Back

ئاو و ژینگەی عێراق: کاتی کارکردن و خۆپاراستن لە کارەسات

  • عەون ذیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق
  • فەرید یاسین، نێردەی کەشوهەوای عێراق
  • بنیامین تۆمسۆن، ڕاوێژکاری ئابووری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق
  • زەینەب شوکر، مامۆستا لە زانکۆی ویلایەتی سام هیوستن، ئەمریکا (سەرپەرشتیار)

فشاری ئاو پرسێکی ئاڵۆز و قوڕسە لە سەرانسەری عێراق، كە ئالنگاری بۆ ئیدارەدانی ئاوەڕۆ سنووربەزێنەكان وهاوکاریەكانی نێوان تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران دروستكردووە. لەم پانێلەدا، سیاسەتمەداران و پسپۆڕان باسیان لەو ئاستەنگە ژینگەییانە کرد کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە دەبنەوە، هەروەها پێویستی حکومەت بۆ لەخۆگرتنی ستراتیژیەتی جیاواز بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لەوانە پیسبوون و زیانە ژینگەییەکانی مرۆڤ و جەختکردنەوە لەسەر بە ئەولەویەتکردنی بەڕێوەبردنی ئاو و چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی بڕی ئەو ئاوەی لە وڵاتانی دراوسێوە دێتە ناو عێراق بۆ دڵنیابوون لەوەی كە عێراق هەمیشە بەقەد پێویست ئاوی دەبێت.

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مێژە هۆشداری دەدات لەوەی کە ئاوی بەردەست لە عێراقدا تا ساڵی 2025 نزیکەی لەسەدا بیست کەم دەبێتەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری درێژخایەن لە هەردوو كەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی وڵاتەكە دروست دەکات. ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2012 هۆشداری دابوو کە ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی زیاتر لە 60% دابەزیوە، کە بەشێکی لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئاوی سەرچاوەكان و بەنداوکردن لە تورکیا و ئێرانە. لە خوارەوەی عێراق، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان لە کەنداو، خوێئاوی حەوزی شەتولعەرەب بە درێژایی ڕووبارەکە بۆ سەرەوە پاڵ دەنێت، ئەمەش وایکردووە زەوییە کشتوکاڵییەکان لە باشووری عێراق خوێواویتر بن و ئاوی خواردنەوە تێکدەدەن و وادەكەن ئاوی کشتوکاڵی بەكەڵكی بەكارهێنان نەبن. زیاتر لە 80٪ی ئاوی حەوزی ناوچەکە بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت.

لەم پانێڵەدا هەرچەندە خاوەنگوتەكان بە پلەی یەکەم جەختیان لەسەر ئەم هەڕەشە بەپەلەیە کرد و ئایا چی بکرێت لەو بارەیەوە، لە هەمان کاتدا دەستیان خستە سەر ئاستەنگە ژینگەییەکانی دیکە کە ڕووبەڕووی وڵات دەبێنەوە. لەوانەش بەردەوامبوونی سووتاندنی گاز، کە لە بیرە نەوتییەکان ئەو گازە زیادەیە دەسوتێنن و ناتوانن هەڵیبگرن یان بەکاریبهێنن. لەو دەرهاویشتە کیمیاییەکانی ئەو گازە سووتاوەش زیانی تەندروستیان بۆ مرۆڤ هەیە، لەوانە ماددەی بەنزین کە ناسراوە بە هۆکاری شێرپەنجە. تەنگەنەفەسی، حەساسیەت، ڕیشاڵی سییەکان و لەدایکبوونی مناڵی مردوو هەموویان پەیوەندییان بە بەرکەوتنی درێژخایەن بە گاز و سووتانی گازەوە هەیە و ئەو کۆمەڵگایانەی لە نزیک کێڵگە نەوتییەکانی عێراق دەژین، مەترسی تووشبوونیان بەم نەخۆشییانە بەرزە.

