ئایندەی سوریا لە روانگەی رۆژاڤاوە
ئەمجەد عوسمان، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات
پاتریک هاینی، راوێژکار لە سەنتەری گفتوگۆی مرۆیی (دوێنەر)
لەو دیبەیتە سیاسیەدا، پاتریک هەینی، ڕاوێژکاری باڵای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری گفتوگۆی مرۆیی، و ئەمجەد عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، ڕاڤەی پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆڵی ئیدارەی خۆسەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دابەشکارییە سیاسی و جوگرافییەکانی ئەو وڵاتە تاوتوێكرد. پاتریك هەینی ئاستەنگە دەستورییەکانی بەردەم سوریا و پەیوەندییەکانی نێوان هێزە چالاکەکانی ناو ململانێکان و ئەگەری گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی سوریا، هێنایە بەرباس. هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عێراق و هەرێمی کوردستان لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ قەیرانی سوریا.
دابەشبوونی جوگرافی و سیاسی و داهاتووی سوریا
پاتریک هەینی چاوپێکەوتنەکەی بەوە دەستپکرد کرد کە سوریا زیاتر لە دە ساڵە دابەشبوونێکی ڕوونی بەخۆوە بینیوە، بەو پێیەی کە ناوچەکانی هەژموونی لایەنەکان بەروونی بەرجەستە بوونە. بۆیە پرسیاری سەبارەت بە دیدگای ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤا) بۆ ئەم دۆخەکە و ئەگەری تێپەڕاندنی دابەشبوون و یەکخستنەوەی وڵات کرد. لە وەڵامەکەیدا ئەمجەد عوسمان جەختی لەوە کردەوە کە کێشەی سەرەکی لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ دەستووری سوریا کە گوزارشت لە خواستی هەموو سورییەکان ناکات، بەڵکو تەنها خزمەتی بەرژەوەندی گروپێکی دیاریکراوی کردوە. ڕوونیشیکردەوە، ئەو قەیرانەی کە 13 ساڵە بەردەوامە، ڕەنگدانەوەی شکستی سیستەمی سیاسی ناوەندییە لە جێگیرکردنی فرەچەشنی لەناو سوریادا، جەختیشیکردەوە کە چارەسەر لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتدایە لەسەر بنەمای دیموکراسی لامەرکەزی کە تێەدا دان بە فرەچەشنی ناسنامەکانی سوریادا بنێت و کێشە هەڵپەسێردراوەکان، وەک پرسی کورد، یەکلایی بکاتەوە. بە قسەی ئەمجەد عوسمان، رۆژاڤا پێیان وایە ” کە سوریا پێویستی بە دەستورێکی نوێ هەیە کە خواستەکانی هەموو سوورییەکان دەرببڕێت و هەر هەوڵێک بۆ دەربازبوون لەم واقیعە نابێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیرییەکی بەردەوام.”
ئەمجەد عوسمان هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دووبارە پێناسەکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی سوریا بووەتە پێویست، بەو پێیەی ئەم شوناسە دەبێت هەمەجۆریی نەتەوەیی و کولتووری و ئایینی لە وڵاتەکەدا لەبەرچاو بگرێت، بۆ ئەوەی ئەو هەڵانە دووبارە نەبنەوە کە بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی سوریا.
گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و ئاسۆی گفتوگۆی سوریا و سوریا
پاتریک هەینی پرسی دانوستاندنەکانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق وروژاند، چ بەشێوەیەکی دوولایەنە یان لەڕێگەی نێوەندگیریی ڕووسیا، هەروەها کاریگەریی ئەو هەوڵانەی دوای زیاتر لە دە ساڵ لە دەستپێکردنی قەیرانەکە خستە ژێر پرسیارەوە. لە وەڵامەکەیدا ئەمجەد عوسمان جەختی لەوە کردەوە کە ڕژێمی سوریا هێشتا گۆڕانکاریی سیاسی یان دەستووری ڕاستەقینە ڕەتدەکاتەوە. هەروەها رژێمی سوریا قەیرانەکەش وەک حاڵەتێکی یاخیبوون دەبینێت و لەروانگەی ئەوەوە دەبێت سەرکوت بکرێت، نەک چارەسەری سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە. ڕوونیشیکردەوە، گفتوگۆی نێوخۆیی بۆ فشاری ناوخۆیی بۆ سەر ڕژێم پێویستە، بەڵام خودی ئۆپۆزسیۆن دابەش بووە، هەر گروپێک لەبری ئەوەی بەدوای چارەسەری هاوبەشدا بگەڕێن، لە دژایەتی یەکتردا وەستاوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمڕۆ سوورییەکان پشتی خۆیان بۆ یەکتر نیشان دەدەن، نەک ڕووخساری خۆیان. بۆیە پێویستمان بە گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە هەیە کە جیاوازییە سیاسییەکان تێپەڕێنێت و ئامانجی بەدەستهێنانی دادپەروەری و سەقامگیری بۆ هەموو سوورییەکان بدۆزێتەوە.”
