Back

پاراستنی کوردستان لە تیرۆری کیمیایی

تاقیگەکانی زانستی و تەندروستی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی ئاسته‌نگێكی مه‌زن له‌ بواری تۆكمه‌كردنی ئاسایش و سەلامەتی کەرەستە کيميایەکان دەبنەوە. زانیارییە بەراییەکان لە هەڵسەنگاندنێک بۆ تاقیگەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە لایەن (CRDF Global) پشتگیری لێکراوە، دەریدەخات کە کەموکوڕییەکی زۆر لەو دامه‌زراوانه هەیە کە پەیوەنديدارن بە ئاسایشی کیمیایی به‌ تايبه‌تی له‌ لايه‌نی باش هه‌ڵگرتن و به‌كارهێنانی ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکان.  ئەو کەموکوڕییانە دەبێنە هۆی زیان و مەترسی نەوەک تەنيا لەسەر کارمەندانی تاقیگەکە، بەڵکو لەسەر کۆمەڵگاش چونكه‌ مادده‌ی  کیمیایی زيانبه‌خش دەتواندرێت لە لایەن تیرۆریستان و گرووپە تاوانکارییەکان بۆ زيان پێگەیاندن بەکاربهێندرێت

له‌و دواييه‌دا، ئینیستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (ئينستيتيوتی مێری) دەستی بە پڕۆژەیەک کردووە، کە لە چوارچێوه‌ی بەرنامەی ئاسایشی کیمیایی له‌ لايه‌ن (CRDF Global) پشتگیری دارایی کراوە.  ئه‌وه‌ش بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین نموونەکانی بەڕێوەبردنی کیمیایی به‌ پارێزراويی بۆ پاراستنی سەلامەتی ستاف و کارمەندانی تاقیگە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئامادەکردنی كادری شاره‌زا بۆ مەشقپێکردن و سەرپەرشتیکردنی هاوکارەکانیان لەسەر ئاسایشی کیمیایی و په‌يڕه‌وكردنی ڕێگاکانی سەلامەتی. لەژێر ئەو پڕۆژەیەدا، ئينستيتيوتی مێری خولێکی ڕاهێنانی چڕی بۆ ٢٧ تەکنیککاری تاقیگە و کەسانی زانستی کە لە نەخۆشخانەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، پێشکەش کرد. چوار ڕاهێنەری پسپۆر لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە تەندروستییەکان خولەکەیان ئەنجامدا، وانەی کردەکی بۆ بەرزکردنەوەی توانا و زانیاری بەشداربوووان لەسەر چۆنیەتی ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانی مادە کیمیاییەکان لە تاقیگەکانی تەندروستی بۆ مەبەستی کاری تیرۆریستی، پێشکەش کرا.

ڕاپرسی و چاوپێکەوتنی کورت لەگەڵ بەشداربووان دەریخست کە تاقیگەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی بەرزی دزین و بەکارهێنانی خراپی ماددە کیمیاییەکانن. جگە لە کۆنی و خراپ پاراستنیان، كێشه‌ی ديكه‌ش هه‌ن كه‌ پێويستيان به‌ چاره‌سه‌ره‌.  بۆ نموونه‌، پێويسته‌ تاقیگەکان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی تۆكمه‌تر و پارێزراوتر دروست بکرێن و كه‌ رێگربێ له‌وه‌ی ده‌ستی بەکارهێنەری هەرەمەکی بيانگاتێ. ناوی مادە کیمیاییەکان بە دروستی له‌سه‌ر بوتله‌كانيان نه‌نوسراون و کۆگاکانیش هەموو کات بە باشی نەپارێزراون، وە کاتێکیش دەپارێزرێن رێكاره‌كان له‌ ئاستی خوازراو و بە شێوەی سەردەمیانە نین.

بەشداربووانی ئەم خولە نیگەرانی خۆیان لەو کەموکوڕییانە دەربڕی کە دەکرێت ببنە هۆی هەڕەشەی ئاسایشی گەورە، بۆیە زنجیرەیەک هەنگاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە پێشنیاز کران:

  1. دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ دەرکردنی یاسایەک بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی ئاسایشی کیمیایی لە نێو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، لە نێوانیاندا نەخۆشخانە و تاقیگەکانی زانکۆ، وە هەروەها تاقیگەکانی کەرتی تایبەت.
  2. ئاشناکردنی كارمه‌ند و خه‌ڵكان به‌ نموونە هەرەباشە نێودەوڵەتییەکان سه‌باره‌ت به‌و سیاسەت و ڕێکارانه‌ی كه‌ له‌ كاتی مامه‌له‌ كردن له‌گه‌ڵ مادده‌ كيمياييه‌ مه‌ترسيداره‌كان له‌ کەرتی تایبەت و گشتیدا پێويسته‌ بگرێنه‌ به‌ر.
  3. بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە نێوان كارمه‌ندی پسپۆڕ و بەرپرسانی حکومەت و له‌ نێو کۆمەڵگا لەسەر گرنگی پاراستنی مادە کیمیاییە مەترسیدارەکان و خستنەڕووی نموونە هەرەباشە نێودەوڵەتییەکان.
  4. کۆکردنەوەی زیاتری پشتگیری دارایی بۆ باشترکردنی ئاسایشی کیمیایی لە تاقیگەکان بە پیشاندانی ژێرخانی نوێ و نوێکردنەوەی دەزگاکان لە تەواوی ئەو دامەزراوانەی کە مامەڵە لەگەڵ مادە کیماییە مەترسیدارەکان دەکەن.

ئينستيتيوتی مێری هاوكاریه‌كانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگییان و هەروەها (CRDF Global) بۆ سپۆنسەرکردنیان بەرز دەنرخێنێت.  رێكخراوی CRDF  لە ١٩٩٥ دامەزراوە، رێكخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە، هانی هەماهەنگی تەکنیکی و زانستی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی گرانته‌وه‌ ده‌دات. بنکەی سەرەکی ڕێکخراوەکە لە ئارلینگتۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیایە، و لەگەڵ زیاتر لە ٤٠ وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و ئه‌وروپا  و ئاسیادا کار دەکات.

Comments are closed.