ئەم پانێلە بە خولەکێك بێدەنگی لە گیان لەدەستدانی عەلی حسێن جولودی تەمەن ٢١ ساڵ دەستی پێکرد، کە لە تەنیشت کێڵگەی نەوتی ڕومەیلە لە بەسرە گەورە بووە و بەهۆی شێرپەنجەی خوێنەوە كۆچی دواییكرد. وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، عەون زیاب عەبدوڵڵا، ڕایگەیاند كە ساڵانێکی زۆرە لەم بوارەی سەرچاوە ئاوییەکان کاردەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، “90%ی ئاوی عێراق لە تورکیا و سوریا و ئێرانەوە دێت”، و بەشێک لەو کەموکوڕییانەی عێراق لە وڵاتانی دراوسێیەوە تووشی دەبێت بۆ ئەوە گەڕاندەوە. ڕووباری دیجلە و فورات هەردووکیان لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن. یەکەمیان ڕاستەوخۆ دەڕژێتە عێراق و لقەکانی دیکە لە عێراقەوە دەڕژێنە ناویەوە. فورات بە سوریا تێدەپەڕێت پێش ئەوەی بچێتە ناو عێراق و پەیوەندی بە دیجلەەوە دەکات لە پارێزگای بەسرە بۆ پێکهێنانی شەتولعەرەب.

وەزیری سەرچاوە ئاویەکان بە ئامادەبووانی وت كە عێراق یەکەم وڵات بوو لە ناوچەکەدا کە پڕۆسەی ‘دڵۆپاندن’ی داهێنا، كە بریتیە لە ئاودێری بە رژاندنی دڵۆپی ئاو بۆ سەر خاک بە ڕێژەیەکی زۆر کەم. ئاماژەی بەوەشکرد، سزا سەپێندراوەکانی سەر عێراق پێش گۆڕینی ڕژێم کاریگەری لەسەر خراپتربوونی دۆخی وڵاتیش هەبووە. “بەڵام، دەبێت ئەمانە بخەینە دواوە و بپرسین ئایا لە داهاتوودا چی بکەین؟ ئێمە بیرمان لەم جۆرە شتانە کردووەتەوە”. هەروەها گوتی “بێگومان کاری جدی لێرەدا ئەوەیە کە واز لە بەفیڕۆدانی پارەی گشتی بهێنرێت.” وە ئاماژەی دا کە لە ساڵانی پێشوودا وڵاتەکە چەندین لێکۆڵینەوە و ڕاسپاردە و ستراتیژی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە چۆنیەتی زیادکردنی کارایی ئاودێری. گوتیشی، “حکومەت پێویستی بە باشتر بەڕێوەبردنی ئاوی ئاوەڕۆ هەیە”، باسی لە کێشەی بڕی ئاوەکە و گواستنەوەی ئاو لە دیجلە بۆ فورات و هەروەها مەترسی لافاو کرد.

فەرید یاسین، نێردەی کەشوهەوای عێراق، ئاماژەی دا کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، عێراق زیانێکی زۆری بەردەکەویت “بەتایبەت سەبارەت بە کەمیی ئاو”. وتیشی، هەر کەسێک ئەگەر لە باکوورەوە بۆ باشووری عێراق گەشت بکات ئەو دیمەنە دەبینیت. گوتیشی، “هەروەها پێویستە دەردانی CO2 کەمبکەینەوە، کە لە نەوت و خەڵوز و گازەوە دێت. کێشەی عێراق ئەوەیە کە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوتە”. و گوتی عێراق زۆر درەنگ کەوتووە، لەوەی رێڕەوەكە بگۆڕێ، بە داننان بە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستن و بەکارهێنانی ئاوە سنووربەزێنەکان لە ساڵی 1992، بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکارییە ناوچەییەکان بۆ بەڕێوەبردنی بەردەوامی ئاو، کە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ واژۆیان کردووە، و عێراق تەنها لەم دواییانەدا لە سەرەتای ئەمساڵدا بووە ئەندام. “بەڵام ئەو وڵاتە،، واتە عێراق، ئەوکاتە گرنگی بە شتێکی لەو جۆرە نەدەدا.”

