Back

ریفۆرم لە سیستەمی دارایی عێراق: رۆڵی بانکی ناوەندی

ریفۆرم لە سیستەمی دارایی عێراق: رۆڵی بانکی ناوەندی

  • عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق
  • سینان مەحموود، رۆژنامەنووس (دوێنەر)

لە یەکێک لە دانیشتنە سەرەکییەکانی دیداری مێری ٢٠٢٤ کە بە ناونیشانی “چاکسازی لە سیستەمی دارایی عێراق و ڕۆڵی بانکی ناوەندی”،بوو،  تیشک خرایە سەر داهاتووی دارایی عێراق و چاکسازییە پێکهاتەییەکانی کە لە ئارادایە. لە دانیشتنەکەدا عەلی ئەلعەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە گفتوگۆیەکی تایبەت و جەوهەریدا بە دواندنی ڕۆژنامەنووس سەنان مەحمود، بەشدار بوو. گفتوگۆکە تێڕوانینێکی گشتگیری لەبارەی تەحەددیات و بەربەست و داهاتوی سیاسەتی دراوی عێراق و سەقامگیری دارایی و بەمۆدێرنکردن وبەدامەزراوەیی سیستەمەکە، پێشکەش کرد. بەمەش، پانێڵەکە نەک تەنها ڕۆشنایی خستە سەر چاکسازییە تەکنیکییەکان بەڵکو ئاوڕێکی دایەوە سەر فەلسەفەی پەرەسەندنی حوکمڕانی ئابووری لە دەوڵەتێکدا کە لە مێژە و وابەستەیی داهاتی نەوت و لاوازی بیرۆکراتیەویە.

دوێنەری  پانێڵ بە بە گرنگی ڕەمزی و پراکتیکی دیداری مێری دەستی پێکرد، کە تێیدا بەرپرسانی باڵا بانگهێشت دەکرێن بۆ پێشکەشکردنی روانگە و ڕوونکردنەوە سەبارەت  بە سیاسیەت و ستراتیژی وڵات و چەندین دۆزی گرنگ لە دۆخێکی کراوەدا. پاشان، ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەو چاوەڕوانییە زۆرانەی کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ هاتنە ئاراوە لە دوای دەرچوونی عێراق لە دەیان ساڵ سزا و شەڕ و حکورانی خراپەوە. لەو کاتەوە  هیوایەکی بەرفراوان هەبوو کە بانکی ناوەندی و دامەزراوە داراییەکانی عێراق سەرکردایەتی گۆڕانکارییەک بکەن- گۆڕانکارییەک کە ڕەگ و ڕیشەی لە یاساکانی بانکی مۆدێرن، سەربەخۆیی دامەزراوەکان و هاوتەریبوون لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکاندا، کوتا بێت. بەڵام لەگەڵ تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی، وردە وردە ئەو هیوایانە سست بوون و پلانەکانی گەشەپێدانی ئابووری دواخران وکەرتی تایبەت بەکی کەوت و و پشتبەستنی دەوڵەت بە نەوت چەسپا.

لەم نێوەندەدا، ڕوڵی بانکی ناوەندی عێراقی  بەرتەسک بووەوە، تاڕادەیەکی زۆر لە چاوی گشتیدا تەنها کارەکانی لە مامەڵەی ڕۆژانەی دراوی بیانی قەتیس بووە، هەڵبەتە ئەم مامەڵەیەش  میکانیزمێکە کە بووەتە جێی مشتومڕی زۆر بەهۆی نەبوونی شەفافیەتەوە. بەڵام لەوەتەی محەمەد شیعە ئەلسودانی سەرۆکوەزیران لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا هاتۆتە سەر دەسەڵات، هەڵمەتێکی نوێی چاکسازی سەریهەڵداوە، کە لە پێشینەی کارەکانی چاکسازی دارایی و ئابووریدایەم بە وتەی دوێنەری پانێڵ. لەم چوارچێوەیەدا، بانکی ناوەندی ڕۆڵێکی سەرەکی لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ئابووریی و متمانەی دامەزراوەیی کردۆتە ئەستۆ.

