ئایندەی سوریا لە روانگەی ئۆپۆزیسیۆنەوە
- بەدر جامووس، سەرۆكی ئەنجومەنی دانوستاندنی سووری
- پاتریک هاینی، راوێژکار لە سەنتەری گفتوگۆی مرۆیی (دوێنەر)
لە دیبەیتێكدا، لە نێوان پاتریک ههىنى، ڕاوێژکاری باڵای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری گفتوگۆی مرۆیی، و بەدر جاموس، سەرۆکی کۆمیسیۆنی دانوستانکاری، بارودۆخی سیاسی ئێستا و چەقبەستوویی دیپلۆماسی و دەستێوەردانەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێكران، لەگەڵ کاریگەریی تێکچوونی دۆخی مرۆیی کرد. هەروەها لە دانیشتنەکەدا باس لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان و کارلێکەکانی نێوان دیمەشق و وڵاتانی عەرەبی و هەروەها دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی سوریا و تورکیا لە مهڕ پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکەدا کرا.
چەقبەستوویی دیپلۆماسی و کەمبوونەوەی بەرژەوەندی نێودەوڵەتی لە سوریا
پاتریک هەینی گفتوگۆکەی دەستپێکرد و ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە ئاستەنگە هەرە بەرچاوەکانی بەردەم سوریای ئەمڕۆ، لەدەستدانی ئەولەویەتە لە کارنامەی نێودەوڵەتیدا، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی قەیرانە جیهانییەکانی وەک شەڕی ئۆکرانیا و شەڕی غەززە و ناسەقامگیریی لوبنان. دووپاتیشی کردەوە کە تێڕوانینێکی دیپلۆماسی و میدیایی هەیە کە سوریا گەیشتۆتە “بنبەست” و هیچ شتێکی تێدا ناگۆڕێت، سەرەڕای کۆتایی هاتنی بەرە شەڕانگێزەکان لە چوار بۆ پێنج ساڵ لەمەوبەر. بەڵام هەینی جەختی لەوە کردەوە که ئەم بنبەستە بەهۆی زیادبوونی گوشارەکانە بۆ سەر دۆخی سووریا چ لەناوەوە و چ لەدەرەوە، هەربۆیەش ناتوانێت بۆ ماوەیێکی زۆر بەردەوام بێت. ڕوونیشیکردەوە، گوشارە دەرەکییەکان بریتین لە گورزە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنە جیاجیاکانی سوریا، هاوکات فشارە ناوخۆییەکان بریتین لە خراپتربوونی قەیرانی ئابووری و بەردەوامی کۆچکردنی سورییەکان بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ناسەقامگیری قووڵی وڵاتەکەیە.
دۆخی سیاسی ئێستا و کاریگەریی دەستێوەردانەکانی نێودەوڵەتی
د.بەدر جاموسلە قسەکەید جەختی لەوە کردەوە کە کۆمیسیۆنی دانوستانکاری سوریا ئەو لایەنەیە کە بە فەرمی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە بۆ دانوستاندن لەسەر ئایندەی سوریا، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دەستەیە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا دەکات نەک لایەنێکی دیاریکراو. ڕوونیشیکردەوە، قەیرانی سوریا گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانی ململانێی نێودەوڵەتی، بەو پێیەی چەندین زلهێز لەسەر خاکی سوریا ئامادەن، لەوانە ڕوسیا، ئێران، ئەمریکا، تورکیا، ئەمە سەرباری هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دۆخە وایکردووە هاوسەنگییەکی ڕانەگەیەندراو لەنێوان هێزە کێبڕکێکارەکاندا دروستببێت، کە تێیدا ململانێکان جێگیرن بەڵام لەهەمان کارتدا چارەسەریش نەکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم چەقبەستنە بەو مانایە نییە کە ململانێکان وەستاوە، بەڵکو ئەوە مانای ئەوەیە کە تەقینەوەیەکی جەماوەری لە هەر ساتێکدا ڕووبدات لە ئەنجامی بەردەوامی کێشە ئابووریی و سیاسی و نەبوونی ئاسۆیەکە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە. ڕوونیشی کردەوە کە “هەموو هاووڵاتییەکی سووری ئەمڕۆ بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی وڵات بەجێبهێڵێت، نەک بگەڕێتەوە بۆی”، ئەمەش ئاماژەیە بە خراپتربوونی بارودۆخی ژیان و نەبوونی متمانە بە ئەگەری باشترکردنیان لەژێر بەردەوامبوونی ڕژێمی سوریا لەسەر سیاسەتەکانی ئێستای.
دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان: ئاساییکردنەوەی عەرەبی و گفتوگۆ لەگەڵ تورکیە
لە پانێڵەکەدا هەروەها باس لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان کرا کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەریان هەڵداوە، کە دیارترینیان ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لە نێوان دیمەشق و وڵاتانی عەرەبی، هەروەها گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە. لەو چوارچێوەیەدا بەدر جاموسڕوونی کردەوە کە پەیوەندیەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی پێش ئاساییبوونەوە یان دوای ئاساییبوونەوە نەپچڕاوە، بەڵام ئەگەر ئامانجی ئەو ئاساییکردنەوەیە گەڕانەوەی پەیوەندییەکان بێت لەگەڵ ڕژێم بەبێ هیچ گۆڕانکارییەکی سیاسی، ئەوە نابێتە هۆی چارەسەری قەیرانەکە. ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی عەرەبی بە هۆکاری جیاجیا لەگەڵ دیمەشق چوونەتە دیالۆگەوە، لەوانە قەیرانی ماددە هۆشبەرەکان (کاپتاگۆن)، پرسی پەنابەران، و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. بەڵام خۆ دوای زیاتر لە 17 مانگ لە گەڕانەوەی ڕژێمی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە هیچ یەکێک لەو پرسە سەرەکییانە بەدی نەهاتووە. ئەلجامووس جەختی لەوە کردەوە کە ڕژێمی سوریا نەک هەر ئامادە نییە سازشی سیاسی بکات، بەڵکو توانای ئەوەشی نییە. ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەر لە سوریا تەنها لە ڕێگەی ئاشتەوایی نیشتمانی ڕاستەقینە و بنیاتنانەوەی دەوڵەت لەسەر بناغەی نوێ دەکرێت کە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا لەخۆبگیردرێت.
سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، جاموسڕوونی کردەوە کە تورکیا داواکاری ڕوون و ئاشکرای هەیە و لەگەڵ ڕژێمی سوریا بەدوای ئاساییکردنەوەی بێ مەرج نیە، بەڵکو داوای کۆمەڵێک هەنگاو دەکات کە بریتین لە گەیشتن بە چارەسەری سیاسی و داڕشتنی دەستوورێکی نوێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دووپاتیشی کردەوە کە ناکرێت پەنابەرانی سووری لە تورکیا بە زۆرەملێ بگەڕێنرێنەوە بەبێ ئەوەی گەرەنتی ڕاستەقینە بۆ سەلامەتییان دابین بکرێت.
چەقبەستوویی سیاسی و ئەگەری پەرەسەندن
پاتریک هەینی پرسیارێکی لەبارەی ئەگەری شکاندنی چەقبەستوویی ئێستای سوریا وروژاند و ئاماژەی بەوەدا کە قەیرانەکە تەنها گەلی سوریای شەکەت نەکردوە، بەڵکو بووەتە بارگرانی لەسەر هەژموونە جیاجیاکانی نێو وڵاتەکەشدا. لە بەرامبەردا بەدر جاموسدۆسیەی شاری سویدەی هێنایەوە وەکو نموونە کە لە ساڵانی جەنگدا تاڕادەیەکی زۆر بێلایەن مایەوە، بەڵام دوای نزیکبوونەوەی وڵاتە عەرەبیەەکان لەگەڵ ڕژێمی سوریا، ناڕەزایەتی بەربڵاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی توڕەیی جەماوەرییە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا. ئەلجامووس ئاماژەی بەوەدا کە گەلی سوریا چیتر هیچی لەدەست نەماوە و بەردەوامبوونی هەژاری و نەبوونی خوێندن و نەبوونی چارەسەری سیاسی بە ناچاری دەبێتە هۆی تەقینەوەی جەماوەری لە زۆرێک لە ناوچەکاندا.
پەرەسەندنی ناوچەیی و کاریگەرییەکانی لەسەر سوریا
هەروەها لە دانیشتنەکەدا باس لە کاردانەوەکانی هەڵکشانی ئیسرائیل لە دژی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا کرا، کە بەدر جاموسدووپاتیکردەوە کە ڕژێمی سوریا هەر لەسەرەتاوە ڕێگەی بۆ ئەو میلیشیایانە کردۆتەوە بۆ دەستوەردان لە ململانێی سوریا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سوریا بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوچەییەکان. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا که هێرشه بەردەوامەکانی ئیسرائیل له سوریا بەبێ هیچ وەڵامێکی راستەقینە لەلایەن ڕژێمەوە ڕوو دەدەن و پێدەجێت بێباک بێت لەبەرامبەر ئەوەی ڕوودەدات لە کاتێکدا ڕژیمی سوری بەردەوامە له بۆردومانکردنی ناوچه کانی باکوری سوریا. جەختیشی کردەوە کە ئۆپۆزسیۆنی سوریا چەندین جار داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە فشار بخەنە سەر دوورخستنەوەی میلیشیا بیانییەکان لە سوریا، چونکە چیتر ئەو وڵاتە ناتوانێ تەحەمولی ململانێی چەکداری زیاتر بگرێت.
گفتوگۆیەكە کۆتایی هات بە ئاماژەدان بە بەردەوامبوونی چەقبەستوویی ئێستا و هەڕەشەی تێکچوونی زیاتر لەسەر ئاستی سیاسی و مرۆیی، ئەگەر پلانێکی تۆکمە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و ئاوەدانکردنەوەی سوریا بەپێی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ کە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی زامن کرابێت نەیێتە ئاراوە. بەشداربووان هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە مامەڵە تاک لایەنەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ڕژێمی سووریا بە بێ ئەوەی چاکسازیی سیاسی ڕاستەقینە نەبسترێنەوە، قەیرانەکە چارەسەر ناکات بەڵکو ئاڵۆزتری دەکات.
دیداری مێری 2024
ئایندەی سوریا: ئاسۆی ئاشتی و بنیاتنانەوە