ankara escort çankaya escort
Back

عێراقێكی سەقامگیر بۆ هەرێمێكی سەقامگیر: چوارچێوە و ناوەرۆكی دیداری مێری

دیداری ئیمساڵمان دوو هەفتە لەدوای هەڵبژاردنی گشتی عێراق دێ. لە كەشێكی گەشبینانەدا جموجۆڵێكی گەرمی سیاسی لە ئارادایە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە بەغدا. وە دوو سال لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی تشرین و دەربڕینی ناڕەزایی خەڵك لە حكومەتەكانی پێشوو. وە دوو ساڵیش لەدوای سەرهەڵدانی یەكەمین نەخۆشی كۆڕۆنا دێت، كە پەتایەكی جیهانی بێهاوتای بەدوای خۆیدا هێنا. لە ساڵی ٢٠٢٠ دا جیهان بەڕووی چالاكی كۆمەڵایەتی و ئابووریەوە داخرا،  بەڵام گوڕی سیاسەت و ركابەری و ململانێی بەرژەوەندیەكان لە هیچ كۆڕنەیەكی جیهاندا خاو نەبووەوە، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پەتای كۆڤید گورزێكی كەمەرشكێن بوو بۆ ئابووری جیهان، بەڵام ئەو وڵاتانەی كە سیستەمی حوكمڕانی و ئابووریان تۆكمەیە و حكومەتەكانیان كارایە، توانیان پێش وڵاتانی دیكە بێنەوە باری ئاسایی و هەرگیز پێگەیان لەدەست نەدا. زۆر لەوانە قەیرانی كۆڕۆنایان كردە دەرفەت بۆ ریفۆرمی سیستەمی ئابووری و تەندروستی.

عێراق یەكێك نەبوو لەو وڵاتانە و ئێستاشی لەگەڵدابێ سوودێكی ئەوتۆی لەو قەیرانە وەرنەگرت، وەك دەرفەتێك بۆ ریفۆرمی سیستەمی تەندروستی و ئابووری. بەڵكو لاوازیەكانی زیاتر بەدەركەوتن. ئیمڕۆ لاوازیەكان لە دامەزراوەكانی دەوڵەت، لە پەیكەری حوكمڕانی، لە جێبەجێكردنی دەستوور، لە پاراستنی ئەمنیەت و لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا گەیشتوونەتە رادەیەك كە خۆیان بوونەتە هۆكاری سەربەخۆ بۆ ناسەقامگیری. لە توێژینەوەیكی ئینستیتوتی مێریدا كەلێن و لاوازیە پەیكەری و وەزیفیەكانی سیستەمی حوكمڕانیمان دیراسەتكرد و لە مانگی حوزەیران لە راپۆرتێكدا بڵاومان كردەوە كە لەو كۆنفرانسەدا خراوەتە بەردەستان. لەو راپۆرتەدا پێشنیازی دیاریكراو پێشكەش كراوە چۆن دامەزراوەكانی حوكمڕانی بەهێز بكرێن تاوەكو دەوڵەت و سیستەمی حوكمڕانیەكەی لەهەناودا تۆكمە ببێت.

عێراق وڵاتێكی زۆر گرنگە بۆ وڵاتە دراوسێكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. عێراقێكی كارا و دەوڵەمەند و سەقامگیر دەتوانی گەورەترین بەشداری بكات لە راگرتنی پارسەنگەكان و هاوكاریكردنی دراوسێكان و هاندانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لەناوچەكە. بەدیوەكەی دیكەشەوە، لاوازبوونی دەوڵەت و ناسەقامگیری لە عێراقدا رێخۆشكەرە بۆ ناسەقامگیری لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ پەڕگیری توندوتیژ، بڵاوبوونەوەی تیرۆریزم، زیادبوونی ئاوارە و پەناهەندە و لەكیسچوونی دەرفەتی ئابووری و بازرگانی.  بۆیە ئیمڕۆ لە بەرژەوەندی خەڵكی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهاندایە كە عێراق سەقامگیر بێ.

