ئەکتەرە هەرێمییەکان لە دەورودراوسێی عێراق: داماڵینی رووپۆشی ئەمنی و خاوكردنەوەی گرژیەكان
- ئەلبروس كوتراشیڤ، باڵوێزی روسیا لە عێراق
- كەیهان بەرزێگار، زانكۆی ئازاد، لقی توێژینەوە و زانست، تەهران
- لەهیب هیگل، ئینتەرناشنال كرایسیس گروپ (سەرپەرشت)
لەم پانێڵەی دیداری مێری 2022 دا، ڕۆڵی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ڕوسیا و ئێران، لە دەو ر دراوسێی عێراقدا تاوتوێ کرا، بە جەختکردنەوە لەسەر داماڵینی سیمای ئەمنی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەودیوی سنوورەکان (کرتە لێرە بکە بۆ ڤیدیۆی پانێلەكە بە تەواوی). عێراق و دراوسێکانی و زلهێزە ناوچەییەکانی دیکە لە مێژە خەریکی ململانێ و شەڕی ناوخۆیی بوون. هاوکات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە گشتی، هەروا لەبەرامبەر کاریگەرییەکانی ڕکابەرییە بەردەوامەکانی نێوان زلهێزە گەورەکانی جیهاندا، ئامادەیە. لەهیب هیگڵ، توێژەر لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، پانێلەكەی بەڕێوەبرد و داوای لە هەر وتاردەرێک کرد سیاسەتەکانی وڵاتەکەی خۆی لە ناوچەکە و لە عێراقدا بخاتە ڕوو. هیگڵ سەرەتا ڕووی لە باڵیۆز ئێلبروس کوتراشێڤ کرد، و پرسیاری لەبارەی لوتکەی ئەم دواییە کرد کە لە سەرەتای ساڵدا لە تاران لە نێوان سەرۆک پوتین و ڕەئیسی و ئەردۆغان کۆکرایەوە، کە لە مەڕ ئەو گرژییانەی کە هەن، بە تایبەت لە سوریا و ئۆکرانیا هاتە ئاراوە.
باڵیۆز کوتراشێڤ جەختی لەوە کردەوە کە لوتکەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر سوریا بووە. لە چوارچێوەی پلاتفۆرمی ئاستانەدا هاتووە “بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی کە چۆن دەتوانین هاوکاری بکەین لە پێناو باشترکردنی دۆخی ئاڵۆزی سوریا… چوارچێوەیەک نەبوو بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەسەر سوریا”. کوتراشێڤ جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژاڤا و دیمەشق پێویستیان بە دانیشتن و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک هەیە بۆ هاوکاری و سەقامگیرکردنی وڵات. باسی لەوە کرد کە هەڵوێستی ڕووسیا سەبارەت بە سوریا ڕوونە: دەیانەوێت ”وڵاتێکی سەربەخۆ و سەقامگیر“ ببینن. ڕۆڵی ڕووسیا لە سوریا زیاتر نێوەندگیرییە کە یارمەتی هەموو لایەنەکان دەدات بۆ هێوركردنەوەی دۆخەکە و ڕازیکردنی بەرپرسانی ڕۆژاڤا و حکومەتی سوریا بۆ لێک نزیکبوونەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا “هیچ یەکلاکردنەوەیەكی نێوان ڕۆژاڤا و دیمەشقی ناوێت. ئەوان ئەجێندای تایبەت بە خۆیان لەم بوارەدا هەیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەما یان بیرۆکەی دژە ئێران دامەزراوە”. لە کاتێکدا”ڕەفتاری تورکیا بەرامبەر بە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەكرێ لانیکەم پێشبینی لێبكرێت“.تورکیا و ڕوسیا “هاوبەش”ن کە لەسەر زۆر پرس ڕێکدەکەون، لەکاتێکدا جیاوازییان هەیە. بەڵام ئێران “لەمێژە هاوبەشی ستراتیژی ڕووسیایە …. ئێمە هیچ کێشەیەک لە گەشەسەندنی ئەتۆمیدا نابینین. ئێمە متمانەمان بەو کەسانە نییە کە هەوڵی تۆقاندنمان دەدەن و دەڵێن ئێران هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەدات”. كوتراشێف ئامادەبووانی بیرخستەوە کە پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی تەنها پێویستی بە تەکنەلۆژیایەکی کۆن هەیە ، هی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم“. کەواتە، ئەگەر وڵاتێک بیەوێت بەرنامەیەکی سەربازی پەرەپێبدات، بە ئاسانی دەیکات”. بە بۆچوونی ئەو، ئێران دەرفەتی زۆری هەبوو بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بەڵام هەرگیز نەیکرد، بۆیە باوەڕی بەوە نییە ئێران نیازێکی خراپی لەم بابەتەدا هەبێت. “بەڵام ئێمە داوای ئەوە دەکەین کە گفتوگۆ بەردەوام بێت و ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە هەیە چارەسەر بکرێن”.
