Back

تۆكمەكردنی ئاسایشی كیمیایی لە هەرێمی كوردستان

لە هەرێمی كوردستاندا، كەرەستە کیمیایی زۆر هەن كە بە بەرفراوانی و بە مەبەستی سیڤیل (غەیرە سەربازیی) بەکاردەهێنرێن. هەر ئەو كەرەستانەش لە رابوردوودا لە لایەن ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە كراونەتە چەكی كوشندە و بەكارهێندراون. هەرێمی كوردستان پێویستی بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە هەیە بۆ ئەوەی خۆی لە هەڕەشە و ئەگەری ڕوودانی هەر دەستدرێژیەكی کیمیایی بپارێزێ، کە رەنگە ببنە هۆكاری کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی گەورە. ئەم ڕاپۆرتە دەرهاویشتەی وۆرکشۆپێکی ئینستیتیوتی مێریە كە تایبەت بە ئاسایشی کیمیایی و پاراستنی هەرێم رێكخرا و تێیدا گرنگترین ئاستەنگ و پێشنیازی پۆڵەسی خرانە ڕوو.

خەڵکی کوردستان بە هێرشی کیمیایی نامۆ نین. ترسناکترین و کوشندەترین هێرشی کیمیایی لە مێژووی مرۆڤایتیدا دژی شاری هەڵبەجە لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجامدرا. لەو هێرشەی رژێمی بەعسدا، پێنج هەزار خەڵکی سیڤیل گیانیان لەدەستدا و دوو ئەوەندەش بریندار بوون. ئەو ماددە کیمیایانەی کە لە لایەن رژیمی بەعسەوە بەکارهێنران بریتی بوون لە گازی خەردەل و گازگەلی دەمار – وەکو ڤیئێکس و سارین و تابون.

تیرۆریزمی کیمیایی

لە سەردەمی زانیاری و تەكنۆلۆژی ئیمڕۆدا، دروستکردن و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن گروپە تێرۆریستەكانەوە کارێکی قورس نیە، و دەستكەوتنی كەرەستە سەرەتاییەكانی چەکی کیمیاییش ئاسانە، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی كە سیستەمی حوكمڕانی تێیاندا لاوازە، یان لە ڕووی سیاسی و ئاسایشەوە ناسەقامگیرن وەیان لە حالەتی شەڕدان.

بەڵگەی زۆر لە بەردەستدانە و دەیسەلمێنن كە داعش، و پێش ئەویش ڕێکخراوی ئەلقاعیدە، ماددە کیمیایەکانیان وەکو کەرەستەی شەڕ بەکارهێناوە. ئەلقاعیدە لە ساڵی ٢٠٠٧ ماددەی کلۆر (کە بۆ خاوێنکردنەوەی ئاوی خواردنەوە سوودی هەیە) وەکو چەکێکی کیمیایی دژی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەنبار بەکارهێناوە. هەروەها داعش لە دوای ٢٠١٤ەوە كەلوپەلی چەکی کیمایی لە پرۆژەی ئەلموثەننا (المثنی) ی نزیک شاری سامەرا بردووە و لە کارە تیرۆریستیەکانی بەکاریهێناوە. موثەننا كارگەیەكی بە ڕووبەر سەد كیلۆمەتر دووجایە، کە لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق شوێنی دروستکردنی چەکی کیمایی بوو. هاوکات داعش هۆڵێکی زانکۆی موسڵی کردبووە کارگەیەک بۆ دروستکردنی چەکی کیمایی. لەم کارەدا داعش ئەو کەرەستە کیمیاییانەی بەکاردەهێنا کە لە بازاڕدا بەئاسانی دەستدەکەون. هەروەها داعش سوودی لە ئەزموون و شارەزایی چەند زانایەکی رژێمی پێشووی عێراق وەرگرت کە زانیاریان لەبارەی چۆنیەتی دروستکردنی چەکی کیماییەوە هەبوو.

دوابەدوای ئەو هەنگاوانە، داعش توانی ماددەی کلۆر لە هێرشێکی کیمیایی لە شارۆچکەیەکی بچووکی باكوری بەغدا بەکاربهێنێ. هەروەها زنجیرەیەک هێرشی کیمیاییشی دژی هێزەکانی پێشمەرگە لە رۆژی ٢٠١٥/٨/١١دا ئەنجامدا. لەو رۆژە بەدواوە داعش ٧٦ هێرشی کیمیایی جۆراوجۆری لە شەڕەكانیدا ئەنجامداوە. نەتەوە یەکگرتووەکان بەبەڵگەوە دەریخست کە داعش لە پاڵ کلۆر، گازی خەردەلی وەکو تاقیکردنەوە لەسەر دیلەکانی ژێر دەستی بەکارهێناوە. تەنانەت، داعش ماددەی ثالیۆم -دەرمانی مشک كوشتن – یشی وەکو چەکی کیمیایی لە کردە تیرۆریستیەکانیدا بەکارهێناوە.

