دیداری سێ ڕۆژەی ئینستیتیوتی مێری لە ۳ تا ٥ ی نۆڤهمبهری ٢٠١٥ سەرکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بينی، ئهو دیداره تایبەت بوو بە ئاڵوگۆڕی ڕوانگەکان بۆ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داڕێژەرانی سیاسەت لە سەر ئاستی ههرێم و عێراق و ناوچەکە لهگهڵ ئەکادیمیست و شارهزايانی خۆماڵی و نێودەوڵەتی دیبەیتی چەندین پرسی هەستیاریان کرد، هەر لە پرسی کەرکوکهوه بگره بۆ شەڕی داعش، قەیرانی ئاوارەبووان، ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکە،قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گرفتەکانی بەردەم یەکپارچەی عێراق. گفتوگۆیەکانی ناو هۆڵی کۆنفرانس بوونه مايهی گرنگی پێدانی خهڵكی ههرێم و ديبهيتی نێوان بینەران لە ڕێگەی ڕووماڵی راستەخۆی دیدارەکە لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، جگه له ماڵپەڕی ئینستیتیوتی مێری.
بەسازدانی پانێڵ لەسەر ئاستی بەرز و ڕێخۆشکردن بۆ بەشداری دیپلۆماتان و بەرپرسانی حکومی، نوێنەری کۆمەڵگای مەدەنی و میدیاكان؛ دیداری مێری ٢٠١٥ بووە هۆی ورژاندنی دیبەیت و گفتوگۆی چڕ، بەڵام لەوەش گرنگتر کارکردن لەسەر ئەو پرسانەیە. دەرئەنجامێکی گرنگ و بەرجەستەی دیدارەکە بریتی بوو لەوەی، بۆ نموونە، ڕەزامەندی پیشاندانی پارتە سیاسیەکان بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتی ڕاگەیاندنەکانیان دژ بە یەکتر و بەردەوامیدان بە دیالۆگ بۆ کۆتایی هێنان بە بنبەستی سیاسی. ئینستیتیوتی مێری بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان وەک دامەزراوەیەکی بێلایەن بۆ دابینکردنی سەکۆیەک بۆ گفتوگۆ بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە و ڕێگەخۆشکردن بۆ دیبەیت و گفتوگۆی ڕاشکاو بەبەشداری گشت لایەنەکان. لە ساڵانی ئایندەش، هەرێمی کوردستان پێویستی بە پلاتفۆرمێکی بێلایەنی لەو جۆرە هەیە کە بایەخ دەدات بە سازدان و هاندانی دیبەیت کردنی بابەت و پرسی هەستیار و گرنگ لەسەر ئاستی بەرز.
ئەو ڕاپۆرتە ڕووماڵێكی دیداری مێری ساڵی ٢٠١٥ یە و پوختەیەکی گفتوگۆی سەرجەم پانێڵ و لێدوانی قسەکەرانه، و درێژەپێدەری ئهو توێژینەوە و چالاکیانهی ئينستيتيوتن كه له ساڵی رابوردوو دهستيان پێ كرد و له ساڵی داهاتوودا بهردهوامێتيان دەبێت. هیوادارین ئەم دۆکیومێنتە ببێتە سەرچاوەیەکی بەسوود و باوەڕپێکرا بۆ داڕێژەرانی سیاسەت و ئەکادیمیستان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی.