Back

نەوت بەرامبەر بە خۆراک: قەیرانی جیهانی خۆراک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاستی جیهان ناسراوە. بەڵام کەمتر ناسراوە بەوەی کە لەسەر ئاستی جيهانی یەک لەسەر سێی دانەوێڵە هاوردە دەکات. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتبەستن بە هاوردەکردنی خۆراک وەک پرسێکی ستراتیژی ئەژماردەکەن، هاوشێوەی تێڕوانینی ڕۆژئاوا لە پشتبەستن بە هاوردەکردنی نەوت، ئەم پێگە جیۆپۆلیتیکیەش وێنای بازاڕی خۆراک لە جیهان دەکات.

قەیرانی جیهانی خۆراکی ساڵی ٢٠٠٨ وەك ڕاچەڵەکاندنێکی چاوەڕوانەکراو وابوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە وڵاتە هەژارەکانی وەک ميسر و یەمەن، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک ئاستی ئاڵوگۆڕکردنی دەرەکی خۆراکی سنووردارکرد و سەرەڕای ئەوەش، وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداويش کەوتنە مەترسی دەستنەکەوتنی خۆراک بەهەر نرخێک بێت تەنانەت گەر باخەڵەکانیان پڕ بێت لە داهاتی فڕۆشتنی نەوت. مەترسیەکانی وڵاتانی کەنداو دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگەیاندنی وڵاتە بەرهەمێنەرەکانی خۆراکە كشتوکاڵيەکان، وەک روسيا و ئەرجەنتین و ڤیەتنام، بە سنووردارکردنی هەناردەکردنی خۆراک بە شێوەیەکی کاتی لەبەر دروستبوونی نیگەرانی لەسەر ئاسایشی خۆراک لەناوخۆی ئەو وڵاتانە.

وەک کاردانەوەێک، وڵاتانی کەنداو هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکیان دا لە ڕێگەی پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی و دیاریکردنی نرخ و زیادکردنی یەدەگی خۆراک. لەوەش گرنگتر وڵاتانی کەنداو وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لەدەرەوەی وڵاتیان ڕاگەیاند. لە هەمان کاتدا، ئەو وڵاتانە هەڵسان بە دوورکەوتنەوە لە چاندنی بەرووبوومانەی کە پێویستی زۆریان بە ئاو هەیە وەک هەوڵێک بۆ فەراهەم کردنی بەروبوومی ناوخۆی کەم پشت بەستوو بە ئاو. دەکرێت ئەوە بوترێت کە پرسی ئاسایشی خۆراک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمەودای درێژدا دەبێتە بەشێکی گرنگ نەک تەنها لە هاوکێشەی ستراتیژی و سياسەتی ئاوی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو دەبێتە بابەتێکی بازرگانی گەورەش.

پێشبینی دەکرێت کە ئاستی پشتبەستن بە هاوردەکردنی خۆراک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو لە زیادبوون بکات، بەتایبەتی لەناوچەی کەنداو. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی جیهان لە ڕووی نرخەوە جێگیر نین. هەڵبەتە نرخی خۆراک بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشانەوەی بەخۆیەوە بینیوە لە ئاستی جیهاندا، ئەمەش بەهۆی گەشەی دانیشتووان و گۆڕانی بەرنامی خۆراک (داێت) و بەرهەمهێنانی وزەی بایۆلۆجی (بایۆفیوڵ) و زیادبوونی قەبارەی لایەنە بەرهەم هێنەرەکانی خۆراک. لەهەمان کاتدا، گەشەی بەرهەمهێنان لە بازاڕی کشتوکاڵی پێشکەوتوو کەمبۆتەوە. گۆڕانی کەشوهەوا بەهەمان شێوە کاریگەری خۆی هەیە، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی ڕووبەڕووی کاریگەری ژینگە دەبیتەوە ئەمەش بەهۆی چۆنیەتی بەرهەمهێنانەوەیە.

سعودیە ٤٠% جۆ لە بازاڕەکانی جیهان هاوردەدەکات بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی ئاژەڵداری. ئالیکی سەوز کە پێویستیەکی زۆری بە ئاوە وەک ‘ئەلفافە’ بەشێوەیەکی بەرچاو بەهەمان شێوە لە وڵاتی سعودیە هاوردەدەکرێت. برنج دەخڵودانێکی سەرەکیە نەک تەنیا بۆ دانیشتووانی ناوخۆ بەڵکو بۆ هێزی کاری بیانیش. بیانییەکان نزیکەی ٣٠% دانیشتووان لە سعودیە و زیاتر لە ٨٠% لەئیمارات پێکدەهێنن. جێی ئاماژە پێکردنە کە بە گوێرەی پێشبینیەکانی فەرمانگەی کشتوکاڵی ئەمریکا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا بەتەنها نیوەی بازرگانی گۆشتی پەلەوەر لە ٢٠٢١ هاوردەکەن و سعودیەش وەک گەورەترین هاوردەکەر بێت.