کوتراشێڤ جەختی لەوە کردەوە کە دیالۆگ باشترین شێوازە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە. هەروەها تورکیا دەتوانێت وەک ناوبژیوانێک یاری بکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا. وتی کە “هەمیشە چانسی گفتوگۆ هەیە و ئەم گفتوگۆیەی نێوان سێ سەرکردەی ڕووسیا، ئێران و تورکیا، لە ڕووی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ زۆرێک لە پرسە ناوچەییەکان کاریگەرە.”
كەیهان بەرزێگار لەسەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەر بە زانۆی ئازادی تەهران، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ دراوسێکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش ئیمارات و بەحرەین و عێراق بە “پەیوەندییەکی باش” وەسف کرد، بەڵام گەشبین نەبوو سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە. ئەو پێی وابوو کە سعودییەکان “سەریان لێ شێواوە” و “پێویستیان بە کات هەیە” بەو پێیەی ئامادە نین بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، چونکە “چاوەڕوانی ئەوەن بزانن لە ئەمریکا چی ڕوودەدات”. سعودییەکان “دەیانویست لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکەن لەسەر یەکلاکردنەوەی کێشەکانی یەمەن، ئێرانییەکانیش دەیانویست بە جۆرێک لە جۆرەکان لە چوارچێوەیەكی فراوانتر بیخەنە ڕوو. ئێرانییەکان ڕازیبوون بە ئاگربەست لە یەمەن، و هاوکاریان کرد، بەڵام سعودییەکان پێموایە هێشتا پێویستیان بە هەندێک کات هەیە بۆ دەستپێکردنی دانوستانێکی مانادار لەگەڵ ئێران”.
عێراق، بە گوتەی كەیهان بەرزێگار، هاوپەیمانی نزیکی ئێرانە و ئەو دوو وڵاتە “هاوبەشییەکی زۆریان هەیە، کە دەچێتە سەر دیاریکردنی مێژوویی و جوگرافی و کولتووری”. ئێران و عێراق لە ڕابردوودا دوو ڕکابەری جیۆپۆلەتیکی بوون بەڵام لە دوای گۆڕینی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بوونەتە هاوپەیمان و پەیوەندییەکی بەهێزی کولتووری و بازرگانییان پەرەپێداوە. دانى بەوەدا نا کە تێوەگلانى ئێران لە عێراقدا هەندێکجار وەک فراوانخوازى هەست پێدەکرێت، لەکاتێکدا لە ڕوانگەى ئێرانەوە وڵاتەکەیان لە هەڕەشە دەرەکییەکان دەپارێزن، ئەوەش لە کاتێکدا کە “هەست بە تەنیایی ستراتیژی” دەکەن. ئێران ئەمریکا و ئیسرائیل بە دوو وڵاتی سەرەکی دەزانێت کە “مەترسی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران” دروست دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایشی عێراق بۆ ئێران گرنگە، چونکە ئەو دوو وڵاتە بەیەکەوە گرێدراون، بەڵام کێشەکە میراتی تێوەگلانی ئەمریکایە لە سیاسەتی ناوچەکە، فیاسکۆی ئەفغانستان و عێراق، مامەڵەکردن لەگەڵ گەلی کورد… باڵادەستی ئەمریکا هیچی نەهێناوە جگە لە… شەڕ و توندوتیژی و گۆڕینی ڕژێم”.
لە ڕووی راماڵینی سیمای ئەمنی لە پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوتراشێڤ ڕایگەیاند کە کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی هەیە کە عێراق بە سەقامگیری بمێنێتەوە. ئەو پێی وایە عێراق هەموو تواناکانی هەیە نەک تەنها بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی بەهێز بێت بەڵکو زلهێزێکی ناوچەیی بێت، ئەگەر سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکانی لە بەرژەوەندی وڵات و سەقامگیرییەکەیدا بەکاربهێنرێت. بەرزەگار هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی کە عێراق پشت بەخۆی ببەستێت بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا. لەبری ‘عێراق بۆ هەمووان’ (ناونیشانی دیداری مێری)، ئەو پێی وایە کە عێراق دەبێ بۆ خۆی كار بكات، هەروەک چۆن وڵاتانی دیکەی وەک ئێران و تورکیا و سعودیە. ئەمەش هەموو لایەنەکانی پەیوەندییكردن دەگرێتەوە، لەوانەش “بازرگانی، کۆنترۆڵ، پەیوەندی، پەیوەندی و جوگرافیا”. گرنگە پەیوەندییەکی باشی دراوسێیەتی هەبێت کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان. ئاماژەی بەوەشکردووە، “زۆر ململانێ و تێوەگلانی ئەکتەرە بیانییەکان لە سیاسەتی ناوچەکەدا، وڵاتانی ناوچەکە و سیاسەتی ناوخۆیی ئەوانی دابەشکردووە. پێموایە پێویستە هەرێم بەتەنها جێبهێڵرێت تا بیر لەخۆی بکاتەوە و عێراقیش یەکێکە لەوانە”.