هەڵستانەوە لە قەیران: دەستکەوتەکان و بنەما دامەزراوەییەکان

عەلی ئەلعەلاق، پارێزگار ی بانکی ناوەندی عێراق، وتەکانی دەستپێکرد بە هۆشداریدان لە بچووککردنەوەی ڕۆڵی بانکی ناوەندی بە ئیدارەدانی ئاڵ و گۆڕی دراو. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی بەردێکی بناغەی سەقامگیری دارایی و ئابووری عێراقە و تەنها سیاسەتی دراوی لە ئەستۆ ناگرێت، بەڵکو پەرەپێدانی ژێرخانی دارایی فراوانتری پێسپێردراوە. ناوبراو بەئاماژەدان بۆ مەودای کارە دامەزراوەییەکانی بانکی ناوەندی لە قۆناغی دوای ٢٠٠٣ەوە دەستی پێ کرد و وتی کە یەدەگی دراوی بیانی عێراق لەو کاتەدا تەنها ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، کە زۆرینەی لە ڕۆژانی کۆتایی پێش ڕووخانی بەغدا لەلایەن بەرپرسانی ڕژێمی بەعسەوە دەستی بەسەردا گیرابوو. هەربۆیە  بەبوونی  کەمێک زیاتر لە ٤ ترلیۆن دیناری عێراقی لە بازاڕی عێراقد، دراوی عێراق لەرزۆک بوو و بە شێوەیەکی مەترسیدار بەر شۆکی هەڵاوسان بوو.

لە بەرامبەردا، دیمەنی دراوی ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە. ئەلعەلاق وتی، ئێستا عێراق زیاتر لە 100 ترلیۆن دیناری لە کاردایە و یەدەگی دراوی بیانی زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە. ناوبراو جەختی لەسەر گرنگی ئەم گۆڕانکارییە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هەڵاوسان- کە لەڕابروودا خۆی لە سێ ژمارەدا بوو- ئێستا  تەنها 3.8%، ئەمەش ژمارەیەکە کە لە ئاستی جیهانیدا بە تەندروست دادەنرێت. پاشان ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی ڕووماڵکردنی یەدەگی ئێستا کە 140%یە بە بەراورد بە دراوی دەرچوو- زۆر لە سەرووی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوەیە، ئەمەش بەڵگەیەک بۆ چوارچێوەیەکی دراوی جێگیر و ئاستێکی باش لە بەڕێوەبەردرندا.

بەڵام فراوانبوونی بنکەی دراو تەحەدای بەردەوامی لێکەوتەوە. بەڕێوەبردنی زیادبوونی ڕێژەیی پارە بەبێ دەستپێکردنی هەڵاوسان پێویستی بە دەستێوەردانی بەئەنقەست و ڕێکخراو هەبووە. بە بڕوای ئەلعەلاق بەرپرسیارێتی سەرەکی بانکی ناوەندی عێراق پاراستنی توانای کڕینە چونکە زۆری و کەمی سیولە شێواندن دەبێتە هۆی دروستبوونی شێواندنی گەورە لە بازاردا. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە سەرکەوتنی بانکی ناوەندی عێراق لە توانای ڕاکردنی بالانسە لە نێوان زۆری و کەمی سیولە.

بەدیجیتاڵکردن،  چاکسازی و  و مۆدێرنکردنی دامەزراوەکان

پارێزگاری بانکی ناوەندی سێ ڕەهەندی سەرەکی لە کارنامەی چاکسازی ئێستای بانکەکە خستە ڕوو: سەقامگیری دراو، مۆدێرنکردنی کەرتەکان و چاکسازی دامەزراوەکان. بوارێکی سەرەکی پێشکەوتن بریتی بووە لە چوون بەرەو سیستەمی پارەدانی دیجیتاڵی. بانکی ناوەندی مۆڵەتی بە ١٦ کۆمپانیای پارەدانی ئەلیکترۆنی داوە، پشتگیری لە پەرەپێدانی جزدانی دیجیتاڵی کردووە، هەروەها ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی کۆمپانیایەکی نیشتمانی پارەدان کە ژێرخانی مامەڵە ئەلیکترۆنییەکانی وڵاتەکە بەڕێوەببات. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا بانکی ناوەندی مۆڵەت بە یەکەم بانکی تەواو دیجیتاڵی لە عێراق دەدات، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە بەرەو سیستەمێکی بانکی مۆدێرنتر و گشتگیر.

بەڵام گواستنەوەی دیجیتاڵی تەنها یەک پایەی سیەتەمی مۆدیرنە. هەربۆیە ئەلعەلاق دوو پلانی چاکسازی دیکەی باسکرد کە ئامانجیان چاککردنەوەی سەرتاسەری هەردوو بانکە حکومی و ئەهلیەکانە.  هەر لەم چوارچێوەیەدا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی ڕاوێژکاری لە ئارادایە و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا جێبەجێکردنی ئەم پلانانە دەست پێبکات. هەڵبەتە چاکسازییەکان لە بوارەکانی حوکمڕانی، شەفافیەت، گونجاوی سەرمایە و داڕشتنەوەی مۆدێلەکانی خاوەندارێتی،  دەکرێن بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