عێراق و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی هاوشێوەی دژواردان، چونکە بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتی هەر تاکێک لە بەرهەمی گشتی ناوخۆ نزمترە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری کەنداو. هاوشێوی وڵاتانی کەنداو، عێراق بەشێوەیەکی فراوان پشتی بەستووە بە داهاتی هەناردەکردنی نەوت، هاوردەکردنی خۆراک، بەڵام لەگەڵ رێژەی دانیشتووانەکەی بە شێوەێکی بەرچاو لە گەشەدایە. زیاد لەوەش عێراق وابەستەی بازاڕی جیهانی خۆراکە. بەشێکی زۆری خۆراکی هاوردەکراو لە ناوچەکە نەوەک تەنیا لە وڵاتانی هەناردەکەری باکوری ئەمریکا و ئەوروپا و ئوستڕاڵیا هاوردەدەکرێن، بەڵکو لە وڵاتانی گەرمەسێری وەک بەڕازیلیش. سیستەمی دابەشکردنی خۆراک لە عێراق، یەکێکە لە گەورەترین پرۆگرامی خۆراکی لە جیهان کە بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی تا ئێستاش هاوردەدەکرێت. تەنانەت لە هەرێمێکی وەک کوردستان کە زیاتر پشتئەستوورە بە بەرهەمی خۆماڵی، گەنمی بیانی دەوڵەمەند بە پرۆتین هاوردە دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی گونجاو بۆ نان.

بەرچاوترین تەحەداکان لە بەردەم ئاسایشی خۆراک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمی کالۆری نیە بەڵکو کەموکوڕی لە پێکهاتەی خۆراکییە کە دەبێتە هۆی بەدخۆراکی، بەتایبەتی لە نێو منداڵان. بەگوێرەی ئینستیتیوتی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی خۆراک، نزیکەی ٢٧% منداڵانی ژێر تەمەنی پێنج ساڵ کێشەی گەشەیان هەیە لە عێراق. ئەمەش ڕێژەیەکی بەرزە بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە. هەر بۆیە پێویستە ئەم بابەتە ئاوڕی لێ بدرێتەوە و بە وردی کاری لەسەر بکرێت لە لایەن دەسەڵاتە حکومی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.

ئەو رێژە بەرزە هاوکێشەی بەربڵاوی ئاسایشی خۆراک لەگەڵ پڕکردنەوەی پێداویستی خۆراک بە بەرهەمی خۆماڵی دەخاتە ژێر پرسیار. خۆ دەکرێت وڵاتان ئاسایشی خۆراکی خۆیان بە شێوەیەکی نایاب بپارێزن بەبێ ئەوەی بەرهەمە خۆماڵیەکانیان پێداویستیەکانیان پڕبکاتەوە؛ وەک وڵاتانی بەریتانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، سینگاپور و کوەیت کە خۆراک هاووردە دەکەن. ئاسایشی خۆراک واتە دەستەبەرکردنی خۆراکی تەندروست لەهەموو کاتێک، ئەم خۆراکە بەرهەمی ناوخۆ بێت یا هاوردەکراو ئەوەندە گرنگ نیە، هەرچەندە هاوردەکردنی خۆراک دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرپرسیارێتی ستراتیژی لە حالەتی جەنگ و بایکۆتکردندا. بۆیە ئەتوانین لە کۆتاییدا ئەوە بڵێین کە پێویستە هەر سیاسەتێکی ئاسایشی خۆراک پەرەسەندنی ئابووری و مرۆیی بەشێوەیەکی گشتی لەبەرچاو بگرێت. ئەمەش بە چارەسەرکردنی هەژاریی و یارمەتیدانی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی خۆراک لە ڕێگەی پەرەسەندنی پرۆگرامەکانی پەيداکردنی داهات و هەروەها پێدانی هەل بۆ بەکارهێنانی زەوی بە مەبەستی بەرهەمهێنان دێتە کایەوە.

ئێکارت وێرتز توێژەری پێشکەوتووە لە سەنتەری کاروباری نێودەوڵەتی بەرشەلۆنە. پێشتر، توێژەری میوان بووە لە زانکۆی پرینستۆن، وەهەروەها بەڕێوەبەری دیراساتی ئابووری لە سەنتەری توێژینەوەی کەنداو لە دوبەی و لەگەڵ چەندین بانک لە ئەڵمانیا و ئیماڕات کاری کردووە. وانەبێژە لە ئینستیتیوتی کاروباری نێودەوڵەتی لە بەرشەلۆنە و پێشتر وانەبێژی میوان بوە لە زانکۆی پاریس بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە سیانسپۆ. نووسەری کتێبی نەوت بەرامبەر بە خۆراکە (چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد ٢٠١٣) و چەندین توێژینەوەی ئەکادیمی ئەنجام داوە و بڕوانامەی دکتۆرای لە ئابووریی لە زانکۆی فریدریچ ئەلیکساندەر لە نورومبێرگ بەدەستهێناوە.

Comments are closed.