ئەم پوختەیە بەفایلی پی دی ئێف لێره دابەزێنە
پوختهی كتێب
سيستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لەگەشەكردنی بەردەوام نەوەستاوه، لە سەر رێچكەيەك كە هەميشە لەژێر كاريگەريی هەلومەرجە سياسی و ئەمنی و ئابووريه ناوەكی و دەرەكیەكان بووە. بە هاوتەريبی ئەوانيشەوە، كولتوورێكی لاسايیكردنەوە سەری هەڵداوە كە كۆمەڵێك مۆدێڵی عێراقی كۆنی رۆژهەڵاتيانە و دەرەكی جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە. لە ئەنجامدا، سيستەمی حوكمڕانی هەرێم بووەتە مۆدێڵێكی خۆماڵيی زۆر تايبەت كە لە هی هيچ وڵاتێكی ديكە ناچێ. بۆيە پەرەپێدان و چاككردنيشی لە ئايندەدا هەر دەبێ بە ديزاين و دروومانێكی خۆماڵيانە و بەڕەچاوكردنی مێژوو و كولتوور و ئاين و جوگرافيای خۆماڵيەوە بچندرێتەوە.
هەڵسەنگاندنی سيستەمی حوكمڕانی هەرێم زۆر هەڵدەگرێ. بێگومان ناكرێ دەستكەوت و گەشەسەندنە گەورەكانی هەرێم لەو ماوە كورتەی حوكمی خۆماڵيدا ناديدە بگيردرێت. ئەوەش لە كاتێكدايە كە هەرێمی كوردستان هەردەم لەبەردەم هەڕەشەی چارەنووسسازی دەرەکی و ناوخۆییدابووە. لە ديوێكەوە بە هێزی ئيقليمی و له ديوەكەی ديكە بە رژێمی لاواز يان شكستخواردوو دەورە دراوە. لەو نێوەندەشدا هێزی توندئاژۆ بەناوی ئاين يا نەتەوە هەڕەشە لە سەقامگیری و بوون و مانەوەی دەكەن. لە ئاستی ناوخۆشدا، لاوازيە هەناويەكانی سيستەمی حوكمڕانی خۆماڵی لەو دەوروبەرە دژوارەدا بوونەتە سەرچاوەی قەيران و هەڕەشەی زیاتر لەسەر ئايندە و چارەنووسیدا. بۆيەش ئامانجی سەرەكی لەو توێژينەوەيەدا ئەوەيە كە بە ديديێكی رەخنەگرانە كەلێنە گەورەكانی سيستەمی حوكمڕانی هەرێم دەستنيشان بكرێت و بە پێی واقيعی خۆماڵی پێشنيازی نەخشەرێگايەكی 10 ساڵی بۆ چارەسەركردنيان بخرێته روو.
ئەو كتێبه بەرهەمی توێژينەوەيەكی تێروتەسەلە بە رەچاوكردنی مۆدێلی جيهانی جياواز و بۆچوونی زياتر لە 200 پسپۆڕ لەنێو بڕياردەر و داڕێژەرانی پۆڵەسی و ئەكاديمستانی هەرێم، كە لە چاوپێكەوتن و مێزگردی تايبەتدا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و شارۆچكەكان بەشداريان تێدا كردووە. وه تێيدا زياترين تيشك خراوەتە سەر چاككردنی ئەو پەيكەر و ميكانيزمانەی بۆ سەروەركردنی ياسا و رەخساندنی زەمينەيەكی لەبار بۆ گەشەپێدانی سيستەمێكی حوكمڕانی دروست گرنگن، ئەويش لە رێگای:
- لەخۆگرتنی دەستوورێكی كاتيی بۆ هەرێم تا ببێتە چوارچێوە و نەخشەڕێگای گەشەپێدان تا ئەو كاتەی كێشەی ناوچە دابڕێندراوەكان يەكلا دەكرێنەوه.
- گواستنەوەی دەسەڵاتی بڕياردانی سياسی هەرێم بۆ ناوەوەی دامەزراوەكانی حوكمڕانی.
- بەهێزكردنی شەرعيەت لە پرۆسه و بڕيارەكانی حوكمڕانی.
- كۆنتڕۆڵكردنی دياردەی دەستێوەردانی دەرەكی لە دامەزراوەكانی حوكمڕانی.
- تۆكمەكردنی سيستەمەكانی ياسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری هەتا ببنە سەرچاوەی، نەك ئامرازی، دەسەڵات.
- نوێكردنەوەی ياسا كارپێكراوە كۆنبووەكان و پڕكردنەوەی كەلێنەكان.