بەڵام سەقامگیری لە عێراقدا بە خۆڕسكی و سروشتی نایەتە كایەوە، بەڵكو ئەگەر بۆ سروشتی لێ بگەڕێی عێراق لە رێچكەی بەرەوە هەردێر بەدەوام دەبێ. رزگاركردنی عێراق پێویستی بە ڤیژن و ستراتیژ و نەخشەڕێگای مەدرووسە. تا ئێستا لە نێوەندی هیزە ئیقلیمی و جیهانیەكاندا، عێراق وەك گۆڕەپانی ململانێی  هێز و بەرژەوەندیە ركابەرەكان رەچاو دەكرێ، لەو ململانێیانەشدا عێراق بە دەگمەن یاریكەری سەركردە بووە و بەردەوام بووەتە قوربانی.

ململانێی هێزە ئیقلیمی و جیهانیەكان سەدان سالە بەردەوامە، بەڵام ئیمڕۆ بووەتە ئاشی ئاگر و سەرجەم ئەو وڵاتانەی هاڕیوە كە لەهەناودا لاواز و لەرزۆكن. چەندین وڵات لە دەوروبەرمان فەشەلیان هێنا یان ئەوەندە ناسك و لەرزۆك بوونە كە توانای بڕیاردانیان نەماوە. عێراق یەكێكە لەو وڵاتانە و پێویستە سەركردە هەڵبژێردراوەكان رووبەڕووی ئەو راستیە ببنەوە چونكە بەرپرسیارێتی ئەوانە كە رێچكە سەربەرەولێژەكە ئاوەژوو بكەنەوە. پێویستە هێزە ئیقلیمیەكانیش ئەوە بدركێنن كە سەقامگیری عێراق بۆ ئاسایشی ئەمنی وڵاتەكانی خۆیان گرنگە، بۆیە دەبێ چاو بە سیاساتی خۆیان دابخشێننەوە و مامەلە لەگەڵ عێراق بكەن وەك هاوبەشێكی بێ بەدیل نەك وەك سەرچاوەیەكی هەڕەشەی ئەمنی. پێویستە بە جیددی بیر لە باڵانسێكی نوێ و داڕێژتنەوەی نیزامێكی نوێ لەناوچەكە بكەنەوە، بەجۆرێك نەك هەر خۆیان وەك هێزی ئیقلیمی تێدا براوەبن. بەڵكو سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی ناوچەكە تێدا سوودمەند و سەرفرازبن. باڵانسێك كە هاندەر بێ بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی و پێكەوەژیان، بۆ بیزنیس و گەشەسەندن.

بەرپرسیارێتی سەقامگیركردنی عێراق لە ئەستۆی سەركردە عێراقیەكانە بە پلەی یەكەم، بەڵام پێویستیشیان بە هاوكاری و پاڵپشتی هێزە ئیقلیمی و جیهانیەكانە. لە راستیدا، هیچ كام لەو ئاكتەرە لۆكالی و ئیقلیمی و جیهانیانە توانای بەرجەستەكردنی سەقامگیری و داڕێژتنەوەی نیزامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان نیە بەبێ هاوكاری تەواوی ئاكتەرە لۆكالی و نێودەوڵەتیەكان. رێكەوتنی ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە لەسەر ڤیژنی هاوبەش و نەخشەڕێگای سەقامگیری پێویستی بە دیبەیتێكی جیددی نێوان داڕێژەرانی پۆڵەسی و سەركردە سیاسیەكان هەیە، ئەوەش لە كەشێكی ئەكادیمی بێلایەن، كە ئەوانەش لە دیداری مێریدا بەرجەستە دەبن.

بەڕێزان ئامانج و ئومێدمان ئەوەیە كە هەموولایەك ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی لەو دوو رۆژەدا بە راشكاوی، بە كراوەیی و بە رەخنە لەخۆگرانە دیبەیتی پۆلەسی دروستكەرانە ئەنجام بدەن.  ئەزموونەكانی ئەو دواییە هەڵسەنگێنن و باس لە مانیفوستۆی ئایندە بكەن كە چۆن برەو بە دەوڵەتسازی و نیشتیمانسازی بدرێ، دەوڵەتی موئەسسەساتی لەعێراقدا جێگیر ببێ و چۆن دەستووری عێراق بكرێتە نەخشەڕێگای سەفرازی. پانێلەكانی ئیمساڵی دیداری مێری لە چوارچێوە و كۆنتێكستی ئەوانەی سەرەوەدا پێكهێنراون، هەتا كێشە هەنووكەیی و بنەڕەتیەكان تاوتوێ بكرێن و بەرچاوڕوونی بدرێتە خەڵك و ڤیژنی سەركردەكان بۆ چارەسەركردن ئاڵوگۆڕی پێ بكرێ.