ئاستەنگەکانی بەردەم ئاسایشی کیمایی

توانای داعش بۆ بەکارهێنانی ماددەی کیمیای بۆ مەبەستی تیرۆریستی، گرنگی ئاسایشی کیمایی بۆ کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەردەخات. ئەو کەرەستانەی کە داعش بۆ دروستکردنی چەکی کیمیایی بەکاریهێنان، بەشێوەیەکی بەرفراوان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پزیشكیی و چەند بوارێکی سیڤیلی دیکە بەکاردەهێنرێن. بۆ نموونە، بەهۆی زیادبوونی چالاکی کشتوکاڵی لەماوەی ڕابووردوودا بەکارهێنانی کەرەستەی وەکو پەین و ژەهرە قڕکەرەکان زۆرتربوون. هەروەها زیادبوونی تاقیگە و نەخۆشخانەکان وایان کردووە کە ئەو ماددە کیمیاییانەی لەبواری پشکنینی نەخۆشیدا بەکاردەهێنرێن زیادبکەن. ئەمانە هەمووی وایانکردووە کە مەترسی لەسەر ئاسایشی کیمیایی لە هەرێمی کوردستاندا دروستببێ، چونكە ئەگەر ئەو ماددە کیمیاییانە بەشێوەیەکی سەلامەت هەڵنەگیردرێن و بە زانستیانە بەکارنەهێنرێن ئەوا دەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی.

سەرباری ئەو مەترسیە ئاشکرا و گەورانەی سەرەوە، هێشتا کێشەی گەورە لە بواری ئاسایشی کیمیایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە. ئەو داتا سەرەتاییانەی کە لەبەردەستدانە و دەرەنجامی یەكێك لە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەكانی تاقیگەکانی هەرێمی دەریانخستووە کە کێشەیەکی زۆر لە ئارادایە لەبواری ئاسایشی کیمایی و مامەڵەکردن بەو ماددانەی کە دەکرێ دەست گروپە تیرۆریستەکان بکەون وەکو چەکی کیمیایی بەکاربهێنرن.

بۆ هەڵسەنگاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە، ئینستیتیوی مێری بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی سی ئار دی ئێفی نێودەوڵەتی وەرکشۆپێکی ئەنجامدا. وەرکشۆپەکە ماوەی ٣ رۆژی خایاند لە نێوان ١ بۆ ٣ مانگی چواری ٢٠١٩دا بەڕێوەچوو. ٣٥ بەشداربوو ئامادەی وەرکشۆپەکە بوون. بەشداربووان نوێنەرایەتی دابەشکاری ئەو مادە کیمیایانەیان دەکرد کە ئەگەری هەیە بۆ مەبەستی خراپ بەکاربهێنرێن لە لایەن گروپە تیرۆریستەکانەوە. دوو شارەزای نێودەوڵەتی کە لەلایەن دوو ڕاهێنەری ناوخۆیەوە هاوکاری دەکران، وانەکانیان دەوتەوە. وەرکشۆپەکە چەند ئاستەنگ و نوقستانیەکی لە بواری ئاسایشی کیمیایی لە هەرێمی کوردستاندا ئاشکرا کرد کە پێویستە بەپەلە کاریان لەسەر بکرێ.

زانیاری و هۆشیاری

شاراوە نیە كە زۆربەی بڕیار بەدەستانی حکومەت و بەکارهێنەرانی ماددە کیمیاییەکان زانیاریان لەسەر ئەگەرەکانی بەکارهاتنی ئەو ماددانە، لەلایەن هێزی تیرۆریستانەوە، لە ئاستی خوازراودا نیە. هەروەها حکومەت و بەکاربەران ڕێنمایی تەواویان بۆ چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی ماددە کیمیاییەکان لەبەردەستدا نیە بەجۆرێک كە ئەو ماددانە نەبنە مەترسی بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان. هاوکات، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش، کە بەئەرکی پاراستنی گیان و ئاسایشی هاوڵاتیان سپێردراون، زانیاری و هۆشیاریەکی ئەوتۆیان لەسەر بابەتی ئاسایشی کیمیایی نیە. بۆیە زۆر گرنگە کە کەمپینی هۆشیارکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو پیشەمەندانەی هەرێم ئەنجامبدرێ.