- داهێنانی لامەركەزيەتێكی دامەزراوەيیكراو بۆ گۆڕينی نەهجی مەركەزيانەی حكومەت و كاراكردنی حكومەتی خۆجێی لە رێگەی جێگيركردنی دەسەڵاتەكان و سەربەخۆكردنيان لە رووی كارگێڕی و داراييەوە.
- ئاسانكردن و شەفافكردنی پرۆسەكانی بڕياردان و كەمكردنەوەی بيرۆكراسيەت.
- تۆكمەكردنی دامەزراوەكان بە بچووككردنەوەی قەوارە و كەمكردنەوەی هەڵاوسانیان بە فەرمانبەران.
- بەهێزكردنی سيستەمی چاودێری و ميكانيزمەكانی پشكنينی نێو دامەزراوەكان.
- داهێنانی سيستەمێكی كارای خۆماڵيی بۆ دڵنيابوون لە كواڵيتی كاربەجێگەياندن .
لەو کتێبەدا گۆڕانكاری ريشەيی بۆ تۆكمەكردنی پەيكەری كارگێڕی و پرۆسەكانی بڕياردان و ميكانيزمەكانی چاودێری پێشنياز كراون، كە لە رێگەيانەوە دەكرێ سيستەمی حوكمڕانی خۆڕاگرتر بێ و بەرگەی قەيرانی چارەنوسساز بگرێ. ئەزموونی قەيرانەكان سەلماندوويەتی كە خەڵكی هەرێم و سەركردە سياسيەكان (بە دەسەڵات و ئۆپۆزيسيۆنەوە) هيچ جۆرە بژاردەيەكيان لەبەردەستدا نيە لە غەيری ئەوەی كە بە نيەت و ئيرادە و پێداگيريەوە شان بدەنە بەر پرۆسەكانی نيشتيمانسازيی و دەوڵەتسازيەوە و بيانكەنە هەوێنی تەبايی و خۆشگوزەرانی و سەرفرازيی بۆ خەڵكی هەرێم. ئەگينا، مەحاڵە بە حاڵی ئێستای سيستەم خواستە رەواكانی خەڵك بێنە دی.
شادەرەنجامی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە كه پڕۆسەی چاکسازی و بەدامەزراوەییکردن بە تەنیا لەیەك دامەزراوە یا لە یەك بواری حوکمڕانیدا بەدینايەت. بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی سەرتاسەری و هەمەگیرە، كە ئەوەش بەرپرسيارێتی هەموو تاكێكی هەرێمی كوردستانه، بە دەسەڵات و ئۆپۆزيسيۆن و كۆمەڵگای مەدەنیشەوە. بێگومان، ئەنجامدانی ئەو ريفۆرمە ريشەييەی لێردا پێشنيازكراوە بە مانای راتەكاندنی هەرەمەكیانەی دامەزراوەكان يان گۆڕينی كەسەكان وەيان زيادكردنی كێشەی بێكاری نايەت، بەڵكو بۆ ئەوەيه كە بەپێی بەرنامەيەكی دوورمەودای مەدروسەوە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بكرێن.
پەرلەمان و كاراكردنی پرۆسەی ياسادانان
پەرلەمان چەقی ئەو دەسەڵاتە ياسايی و سياسی و مەعنەویەیه كە گوڕ دەداتە دامەزراوەكانی ديكەی حوكمڕانی. مينبەرە سروشتيەكەی سەركردە باڵاكانی حيزبە سياسيەكانه تا بەردەوام ديبەيتی ستراتيژی درێژخايەن بۆ دياریكردنی رێڕەوی وڵاتەكە و چارەسەری ناكۆكی و قەيرانی ناوەكیەكانی تێدا ئەنجام بدەن. لەو کتێبەدا ميكانيزم و ياسای نوێ بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ناو پەرلەمان پێشنياز كراون. لەوانە:
- سەرۆكی ئەو حيزبانەی له هەڵبژاردندا كێبڕكێ دەكەن هەميشە كانديد بن هەتا بێنە ناو پەرلەمانەوە.
- سەرۆك و جێگری سەرۆكی وەزيران وەك پەرلەمانتار هەڵبژێردراوی خەڵك بن و لە دوای راسپاردنيشيان بە پێكهێنانی حكومەت لە پۆستی پەرلەمانیدا بمێننەوه.
- سەرۆك و ئەندامانی كابينەی حكومەت روانگە و ستراتيژ و پلانی حكومەت پێشكەش بە پەرلەمان بكەن و هەر مانگی جارێك لە هۆڵی پەرلەمان وەڵامی پرسياری پەرلەمانتاران بدەنەوە. هاوكات، پەيوەندی نێوان وەزارەتەكان و لێژنەكانی پەرلەمانی بە دامەزرواەيی بكرێ، بەپێی چەند هەنگاوێك كە لە کتێبەكەدا بە درێژی تاوتوێكراون.
