ئایندەی سوریا: ئاسۆی ئاشتی و بوژانەوە
- زۆزان عەلووش, ڕاوێژکاری سەربەخۆ بۆ گەشەپێدان و پۆڵەسی
- ئەحمەد مهێدی، راوێژكار لە سەنتەری دیالۆگی مرۆڤی
- عەمار قەحف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری عمران
- پاتریک هاینی، راوێژکار لە سەنتەری گفتوگۆی مرۆیی (دوێنەر)
تەنیا دە رۆژ پێش رووخانی رژێمی ئەسەد لە سوریا و بە سەرپەرشتی پاتریک ههىنى، ڕاوێژکاری باڵای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری گفتوگۆی مرۆیی، و بەشداری سێ پسپۆڕی سوری، دیبەیتێكی تێروتەسەل سەبارەت بە ئێستا و ئایندەی سوریا ئهنجام درا. بەشدارانی پانێل بریتی بوون لە ههر ىهك له عەمار کەهف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری عومران بۆ توێژینەوەی ستراتیژی، ئەحمەد مهێدی، ڕاوێژکار لە سەنتەری وتووێژی مرۆیی و زۆزان عەلووش، ڕاوێژکاری سەربەخۆی پەرەپێدان و سیاسی.
لەو پانێلەدا سەرنج خراىه سهر: چەقبەستوویی سیاسی و دیپلۆماسی و دەستێوەردانەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و دینامیکیە جیاوازەکانی ههژموونى لاىهنه جىاوازهكان. ئەم دهسته شارەزایە، تێڕوانینەکانیان بۆ واقیعی ئۆپۆزسیۆن و ڕژێم و خۆبەڕێوەبردن پێشکەش کر د سەبارەت به گرنگیدان بە تەحەددای ئەمنی و ئابووری و ئیداری.
عەمار قەحف، بەڕێوەبەری سەنتەری عۆمران بۆ لێکۆڵینەوە، سەرەتای وتارەکەی بە قسەکردن لەسەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەستپێکرد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی ئەو ناوچانە بە ئاستێکی بەرزی لاوازی ئەمنی و فرە سیستمی حوکمڕانی و ئابوورییەکی ڕێکنەخراو تێدەپەڕێت. ڕوونیشیکردەوە، هەرچەندە سوریا لەڕووی سیاسییەوە بەسەر چوار حکومەتدا دابەشبووە، ئەوانیش حکومەتی سوریا لە دیمەشق، حکومەتی کاتی ئۆپۆزسیۆن، حکومەتی ڕزگاری لە ئیدلب و حکومەتی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام واقیع لەسەر زەوی ئاڵۆزترە. شێوازی حوکمڕانی جیاواز هەیە، هەندێک لایەن بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی سەربازی یان توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان، ناوچەیەکی دیاریکراو کۆنترۆڵ دەکەن، ئەمەش ژینگەیەکی ناجێگیر دروست دەکات.
قەحف جەختی لەوە کردەوە کە بارودۆخی ئێستا تەنیا دابەشبوونێکی ئیداری نییە، بەڵکو دۆخێکی “پەرشبوونی ناڕێکخراوە”، لەگەڵ چەندین ئەکتەری ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کەئەمەش ئەگەری چارەسەرێکی هەمەلایەنە لە ڕادەبەدەر ئاڵۆز دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پەرشبوونە وایکردووە بە “بەفەرزکردنی کەشێکی سیاسی و ئیداریی لامەرکەزی ، کە خزمەتگوزارییەکان بەپێی کاریگەریی لایەن و پارتە ناوخۆییەکان پێشکەش دەکرێن نەک بەپێی دیدێکی یەکگرتوو”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی باکوری ڕۆژئاوای سوریا خاڵی نیە لەم ئاڵۆزیانە ، بەو پێیەی ناوچەی ئیدلب لەژێر کۆنترۆڵی هەیئەت تەحریر ئەلشامدایە کە حکومەتی ڕزگاری بەڕێوەدەبات، لەکاتێکدا لایەنە سەر بە تورکیا کۆنترۆڵی ناوچەکانی باکووری حەلەب دەکەن. ئەم دابەشبوونە بووتە هۆی پارچەپارچەبوونی سیستەمی کارگێڕی و دادوەری. خۆ هەر هەرێمێک یاسا و ڕێکاری جیاواز پەیڕەو دەکات، جا چ لە تۆمارکردنی لەدایکبوون، یا هاوسەرگیری، یان تەنانەت بەڕێوەبردنی موڵک و زەوی بێت. هەروەها ناوچەی وەکو سویەدا و دەرعا که هەڕچەنده بەفەڕمی هێشتا له ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریادایه بەڵام به کردەوه له ژێر کاریگەڕی گروپه لۆکاڵییەکاندان که سروشتێکی سەڕبازی یان مەدەنییان هەیه، ئەمەش دۆخەکه زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.
