Back

دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ناوچەکەدا

“ئەگەر [باشووری] کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، ئێران ناچار دەبێت قبووڵی بکات” بەگوێرەی بۆچوونی خالید عەزیزی سکرتێری حیزبی دیموکراتی ئێران، لە میانەی بەشداریکردنی لە سیمینارێکی ئینستیتیوتی مێری لە رۆژی پێنجشەممە، ١٩ ئایار ٢٠١٦. خالید عەزیزی تیشکی خستەسەر گرنگی ئینستیتیوت و دامەزراوەکانی توێژینەوە لە “پێدانی ڕووانگە و ستراتیژی بۆ پتەوکردنی کۆمەڵگا و ناچارکردنی سیاسەتمەداران و سەرکردەکان بە وەڵام”.

لەچوارچێوەی گفتوگۆکردنی دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ناوچەکە و هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی، بەهەمان شێوە مافە سیاسی و مرۆییەکانیان، لە کاتێکدا کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەندین گۆڕانکاری و شڵەژاندا تێپەڕدەبێت، خالید عەزیزی ئاماژەی بە پەرەسەندنەکان کرد لە بزووتنەوەی کوردی دا.



یەکەم، دۆزی کورد وەک بەشێک لە شەڕی تایفی لە ناوچەکە نەناسراوە، دووەم، سەرەڕای زیانەکان، شەڕی دژی داعش دۆزی کوردی زیاتر ناساندووە لە ڕۆژئاوا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەنرخەوە سەیری ڕۆڵی کورد دەکات تێیدا. سێیەم، کورد سەرکەوتوو بووە لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە شڵەژانێکی بێ وێنەدا تێپەڕدەبێت.

لەوکاتەی کە کوردەکانی عێراق هەرگیز ئەوەندە نزیک نەبوونە لە ئەگەری سەربەخۆیی – سەرەڕای کەمی پاڵپشتی لە لایەن وڵاتانی دراوسێ، لە نێوانیاندا ئێران – خالید عەزیزی پێی وایە ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، ئێران ناچار دەبێت کە قبووڵی بکات.

ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت ئێران ناچار دەبێت کە قبووڵی بکات

دەربارەی ئەگەری ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی، خالید عەزیزی ووتی “عێراق وڵاتێکی فرە-نەتەوەییە. هەر چارەسەرێکی سیاسی لە عێراق دەکرێت ببێتە مۆدیلێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی ئێران لە ئایندەدا، بەتایبەتی لە کاتێکدا کێشەکان هاوشێوەن و لەهەمان سەرچاوە ڕەگیان گرتووە”. بەڵام، ئەو پێی وایە کە کوردەکان خۆیان خاونی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیین لە کوردستانی عێراق. سەرجەم فاکتەرە سەرەکییەکان لەبەر دەستدان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی. ئاسان نیە بۆ ئێران کە دژی خواست و ویستی زۆرینەی خەڵک لە هەرێمی کوردستان بوەستێتەوە.

خالید عەزیزی باوەڕی وایە کە هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێڕەوێکی دروستە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، وە پێویستە کوردەکانی ئەم ناوچەیە ئەم دەرفەتە بە ژیرانە و بە وریایی بەکاربهێنن بۆ بەدەستهێنانی خەونی دێرینیان. ئامادەبووانی سیمینارەکە گفتوگۆی ئاستەنگەکانی بەردەم سەربەخۆییان کرد و پێیان وابوو کە بەربەستەکانی بەردەم سەربەخۆیی لە نزمترین ئاستدان و لە ئێستادا کورد دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمە بۆ بەدەستهێنانی خواستیان بۆ سەربەخۆیی.

Comments are closed.