- ئەنجومەنی پيران بۆ جێكردنەوەی سەركردە سياسی و حكوميه باڵاكان دابمەزرێندرێ، تا ئەزموونەكانيان وون نەبێ و لە خزمەتكردندا بەردەوام بن و لە ئيمتيازاتی سەركردايەتيش بێبەش نەبن. ئەوه دەبێتە هاندەر بۆ ئەوەی نەوە پێشكەوتووەكان بە رێزلێنانەوە دەستبەرداری دەسەڵات ببن و لە سيستەميش دانەبڕێن.
پەرلەمان وەك هەر دامەزراوەيەكی ديكەی هەرێم پێويستی بە پێناسەكردنەوەی پەيكەر و ئەرك و شێوازی كاربەجێگەياندنی هەيە. لەو کتێبەدا: كۆمەڵێ پێشنيازی وورد بۆ گۆڕينی ياساكانی هەڵبژاردن، كەڵەكەكردنی ئەزموونی پەرلەمانی، چاككردنی نەريتی پەرلەمانی و كاراكردنی كاری سەرۆكايەتی پەرلەمان، سەرۆك كوتلەكان، لێژنەكانی پەرلەمان، پەرلەمانتاران و راوێژكارانی پەرلەمان پێشكەش كراون. هاوكات پێشنيازی دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتی ياسايی و بۆردی ياساداڕێژتن و پەيمانگای توێژنەوەی ياسايی لە ئاستی ئەنجومەنی وەزيراندا كراوە بۆ بە دامەزراوەييكردنی پرۆسەی ديراسەتكردن و پێشكەشكردنی پڕۆژەياسايەكان و دەستنيشانی كەلێنە ياساييەكان و پڕكردنەوەيان.
دەسەڵاتی دادوەری هەرێم
دەسەڵاتی دادوەريی يەكێكه لە گرنگترين كۆڵەگەكانی سەروەركردنی ياسا و بەجێگەياندنی نيشتيمانسازيی و دەوڵەتسازيی. لە هەرێمدا، رابەرايەتی و ميكانيزمەكەكانی كارگێڕی لە سيستەمی دادوەری (بە سەرجەم پێكهاتەكانيەوه) زۆر لاوازە. ئەوەش وایكردووە كە دادگا ببێتە قوربانی وەيان ئامرازی بەرژەوەندی تايبەت. لەو کتێبەدا كێشە ياسايیەكان، سەربەخۆيی دادگا و شێوازی دامەزراندنی دادوەران تاوتوێ كراون و پێشنيازی داهێنانی سيستەمێكی مۆدێرن بۆ هەڵسەنگاندنی كاری دادوەران و داواكارانی گشتی و دڵنيابوون لە كاربەجێگەياندنیان كراوە.
تۆكمەكردنی سيستەمی چاودێری
ديارە كۆمەڵێك دامەزراوەی فەرمی و ستراتيژی گرنگ لە سيستەمی حوكمڕانيدا هەن كە وايان لێ چاوەڕوان دەكرێ رۆڵی مەزن لە چاودێری دامەزراوەكانی حوكمڕانی ببينن، وە لەو کتێبەدا بە درێژی باس لە رۆڵی هەريەكەيان و كێشەی پەيكەر و ميكانيزمی كاراكردنيان خراونەتە روو. لەوانە:
(i) دەستە و فەرمانگە تايبەتمەندەكانی چاودێری: ديوانی چاودێری دارايی، سەرۆكايەتی داواكاری گشتی، دەستەی دەستپاكی، لێژنەكانی پەرلەمان، ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكان.
(ii) رێكخراوەكانی كە بە ناراستەوخۆ رۆڵی چاودێر دەبينن: رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، مينبەرەكانی راگەياندن و سەنديكايەكان.
(iii) ميكانيزمە ناوەكيەكانی دامودەزگايەكان: بەشەكانی ياسايی، ووردبينی، پشكنين، مۆڵەتدان، دڵنيايی جۆری، پرۆسەكانی رابەرايەتی، هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون.