هەروەها یاسین باسی لە واقیعی بە بیابانبوون لە عێراق کرد، کە بە وتەی خۆی عێراقیش چەندین جار خۆی لە هەندێک ڕێککەوتننامەی تایبەت بەو بابەتە پاراستووە. لە بواری سووتاندنی گازدا، تا ئێستا عێراق بە كاری پێویست هەڵنەستاوە. “کارێکی جددی دەبێ بكرێ بۆ سوود وەرگرتن لە گازی سووتێنراو، بەڵام لە ئێستادا گازەكە لەدەست دەچێت.” یاسین بەڵگەی بەهێزی بۆ پێویستی گواستنەوەی عێراق بۆ ئابوورییەکی نوێ خستەڕوو. دەشڵێت: ئەگەر لە پشبەستن بە بەرهەمهێنانی نەوت دوور نەکەوینەوە، کارەسات لەدوای خۆمان بەجێدەهێڵین. ئاماژەی بەوەشکردووە، “سەردەمی بەرد بووە سەردەمی برۆنزی، نەک لەبەر ئەوەی مرۆڤ وازی لە بەکارهێنانی بەرد هێنا، بەڵکو لەبەر ئەوەی برۆنزی دۆزیەوە، هەموو ئەم کارانە دەبێ بە پێی چوارچێوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدرێن”.

بنیامین تۆمسۆن، ڕاوێژکاری ئابووری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، ڕاشکاوانە قسەی کرد. وتی: “چارەسەرەکان پارەیان تێدەچێت”، بەڵام “ئەمە کێشە گەلێکن کە پێویستیان بە گۆڕینی سیاسەت هەیە راستەوخۆ.” هانی دا كە باشتر بە نوێترین زانیارییەکان دەستەبەر بكرێن بۆ چارەسەی گۆڕانی كەشوهەوا و کاریگەریەكانی. هەروەها باسی لە پێویستی پەیداكردنی بەرهەمی ئابووری كرد لە گازی سروشتی، لەجیاتی سووتانی یان ڕێگەی پێبدرێت بەبێ گرتن دەربچێت. ناوبراو بە ئامادەبووانی وت: “ئێمە دەمانەوێت عێراق ئابوری خۆی بگۆڕێت و پارەی ئەو گۆڕانکارییە دابین بکات کە پێویستە ڕووبدات. وەزیرەکەش هاوڕا بوو و گوتی “دەبێت لە ئێستاوە بیر بکەینەوە – چی بکەین؟”

پاشان وەزیری سەرجاوە ئاویەکان ئاماژەی بەوەشکرد كە لە سەردانێکی ئەم دواییە بۆ تاران، داواکارییەکیان بۆ ڕێگەدان بە شۆڕبوونەوەی ئاوی زیاتر بۆ ناو عێراق پێشكەشكردووە، ئەمەش بەستراوەتەوە بە هەڵكشان و داكشانی سروشتەوە. دانی بەوەدانا کە هەندێک هیوا هەیە. وتیشی: بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک پێویستمان بە هەوڵی نێودەوڵەتی هەیە. گوتی “پێویستە تورکیا ڕێز لە پێداویستییەکانی دراوسێکانی و ئیرادەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگرێت.” تورکیا دەڵێت کێشەی لەگەڵ سەرچاوەکانی ئاودا هەیە، بەڵام عێراقیش بەهەمان شێوە و دەبێت ئەم کێشەیە لە بەرزترین ئاستدا ڕەچاو بکرێت. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بارودۆخی ئاو لە بیابانی ڕۆژئاوای عێراق، بەتایبەتی سنوورداربوونی دەستگەیشتنی جوتیاران بە ئاو، وەزیر دانی بەوەدا نا کە پێویستییەکی ڕاستەقینە هەیە بۆ ئاو، بەڵام وەزارەتەکەی مۆڵەتی ڕاستی دەدات، چونکە دەرهێنانی ئاو لە زەوییەکە بەرپرسیارێتییەکی جددیە.

