لامەرکەزیەت یان دیسانەوە مەرکەزیەت؟ ئەمە پرسیارەکەیە
له‌م پۆڵه‌سى دیبه‌یته‌دا باس له‌سه‌ر شێوازى حوکمڕانی له عێراق كرا و تيشك خرایه سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ى كه ده‌گونجێ له عێراقدا بهلهبهرچاوگردنى هه‌مه‌جۆرى پێكهاته‌كانى و حاڵه‌تى فیدراڵى وڵاته‌كه كه له‌ده‌ستوردا ئاماژه‌ى پێكراوه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، ئه‌ندریا ناسى، به‌رپرسى كاروبارى وڵاتى نه‌مسا له عێراق و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه له‌هه‌مان كاتدا به‌شداربووه له دانووستانه‌كاندا له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات و داهات، تاوتوێى ئه‌م بابه‌ته‌یان كرد.
گفتوگۆکە دەستی پێ‌کرد بە شيكردنه‌وه‌ى سوودە شیاوەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی لە عێراق. هەرچەندە دامه‌زراندنى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له دەستووری عێراق به‌ڕوونى باس كراوه، پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە تا ئێستا بەدی نەهاتوە. بە جەختکردنەوە لە گرنگییەکەی لە پاراستنی دابەشکردنی هاوسەنگی دەسەڵات لە پرۆسه‌ى حوکمڕانیدا، بەتایبەتی پاراستنی کەمایەتییەکان لە پەراوێزخستن لەلایەن هێزە باڵاده‌سته‌كانه‌وه، تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجومەنەکە بۆ “دروستکردنی هاوسه‌نگیه لە سیستەمەکەدا.” ئەم جۆرە میکانیزمە “دەکرێت وەک پارێزگارییەک لە ئەگەری خراپ بەڕێوەبردنی زۆرینە كار بکات و بەم شێوەیە پابەندبوون بە سەروەری یاسا و بنەماکانی یەکسانی بەهێز ده‌بێت”.
قوباد تاڵەبانی جەختی لە کاریگەری فراوانتری ئەم ئه‌نجومه‌نه پێشنیارکراوە کردەوە و پێشنیازی ئەوەی کرد کە دامەزراندنی دەبێتە هۆی دڵنیابوون لە بەشداریکردنی چالاکانەی پارێزگاکان و یەکە فیدراڵییەکان لە پرۆسەی حوکمڕانیدا. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە نەک تەنها دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سیستەمی فیدراڵی، بەڵکو دەبێتە هۆی به‌دامه‌زراوه‌كردنى خاوەندارێتی گشتی و پته‌وكردنى بەشداریکردن له‌پرۆسه‌ى حكومرانیدا. له‌بنه‌ڕەتدا، ئەنجومەنێکی فیدراڵی هەڵبژێردراو و به‌ئه‌ندامى یه‌كسانه‌وه ده‌بێته هۆى دروست بوونى میکانیزمێک بۆ پابەندبوون بە پرەنسیپە دیموکراسییەکان و رێگریکردن لە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەهێزکردنی بەشداریکردن لە حوکمڕانی لە عێراقدا.
دەستووری عێراقی ساڵی 2005 عێراق وەک قەوارەیەکی فیدراڵی دەخاتەڕوو و له‌م ده‌ستووره‌دا بنەماکان و رێنمایی گشتگیر بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵ له‌خۆ دارێژراوه. لەگەڵ ئەوەشدا، زیاتر لە دوو دەیە تێپه‌ریوه‌و وهێشتا ئەم بڕگە دەستوورییانە جێبه‌جێ نه‌كراون و یاساى بۆ ده‌رنه‌كراوه. ئه‌مه‌ش ره‌نگى داوه‌ته‌وه بەتایبەتی لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی وهەرێم وپارێزگاکان. ئه‌وه‌ى ئاشكرایه ئه‌وه‌یه كه عێراق هێشتا به سىیستهمێكى توندى مه‌ركه‌زیه‌ته‌وه كار ده‌كات و په‌یوه‌ندى لەگەڵ هەرێمی کوردستان، كه تاکە قەوارەی فیدراڵی وڵاتەکەیه، بهرێكنهخراوهیى ماوه‌ته‌وه. ئەمه‌ش بۆته هۆی ئەوەی کە كوردستان هه‌ندێك جار وه‌كو ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ و هه‌ندێك جاريش وه‌كو قه‌واره‌یێكى فیدراڵى ره‌فتار بكات. ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە فراوانەیە لەناو خودی سیسته‌مى دەوڵەتدارى عێراقدا کە لە نێوان لامەرکەزیەت و چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا هه‌ڵبه‌ز ودابه‌ز ده‌كات به‌گوێره‌ى پێویستی سیاسی.
پانيڵهكه پێشنیاری ئەوەى كرد کە ئەم دۆخە به‌هۆى شکستی رێكنهخستنى بنه‌ما دەستوورییەكانهوه سه‌رى هه‌ڵداوه و بهدیاریكراوهیىش بابه‌تى دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان یەکە ئیدارییە جیاوازەکانی ناو وڵات‌دا. نەبوونی ئەمه‌ش بووەتە هۆی ئه‌وه‌ى کە په‌یوه‌ندى حکومەتی عێراق و هه‌رێمى كوردستان ناڕوون بێت.