پانێلی یەكەم لەسەر نەخشەی سیاسی نوێی دوای هەڵبژاردنە و ئالینگاریەكانی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و سەركەوتوو كە خەڵكی عێراق براوەی یەكەم بن.

پانێلی دووەم بە بەشداری هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكانی عێراقن، ئەوانەی كە سەقامگیری و دەوڵەتسازی و حوكمی دروستیان لە عێراق لەلا زۆر گرنگە و ساڵانێكە هاوكاری وڵاتەكە دەكەن. ئەوان ئەزموونێكی زۆریان هەیە لەگەڵمان و لە ئەزموونەوە دەزانن بەربەستەكانی بەردەم هاوكاریكردن و سەرخستنی عێراق و دەرفەتەكانی دێنە بەردەم كامانەن.

پانێلی سێیەم بۆ تاوتوێكردنی ئەو دەرفەت و ئالینگاریەكانە كە عێراق و هەرێمی كوردستان لە دەورو دراوسێیەكی ئاڵۆزدا بەرەوڕوویان دەبنەوە. لە زمانی سەركردە لوتكەییەكانەوە دەیبیستین كە چۆن سەیری دینامیەتی هێزە لۆكالی و ئیقلیمی و جیهانیەكان دەكەن  و بزانین ڤیژنیان چیە بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان سەقامگیر بێ سەرباری ئەو ململانێ توندەی نێوان هێزە ركابەرەكان لە دەوروپشتمان.

لە توێژینەوە و بڵاوكراوەكانیدا ئینستیتیوتی مێری گرنگیەكی زۆر بە خوێندنەوەی سیاسەتی هێزە ئیقلیمیەكانی وەك توركیا و ئێران، وه هێزە جیهانیەكانی وەك ئەمریكا و روسیا و وڵاتانی ئەوروپی داوە. لە پانێلی چوارەم و پێنجەمدا پۆڵەسی ئەو وڵاتانە لە زمانی دیپلۆماتكارە نوێنەرەكانیانەوە دەبیستین و لەگەڵ ئێوەدا تاوتوێان دەكەن.  ئینستیتیوت بەلایەوە گرنگە كە خەڵكی دەڤەرەكەمان لە ڤیژن و سیاسەتی ئەو هێزانە تێبگەن، وە هانیشیان بدەن كە لەنێوان یەكتردا گفتوگۆی دروستكەرانە ئەنجام بدەن بۆ بەرجەستەكردنی سەقامگیری و گەیشتن بە نیزام و بالانسێكی نوێی سەقامگیری لە ناوچەكە بە رەچاوكردنی واقیعی ئێستا و ئاڵۆزبوونی دینامیەتی هێزەكان.

پانێلی شەشەم تایبەتە بە تاوتوێكردنی مەسەلەی یەكڕیزی سیاسی لە ناوەوەی هەرێم و لە بەغدا. چۆن هێزە خاوەن نوێنەرەكان لە ئاستی حكومەتی فیدراڵیدا كارێكی وا دەكەن كە گوژمە وە كاریگەری پێكەوەییان بە دەستەجەمعی زۆر گەورەتر بێ لە كۆی تاكەكان بەتەنیا. چۆن دەتوانن لە بوار و ئەجێندا ستراتیژیەكان كە بەلای خەڵكی هەرێمەوە گرنگن بكرێنە ئەولەویەت لە بەغدا و لە كاتی شەراكەت لەگەڵ نوێنەرانی باقی عێراقدا كاریگەر و دروستكەرانە و دەنگبیستراو بن.