ڕەنگە لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر  ئاراستەی عێراق بێت بەرەو بانکی ناوەندی گەشەپێدان. هاوتەریب لەگەڵ ڕەوتی گەشەسەندنی جیهانی، ئێستا بانکی ناوەندی عێراقی سەرقاڵی هاندانی ئابووری ڕاستەوخۆیە. لە ڕێگەی بەرنامەکانی قەرزدانی پاڵپشتیکراوەوە، بانکی ناوەندی زیاتر لە ١٣ تریلیۆن دیناری وەک قەرز داوە، بە پلەی یەکەم لە بواری نیشتەجێبوون و بیناسازی و وەبەرهێنانی پیشەسازیدا. جگە لەوەش، بانکی عێراق لەسەر وبەندی دامەزراندنی بانکی گەشەپێدانی نوێ- مەسرەف ئەلریادەیە کە تایبەتمەندە بە دابینکردنی دارایی بۆ کارگە بچووک و زۆر بچوکەکان. ئەلعەلاق ئەم هەنگاوەی بە گرنگ وەسف کرد وتی بوژانەوەی ئابووری و درووستکردنی هەلی کار لە عێراقدا بەندە بە بەهێزکردنی خاوەنکارە ناوخۆییەکان و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی گەشەکردن.

گونجاندنی سیاسەتی دراو: ڕێژەی سوود و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان

لەمیانی قسەکانی سەبارەت بە سیاسەتی دراو، پارێزگار ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی بڕیاری ئەم دواییەی دابەزاندنی ڕێژەی سوودی بنەڕەتی بانکی ناوەندی عێراقەوە  لە 7.5% بۆ 5.5% خستەڕوو. ئەم هەنگاوە بەهۆی پێویستی گونجاندنی دراو بوە بەرامبەر ئاستی بەرزی هەڵاوساندا. لە ساڵی ٢٠٢٣، عێراق بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی بەخۆیەوە بینی بۆ ٧.٥%، کە بەشێکی بەهۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنە لە دابینکردنی پارە بوو- لە ٤٦ تریلیۆن دینارەوە لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ زیاتر لە ١٠٠ تریلیۆن تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢. ئێستا کە هەڵاوسان پاشەکشەی کردووە و گەشەکردن وەک ئەولەویەتە ماوەتەوە، بانکی ناوەندی بە گونجاوی زانی ڕێژەکان کەم بکرێتەوە، ئەمەش تێچووی سەرمایە کەم دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا بنکەی دراویش دەپارێزێت.

ئەلعەلاق جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی ڕێژەی سوود دینامیکییە و لە ژێر ڕۆشنایی ئاماژەکانی هەڵاوساندا بەردەوام پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. وەک بانکە ناوەندییەکان لە سەرانسەری جیهان، بانکی ناوەندی عێراق پابەند نابێت بە خشتەی جێگیر و بەڵکو ئامرازەکان بەشێوەێکی کاردانەوە ڕێکدەخات. ئەو دووپاتیکردەوە کە لە کاتێکدا زۆرجار نرخەکانی ئاڵوگۆڕ سەرنجی خەڵک ڕادەکێشن، بەڵام ئەوە لە ڕاستیدا بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵاوسانە کە ڕەنگدانەوەی ئەدای بانکی ناوەندی و کاریگەرییەکانی لەسەر خۆشگوزەرانی ماڵەکانە.

مەترسییە داراییەکان، قەرزی گشتی، و ستراتیژی بودجە

لە وەڵامی پرسیارەکاندا سەبارەت بە قەرزی گشتی، پارێزگار دانی بەوەدانا کە قەرزی ناوخۆیی ئێستا ٧٠ تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و دەکرێت تا کۆتایی ساڵ بگاتە ٨٠ تریلیۆن. ئەو هۆشداریدا لەوەی کە ئەم ڕێڕەوە جێگیر نییە بەبۆنەی ناهاوسەنگی پێکهاتەیی لە دارایی گشتی عێراقدا- بەتایبەتی کورتهێنانە درێژخایەنەکان کە بەهۆی خەرجییەکان دروستبوە بەتایبەتی خەرجییەکانی کەرتی گشتی کە ناهاوسەنگە لەگەڵ داهاتە نا نەوتییەکان.