بەگوێرەی جێگری سەرۆک وەزیران، مهركهزييهت مۆدێلێکه تەنها لە چوارچێوەی دیکتاتۆری‌دا كارایه و ئه‌مه‌ش دژی خواستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی عێراقه، کە قوربانییەکی بەرچاویان داوە بۆ ئەوەی سیستەمێکی دیکتاتۆری بگۆڕن بە سیستەمێکی حوکمڕانی دادپەروەرانە. پانێڵه‌كه هه‌روه‌ها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە عێراق پهیوهنديه نێوخۆييهكانى به‌شێوازێك رێك بخات له‌سه‌ر بنه‌ماى دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان یەکە ئیدارییە جیاوازەکاندا ئه‌مه‌ش هەنگاوێکی پێویسته بۆ حوکمڕانییەکی کاریگەر لە وڵات‌دا.
بە بیرکردنەوە لە مۆدێلە جیهانییەکانی فیدرالیزم، قوباد تاڵەبانی ئەو بۆچوونەی دەربڕی کە عێراق دەتوانێت سوود لەو مۆدێلانه وەربگرێت به‌ڵام جەختی لەوه‌ش كرده‌وه كه گرنگه شێوازێكى تایبه‌ت به عێراق بهۆنرێته‌وه كه تێىدا تایبهتمهندىهكانی وڵاته‌كه پارێزراو بێت. ئەو جەختی لە گرنگی پاراستنی تایبەتمەندییەکانی وڵاتەکە کردەوە و داکۆکی لە مۆدێلێک کرد کە نەک تەنها هەمەجۆری جێگیر بکات بەڵکو هاوڵاتیبوون بەهێز بکات لە رێگەی نوێنەرایەتیکردنی بەهێز و بەشداریکردنی چالاک و پێناسەیەکی وردی ماف و بەرپرسیارێتییەکان. لەم رووەوە، ئەو جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستووری خۆی لەگەڵ ئەم بنەمایانەدا رێکبخات و ئاماژەی بەوە کرد کە حوکمڕانی ئێستای هەرێمی کوردستان هەردوو سیستەمە مه‌ركه‌زى و لامەرکەزییەکان تێکەڵكێش كردوه و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی دروست بوونى ناکۆکییە ناوخۆییەکان.
كێشه پێکهاتەییەکانی ئێستاى سیسته‌مى حكومڕانى كوردستان، بۆ نموونە ئەوەی رۆڵ و بەرپرسیارێتی پارێزگارەکان، ئاماژەن بە کێشەی نەبوونی بهرچاروونى لە دیاریکردنی دەسەڵاتەکان لە ئاستی بەڕێوەبردن لە کوردستاندا. تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە ئەوەی له ئێستادا ناڕوونه لە هەرێمی کوردستاندا، دابەشکردنی دەسەڵاتە بە باشی لەسەر هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبردن. سەرەڕای داواکارییەکان بۆ دابه‌زاندنى ده‌سه‌ڵات و لامەرکەزیەتی فیدراڵی لە بەغداوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی کوردستان بەڕاستی پێویستێتى لامەرکەزییەکی راستەقینەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ئێستا و بەهێزکردنی کاریگەری سیستەمی حوکمڕانی. ئاماژەی بەوەشکرد كه ئه‌مه‌ش جێبه‌جێ ده‌كرێت كاتێك كه حكومەتی هەرێمی کوردستان دەستوورێکی روون و ئاشکرا و قابيلى جێبه‌جێكردنى هەبێت.
بە شێوەیەکی سروشتی لەوانەیە زەحمەت بێت بۆ خاوەن دەسەڵاتەکان دابه‌زاندنى ده‌سه‌ڵاتیان پێ قبوڵ بێت، چونكه لامه‌ركه‌زييه‌ت دەتوانێت ببێتە هۆی دروست بوونى كۆمه‌ڵێك میکانیزم بهرپرسىارێتى و کۆنترۆڵكردن و هه‌روه‌ها ئه‌شێت ببێت به ئامرازێك بۆ به‌هێزكردنى ده‌نگ و توانا و به‌شدارى پێكردنى خه‌ڵك له‌پرۆسه‌ى حكومڕانیدا. بۆیە لەوانەیە دەسەڵاتدارەکان دوودڵ بن لە لامەرکەزیکردنی دەسەڵات لە کاتێکدا ئەوانەی کە دەکەونە دەرەوەی دەسەڵاتی راستەقینە لە عێراقدا داوای سیستەمێکی لامەرکەزی حوکمڕانی دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی سه‌رهه‌ڵدانى گرژییه‌ك له‌نێوان ئه‌م دوو توێژه‌دا. ئەوەی کە هیوابه‌خشه، بەگوێرەی تاڵەبانی، ئەوەیە کە فیدرالیزم ئێستا پێویستییەکە کە ته‌نها خواستی کورد نیه. ئەمە سیستەمێکی حوکمڕانییە کە چیتر “داواکارییەکی کوردی” نییە، به‌ڵكو لە سەرتاسەری عێراقه‌وه پشتگیری دەکرێت.
ديداری مێری 2023
گەنگەشەی سیاسەتە دەستبەجێكانی عێراق
11-10 ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم
پانێڵی 12: لامەرکەزیەت یان دیسانەوە مەرکەزیەت؟ ئەمە پرسیارەکەیە
ڤیدیۆی پانێڵ