Back

دیداری مێری ٢٠١٤ کاریگەریی و فیدباک و کاردانەوەکان

یەکەمین دیداری ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (دیداری مێری ٢٠١٤) لە بەرواری ٤-٦ نۆڤەمبەر/تشرینی دووەم ٢٠١٤ لە هۆتێل ڕۆتانا لە شاری هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدرا. ڕۆژانە زیاتر لە ٣٥٠ کەس ئامادەی دیدارەکە بوون و زۆر بە فراوانی لە لایەن کەناڵەکانی هەواڵی ناوخۆ و میدیای نێودەوڵەتی ڕووماڵی بۆ دەکرا شانبەشانی پەخشی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ماڵپەڕی مێری.   

دیداری مێری ڕووداوێکی گرنگ بوو کە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئێستا و پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداربوون بۆ گفتوگۆکردنی چەندین پرسی سیاسیی هەنووکەیی. وەک یەکەمین ڕووداوی لەو جۆرە لە عێراق، سیاسەتمەداران دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسا بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ئامادەبووان کە لە دیپلۆماتکاران، ئەکادیمیان، خوێدنکاران پێکهاتبوون.  

 گفتوگۆکردنی پرسە ئاڵۆزەکان

بۆ یەکەمجار لەدوای پێشڕەویەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا؛ بڕیاربەدەستان و پسپۆرانی ئەکادیمی توانییان بە کراوەیی گفتۆگۆی پرسە هەستیار و ئاڵۆزەکان بکەن. گفتۆگۆکان چەندین بابەتی جیاوازیان لە خۆگرت کە کاریگەریان هەیە لەسەر عێراق، کوردستان و ناوچەکە بە گشتی و لە نێویاندا: داهاتووی (چارەنووسی) ناوچە جێناکۆکەکان لە عێراق؛ جەنگی دژ بە داعش؛ بەشداریپێکردنەوەی سوننەکان؛ رۆڵی تورکیا لە ناوچەکە؛ گۆڕانی پەیوەندییەکانی ئیران و وڵاتە یەکگرتووەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە؛ سیستەمی سیاسیی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ دیالۆگ و ئاشتەوایی لە عێراق و داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئامانجی بنچینەیی دیداری مێری بریتی بوو لە دابینکردنی زەمینەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن بۆ بەرژەوندیخوازان بەمەبەستی پەرەپێدانی ئاشتی، سەقامگیریی و بوژاندنەوە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتەوایی. مێری پێی وایە پرۆسە و کلتوری دیالۆگ و ئاشتەوایی کلیلی سەقامگیری درێژخایەنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها وەک بنەمایەک بۆ ڕوانگەیەکی هاوبەش دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنچینەی ئاسایشی هاوبەش. بۆ ماوەیەکی درێژ، ناوچەکە بۆتە مەیدانی جەنگ، ململانێ و قەیران کە بەداخەوە تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە و بۆتە هۆی لەناوبردنی بنەماکانی کۆمەڵایەتی، سیاسیی و کلتوری وڵاتان و کۆمەڵگاکانی ناوچەکە.    

کاریگەریی خێرا

جێگەی بایەخە، کە دوای هەفتەیەک لە گفتوگۆی نێوان باقر جەبر ئەلزوبەیدی وەزیری گواستنەوەی عێراقی فیدڕاڵ لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری، دانوستاندنەکان ڕێککەوتنی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان و هاتووچۆی فڕۆکەوانی بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی بەدواداهات. سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بەهەمان شێوە وەڵامی سەرنجەکانی بەشداربووانی دیداری مێری دایەوە و هەڵسا بە هاندانی وەزیری نەوت دکتۆر عادل عەبدولمەهدی بۆ سەردانکردنی هەولێر. کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بووە هۆی ڕاگەیاندنی هەموارکردنەوەی قانوونی (یاسای) نەوت و گاز و پێدانی دەسەڵاتی تایبەتمەندی زیاتر بەو پارێزگایانەی کە خاوەن نەوتی خۆیانن. 

وێڕای ئەمە، لە چوارچێوەی ووتەکەی سەلیم جبوری بیرۆکەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی ژیران (حەکیمان) بۆ دیالۆگ و ئاشتەوایی لە عێراق پێشنیارکرد و داوای لە سەرۆک کۆمار کرد کە سەرۆکایەتی بکات. لە وەڵامدا سەرۆک کۆمار فواد مەعسوم پشتگیری لە پێشنیارەکە کرد و رەزامەندی نیشاندا لەسەر داواکاریەکە.

کاردانەوەکان و فیدباک

ڕێکخستنی دیداری مێری ٢٠١٤، وەک هەموو ڕووداوە گەورەکانی عێراق، لە ئاستەنگ بێبەش نەبوو. بەڵام، وێڕای گشت ئاستەنگەکان، ڕووداوەکە کاردانەوەی ئەرێنی لێکەوتەوە و چەندین داواکاری هەبووە بۆ ئەنجامدانی دیدارەکە بەشێوەیەکی ساڵانە. مێری زۆر بە بایەخەوە لە گشت کاردانەوە فەرمی و نەناسراوەکانی ئامادەبووان و بینەرانی دەڕوانێت بۆ بەرەوپێشبردنی ڕووداوەکانی داهاتوو. لینکی فۆرمی کاردانەوەکان بەردەستکراوە بۆ ئەوانەی خوازیارن بە پێدانی سەرنج، پێشنیاز و ڕەخنەی دروستکەر.   

لە کۆتاییدا، دلخۆشین بە بەردەستکردنی گشت ووتە و ڤیدیۆکانی گفتوگۆکانی دیدارەکە لەسەر ماڵپەڕەکەمان و هیوادارین سوودی لێوەربگرن لە داهاتوودا. بە هیوای بەخێر‌هێنانتان لە دیداری مێری ساڵی داهاتوو.

Comments are closed.