Back

سیاسەتی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەكە

سیاسەتی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەكە

لەم پانێلەدا سیاسەتی ئەمەریکا لە عێراق، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری  ئەمەریکا بۆ ئێران و عێراق لە دیوانی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تاوتوێ کرا.

  • ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ عێراق و ئێران، وەزارەتی دەرەوە، ئەمەریکا.
  • کامەران پاڵانی، توێژەر لە ئینستیتیوتی مێری، (بەڕێوەبەری پانێل)

ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئایا ئەمەریکا وازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناوە؟ ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا جێگەی سەرنجی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکایە؟ ئەمانە پرسیاری سەرەتا بوون کە ئاراستەی تەیلەر کران، لە وەڵامدا ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا بە جیدی سەرقاڵە لە ناوچەکەدا و گوتی “ئیدارەی بایدن بە تایبەتی سەرنجی خستۆتە سەر هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چۆن هەڵبژاردنەکان لە لیبیا بەهێز دەکەین، و چۆن دەتوانین کێشەکان لە یەمەن چارەسەر بکەین و کاربکەین بۆ چارەسەرکردن ململانێکان”. تەیلەر باسی لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی ئەمەریکا کرد بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی حزورێكی بەهێزیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و پێیوابوو کە “رێککەوتنەکانی ئەبراهام و هەوڵەکانی بەرەوپێشبردنی ئاساییبوونەوە لە نێوان زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل بەشێکی سەرەکی بووە لەم کارە، بەڵام ئێمە [ئەمریکا] بە بەشداریی کارا دەمێنینەوە. ئێمە لەو هەوڵانەدا چڕین، و پێموایە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ئیسرائیل و هێرشەکەی سەر ئیسرائیل، بیرخستنەوەیەکی دیکەیە کە چەندە گرنگە ئەمەریکا بە کارایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێنێتەوە”.

هاوبەشیی ئەمەریکا و عێراق:

سەبارەت بە هاوبەشیی نێوان ئەمەریکا و عێراق، تەیلەر جەختی لە گرنگیی عێراقێکی بەهێز و خۆڕاگر کردەوە و رایگەیاند کە “ئەمەریکا بە چڕی سەرنجی لەسەر عێراق دەمێنێتەوە. عێراق بەڕاستی بەردی بناغەیە بۆ سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێمە پێمان وایە ئەم هاوبەشییە ستراتیژییە درێژخایەنە بەڕاستی گرینگە بۆ بەرژەوەندییەکانمان و بۆ بەرژەوەندییەکانی عێراقیش بە هەمان شێوە، بۆیە ئێمە بەڕاستی سەرنجمان لەسەر ئەوەیە كە چۆن لەسەر هاوبەشییە ئەمنیە بەهێزەكەمان بینا بكەین و چۆن بتوانین ئەم هاوبەشییە ٣٦٠ پلەیە بنیات بنێین کە هاوکاری زیاتر لەخۆدەگرێت لەسەر پرسە ئابوورییەکان، لەسەر پرسەکانی وزە، ئاڵوگۆڕی زیاتر لە نێوان گەلەکانمان. هەروەها پێموایە سەیرکردنی دەرفەتی نوێ بۆ هاوکاریکردن لەسەر ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە کەشوهەوا و ئاوەوە هەیە.”

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، تەیلەر تیشکی خستە سەر ئامانجە هاوبەشەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیران ئەلسوودانی، و وتی: “زۆر ئامانجی هاوبەش هەیە کە دەتوانین بەردەوام بین لە کارکردن لەسەریان. لەم دواییانەدا کۆبوونەوەیەکمان لە نێوان وەزیری دەرەوە و سەرۆک وەزیران ئەلسوودانی لە نیویۆرک، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجامدا و پێموایە بەڕاستی فراوانی پەیوەندییەکە و ئەو ڕێگایانەی نیشاندا کە دەتوانین تێیاندا لە هاوبەشیکردن لەگەڵ حکومەتەکەیدا بەردەوام بین. ئەلسوودانی بەڕاستی سەرنجی لەسەر هاندانی زیادکردنی وەبەرهێنان و پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لە نێوان هەردوو وڵاتەکەماندا بووە”. دواتر ئاماژەی بە گرنگی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرد، وەک یاسای بودجە و یاسای نەوت و وزە.