لەلایەکی دیکەوە قەحف جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە تەحەددییە گەورەکان لەم بوارانەدا بوونی چالاکییە ئابورییە نایاساییەکانە، بەو پێیەی زۆرێک لە کوتلە و گروپە چەکدارەکان پشت دەبەستن بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و سەپاندنی باج و قاچاخ، وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات. ئەم هۆکارانە لاوازی ئەمنییان زیاتر کردووە، چونکە پشت بەستن بە سەرچاوە ناشەرعیەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێی زیاتر لە نێوان ئەم هێزانەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چەقبەستووییەی لە گۆڕەپانی سوریا دەردەکەوێت، بە مانای سەقامگیری نییە، بەڵکو “وەهمێکی سەقامگیرییە”، چونکە دۆخەکە ئەگەری تەقینەوەی هەیە لە هەر ساتێکدا لە ئەنجامی زیادبوونی فشارەکان، جا بە هۆی گرژییە ناوخۆییەکان بێت یان کاردانەوەی ململانێکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی دۆخی لوبنان کە رەنگە درێژبێتەوە بۆ نێوخاکی سوریا، وەیان زیادبوونی جیاوازی نێوان ڕژێمی سوریا و ئێران.
“زۆرێک لە کوتلە و گروپە چەکدارەکان پشت بە ئابووری جەنگ دەبەستن، بەئاستێک کە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و زەوتکردن و قاچاخچێتی بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان، ئەمانەش بێ گومان ئەگەری ئاژاوەگێڕی زیاتر دەکات.”
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا: داڕمانی ناوخۆیی و درێژەدان بە سیاسەتی خۆڕاگری
ئەحمەد مهێدی باسی لە بارودۆخی ئەو ناوچانەی کرد کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادان و ئاماژەی بەوەدا کە ڕژێم لە ساڵی 2011ەوە پشتی بە ستراتیجی خۆپاراستن بەستووە، بەشێوازی سەپاندنی کۆنترۆڵی سەربازی بەسەر هەموو ناوچانەدا و دواتریش بە مەرجەکانی خۆیەوە بچێتە ناو هەر دانوستانێکەوە لەوناوچانە. بەڵام ئەم ستراتیژە بەهۆی هاتنە ناوەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەردەوامی بوونی سەربازی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و جێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا لە باکووری ڕۆژئاوادا، ئاستەنگی بۆ دروستبوە. ئەمانەش بوونە هۆی دروستبوونی ڕێککەوتنی ڕووسیا و تورکیا لە ساڵی 2020 کە دۆخێکی نوێی بۆ ململانێکان لەناو سوریادا هێنایە کایەوە.
مهێدی ڕوونی کردەوە کە ئەو سزا ئابووریانەی بەسەر ڕژیمدا سەپێنراون، توانای دەوڵەتی بۆ دابینکردنی دارایی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک سوپا لاواز کردووە. ئەمەش رژێمی سوریای ناچار کرد زیاتر پشت بە میلیشیا ناوخۆییەکان ببەستێت کە بە هێزی یارمەتیدەر ناسراون. ئەم میلیشیایانە کار بۆ ڕێژیم دەکەن بەڵام بەتەواوی ژێردەستەی ئەو ڕێژیمە نین، بەڵکو دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای سەرچاوەی دابینکردنی دارایی بۆ خۆیان. ئەمەش وایکردووە کە خەریکی چالاکییە تاوانکارییەکانی وەک بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، قاچاخچێتی و تاڵانکردن بن. مهێدی جەختیشی لەوە کردەوە کە بوونی ئەو میلیشیایانە هۆکارن لە لاوازکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی چونکە ئەو گرووپانە بوونەتە هێزی نیمچە سەربەخۆ لەناو ئەو ناوچانەی کە بڕیارە ملکەچی دیمەشق بن.
“ڕژێمی سوریا سەرچاوەی پێویستی نییە بۆ پاڵپشتیکردنی دامودەزگاکانی، بەتایبەتی سوپا، ئەمەش ناچاری کردووە پشت بە میلیشیا ناوخۆییەکان ببەستێت کە کاریان بۆ دەکەن بەڵام بەتەواوی ملکەچی نین.”
“میلیشیاکان بوونەتە هێزێکی ئابووری و سەربازی و لە ڕێگەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بازاڕی ڕەشەوە بەدوای بودجەدا دەگەڕێن، ئەمەش ڕژێمی لە قەوارەیەکی ناوەندییەوە گۆڕیوە بۆ چەترێک بۆ ژمارەیەک هێزی کێبڕکێەر”.
مهێدی ئاماژەی بەوەشکرد، ڕژێم سەرەڕای وەرینی سامانەکانی، هێشتا شەرعیەتی نێودەوڵەتی هەیە. ئەمەش توانای مانۆڕکردنی زیاتری پێدەبەخشێت بە بەراورد لەگەڵ هێزەکانی دیکەی سوریا. بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە بەردەوامی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە بەرژەوەندی میلیشیاکان، لە کۆتاییدا دبێتە هۆی تەقینەوەی ناوخۆیی لەناو خودی ڕژیمدا، بەتایبەتی ئەگەر گۆڕانکاری لە دینامیکی ناوچەکەدا ڕووبدات یان ئەگەر پشتیوانی ڕووسیا یان ئێران کەم ببێتەوە. هەڕوەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دۆخەی سوریا پرسیاری گرنگ لەسەر ئایندەی رژێمی سوری دەوروژێنێت و پرسیارەکەش ئەوەیە کە ئایا تا ج ئاستێک ئەو رژێمە دەتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر باردۆخی ناوچەکە بکۆردرێت یان پاڵپشتی ئێران یان ڕووسیا کەم ببێتەوە؟
ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا: لە نێوان دەستکەوتەکان و ئاستەنگەکاندا
زۆزان عەلووش باسی لە ئەزموونی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەکە لە ڕووی بنیاتنانی دامەزراوەکان و حوکمڕانییەوە دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێناوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ستراتیژییەکی ڕوون بۆ دوای شکستی داعش ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە. ڕوونیشیکردەوە، یەکێک لە تەحەددییە گەورەکانی بەردەم ئیدارەکە، نەبوونی دانپێدانانی فەرمی نێودەوڵەتییە، ئەمەش وایکردووە لە دۆخێکی سیاسی ناسەقامگیردا بمێنێت.
