Back

دەوڵەتسازی لە عێراق و ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

  • جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
  • فەرهاد عەلائەدین، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق
  • ڕەندە سلیم، پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکا (سەرپەرشتیار)

پرۆسەی دەوڵەتسازی (بنیاتنانی دەوڵەت) لە عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ چی نیشان داین؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە باشتر بێت؟ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چۆن دەتوانێت کار بۆ خزمەتکردنی عێراقییەکان بکات و هەردووکیان چ بەرپرسیارێتییەک لە ئەستۆ دەگرن؟ ئەوانە پرسی گرنگن كە رووبەڕووی داڕێژەرانی پۆڵەسی دەبنەوە.پرۆسەی پڕ لە کێشمەکێشی پێکهێنانی حکومەت لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، حکومەتێکی هاوپەیمانی بەرفراوان وفرەلایەنی لێکەوتەوە. لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی تشرین، گەنجانی عێراقی داواکاری نەتەوەییان هەبوو، و ڕەخنەیان لە سیستەمی پشكێنە گرت کە وڵاتەکەی دابەش کردووە. لە هەرێمی کوردستاندا سیاسەت لەدەستی نوخبەیەكی دەسەڵاتدارەوە و زۆرێک لە کوردستانیەکان هەست دەکەن قسەیەکی ئەوتۆیان لەسەر ئاراستەی سیاسەتی هەرێمەکە نییە. ئەم پرسانە لەلایەن ڕەندە سلیمەوە ئاراستەی هەریەک لە نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جینین هێنیس پلاسخارت، و ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرهاد عەلائەدین، کران.

سلیم بەو پرسیارە دەستی پێكرد، ئایا سیستەمی سیاسی عێراق هێشتا توانایی هەیە چاکسازی بکات؟ ئەمەش بە پشتبەستن بە بڵاوكراوەیەكی ئەو دواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەلسودانی لە ئەشرق ئەلئەوسەت، کە تێیدا ئاماژەی بە پارچە پارچەبوونی شوناسی نیشتیمانی وڵاتەکەی کردووە، “دەرکەوتووە کە ناسنامە لاوەکییەکان، لە کاتێکدا ڕێزێکی زۆریان لێدەگیرێت، بەڵام ناتوانن جێگرەوەی ناسنامەیەکی نەتەوەیی بن کە گەلی عێراق یەک بخات”. لە وەڵامدا، فەرهاد عەلائەدین بە ئامادەبووانی وت: عێراق دیموکراسییە. نموونەی هەڵبژاردن و ڕادەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتی وەك بەڵگە هێنایەوە کە سیستەمەکە کار دەکات، هەرچەندە دانی بەوەدانا کە سیستمەکە “بە دڵنیاییەوە كەموكوڕی تێدایە. دەبوایە پرۆسەی دەوڵەتسازی باشتر بوایە و دەکرا باشتر بەرەو پێشەوە بڕۆیشتبوایە”. عەلائەدین وتی، ئێستا، لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەدا، هیچ بەدیلێک نییە جگە لە بنیاتنانی دامەزراوەکانی حکومەت. وتیشی: ڕووداوەکانی ساڵی 2019 بەدواوە، و چەقبەستوویی سیاسی ساڵی ڕابردوو، دەریخست کە جگە لە دیموکراسی هیچ ڕێگەیەکی تر نییە بۆ بەردەوامبوون.

عەلائەڵدین جەختی کردەوە، عێراق شانازی بە هەمەجۆریی خۆیەوە دەکات و یەکێکە لەو چەند وڵاتە کەمانەی ناوچەکە کە هەمەجۆریی ئەرێنیمان هەیە کە پێناسەی وڵاتەکەمان دیاری دەکات، وەک عێراقیەکیش هەموومان شانازی بەوە دەکەین کە بەشێک بووین لەم هەمەجۆرییە… من کوردم، بەڵام عێراقیشم. وە من لە بەغدا کاردەکەم بۆ خزمەتکردنی هەموو گەلی عێراق نەک تەنها کورد”. دەشڵێت: سەرەتای [پرۆسەی پێکهێنانی ناسنامەی عێراقی] بریتییە لە بنیاتنانی دامەزراوە حکومییەکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت بە شێوەیەک کە بتوانین خزمەتی گەل و وڵات بکەین”. لە وەڵامی پرسیاری ڕەندە سلیمدا کە ئایا ئێستا ئەو كارە زیاتر دەکرێت، عەلائەلدین وتی تەحەددیاتەکان [بەردەم عێراق] گەورەن، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان کە شتەکان دەتوانن بە شێوەیەكی خراپ هەڵەدا بچن. “من پێموایە هەموو لایەنە سیاسییەکان درک بەوە دەکەن کە ئەمجارەیان دروستکردن یان ڕووخانە، لێرەدا مەجالی زیاتر بەدی ناكرێ. ژمارەی دانیشتووانی عێراق 42 ملیۆن کەسە، کە ئەمەش خەرجیەکی گشتی گەورەی پێویستە، کە بەردەوامێتی نابێ. ئەگەر ژمارەی دانیشتوان بەدەوام زیاد ببێت، هیچ ڕێگەیەک نییە کە دەوڵەت بتوانێت بەوشێوەی ئێستا بەردەوام بێت. ئێستا لایەنە سیاسییەکان بە تەواوی درک بەوە دەکەن کە چییان لەدەستداوە، و ئەوەش پێویستی کارکردنی بە پەلەتر دەکات”. ئاماژەی بەوەشکرد، “شێوازی کۆنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئێمەی گەیاندووەتە ئەو شوێنەی ئێستا لێی دەژین، لەڕووی نزیکەی 60-65%ی بودجەی ساڵانە دەچێتە سەر خەرجی گشتی”.