ئاستەنگە ناوخۆییەکانی عێراق: ئاوارەکان و گەنجان

سەبارەت بە توانای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەددایانەی کە رووبەڕووی چینە جیاوازەکانی دانیشتووان دەبنەوە، تەیلەر دانى بە گرنگی پشتگیریکردن لە ئێزدییەکان و ئاوارەکانى ناوخۆدا نا، کە گرنگی بە چارەسەری جێگیر و بژێوی نیشتەجێبوون دەدات لە عێراق. سەبارەت بە گەنجان، ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکار لەم دواییانەدا کرد کە تیایدا تیشکیان خستە سەر پرسە زەقەکانی عێراق، لەوانە سیستەمی چاودێری تەندروستی، پەروەردە، کەشوهەوا و ئاو لە عێراق. ئەو پێیوابوو حکومەتی عێراق پێویستە سەرنجی لەسەر گەنجەکانی بێت بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان، وتی “هەروەها گرنگە ئەمەریکا بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن دەتوانین بەردەوام بین لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ گەنجانی عێراق، …… بەشێک لە بەشداریکردنمان لەسەر کەرتی پەروەردەیی، ئێمە سەیری رێگاکان دەکەین کە بتوانین بەردەوام بین لە هێنانی گەنجان بۆ ئەمەریکا بۆ ئەوەی دەرفەتیان پێ بدەین کە بەڕاستی ئەمەریکا بناسن و شارەزای کولتوورەکەمان بن.”

پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق

لە وەڵامی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بینین و پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، تەیلەر پاڵپشتی بەهێزی ئەمریکای بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی خۆڕاگر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵی دووپاتکردەوە و بە ڕوونی رایگەیاند کە “ئێمە هێشتا لێرەین، ئێمە هێشتا گرنگی پێدەدەین و ئێمە هێشتا سەرقاڵین، و دەزانم تێڕوانینێک هەیە کە ئەمەریکا ئیتر گرنگی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادات، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا گرینگە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێمە، ئێمە هێشتا چالاکانە سەرقاڵین و بە کارایی دەمێنینەوە، ئێمە پێمان وایە تا زیاتر حکومەتی هەرێم و بەغدا بەردەوام بن لە کارکردن بەیەکەوە، ئەمە گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری زیاتر و چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە ئەمنییەکان”.

تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، هانی یەکڕیزیی لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستانی دا بۆ دانوستانی کاریگەر لەگەڵ بەغدا و جەختی لە هاوکارییە ئەمنییە بەردەوامەکان کردەوە، لەنێویاندا پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە. هەروەها جەختی لە پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا کردەوە سەبارەت بە داهاتووی ناوچە جێناکۆکەکان، هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەهێزکردنی هێزە ئەمنییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان تیشکی خرایە سەر.

گفتوگۆکە درێژەی كێشا بۆ ئەو تەحەددایانەی کە عێراق و هەرێمی كوردستان لە لایەن وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێرانەوە رووبەڕووی دەبنەوە. تەیلەر جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا بە سەروەری عێراق کردەوە و هانی پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئاڵۆزەکان.

چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی ناوچەیی

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا،تەیلەر پاڵپشتیی بەردەوامی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق دووپاتکردەوە و ووتی، هیچ لایەنگرێکی گەورەتر یان پشتیوانێکی باشتر لە ئەمەریکا ب بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق نییە و ئێمە هێشتا لێرەین و بە کارایی دەمێنینەوە، و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەردەوامبوونین لە هەوڵەکانمان بۆ فراوانکردنی هاوبەشیەکەمان”.

ئەمە پوختەی پانێڵەکەیە، تکایە تەواوی ڤیدیۆکە لە سەرەوە بدۆزەرەوە

ديداری مێری 2023

گەنگەشەی سیاسەتە دەستبەجێكانی عێراق

11-10 ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم

پانێڵی 10: سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەكە

ڤیدیۆی پانێڵ

Comments are closed.