ئەلعەلاق داوای گۆڕینی ڕوانگەکان کرد لە گرنگیدان بە بەڕێوەبردنی دەرئەنجامەکان (واتە ئاستی قەرزەکان) بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکان وەکو ناتەبایی بەردەوامی نێوان داهات و خەرجییەکان، کەمی باج و لاوازی بودجە، و ناجێگیری نرخی نەوت. بەبێ فراوانبوونی بنکەی بەرهەمهێنانی عێراق- بەتایبەتی لە کشتوکاڵ، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان- فەزای دارایی بەردەوام دەبێت لە بچووکبوونەوە و وەبەرهێنان وەک یەکەم قوربانی دەمێنێتەوە لە کاتی دابەزینی ئاستی ئابووریدا. ئەلعەلاق جەختی لە پێویستی سیستەمێکی داهاتی مۆدێرن و کۆنترۆڵی توندتری خەرجییەکان و پلاندانانی دارایی مامناوەند کردەوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگیانە.

لەم چوارچێوەیەدا،ئەلعەلاق پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵەی فیدراڵی وەک هەنگاوێکی سەقامگیرکەری لەقەڵەمدا. لە کاتێکدا دواکەوتنی جێبەجێکردنی ئەم بودجەیە کاریگەری لەسەر متمانە دروستکردوە، ئەم بودجە چەند ساڵیە ڕێگە بە باشترکردنی پلاندانانی خەرجییەکان و بەردەوامی زیاتری سیاسەت دەدات. بەڵام سەرکەوتنی ئەو جۆرە بودجەیە بەندە بە وردی داتا بنەڕەتییەکان- بەتایبەتی ئاراستەی دارایی، پابەندبوون و خەمڵاندنی نرخی نەوت. ئەلعەلاق پێویستی بە سیستەمێکی داتای دارایی مۆدێرن دووپاتکردەوە، کە توانای پشتگیریکردنی پێشبینی باوەڕپێکراو و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی هەبێت.

چاکسازی لە ئاڵوگۆڕی دراو و لەکارخستنی پلاتفۆرمەکە

پانێڵەکە بە پرسیارێک سەبارەت بە پلانی کۆتایی هێنانی پلاتفۆرمی دراوی بانکی ناوەندی عێراق ، کە لە مێژە ڕۆڵێکی سەرەکی لە فرۆشتنی دراوی بیانیدا هەبووە. ئەلعەلاق بە دڵنیاییەوە وەڵامی دایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پلانەکە لە ئێستاوە بە ڕێژەی ٩٥% تەواو بووە. ئێستا بانکە عێراقییەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی پەیوەندیداریان لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکان دامەزراندووە، ئەمەش جێگەی پێویستی میکانیزمی ئۆکشنی ناوەندی گرتووە. ئەو ئەمەی بە بڕگەیەکی گرنگی بەمۆدێرنکردن وەسف کرد- ئەمەش لە کۆتاییدا کارەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی خێراتر و شەفافتر دەکات و ئاستەکەشی بە و بۆ ستانداردە جیهانییەکانەوە دەبەستێت.

ئەنجام و ئاسۆی داهاتوو

ئەم پانێڵە دەرفەتێکی دەگمەن و تۆکمە و قووڵی پێشکەش کرد سەبارەت بە حوکمڕانی دارایی عێراق. وتەکانی پارێزگار عەلی ئەلعەلاق جەختی لەسەر گەشەسەندنی پێگەیشتنی دامەزراوەیی بانکی ناوەندی و ڕۆڵی ستراتیژی زیاتری لە پلاندانانی ئابووری نیشتمانیدا کردەوە. لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و گۆڕینی دیجیتاڵییەوە تا داڕشتنەوەی بانکی و قەرزدانی گەشەپێدان، بانکی ناوەندی خۆی وەک ڕۆلێکی سەرەکی لە هاوسەنگکردنەوەی ئابووری عێراق دەگێڕێت لە هەمان کاتدا، لاوازییە پێکهاتەییەکان زۆر و بەردەوامن. لاوازی داهاتی نانەوت و زۆری خەرجییەکان و پشتبەستن بە نەوت بەردەوامە لە سنوردارکردنی  پرۆسەی چاکسازی. بەڵام دیبەیتەکە ڕوونی کردەوە کە هەوڵی جددی لە ئارادایە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی حکومڕانی دارایی لە عێراق. بە وتەی ئەلعەلاق و لەو سیاسەتانەی کە باسی دەکات، پەیامێکی بەردەوام دەردەکەوت: سەقامگیری دەبێت لەسەر دامەزراوە تۆکمەکان بنیات بنرێت و چاکسازیش دەبێت دروشمەکان  تێپەڕێنێت و پەل بکێشێت بەرەوە گۆڕانکاری سیستماتیکی و پشت بەستوو بە داتا.

دیداری مێری 2024

ریفۆرم لە سیستەمی دارایی عێراق: رۆڵی بانکی ناوەندی

پانێڵی دوازدەم

30 ئۆكتۆبەری 2024

Comments are closed.