سيستەمێكی خۆماڵيی بۆ دڵنيايی جۆری
مەبەستی سەرەكی لە داهێنانی پڕۆسەی كواڵيتی و هەڵسەنگاندنی بەردەوام ئەوەيە كە كارمەندان و رابەرانی دامەزراوەكان هان بدرێن و هاوكاری بكرێن بۆ ئەوەی: تەركيزيان لەسەر خزمەتكردنی هاوڵاتيان و بەجێگەياندنی ئەركەكانيان بێ؛ بەردەوام بەخۆيان دابچنەوە و خۆيان هەڵبسەنگێنن و پەرە بە پيشە و خزمەتەكانيان بدەن؛ يەكتر هەڵبسەنگێنن و هاوكاری يەكتر بكەن و وەك تيمێك ئامانجەكانی فەرمانگەكە بپێكن؛ لە ڕاهێنانی پيشەيی بەشدار بن و توانای بەجێگەیاندنی کاریان بەرزبكەنەوه؛ خاڵە بەهێزەكانيان دەستنيشان بكرێت و پەرەی زياتریان پێ بدرێت؛ خاڵە لاوازەكانيان و پێداويستيە پيشەييەكانيان دەستنيشان بكرێت و دەرفەتی چاككردن بۆ بڕەخسێندرێت؛ بەڵگەی كارچاكی كۆ بكەنەوە و مافی سوپاسكردن و پێشخستن و سەرخستن وەدەست بهێنن.
پرۆسەی كواڵيتی بە چەندين جۆر دەتوانرێ رێكبخرێت و دەكرێ سيستەمی تايبەت بۆ دامودەزگاكان دابهێندرێت. لەو کتێبەدا مۆدێلێكی خۆماڵيی پێشنياز كراوە كە دەكرێ بە دەيان شێواز بۆ دامودەزگايە جياوازەكان بگونجێندرێن. پێكهاتە هەرە سەرەكيەكەی دڵنيايی جۆری بريتيە لە دروستكردی رێبەری كواڵيتی و هەگبەی كارمەندان كە كۆمەڵێك زانياری و بەڵگەی كارچاكی لەخۆ دەگرێت و دواتر دەبێتە بنەمايەكی ياسايی بۆ هەڵسەنگاندن و بڕياری هاوكاری كردن، پاداشت وەرگرتن و بەرز كردنەوەی پلە و پايە. بە هەمان شێوە، سيستەمی (مۆڵەتدان و متمانە بەخشين) بۆ هەڵسەنگاندنی دامودەزگايەكان بێته ئاراوە و ببێتە بنەمايەك بۆ پێدانی مۆڵەتی سەرەتايی و متمانەی ساڵانە بە هەموو يەكەيەكی كارگێڕی و پيشەيی كەرتی گشتی و كەرتی تايبەت.
داڕێژتنەوەی پەيكەری حكومەت و كاراكردنی
پەيكەری كارگێڕی دامەزراوەكانی هەرێم، بەهۆی كۆمەڵێك فاكتەرەوە بووەتە ئەژديهايەكی لاواز كە بە نەهجێكی مەركەزيانە بەڕێوە دەچن. چاككردنی پەيكەر و سيستەمی بەڕێوەبردن لە ئاستی كابينەوە بۆ حكومەتە خۆجێييەكان پێويستی بە پێداچوونەوەی ڕیشەیی هەيە. بەشێك لە پێشنيازەكانی لەو کتێبەدا هاتوون ئەوانەن:
(A) هەڵوەشاندنەوە و سەرلەنوێ ئاوێتەكردنەوەی وەزارەتەكان بەپێی پێكهاتە هەماهەنگەكانەوه.
(B) پێناسەكردنەوەی رۆڵی وەزير و خاوەن پلە تايبەتەكان: وەزير تەنيا رۆڵی رابەرێكی خاوەن ديد و روانگەی ستراتيژی ببينێ و خۆی بۆ ريفۆرم و پلاندانان و جێبەجێكردنی مانيفەستۆی حكومەتەكەی تەرخان بكات و دڵنيابێ لە كواڵيتی كاربەجێگەياندنی وەزارەتەكەی. ئەركی بەرێوەبردنی فەرمانگەكانيش بۆ بەڕێوەبەرە گشتيەكان بەجێ بهێلدرێت.
(C) سنوورداركردنی رۆڵی وەزارەت: رۆڵی كابينەی حكومەت و وەزارەتەكان لە داڕێژتنی روانگە و ستراتيژ و پلانە سەرتاسەريەكان و دەركردنی رێسا و رێنمايی كاركردن و دڵنيابوون لە كواڵيتی جێبەجێكردن سنووردار بكرێ. دامودەزگاكانی ئاستی پارێزگاكان رادەستی حكومەتی خۆجێی (قەزايەكان) بكرێت و دەسەڵاتەكانیان بۆ جيا بكرێتەوە (نەك شۆڕ بكرێتەوە).