ئەمجەد عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، گوشارەکان لەسەر ڕژێمی سوریا دەبێت ناوخۆیی بێت لەڕێگەی یەکخستنی ئۆپۆزسیۆنەوە، لە ئاستی دەرەکیش لەڕێگەی ئەو وڵاتانەوە بێت کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق ئاسایی کردووەتەوە، بەو پێیەی ئەو وڵاتانە دەبێت فشار بخەنە سەر ڕژێمی سوریا بۆ قبوڵکردنی چارەسەرێکی سیاسی هەمەلایەنە.
کاریگەری دەستێوەردانەکانی ناوچەیی لەسەر پەیوەندی نێوان سورییەکان
ئەمجەد عوسمان جەختی لەوە کردەوە کە قەیرانی سوریا تەنها لە ناوخۆی سوریادا سنوردار نییە، بەڵکو کاریگەری زۆری لەسەر بووە بەهۆی ململانێکانی ناوچەکە و دەستێوەردانەکانی دەرەکی، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی ناوچەکە کێشەکانیان هەناردەی سوریا کردووە، ئەمەش ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان خودی سوریەکانی زیاتر کردووە. دەشڵێت: “ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی سووریا دەبنەوە تەنیا سیاسی نین، بەڵکو مرۆییشە، بەو پێیەی هەندێک پێکهاتەکان بەتایبەتی کورد تووشی گۆڕانکاریی سیستماتیکی دیمۆگرافی بوون کە دەبێت چارەسەر بکرێن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لەداهاتوو”. ئەمجەد عوسمان جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرەکە دەبێت تەنیا سوری بێت، لەسەر بنەمای گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان هەموو لایەنە سورییەکان، دوور لە ئەجێندای دەرەکی.
پەرەسەندنی سەربازی تورکیا و پەرەسەندنی جەمسەرگیری
هەر لەو گفتوگۆیەدا باس لە گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و زیادبوونی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا کرا. ئەمجەد عوسمان ڕوونیشیکردەوە، تورکیه پڕۆژەی و ئەزوومی ئیدارەی خۆسەر بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتادا بەو شێوەیە نەبووە.ئەو پێی وایە کە پرسی کورد لە تورکیا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندیی تورکیا و کوردی سوریا هەیە، ئەمەش کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات. “هیوادارین دەستپێشخەری بەرەو ئاشتی هەبن، چونکە ئەوە خزمەت بە سەقامگیری سوریا و تەواوی ناوچەکە دەکات.”
ئەمجەد عوسمان هەروەها جەختی لەسەر پێویستی نێوەندگیری نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی دۆخەکە کردەوە، چونکە بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا ئازاری خەڵک زیاتر دەکات و هانی کۆچکردن دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی کە قەیرانەکە ئاڵۆزتر دەکات.
ڕۆڵی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا
لە گفتوگۆکەدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری لە سوریا کرا. ئەمجەد عوسمان ئاماژەی بەوەکرد کە عێراق ئەندامی لیژنەی پەیوەندیی عەرەبییە بۆ سوریا، ئەمەش دەرفەتی پێدەبەخشێت کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی سوریا هەبێت، داوای لە بەغدا کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق بەکاربهێنێت بۆ پاڵنان بەرەو چارەسەرێکی سیاسی هەمەلایەنە. “عێراق بە تەواوی لە ئاڵۆزییەکانی دیمەنی سوریا تێدەگات، بە لەبەرچاوگرتنی لێکچوونی گەورەی نێوان هەردوو وڵات لە ڕووی فرەچەشنی کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتوورییەوە”.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، عوسمان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێم ڕۆڵی ئەرێنی بینی لە میوانداریکردنی پەنابەرانی سوریا و هاوکار بوو لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی ئەو دەروازە سنوورییەی کە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و کوردستانی عێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد ژە کەمپەکانی ئەلهۆل و رۆژ کە ئەندامانی داعش و خێزانه کانیان تێدایه، ئاڵنگارییەکی گەورەت ئەمنی و مرۆیی دروست ده کەن که پێویستی به هاوکاریی هه هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە. “هەر داڕمانێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڕەشە لە هەموو ناوچەکە دەکات ئێمە پێویستمان بە یارمەتی هەیە نەک هێرشی سەربازی نوێ.”
پانێلەكە جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەر لە سوریا نابێت سەربازی بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای دیالۆگێکی سیاسی گشتگیر بێت کە هەموو لایەنە سورییەکان لەخۆ بگرێت و پاڵپشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنەکەی مسوگەر بکات. هەروەها قسەکەران جەختیان لەوە کردەوە کە دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان پێویستە جەخت لەسەر چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی قەیرانەکە بکەنەوە، نەک تەنها مامەڵەکردن لەگەڵ نیشانەکانی.
دیداری مێری 2024
ئایندەی سوریا: ئاسۆی ئاشتی و بنیاتنانەوە