Back

یەکێتی ئەوروپا و عێراق: ستراتیژێکی نوێ

لە ميانی ديبەیتێکدا لە ئینستیتیوتی مێری لە ڕێککەوتی ١٣ی نۆڤەمبەر، ٢٠١٧، رامۆن بالێکوا، باڵوێزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق  وتی ” ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا بەندە بە سەقامگيری دراوسێکانمانەوە و عێراقيش درواسێمانە.”

لەم دیبەیتەدا کە کۆمەڵێک لە بەرپرسان و ئەکادیمستان و پەرلەمانتاران و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی ئامادەی بوون، تەحەددیەکانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی یەکێتی ئەوروپا لە بەربەرچدانەوەیان گفتوگۆی لەسەر کرا. لەم بارەیەوە، بالێکوا جەختی لەوە کردەوە کە دیالۆگ لە چوارچێوەی دەستوور تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم وبەغدا.

بەڕەچاوکردنی پەیوەندی عێراق بە یەکێتی ئەوروپا وە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو تەحەددیانەی کە  دووچاری عێراق و هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، یەکێتی ئەوروپا کاردەکات بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی نوێ لە عێراق لەجياتی ئەوەی کە لەئێستادا هەیە. بە پێچەوانەی ئەو ستراتیژەی کە ئێستا کاری پێدەکرێت، ستراتیژە نوێیەکە لەبنەڕەتدا تەرکیز دەخاتە سەر هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی داعش. هەروەها ئامانجی ئەو ستراتیژیە بریتی دەبێت لە دامەزراوەکردنی دام و دەزگاکانی دەوڵەت بەچەشنێک کە توانای چارەسەرکردنی هۆکاری پەرتەوازەیی و جەمسەرگیری لە عێراق هەبێت و بەو مەرجەی کە حکومەتی عێراق و هەرێم بە یارمەتی یەکێتی ئەوروپا و هاوبەشە نێودەوڵەتیەکان ڕۆڵی پێشەنگ ببينن لە بەرەنگاربوونەوەی تەحەددیەکان. بۆ ئەوەی باشترین ئەنجام بەدەست بهێنرێت، ئەم ستراتیژە نوێیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی لایەنە لۆكاڵیەکان دادەمەزرێت چونکە ئەو لایەنانە ئاشناترن لەمەڕ پێداویستی کۆمەڵگاکانیان.

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مەبەستیەتی یارمەتی عێراق بدات وە لە ڕاستیدا دەکرێت عێراق وەکو نموونەیەکی سەرکەوتوو ئەژمار بکرێت بە تایبەت لە وەدەستهێنانی سەرکەوتنی سەربازی دژ بە داعش و شكستپێهێنانی لە دروستکردنی پشێوی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی بەربەست لە گەڕانەوەی ئاوارەکان. بەڵام عێراق هێشتا لەبەردەم تەحەددی ئەمنی و سياسی و ناوچەیی گەورەدایە.

سەرەڕای بوونی ئەم تەحەددیانەش، یەکێتی ئەوروپا و گۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوا لە هەموولایەنەکان دەکات کە پابەندی دەستوور بن و وەکو دۆکیومێنتێکی سیاسی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەژماری بکەن. یەکێتی ئەوروپا باوەڕی بە توانای هەرێم و بەغدا هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ناکۆکیەکانیان وەئەو یەکێتیە هەوڵدەدات بۆ نزیککردنەوەی ڕاو و بۆچوونەکانیان لە یەکتری.

Comments are closed.