زۆزان ڕوونیکردەوە، “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕی داعشدا پاڵپشتی سەربازی ناوچەکەی کرد، بەڵام دوای ڕووخانی ڕێکخراوەکە وازی لێهێنا، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی و ئابووریی دروستکرد”. خاتوو زۆزان باسی لەم دۆخە کرد و گوتی: “ئێوە ئێمەتان هێناوەتە ناوەڕاستی ماڵەکە و بەجێمانتان هێشت”، مەبەست لەمش ئەوەیە کە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان پلانێکیان بۆ قۆناخی دوای داعش. ستراتیجی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش تایبەت و ڕوون بوو، بەڵام پلانێکی تێدا نەبوو کە دوای ڕووخانی ئەو ڕێکخراوە چی ڕوودەدات، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئیداری و ئەمنی لە ناوچەکەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی داعشدا پاڵپشتێکی سەرەکی بوو، لەپڕ پاش کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکان، کشایەوە و بەمەش ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئەمنی و ئابوری بووەوە بەبێ پاڵپشتی ئەوتۆ مایەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەست کەمییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت لە توانای مرۆیی شایستە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دامەزراوانەی کە هەن لەو ناوچەیە، چونکە زۆرێک لەو کەسانەی کە لە ئێستادا پۆستی ئیدارییان هەیە، ئەزموونی پێویستیان نییە لە بوارەکانی حوکمڕانی و سیاسەتی گشتیدا. گەورەترین تەحەدا ئەوەیە کە چۆن سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا بەدی بهێنرێت بەبێ ئەوەی ناوچەکە بچێتە نێو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکە بەتایبەت تورکیا کە پڕۆژەی کورد وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “ئیدارەی خۆسەر ئەمڕۆ 172 هەزار فەرمانبەر بەڕێوە دەبات، بەڵام هێشتا توانای مرۆیی شایستە بۆ بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی نیە. جەختیشی کردەوە کە گەورەترین ئاستەنگ ئەوەیە “چۆن بتوانرێت سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا بەدەستبهێنرێت بەبێ ئەوەی بچنە نێو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکە، بەتایبەت تورکیا، کە پرۆژەی کوردی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت”.
زۆزان هەروەها وتی، یەکێک لەو لایەنە ئەرێنییانەی کە دەتوانرێت لەسەری شتی بنیات بنرێت، پەیوەندییە ئابوورییە بەردەوامەکانی نێوان باکووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوای سوریایە، بەو پێیەی بازرگانی چالاک لە نێوان هەردوو ناوچەکە هەیە سەرەڕای بوونی کێشەی سیاسی. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پەیوەندییە ئابوورییە دەتوانێت ببێتە خاڵیک بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پردەکانی پەیوەندی سیاسی. ئاماژەی بەوەشکرد، سیناریۆی داهاتوو بۆ ئیدارەی خۆسەر هێشتا ڕوون نییە، چونکە دوو بژاردەی سەرەکی لەئارادایە: یان دانپێدانان پێی لە چوارچێوەیەکی دەستوری نوێدا لە سوریا، یان بەردەوامبوونی فشارەکان لەسەری تاوەکو لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە لەناودەچێت.
“سەرەڕای جیاوازی سیاسی، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان باکووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوای سووریا بەردەوامە، کە دووەمیان پشت بە سەرچاوەکانی یەکەمیان دەبەستێت، ئەم کارلێککردنە ئابوورییە دەتوانێت دەروازەیەک بێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی سیاسی نێوان لایەنە جیاوازەکان”.
پانێڵەکە بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە سوریا هێشتا لە دۆخێکی “نە شەڕ و نە ئاشتی” یدایە، ئەمەش ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە ناڕوون دەکات. هەروەها بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە هەر چارەسەرێکی داهاتوو دەبێت واقیعەکانی حوکمڕانی ناوخۆیی و پەیوەندییە ئابوورییەکان و ئاستەنگە ئەمنییەکانی بەردەم هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگریێت. قسەکەران هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بەردەوامبوونی پەرتەوازەیی سیاسی و دووبەرەکی لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی سوریادا دەبێتە هۆی قەیرانی زیاتر، ئەگەر کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش نەکرێت کە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی سوریا لەبەرچاو بگیرێت.
ديداری مێری 2024
ئایندەی سوریا: ئاسۆی ئاشتی و بوژانەوە
پانێڵی 8C