(D) پێناسەكردنەوەی پەيكەری پارێزگاكان: پێويستە پارێزگا تەنيا لە چەند بەرێوەبەرايەتيەكی بچووك پێك بێت، ئەويش بۆ هەماهەنگیكردن لە نێوان وەزارەتەكان پێكهاتەكانی حكومەتە خۆجێييەكان (لە قەزاكان) بەبێ ئەوەی لە رووی كارگێريەوە لێيان بەرپرسيار بێ.
(E) ەزاكان: بەردی بناخەی حكومەتی خۆجێيی: يەكەی ئيداری راستەقينە دەبێ قەزايەكان بن، بەڵام بە پەيكەر و پێكهاتەی نوێوە. قايمقام سەرۆكی يەكەی ئيداری و بەرپرس و بەرپرسياری يەكەم بێ لە جێبەجێكردن لە رێگەی بەرێوەبەرايەتيە تايبەتمەند و نيمچە سەربەخۆيەكانەوە.
(F) بەڕێوەبەرايەتيەكانی قەزايەكان: يەكەكانی جێبەجێكردن: بەرێوەبەرايەتی ئاستی قەزا روخساری حكومەتن و لە بەرەی هەرە پێشەوەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاريەكاندانه. لە قەزادا چەند بەڕێوەبەرايەتيەك سەرپەرشتی كۆمەڵێك بەش و هۆبەی تايبەتمەند لەخۆ دەگرن كە هەريەكەيان ئاوێنەی وەزارەتێك وەيان دەستەيەكی لوتكەيی بەپێی رێنماييەكانی حكومەت و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزايەكان خزمەتگوزاريەكان پێشكەش بە هاوڵاتيان دەكەن و بە كاری هەماهەنگی ستوونی و ئاسۆيی نێوان بەڕێوەبەرايەتی و بەشە جياوازەكانی حكومەت هەڵدەستن.
(G) يەك پەنجەرە لە ناحيەكانەوە: لە ناحيەكاندا كۆمەڵێك بەش و هۆبەيان تێدا دەبێ كە ئاوێنەی بەڕێوەبەرايەتيەكانی قەزايەكان دەبن و بەپێی ستراتيژ و پلان و رێنماييەكانی وەزارەتەكان و ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی قەزا كارەكانيان ئەنجام دەدەن و لە لايەن بەڕێوەبەری ناحيەوە سەرپەرشتی دەكرێن. كاروباری هاوڵاتيان لە هەموو بوارێكی رۆتينی و خزمەتگوزاری رۆژانە لە ئاستی ناحيە و قەزايەكاندا كۆتايی پێ دێت و هيچ هاوڵاتيەك بۆ هيچ جۆرە كارێك پێويستی بە هاتوچۆی پارێزگا يان وەزارەتەكان نامێنێ.
(H) يەك هەڵبژاردن و دوو ئەنجومەن: پێويستە تەنيا ئەنجومەنی قەزا هەڵبژێردرێت و ببێتە ئۆرگانە سەرەكيەكەی سەرپەرشتی و چاودێری حكومەتی خۆجێی، وە نوێنەری سەرجەم ناحيەكانی تێدا بێ و ستراتيژ و پلان و رێنماييی بۆ تەواوی سنووری قەزاكە دابڕێژێ. بۆ ئەو مەبەستەش سەنتەری پارێزگاكان دابەشكرێنە سەر دوو يان سێ قەزا . ئەنجومەنی پارێزگاش هەر لە هی قەزا هەڵبقوڵێ.
(i) ئەنجومەنی قەزا بە شێوازی بۆردێكی ئەمينداران دروست بكرێ، له سێ جۆرە ئەندام (كۆی 15 تا 17) پێك بێت. 7 هەتا 9 لە ئاستی ناحيەكاندا هەڵبژێردرێن. قايمقام و يەكدوو بەڕێوەبەری ناحيە و يەكدووانێك لە بەڕێوەبەرانی كارگێڕی ئاستی قەزا تێدا ئەندام بن. 3 تا 5 كەس لە نێو رێزلێگيراوانی بيرمەند و خاوەن ئەزموونی قەزايەكە بانگهێش بكرێن و وەك خۆبەخش ببنە ئەندامی دەنگدەر. سەرۆك و جێگر و سكرتێر لە نێو هەڵبژێردراوان دەستنيشان بكرێن.