سەبارەت بە پرسیاری سەرپەرشتیار، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت چی بکات بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لەگەڵ قەیرانی ئاوەکەی؟ یاسین داوای دەستپێکردنی بەرنامەیەک بۆ ئاشتەوایی نێوان وڵاتان کرد. “هەر هەوڵێک بدەین دەرئەنجامەکانی لەسەر خەڵک رەنگ دەداتەوە، [کاتی ئەوە هاتووە] بیر لە کاریگەرییەکانی سەر ژینگە بکەینەوە، و لە پێویستی هاندانی دراوسێکانی عێراق بۆ هەمان کار.” ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا شتگەلێک هەیە کە عێراق دەتوانێت بیکات بۆ ئەوەی كارەكان باشتر بن بەڵام دەرفەتەکان سنووردارن، مەگەر تۆ یاریزانێکی سەرەکی بیت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا عێراق تەنانەت چانسی ئەوەی هەیە خۆڕاگری خۆی لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوادا زیاد بکات، تۆمسۆن وتی کە ئەو بڕیارانەی لە عێراق دەدرێن، کاریگەریان لەسەر سیاساتی ڕێگریكردن لە گەرمبوونی جیهان نابێت. ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەوە بەو مانایە نییە کە بڕیارە ناوخۆییەکان ناتوانن کاریگەرییان لەسەر دەرئەنجامە ناوخۆییەکان هەبێت” و نموونەی بەڕێوەبردنی ئاوی هێنایەوە. وتی: “دەبێت لەڕووی بەڕێوەبردنی ئاوەوە لەگەڵ هەمووان کاربکەین. بە کارکردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەگەڵ هاوبەشە دراوسێکان، كۆمەڵێك شوێن هەن کە دەتوانین گۆڕانکاریان تێدا بکەین لە ئێستادا.” ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە ئەمریکا کاتێک گەنج بووم هەڵمەتێک دژی پیسبوون هەبوو. خەڵک شتەکانیان لە شەقامەکاندا پاک دەکردەوە. لە یەک نەوەدا هەڵوێستی منداڵەکانیان و خووەکانی پاراستنیان بە تەواوی گۆڕی. ڕەنگە عێراقیش بتوانێت هەمان شت لەگەڵ زبڵ وخاشاک دا بكات”.

لە وەڵامی پرسیارێکی تردا سەبارەت بە بەنداوی موسڵ، وەزیر عەبدوڵڵا بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند کە “بەنداوی موسڵ لە دۆخێکی زۆر سەلامەتدایە، و ئەوەی ئەنجامدرا بە هاوکاریەكی زۆری سوپای ئەمریکا بوو و لەژێر چاودێری ئەواندا کراوە… لە بەنداوی موسڵ توانیومانە بگەین ئاستێکی زۆر بەرزی سەلامەتی ، و ئێمە بڕیارمانداوە لە ئاستێکی دیاریکراوی ئاو تێپەڕ نەکەین”. وەزیرەكە گوتیشی “چیتر هیچ چاوەڕوانییەک بۆ داڕمانی بەنداوەکە نەماوە، هەروەها هاوکارییەکی نێودەوڵەتی زۆر هەیە لەڕووی بەڕێوەبردنی بەنداوەکەوە، هەست دەکەین دۆخەکە سەلامەتە.”

دیداری عێراق: بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی

 3/05/2023

پانێڵی سێیەم: ئاو و ژینگەی عێراق: کاتی کارکردن و خۆپاراستن لە کارەسات

ڤیدیۆی پانێل

Comments are closed.