پانێلی حەفتەم تایبەتە بە دیراسەتكردنی دۆخی سێكتەری بانكی، كە بزوێنەرێكی گرنگە بۆ بوژانەوەی ئابووری. بگرە بانكەكان دەتوانن ببنە بڕبڕەی پشتی ئابووری هەمەجۆر. لە سەركردەی بانكەكان و داڕێژەرانی سیاسەتی دارایی عێراق دەبیستین كە لە ئایندەدا چۆن دەتوانن ریفۆرم لەو سێكتەرەدا ئەنجام بدەن بەجۆرێك كە هاوڵاتیان و توێژی بیزنیسی بچووك و مامناوەندی و گەورە متمانە بە دامەزراوە بانكیەكان بكەن. لە پانێلی هەشتەمیشدا گوێبیستی پلان و پۆڵەسی حكومەتی هەرێم دەبین سەبارەت بە ئایندە، وە چۆن  هەموو لایەك دەتوانن هاوكار بن لە سەرخستنی هەرێم.

بەڕێزان، پێشتر گوتوومانە و دەیڵێینەوە كەوا ئەو جۆرە دیدارانە گرنگی و كاریگەریی گەورەیان هەیە. هەریەك لە ئامادەبووانی بەڕێز لە پێگەی جیاوازیانەوە كاریگەریان لەسەر پرۆسەی بڕیاردان هەیە.  له‌سه‌ر ده‌ستی ئێوه‌دا‌‌ ده‌كرێ رێگا بۆ سه‌قامگيری له‌و ناوچه‌يه‌ خۆشبكرێ، سەروەری یاسا بەهێز بكرێ و سیستەمێكی حوكمڕانی دروست بچه‌سپێ. پێویستە پڕۆسه‌ی ديالۆگ و چارەسەركردنی قەیران و ئاشتەوایی و پێكەوەژیان بەدامەزراوەیی بكرێ.  ئەو جۆرە دیدارانە هەمیشە هاندەر و هاوكار دەبن.

بەڕێزان لێرەدا جێگەی خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانە بكەم كە بوونە هۆی ئەنجامدان و رێكخستنی ئەو كۆنفرانسە بۆ سوودی خەڵك و خاك و ولاتەكەمان. ئەوانەی دەبێ سوپاس بكرێن زۆرن. بەڵام سوپاسی تایبەت بۆ هاوكارانم له‌ ئينستيتيوتی مێری و تیمی خۆبەخشەكانی ده‌ره‌وه‌ی مێری بۆ ماندوو بوون و شەونخوونیان.  سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ڕازی بوونه‌ ووته‌يان هه‌بێ له‌و ديداره‌ و سوپاسی ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌كه‌م بۆ ئاماده‌بوونتان. سوپاسی بەشی پرۆتۆكۆڵی سەرۆكایەتی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم دەكەم بۆ هاوكاریان لە ڕووی لۆجیستی و كارئاسانیكردنیان بۆ میوانە دەرەكیەكان. سوپاسی پۆلیس و ئاسایش دەكەم بۆ زامینكردنی لایەنی ئەمنی.

سوپاسی زۆر تایبەت بۆ سپۆنسه‌ره‌كانی ديداری مێری، لەوانە سپۆنسەرە میدیاییەكان، بەتایبەتی كەناڵی میدیایی رووداو و سەرجەم ستافەكانیان كە بە دڵسۆزی و لەخۆبووردەییەوە و بە ئامێری كەناڵەكەوە لە زووەوە كاری بێوچانیان لەگەڵدا كردووین.  سوپاسی شبكة الإعلام العراقی دەكەم بۆ شەراكەتیان و پەخشكردنی دیدار و گەیاندنی پەیام بە بینەران بە زمانی عارەبی.  سوپاسی سپۆنسەرە بەخشەرەكان دەكەم كە گرانتی ئەكادیمیان پێشكەش كردووین بۆ توێژنەوەكان و ئەنجامدانی كۆنفراس، بەتایبەتی رێكخراوی (كۆنراد ئه‌ديناوه‌ر شتيفتونگ)ی ئه‌ڵمانی و بەشی گرانتی ئەكادیمی لە باڵوێزخانەی ئەمەریكی. سوپاسی سپۆنسەرەكانی كەرتی تایبەت دەكەین بۆ پاڵپشتیان، لەوانە گروپی فاڵكۆن و ئیمپایەر وۆڕڵد و رابطة المصارف الخاصة العراقية و بانكی ئەقلیمی بازرگانی و بانكی جیهان. لە كۆتاییدا سوپاسی هوتێلی رۆتانا بۆ میوانداریان.

Comments are closed.