(ii) ئەنجومەنی پارێزگا بە شێوازی قەزا (لە 25 تا 31 ئەندام) پێكبهێندرێت. ئەندامە هەڵبژێردراوەكان بريتی بن لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی قەزايەكان، كە هەڵبژێردراوی نێو هەڵبژێردراوانن و خۆيان تەرخانكردووە و مووچەشيان بۆ دابينكراوه. بەوە هەموو قەزايەك لە سنووری پارێزگاكە لە ئەنجومەنی پارێزگادا نوێنەری دەبێ. لە نێو ئەوانەشدا، ئەندامانی سەرۆكايەتی هەڵدەبژێردرێن. پارێزگار و جێگرێكی پارێزگار و دوو قايمقام و دوو بەڕێوەبەری ناحيە ببنە ئەندام. ئەندامە خۆبەخشه بانگهێشتكراوەكانيش خەڵكانی خاوەن ئەزموون و رێزلێگيراوی خەڵكی پارێزگان (بۆ نموونە وەزير و پەرلەمانتار و ديپلۆماتی خانەنشينن وەيان خاوەن پيشەی ناودار).
(I) دانانی قايمقام، رابەری جێبەجێكردن. پێويستە رۆڵی قايمقام پێناسه بكرێتەوە لە دانان و جێبەجێكردنی ستراتيژ و پلان بۆ گەشەپێدانی قەزا لە رێگەی ميكانيزمەكانی سەرپەرشتی و پشكنين و بەدواداچوون و دڵنيايی جۆری، بەپێی رێنمايی وەزارەتەكان و هەردوو ئەنجومەنی پارێزگا و قەزايەكان. قايمقام بە كاری بەڕێوەبردن هەڵنەستێ، بەڵام وەك رابەری قەزا بەرپرسيار بێ لە شێوازی خەرجكردنی بودجەی تەرخانكراوی ساڵانە. پێويستە قايمقام لە لايەن ئەنجومەنی قەزا دەستنيشان بكرێ وەيان متمانەی پێ بدرێت و لێی بسەندرێتەوە. لەو کتێبەدا مەرجی قايمقاميەتی و سێ ميكانيزمی جياواز بۆ دامەزراندنی قايمقام پێشنياز كراوە. هاوكات، ميكانيزمی دانانی بەڕێوەبەرەكانی قەزا و ناحيەكانيش پێشنياز كراون.
(J) دانانی پارێزگار ، رابەر و سەفيری پارێزگا. رۆڵی پارێزگار تەنيا رابەرايەتی لوتكەيی ئاستی پارێزگا بێ، بەبێ ئەوەی توانا و دەسەڵاتی دەستێوەردانی ووردەكاريەكانی كارگێڕی و دارايی قەزايەكانی هەبێ. روانگە و ستراتيژ و پلانی سەرتاسەريی بۆ پارێزگاكەی دابنێ. لە رێگەی ميكانيزمی تۆكمەی پشكنين و بەدواداچووندا سەرپەرشتی كاری قايمقامەكان بكات و لە جێبەجێكردنی ستراتيژ و رێنمايی وەزارەتەكان و ئەوانی ئەنجومەنی پارێزگا دڵنيا ببێ. پێويستە پارێزگار لە كاری رۆژانەی هاوڵاتيان ئازاد بكرێ و وەك سەفير و بگرە سەرۆك وەزيرانی ئاستی پارێزگايەكەی خەريكی گەشەپێدان و راكێشانی وەبەرهێنان بۆ سنووری پارێزگاكەی بێت، خۆشی لەژێر چاودێری ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەماندابێ. پێويستە پارێزگار هەڵبژاردەی خەڵك بێ. دەكرێ لەنێو ئەندامه هەڵبژێردراوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا يەكێكيان خۆی كانديد بكات و به زۆرينەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن دابمەزرێندرێت وەيان لاببرێت. دەشكرێ پارێزگار به راستەوخۆيی لە لايەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێ، بەڵام ئەوە لە سيستەمی خۆماڵيدا كێشەی مەرجەعيەت دروست دەكات و باشترە وا نەبێ. لەمەودوا پێويست بە پێدانی پۆستی وەكيل وەزيری ناوخۆ بۆ پارێزگار (و پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بۆ قايمقام) ناكات.
دەستكەوتەكانی ديكەی مۆدێلی لامەركەزيەتی پێشنيازكراو زۆر و بێ سنوورن، لەوانە: كەمكردنەوەی رۆتين و داهێنانی پرۆسەی يەك پەنجەرە؛ گێڕانەوەی هەيبەت بۆ قايمقام و بەڕێوەبەری ناحيە و تەواوی حكومەت، دروستكردنەوەی متمانەی نێوان حكومەت و هاوڵاتی؛ چارەسەركردنی كێشەی هەڵاوسانی لوتكە و دابەشكردنەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكان؛ ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكە و دێهاتەكان بە هۆی باشتر كردنی كواڵيتی ژيان؛ وە كەمكردنەوەی گەندەڵيی لە رێگەی دابەزاندنی دەسەڵات و بەرپرسيارێتيەكان و كاراكردنی سيستەمی چاودێريی. بێگومان چاودێريكردن و لێپرسينەوە و سزادانی بەڕێوەبەرێكی ئاستی قەزا زۆر ئاسانترە لە چاودێريكردن و لێپرسينەوە و سزادانی وەزيرێك، پارێزگارێك وەيان پلە تايبەتێك.