چاودێری

لە وۆرکشۆپەکەی مێری، چەندین جۆرە لاوازی و کەموکورتی تایبەت بەکاری حکومەت تاوتوێكران.  لەوانە: لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسا و ڕێسا و ڕێنمایی تێروتەسەلی پەیوەست بە ئاسایشی کیمیایی لەخۆ نەگرتووە. بازاڕی مامەڵەکردن بە ماددە کیمیاییەکان لەفراوانبووندایە بەڵام توانای حکومەت بۆ ڕێکخستنی بوارەکە هێشتا لاوازە. لە خاڵە سنوریەکاندا هەموو ئەو ماددەانەی هاوردەی کوردستان دەكرێن پشکنینیان بۆ ناکرێ. جێگا و ڕێگای تایبەت بە پاراستن و گواستنەوەی ماددە کیمیاییەکان ناگیرێتە بەر. هەروەها لەناوبردنی پاشماوەکانی بەکارهێنانی کەرەستەی کیمیایی بە دروستی و شێوەیەکی زانستی ئەنجام نادرێ.

لە ئێستادا، لە هەرێمی کوردستان کەرەستەی کیمیایی یاساغکراو هەن كە لە بازاڕدا بازرگانیان پێوە دەکرێ. خۆشبەختانە بەم دوایانە حکومەتی هەرێم لیژنەیەکی لە نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاسایش و حکومەتی خۆجێیی و چەند لایەنێکی دیکە پێکهێنا. لیژنەکە سەردانی بازاڕەکان دەکات و ڕاپۆرت لەسەر کاری نایاسایی تایبەت بە ئاسایشی کیمیایەوە ئامادە دەکات. بەڵام بەهۆی کەمی توانای دارایی و كارگێڕیانەوە، لیژنەکە نەیتوانیوە وەکو پێویست بە ئەرکەکانی خۆی هەڵبسێت. هەروەها بەهۆی نەبوونی سیستمێکی تۆکمەی چاودێری لەلایەن دەزگا بالاکانی تری حکومەتەوە، جاری وا هەیە لیژنەکانی چاودێری چاوپۆشی لەهەندێ کاری نایاسایی بەشێک لە کۆمپانیاکان دەکەن.

هەماهەنگی و هاوکاری

بەشداربووانی وۆركشۆپەكە ئاماژەیان بە لاوازی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لەبارەی ئاسایشی کیمیاییەوە کرد. هەروەها ئامادەبووان پێیان وابوو کە لە نێو دەزگایەکی دیاریکراویشدا لاوازی هەماهەنگی و هاوکاری هەیە. ئەم کێشەیە وەکو ئاستەنگێکی سەرەکی پێشەوەچوونی ئاسایشی کیمیایی لە هەرێمی کوردستاندا دەستنیشانکرا. لە هەموو ئەوانە مەترسیدار، هیچ جۆرە پەیوەندی و هەماهەنگیەک لەنێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان بەدی ناکرێت. ئامادەبووان پێیانوابوو کە حکومەتی عێراق شارەزایی و ئەزموونی باشتری هەیە لە بواری ئاسایشی کیمیایی و لە ماوەی ڕابووردوودا لیستێکی لەو ماددانە بڵاوکردنەوە کە مەترسی بەکارهێنانیان لە لایەن گروپە تیرۆریستیەکانەوە بۆ مەبەستی خراپ لێ دەكرێ. لەڕاستیدا یەکێک لەو میوانانەی کە لە بەغداوە هاتبوون پێیان وابوو کە حکومەتی عێراق رێكاری لە رادەبەدەر توندی گرتووەتە بەر، بە جۆرێک کە کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر بازرگانی و جوڵەی بازاڕ.

یەکێک لەو کەموکورتیانەی دیکە کە لە هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێ، نەبوونی ڕێکخراوی مەدەنی تایبەتە بە ئاسایشی کیمیاییەوە. لە ناوەڕاست و باشوری عێراقدا، کۆمەڵەیەکی تایبەت بە دابەشکاری ماددە کیمیاییەکان دامەزراوە. ئەم کۆمەڵەیە تاوەکو ئێستا کاری زۆر باشی لە بوارەکەدا کردووە و هاوکار بووە بۆ دروستکردنی دایەلۆگ و هەماهەنگی لە نێوان خاوەن بەرژەوەندییە جیاجیاکانی ئەم بوارە.