عەلائەدین گوتیشی: “ئێمە خزمەتگوزارییەکی گشتی گەورەمان هەیە کە دەبێت پارەی بۆ دابین بكەین، و هیچ ڕێگەیەک نییە کە بكرێ ئەمە بەردەوام بێت، و ئەگەر نرخی نەوت لە شەش مانگی داهاتوودا دابەزێت، ئەوا بەڕاستی قەیرانی گەورە دێتە ڕێمان”. ئاماژەی بەوەش کرد كە “ئەمجارەیان هاوپەیمانییەکی گەورە حكومەتی پێكهێناوە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، کە ٢٨٠ ئەندامانی پەرلەمان، خاوەنی ئەم حکومەتەن. ناتوانن بڵێن پەیوەندی بە ئێمەوە نییە”. وتی”ئەگەر حکومەت شکستی هێنا، ئەوە شکستی ئەوانە، ئەگەر حکومەت سەرکەوتوو بێت، ئەوە سەرکەوتنی ئەوانە”.

سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەرەپێدانی سیستەمی حوکمڕانی عێراق، سلیم رووی پرسیاری لە جینین هێنیس-پلاسخارت کرد. ئەویش لە وەڵامدا گوتی “بیست ساڵ لەمەوبەر، پشكێنە سیستەمێک بوو کە هەموو نیازێکی باشی هەبوو”. دانی بەوەدا نا کە بەدرێژایی بیست ساڵە ئەوە بووەتە ڕێگەیەک بەرەوپێشەوەچوونی واستەكاری بەپێی مەحسوبیەت. بە ئامادەبووانی وت: “تەنها بە جۆرێك دەتوانن پشتگیری لە سیستەم بکەن بە دەربڕینی ئەوەی چی قبوڵکراوە و چی قبوڵکراو نییە، بۆ نموونە لابردنی بە سیاسیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و هتد”. بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە هیچ پڕۆژەیەکی بەرزكردنەوەی تواناکان لە ئارادا نییە کە بتوانێت بەرپەرچی بە سیاسیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بداتەوە. هێنیس-پلاسخارت دەڵێت: “زۆر گرنگە بەرژەوەندی نیشتمانی لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنرێت، و بوونی فەزای ژیانی مەدەنی گرنگە، و هەلی کار پێشکەش بە خەڵک بکرێت لەسەر بنەمای شایستەیی بەهرەکانیان.”

سەبارەت بە نیگەرانییەکانی خەڵك لە سنووردارکردنی فەزای مەدەنی و ئازادی قسەکردن لە عێراقدا، هێنیس پلاسخارت وتی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەردەوام دەبێت لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت لەسەر ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق و لە هەرێمی کوردستاندا. گوتیشی كە عێراق پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ هەیە لە بواری ئازادی رادەربڕین، چونکە ئەو یاسایەی ئێستا هەیە، وەک چۆن لە ئێستادا بەکاردێت، دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ تێکدانی ئازادی ڕادەربڕین.

سەبارەت بە پرسی گروپە چەکدارەکان لە عێراق، فەرهاد عەلائەدین جەختی لەسەر قسەکانی سەرۆک وەزیران ئەلسودانی کردەوە لەسەر کەمکردنەوەی ئەو هێزانە، و وتیشی: “بەڵگەکە سادەیە: شەش مانگە ئەم حکومەتەمان هەیە و هیچ ڕووداوێکی ئەمنی ئەوتۆ ڕووی نەداوە. وتی “بە دڵنیاییەوە لە دەرەوە تێڕوانینێکی هەڵە هەیە کە ئێمە هێشتا لە سیستەمی کۆنداین، ساڵێک لەمەوبەر هەندێکجار موشەکمان دەبینی کە بەسەر بەغدادا دەسوڕانەوە، هێرشەکانمان بۆ سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و سەر بنکەکانی ئەمەریکا هاوپەیمانان دەبینی. ئایا لە شەش مانگی ڕابردوودا هیچ کام لەوانەمان بینراون؟.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە، بێئەندازەن. مەسەلەی مانەوە و نەمانەوەیە. ئەوە پرسێکی دروستکردنە یان شکاندنە بۆ عێراق وەک وڵاتێک، وەک دەوڵەتێک”. لە سەر بوونی گروپە چەکدارەکان عەلائەدین گوتی “هەموو ئەو کارانەی کە ئەم گرووپانە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت دەیکەن، تەحەمول ناکرێت و ئێمە بەرهەمی ئەو هەوڵە دەبینین” وتی “ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ مانەوەی عێراق. سیستەم پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە و حکومەت لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکات بۆ دروستکردنی پلانێک”.

سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا کە چەند هەڕەشەیە لەسەر ئایندەی عێراق، سلیم بە هەردوو پانێڵستەکەی وت، دانپێدانانێک لە نێوان سەرکردە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە کە ئەمە مەترسییە، هەروەها هەستکردن هەیە بەوەی کە ئەولەویەتەکانی حکومەت پێویستە ڕوونتر بن و پرسی ئاو پێویستی بە چارەسەری پلانێکی هەرێمی هەیە. لە وەڵامی پرسیاردا کە ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان لە دۆخێکدایە کار لەسەر ئەم پرۆسە بكات یان فشار دروست بکات؟ هێنیس-پلاسخارت بە ئامادەبووانی دانی نا بەوەی كە گۆڕانی کەشوهەوا “بە ڕوونی دیارە چەند هەرەشەیەکی خەتەرناکە، و جێهێشتنی بەبێ چارەسەرکردن، کاریگەرییەکەی ئەوەندە گەورەیە لەسەر ئاوارەبوون، نائاسایشی خۆراک، هەژاری، ململانێ، ناسەقامگیری دادەنێت و عێراق هەرگیز ناتوانێت بە تەنها چارەسەری بکات.” گوتیشی دەكرێ بووترێ كە عێراق، هەندێکجار، توانای دامەزراوەیی نییە بۆ بەدواداچوون بۆ کۆمەڵێک شت… لێرەدا ، پێموایە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ڕۆڵی هەبێت”. هێنیس پلاسخارت دانی بەوەدانا کە عێراق دوای هەڵبژاردنەکان ناچار بووە ڕووبەڕووی ژینگەیەکی زۆر ناسک و بارگاویی سیاسی بێتەوە، هیوای خواست کە حکومەتی عێراق زیاتر جێگیر بێت و توانای پاراستنی ئەو سەقامگیرییەی هەبێت.

پلاسخارت ئاماژەی بەوەشکرد،”عێراق دیموکراسییەکی تازە پێگەیشتووە. بۆ ئەوەی هەر دیموکراسییەک ڕەگ داکوتێت، کاتێکی زۆر و سەبرێکی زۆر و ئیرادەیەکی زۆری دەوێت” سەرۆکی یونامی جەختی لەوە کردەوە و تێدەگات کە ئاسایشی ئاو لە پێشینەی کارەکانی سەرۆک وەزیرانی ئەلسودانیدایە. لەڕووی دیپلۆماسی ئاوییەوە، هێنیس-پلاسخارت بە ئامادەبووانی وت کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە کاربکات، “بەڵام هەندێک وڵات هەستیارن بەرامبەر بەم کارە، و پێیان باشترە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بکەن”. ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە ئێمە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 مان بە دیموکراسیترین هەڵبژاردن زانی. بێگومان کەمی بەشداریکردنی دەنگدەران نەبوونی متمانەی گشتی نیشاندا. کاتی هەنگاونانیش ئێستایە. کارێکی زۆر لە پێشە”.

عەلائەدینیش ، بە ئامادەبووانی وت کە بێباکی دەنگدەران تەحەدایەکی گەورەیە. جەختیشیکردەوە كە “ بەدەستهێنانەوەی متمانەی خەڵک تەحەدایەکی سەرەکی حکومەت و سیستەمی سیاسییە، پێویستە شەو و ڕۆژ کار بکرێت بۆ بەهێزکردنی سیستەمی سیاسی”. “ئەوە تەحەدایەکی گەورەیە و هیوادارین هەمووان کار لەسەر ئەوە بکەن بۆ ئەوەی باشتر بێت”.عەلائەدین گوتیشی: بە دڵنیاییەوە ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویدا لە ڕابردوودا دەمێنێتەوە، ئەو دیموکراسییەی ئەمڕۆ هەمانە مافی مرۆڤ لە هەموو گۆشەیەکی وڵات بەرەوپێش دەبات، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەرچەندە گۆشەگیری سیاسی دەگمەنە، بەڵام ئەو ڕاوێژکارە دانی بەوەدانا کە هێشتا کارێکی زیاتر ماوە بۆ بەرەوپێشبردنی مافە مەدەنییەکان و ئازادیی قسەکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

دیداری عێراق: بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی

4/05/2023

پانێلی حەفتەم: دەوڵەتسازی لە عێراق و ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

ڤیدیۆی پانێل

Comments are closed.