داڕێژتنەوەی وەزارەتەكان بەپێی پێكهاتە هەماهەنگەكان
لەو کتێبەدا بەپێی چەند پێوەر و پرينسيپێك پێشنيازی داڕێژتنەوەی وەزارەت و دەستەكانی حكومەت كراوە، پەيكەر و ئەركی وەزارەتەكان شیكراونەتەوە، پێكهاته هاوشێوە و هاوخەباتەكانيان بە جيا گواستراوەتەوە و لە ژێر چەتری سروشتيتر و گونجاوتر و لە چوارچێوەی 11 وەزارەت و ئەنجومەنێك بۆ دەستەكان جێگەيان كراوەتەوە، بەو شێوازەی خوارەوە:
- وەزارەتی دارايی و پلاندانان
بە ئاوێتەكردنی: (a) وەزارەتی دارايی و ئابووری؛ (b) فەرمانگەی پلاندانانی ستراتيژی سەر بە وەزارەتی پلاندانان.
- وەزارەتی گەشەپێدانی ئابووری
بە ئاوێتەكردنی: (a) وەزارەتی بازرگانی و پيشەسازيی؛ (b) بەشی گومرگی ناو وەزارەتی داراييی و لكاندنی بە فەرمانگەی بازرگانی ژێر (a)یەوە؛ (c) فەرمانگەی كانزاكانی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتيەكان؛ (d) پێكهاتە ئابووريەكانی بەروبوومی كشتوكاڵی و ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو؛ (e) پێكهاتەی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار؛ (f) دەستەی وەبەرهێنان؛ (g) بەشی شوێنەواری سەر بە وەزارەتی رۆشنبيری و لاوان؛ (h) پێكهاتەكانی هەماهەنگی، هاوكاری، پەرەپێدان، وەبەرهێنان و سیاسەتەكانی هاندانی كەرتی تایبەتی سەر بە وەزارەتی پلاندانان.
- وەزارەتی ووزە
بە ئاوێتەكردنی: (a) پێكهاتەكانی نەوت و گازی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتيەكان؛ (b) وەزارەتی كارەبا.
- وەزارەتی گەشەپێدانی ژێرخانی ستراتيژی
بە ئاوێتەكردنی: (a) وەزارەتی گواستنەوە و گەياندن؛ (b) پێكهاتەی ئاوەدانكردنەوە و رێگاوبانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نيشتەجێبوون؛ (c) پێكهاتەی شارەوانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار؛ (d) فەرمانگەی تەكنۆلۆژيای زانياری سەر بە ديوانی سەرۆكايەتی ئەنجومەنی وەزيران؛ (e) فەرمانگەی تەكنۆلۆژيای زانياری سەر بە وەزارەتی پلاندانان.
- وەزارەتی پەروەردە و خوێندن
بە ئاوێتەكردنی: (a) وەزارەتی پەروەردە؛ (b) وەزارەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژينەوەی زانستی؛ (c) دايەنگه و خوێندنی نابينايان و خوێندنە تايبەتەكانی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵايەتی؛ (d) قوتابخانە و پەيمانگاكانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبيری و لاوان؛ (e) پێكهاتە پەيوەنديدارەكانی پەرەپێدانی مرۆیی (بواری پەروەردە و فێركردن) سەر بە وەزارەتی پلاندانان؛ (f) پەيمانگەكانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاينی؛ (g) پێكهاتەی پاڵپشتی خوێندنی كەسوكاری شەهيدان و ئەنفالكراوان و بەشی داڕێژتنی پرۆگرامی پەيوەنديدار بۆ خوێندنی سەرەتايی و ئامادەيی و زانكۆ.
- وەزارەتی تەندروستی
بە ئاوێتەكردنی: (a) وەزارەتی تەندروستی؛ (b) سەنتەرەكانی ئۆتيزم و داڵدەدانی قوربانيانی توندوتيژی دژی ئافرەتانی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵايەتی؛ (c) ئەركە تەندروستيەكانی وەزارەتی شەهيدان و ئەنفالكراوان بۆ بەركەوتوان و خانەوادەكان.