بژاردەکان

پێویستە بڕیاربەدەستدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەرووی  مەترسیەکانی تیرۆریزمی کیمیایی ببنەوە، ئەویش بە گرتنەبەری میکانیزمی تایبەت بە ڕێگرتن لەو کەس و ڕێکخراوانەی کە دەیانەوێ ماددە کیمیاییەکان بۆ مەبەستی تیرۆریستی بەکاربهێنن. لە ژێر رۆشنایی ئەو وۆرکشۆپەی کە لە لایەن مێری و بەهاوکاری ڕێکخراوی (سی ئار دی ئێف) ئەنجامدرا ئەم بژاردانەی خوارەوە پێشنیارکران

آ- ستراتیژ 

پتەوکردنی ئاسایشی کیمیایی لە هەرێمی کوردستاندا کارێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان هەیە. ئەم بوارە پێویستی بە ستراتیژێکی تۆکمە هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاسایشی کیمیایی. ئەم ستراتیژە دەکرێ لە یاسا و ڕێسا و میکانیزمی کارکردن ڕەنگ بداتەوە.

ب- بەشداری خاوەن بەرژەوەندییەکان

بەشداریپێکردنی لایەنە جیاکانی حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی و پەرلەمان زۆر گرنگە بۆ کارکردن لەسەر سیاسەتەکانی حکومەت و بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی کیمیایی لە هەرێمی کوردستاندا. پێویستە کار لەگەڵ سەرجەم لایەنە خاوەن بەرژەوەندیەكان بکرێ بۆ ئەوەی گرنگی بە لایەنەکانی هاوردە و گواستنەوە و بەکارهێنان و لەناوبردنی پاشمەوەی ماددە کیمیاییەكان بدرێ. ئامانجی باڵای ئەم کارانە پێویستە پاراستنی هاوڵاتیان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بێ لە زیانی ماددە کیمیاییەكان.

ج- داکۆکی

پێویستە داکۆکی لە ئاسایشی کیمیایی بکرێ، ئەویش لەڕێی ئەنجامدانی کەمپینی میدیایی و سیمیناری هۆشیارکردنەوە، بڵاوکردنەوەی داتا و توێژینەوە، ڕاپرسی…هتد. پێویستە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان کاری هەرە لە پێشینەی هەر چالاکییەکی تایبەت بە ئاسایشی کیمیایەوە بێ. گرنگە سەرجەم خاوەن بەرژەوەندییەکانی ئەم بوارە لە ستانداردە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە ئاسایشی کیمیایەوە ئاگاداربکرێنەوە. هەروەها پێویستە دەزگای تایبەتی چاودێری دروستبکرێ بۆ ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ماددە کیمیایانەی کە ئەگەری خراپ بەکارهێنانیان لەسەرە.

هەروەها پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندی ستانداردە نێودەوڵەتیەکانی بەكارهێنانی ماددە قڕکەرەکان ببن و هانبدرێن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانیان لەڕێی پەنابردن بۆ ڕێگای تری لەناوبردنی زیندەوەران. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی هەماهەنگی و هاوکاری بدا لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی بۆ پەرەپێدانی ئاسایشی کیمیایی لەهەرێمی کوردستاندا.

بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە بە گرنگیەوە پێشنیاری ئەوەیان کرد کە پێویستە لە هەرێمی کوردستاندا، هاوشێوەی عێراق، کۆمەڵەیەکی تایبەت بە دابەشکارەکانی ماددەی کیمیایی دروستبکرێ.

د- پەرەپێدانی ژێرخان

 لە هەرێمی کوردستاندا، پێداویستیەکی بەپەلە هەیە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی تایبەت بە بواری ئاسایشی کیمیایی. بۆ نموونە پێویستە تاقیگەی تایبەت بە پشکنین و مۆڵەتدان بە ماددە کیمیاییە جیاجیاکان هەبێ. هەروەها پێویستە دەزگای تایبەت لە خاڵە سنوریەکان دابمەزرێ بۆ خێراکردنی پشنکنین و ڕێگەدان بە هاتنە ژوورەوەی ماددە کیمیایەکان.

هەروەها پێویستە داتابەیسێکی تایبەت هەبێ بۆ چاودێریکردنی ماددە کیمیاییە جۆراوجۆرەکان بۆ مسۆگەركردنی بەکارنەهێنانیان بۆ مەبەستی تیرۆریستی.

کرتە بکە بۆ دابەزاندنی سەرنجی سیاسی بە شێوەی PDF.

بۆ دەسخستنی سەرچاوەکان کلیک لیرە بکە.

Comments are closed.