ندين خواست و مه‌رجی سياسی و ئابووری و عه‌سكه‌ری و ئه‌منی و ده‌سه‌لاتی سيادیان تێدا بێت وه به ووردهكاريهكی زۆره‌وه به شێوازی كۆنتراكتێكی چڕ‌وپڕ بنووسرێنه‌وه. به شێوه‌يه‌كی گشتگيرانه، ده‌كرێ گوژمه‌كان هه‌ر يه‌كێك وهيان تێكه‌ڵێك له‌وانه‌ی تێدابێ:
- ده‌كرێ ئه‌و فيدراليهتهی ئێستا له ئارادايه گهشهيهكی به‌رچاوی پێ بدرێت. بۆ نموونه، سه‌رجه‌م ناوچه كوردستانيهكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم كه له ئێستادا له ژێر كۆنتڕۆڵی هه‌رێمن به‌فه‌رمی بخرێنه سه‌ر هه‌رێم و ده‌سه‌لاتی سياديی زۆر زياتریش به هه‌رێم بدرێت. واته، وه‌ك كيانێكی نيمچه كۆنفيدرالی لێ دروست بێت، جا گرنگ نيه كه ناوی كۆنفيدرالی لێ بنرێت وهيان لێ نه‌نرێت.
- ده‌كرێ به پێی ده‌ستووری ئێستا، باس له سه‌رله‌نوێ داڕێژتنه‌وه‌ی پهيكهری سيسته‌می حوكمڕانی عيراق بكرێ و هه‌رێم ببێته هانده‌رێك كه ته‌واوی كێشه‌كانی حوكمڕانی عيراق چاره‌سه‌ر بكرێ و عيراق بۆ چه‌ندين يه‌كه‌ی فيدرالی خورد بكرێته‌وه. له نێوه‌دا لايه‌نی كورد ده‌ستی له داڕێژتنه‌وه‌ی پارێزگاكانی كه‌ركوك و نه‌ينه‌وا و دياله و سه‌رجه‌م دهوروبهرهكهيدا هه‌بێ، وه له ههمووشياندا ناوچه كوردستانيه دابڕێندراوه‌كان له ناوچه‌كانی ديكه جيا بكرێنه‌وه و هه‌ريه‌كه‌يان به ميكانيزمی نوێی جياواز يه‌كلا بكرێنه‌وه. بۆ نموونه، ناوچه كوردستانيهكانی نه‌ينه‌وا كه ئێستا له ژێر كۆنتڕۆلی پێشمه‌رگه‌دانه، به پێی گشتپرسيهك له ئاستی قه‌زا و ناحيهكاندا بخرێنه‌وه سه‌ر هه‌ولێر و دهۆك، وه ناوچه هاوشێوه‌كانی خواروو بخرێنه سه‌ر كه‌ركوك، سلێمانی يان هه‌ڵه‌بجه.
ده‌كرێ پارێزگای كه‌ركوكيش به ميكانيزمێكی جيا بخرێته سه‌ر هه‌رێم، وهيان بكرێته (حاله‌تێكی تايبه‌ت) له‌ناو هه‌رێم وهيان هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ به‌و مه‌رجه‌ی كه هێزی پێشمه‌رگه و ئاسايشهكهی ده‌ستاوده‌ست نه‌كه‌ن و له‌ژێر ده‌سه‌لاتی كورديدا بمێننه‌وه. پێشوه‌خته رێكه‌وتن هه‌بێ له‌وه‌ی دوای به‌هه‌رێمكردنی كه‌ركوك و ئاساييكردنه‌وه، گشتپرسيهك له ئاستی پارێزگا ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی له نێوان يهكگرتنهوهيان له‌گه‌ڵ هه‌رێم يان به‌غدا وهيان مانه‌وه به هه‌رێمی جيا بژارده‌يان هه‌بێ. له هه‌موو حاڵه‌تێكدا، ئه‌گه‌ر هه‌رێم بوو به ده‌وڵه‌ت، ئه‌وا هه‌رێمی كه‌ركوكيش له هه‌مان پرۆسه‌دا به‌شدار ده‌بێت و ملكه‌چی هه‌مان پرۆسه ده‌كرێت.
دۆستداريی و دۆستپارێزيی
هه‌ڵبه‌ته له كه‌شی كرژيی دوای گشتپرسيدا، ره‌نگه ئه‌و جۆره بژاردانه له لايه‌ن هه‌رێم يان به‌غداوه به ئاسانی ره‌چاو نه‌كرێن، به‌ڵام بهديلهكانيان زۆر له‌وانه خراپترن. پێش گشتپرسی، هاوپه‌يمانانی ده‌ره‌كی ده‌ستپێشخه‌ری زۆريان كرد و هه‌وڵی نێوانگيری زۆريان دا، به‌ڵام ئێستا ئه‌وانه دلشكاو و نيگه‌رانن و له خيتابی كورديدا بهگلهيين، وه چاوه‌ڕێن كه هه‌رێم كارێكی وا بكات حكومه‌تی عيراقی بێنێته سه‌ر مێز و گفتوگۆی جيددی له‌گه‌ڵدا بكات. بهلايانهوه، هه‌رێم ئه‌و گرفت و ئاڵۆزيانهی به‌سه‌ر خۆی داهێناوه و هه‌رده‌بێ خۆشی له زهمينهسازيكردن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی بێ پێشمه‌رج دهستپێشخهربێ. ئه‌گه‌ر هه‌رێم له ڕۆژێكی وادا چاوی له هاوكاری دۆسته هاوپهيمانهكانيهتی، ده‌بێ خۆشی تا نيوه‌ی رێگاكه بپێوێ و يارمه‌تی خۆی بدات تاوه‌كو دۆسته‌كانی بتوانن يارمه‌تی بده‌ن.
ده‌بێ گوتاری كوردی كه‌متر باس له براوه و دۆڕاو بكات، وهيان باس له يه‌ك ده‌رنجام بكات، لهجياتيان باس له سيناريۆی براوه – براوه بكات و به هه‌موو شێوازێك شه‌به‌حی شه‌ڕ وهيان ئابلۆقه‌ی درێژخايه‌ن له‌سه‌ری خۆی لابه‌رێ. له‌وه‌دا پێويسته ئالقه‌ی لۆبی فراوانتر بكات و سه‌رجه‌م دۆسته‌كانی به‌كار بێنێ بۆ فشارخستنه سه‌ر حكومه‌ته‌كانی عيراقی و توركی و ئێرانی. راسته زۆر له ئه‌مه‌ريكی و ئه‌وروپيه‌كان ره‌نجاون، به‌ڵام مانای وانيه كه چيتر دۆستی كورد نين. ته‌نانه‌ت له نێو عيراقی و توركی و ئێرانيهكانيشدا هه‌رێم دۆستی زۆری ماوه. چيتر راست نيه كه ده‌ڵێن كورد دۆستی نيه له غه‌يری چياكانی، به‌ڵكو پێويسته خۆيشی فێری دۆستپارێزيی بێ و نه‌بێته گه‌وره‌ترين دوژمنی خۆی.