- وەزارەتی كاروبارە مرۆڤايەتيەكان
بە ئاوێتەكردنی: (a) وەزارەتی رۆشنبيری و لاوان؛ (b) وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاينی؛ (c) وەزارەتی شەهيدان و ئەنفالكراوان؛ (d) وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵايەتی؛ (e) دەستەی پێكهاتە ئاينیەكان (لە کتێبەكەدا پێشنياز كراوە)؛ (f) دەستەی پێكهاتە نەتەوەييەكان (لە کتێبەكەدا پێشنياز كراوە)؛ (g) ئەكاديميای كوردی؛ (h) ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان (دەكرێ بچێتە پاڵ 12 لە خوارەوە).
- وەزارەتی داد
بە ئاوێتەكردنی: (a) وەزارەتی داد؛ (b) فەرمانگەی بەنديخانەكانی ناو وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵايەتی.
- وەزارەتی ناوخۆ
بە لێكبەستنەوەی: (a) وەزارەتی ناوخۆ؛ (b) دەزگای ئاسايشی هەرێم و (c) دەزگای دژە تيرۆری سەر بە ئەنجومەنی ئاسايشی هەرێم.
- وەزارەتی پێشمەرگه
بە ئاوێتەكردنی: (a) وەزارەتی پێشمەرگە؛ (b) هێزە چەكدارەكانی زێرەڤانی و بەرگری و فرياكەوتنی سەر به وەزارەتی ناوخۆ؛ (c) بەشی خانەنشينی پێشمەرگەكان و خانوادەی شەهيد و ئەنفالكراوان.
- وەزارەتی ژينگە و سامانە سروشتی و نيشتيمانيەكان
بە ئاوێتەكردنی: (a) دەستەی پاراستن و چاككردنی ژينگە؛ (b) فەرمانگەی سەلامەتی و تەندروستی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتيەكان؛ (c) فەرمانگەی دارستانی سەر بە وەزارەتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو؛ (d) فەرمانگەی كەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەياندن؛ (e) دەستەی سەرچاوەكانی ئاوی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو؛ (f) دەستەی سامانە زەويەكانی هەرێم (لێرەدا پێشنياز كراوە) ؛ (g) دەزگای گشتی كاروباری مين؛ (h) بەڕێوەبەرايەتی پۆليسی (پاسەوانی) ژينگە و دارستانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
- ئەنجومەنی دەستە و فەرمانگە تايبەتمەندەكان
كۆمەڵێك دەستە و فەرمانگەی حكومی نيمچەسەربەخۆ هەن كە بەپێی بواری پسپۆڕيان لە چوارچێوەی هيچ وەزارەتێكدا جێگەیان نابێتەوه، بەڵام بە دوورەپەرێزيەوە لە زانياری و دەسەڵاتی لوتكەيی حكومەت دابڕاون. بۆ سەرخستنی كارەكانيان دەكرێ ئەوانە لە ژێر چادرێكدا كۆ بكرێنەوە بەبێ ئەوەی ئاوێتەبكرێن وەيان سەربەخۆيی خۆيان لەدەست بدەن، وە نوێنەرێكی هەميشەييان لە كابينەی حكومەتدا هەبێ. لەوانە: (a) دەستەی كار و بەكارخستن، بە ئاوێتەكردنی پێكهاتەی كاری سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵايەتی لەگەڵ پێكهاتە پەيوەنديدارەكانی پەرەپێدانی مرۆیی سەر بە وەزارەتی پلاندانان؛ (b) دەستەی ئاماری ناوەنديی سەر بە وەزارەتی پلاندانان؛ (c) دەستەی گشتی پێوانەسازی و كۆنتڕۆڵی جۆری؛ (d) فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوميەكان.
وەك بەشێك لە گۆڕانكاريە بنەڕەتيەكانی پەيكەر، لەو کتێبەدا رەچاوی بژاردەی جياواز بۆ دياريكردنی چارەنووسی پۆستەكانی سەرۆكايەتی هەرێم و ديوانەكەی خراوەتەڕوو. سەرۆكايەتی ديوانی ئەنجومەنی وەزيرانيش، بە شێوازی وەزارەتەكان، بەدامەزراوەيی بكرێ و بكرێتە ئەمينداريەتی گشتی، كە پەيكەری ناوەكی سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە. فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی بخرێتە سەر بۆ ئەوەی ئەركی بەدواداچوونی پرۆژە و پرۆسەكان و هەڵسەنگاندنی كواڵيتی جێبەجێكردن و كاربەجێگەياندنی وەزارەتەكان لە سۆنگەی دەسەڵاتدارێتيەوە بگرتە خۆ. هەروەها پێشنيازكراوە كە چاو بە ئەنجومەنی ئاسايشی هەرێم دابخشێندرێتەوە و پەيكەر و پێكهاتەكانی بەپێی گونجاوێتی و بيركردنەوەی نوێ دابڕێژرێنەوە.