سەبارەت بە پرسیاری هێرشە مووشەکی بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەرزەگار ئاماژەی بەوەدا کە ئێران کار لەسەر ئەو “بەڵگانە دەکات کە بریکارەکانی ئیسرائیل لە هەولێر کار دەکەن بۆ تێکدانی سەقامگیری ئێران و ناوچەکە”. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران بەرگەی بنکە ئیسرائیلییەکان لە عێراق ناگرێت و پێی وایە “دەستێکی ئیسرائیل لە چڕکردنەوە و ئۆپەراسیۆنکردنی ناوچەکانی ناو ئێراندا هەیە”.
سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران، كەیهان بەرزێگار ئاماژەی بەوەدا کە هەتا نائارامی لە ناوخۆی وڵاتدا هەبێت ئێران دانوستانە ئەتۆمییەکان دەست پێناکاتەوە، چونکە پێی وایە “ئێرانێکی دابەشکراو هەرگیز گفتوگۆ ناکات، تەنها ئێرانێکی بەهێز گفتوگۆ دەکات. ئێرانێکی دابەشبوو و شکاوی سیاسی، وەک مێژوو دەریدەخات، هەرگیز نەیویستووە بە دانوستاندا تێپەڕێت، چونکە هەست دەکات دۆڕاوە”. بە بڕوای بەرزێگار، گریمانەیەکی هەڵەیە ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە بتوانرێ ئێران لاواز بکرێت و ئیستغلال بکرێت بەو پێیەی نائارامی مەدەنی لەو وڵاتەدا هەیە. ئێران ناتوانرێت بە ئاسانی لە ڕێگای نائارامی ناوخۆییەوە بڕوخێنرێت، چونکە ئێرانییەکان مێژوویەکی دوور و درێژی حوکمڕانی بەهێزیان هەیە و دامەزراوەی دەوڵەتی بەهێزیان هەیە. هەروەها وتی: سەقامگیری ئێران بۆ سەقامگیری ناوچەکە گرنگە و لە قازانجی ناوچەکەیە.
بەرزێگار تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئێرانییەکان دەیانەوێت کێشەکانیان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکەن و لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. ئەو پێی وایە ئەمەریکا نیەتی خراپی نیشانداوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمیدا، بۆیە ئێران بڕیاری داوە بە ڕێگای خۆیدا بڕوات، هەوڵی بەهێزکردنی خۆی بدات لە ناوەوە، هەوڵ دەدات ئابوورییەکەی بە چین و ڕووسیا ببەستێتەوە.
سه باره ت به سیاسه تی نه وت و گاز له ڕۆژهه ڵاتی ناوەڕاست له دوای قەیرانی ئۆکرانیا، بەرزێگار جه ختی کرده وه که ئێران و ڕووسیا ئیتر ڕکابەر نین، بەڵکوو له بازاڕدا هاوکارن. ئەو پێی وایە لە ”چوارچێوەی ئێران-عێراق-تورکیا-ڕووسیا، بەستنەوەی نەوت و گاز لە ڕێگەی بۆری و جیۆپۆلەتیکی هێڵەکانی بۆرییەوە، ئەم پڕۆژەیە سوودی بۆ هەمووان دەبێت”. بە گوتەی بارزێگار، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم وڵاتە ناوچەییانە هاوکار بن بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە جیهان چیتر تەنها ڕۆژئاوا نییە، چونکە وڵاتانی دیکە شوێنێکیان دۆزیوەتەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی خۆیان و خۆرئاواییکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی یەکێتی لەنێوان خۆیاندا. نموونەی چین، ئێران، ڕووسیا، تورکیا، سعودیە و هیندستان. هەروەها عێراق دەتوانێت بەشێک بێت لەم هاوپەیمانییە بەهۆی جیۆپۆلیتیکەکەیەوە کە لە ناوەڕۆکیدا هەیە.
سەبارەت بە پرسی بەستنەوەی هۆیەکانی دابینکردنی ناوچەیی لە ڕێگەی وشکانی و دەریاییەوە، كەیهان بەرزێگار ئاماژەی بەوەدا کە توانا و هەماهەنگییەکی گەورە لە نێوان چین، ئێران، ئۆراسیا و عێراقدا هەیە. بۆ خۆشگوزەرانی ئابووری ئەم وڵاتانە هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی کاڵاکان زۆر گرنگە. ناوبراو نموونەیەکی لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراقی هێنایە ئاراوە کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە. وتی کە لە سەردەمی “ڕژێمی سەدام حسێن وبەعسدا، ئاڵوگۆڕی ئابووری ئێران-عێراق سفر بوو، ئێستا نزیکەی 15 ملیار دۆلارە.”
پانێلی سێیەم لە دیداری مێری 2022 (لە 1 ی نۆڤەمبەر/ تشرینی دووەمی 2022)