وردهكاری زياتر لهو راپۆرتهدايه به زمانی ئينگليزی
ئەم ڕاپۆرتە ڕوانگەی كريستيانەکانی عێراق لەسەر ئاشتەوایی و ململلانێ لەخۆدەگرێت. وەکو گرووپێکی پێكهاتهی ئایینی لە وڵاتێک کە پڕە لە ململانێ و ناسەقامگیری، کۆمەڵگەی كريستيان هاوشێوهی پێكهاتهكانی دیکەی عێراق، ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و ئاوارەبوون و بەکەمسەیرکردن بوونەتەوە. ئەمە لەگەڵ لاوازی سەروەری یاسادا، بووەتە هۆی دروستبوونی کاریگەری خراپ و پێچەوانە لەسەر پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەکان، وە بووەتە هۆی کۆچكردنی خەڵکێکی زۆر. زیاد لەوەش، داگیرکردنی ناوچهيهكی بهربڵاوی دەشتی نەینەوا لە لایەن داعشەوە، کە خاک و شوێنی ژیانی كريستيانێكی زۆرە، گورزێکی کوشندە بوو لەسەر کۆمەڵگەکە.
دەرەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتە دەری دەخەن کە کۆمەڵگەی كريستيان پەیوەندییەکی ناکۆک و دژبەیەکیان لەگەڵ شەبەکدا لە دەشتی نەینەوا هەبوو، تەنانەت لە قۆناغی پێش سەرهەڵدانی داعشهوه لە ٢٠١٤. چاوپێکەوتووەکان پێیان وایە شەبەکەکان زیادەڕۆییان لەسەر زەوی دەشتی نەینەوا کردووە وەکو هەوڵێک بۆ مەبەستی لاوازکردنی سوننەکان لە موسڵ، وه لە خزمەت ئەجێندای دەرەکی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.
ڕاپۆرتەکە هەروەها پیشانی دەدەت کە كريستيانهكان کێشەیان لەگەڵ عەرەبی سوننە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراقیشدا هەیە سهبارهت به ڕێگەگرتن لە زیادبوونی باڵادەستێتی شیعە بەسەر دەشتی نەینەوا، وە بەشێکی گلەییەکانیش لەسەر سوننەکانە لەسەر پتربوونی ئاستی توندوتیژی لە ناوچەکە. زۆرێک لە كريستيانهكان گلەیی و گازندەیان لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش ٢٠١٣دا هەیە. پێیان وایە هەوڵی حکومەتی هەرێم بۆ زیادکردنی نفوز و هێزی خۆی بەرامبەر بەغدا، بووەتە هۆی دابەشبوون و لێکترازان لە نێو مەسیحییەکان. وە سەبارەت بە حکومەتی ناوەندی عێراقی، چاوپێکەوتووەکان بێمتمانەیی خۆیان دەربڕی چونکە حکومەتی ناوەندی نەیتوانی لە دەست هێرشی داعش بیانپارێزێت.
لە ڕوانگەی كريستيانهكانهوه، ئاماژەیەکی باش بۆ ڕەوشی ئاسایش لە قۆناغی دوای ڕزگارکردن بوونی نییە. شەبەکە شیعییەکان وا سەیر دەکرێن کە دەبنە مایەی هەڕەشە و نیگەرانی ئەمنی لە دەشتی نەینەوادا، ئهويش بە هۆی تێوەگڵان و بەشداریكردنیان لەگەڵ چهكداره شیعییەکان. ئەوە لە کاتێکدایە کە كريستيانهكانيش گرووپی چەکدارییان هەیە. دياره هێشتا بەغدا و هەولێر نەهاتوونەتە سەر گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی ڕێکخستنی ئاسایش لە دەشتی نەینەوادا، بۆیە كريستيانهكان پێیان وایە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی هەیە کە ڕەنگە زیانێکی زۆر بە هەوڵەکانی ئاشتەوایی بگەیەنێت.
بە کورتی، هاوكێشه دينامیکيەکان لە دەشتی نەینەوادا پێشی مانگی شەشی ٢٠١٤ سەقامگیر نەبوون. پەیوەندی کۆمەڵەکان لە نێوان خۆیان و کۆمەڵەکانی دیکە شپڕزە و خراپ بوون، پڕۆسەی سیاسی ناڕێک و لێکترازاو بوو، وە جۆری خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی خراپدا بوون. بە زۆريی گلەیی لە حکومەتی هەرێم و بەغدا دەکرێت لەسەر تەواوی ژینگەی پێش داعش، چونکە هەردوولا ڕکابەرییان لەسەر باڵادەستی و فهرزی هەژموون دەکرد. دەرهاوێشتەکانی ئەو ڕکابەرییە ناتەندروستە زۆرن، لەوانە تاکگیری، پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن، دواکەوتوویی و هەروەها پەیوەندی لاواز و خراپ. هاتنی داعش زیاتر پەیوەندییەکانی خراپترکرد، بۆیە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو بە مانای ململانێی درێژتر و ناسەقامگیری زیاتر دێت. مەترسی گەورەتر ئەوەیە كريستانی زیاتر وڵات بەجێدەهێڵن ئەگەر هاتوو بارودۆخەکە وەکو خۆی بمێنێتەوە.