دیبەیتێكی پۆڵەسی مێری بە هاوبەشی لەگەڵ چاتام هاوس
كێشه‌ى سەروەری یاسا له عێراق، مژارى مێزگردێكى پۆڵه‌سى مێرى بوو کە لە ۲۳ی کانوونی دووەمی ساڵی۲۰۲٤ بە هاوبەشی لەگەڵ ئينستيتيوتى شاهانە بۆکاروباری نێودەوڵەتی لە بەریتانیا، ناسراو بە چاتەم هاوس، بەڕێوەچوو. سەرەڕای بوونى دەستوور و بیرۆکراسی دەوڵەت، له عێراقدا سەروەری یاسا هێشتا كێشه‌ى زۆره، سه‌رچاوه‌كه‌شى نەبوونی ویستی سیاسی و جێبه‌جێنه‌كردنى ياسا و بەربڵاوى گەندەڵیه. دۆخى ناسهروهرى ياسا له عێراقدا له ئاستێكدايه کە تێیدا کەسایەتییە بەهێزەکان لە سەرووی یاساوە مامه‌ڵه دەکەن. له‌م ديبهيتهدا كه به‌شێكى له‌سه‌ر ئينته‌رنێت بە ڕاسته‌وخۆ په‌خشكرا، تيشك خرايه سه‌ر ديناميكيهته ئاڵۆزه‌كانى دۆخى سیاسی عێراق، به له‌به‌رچاوگرتنى لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییانەیەى ڕێناد منصور، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری عێراق لە چاتەم هاوس.
بەشداربووان پێىان وابوو کە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا، پێویستە بابه‌تى گەندەڵی وه‌كو بابه‌تێكى سەرەکی ته‌ماشا بكرێت بۆ شيكردنه‌وه‌ى داینامیکیهتى دەسەڵات، چونكه کاریگەرییە بەربڵاوەکانى گه‌نده‌ڵى هەوڵەکانی چاکسازی دەخنکێنێت و گه‌شه به نائومێدی گشتی ده‌دات.
لە کاتێکدا لێپرسینەوە دەبێت ئامرازێک بێت بۆ چاکسازی، بەڵام لە عێراقدا زۆرجار بۆ مه‌رامى سیاسی و يان بۆ به‌هێزكردنى پێگه‌ى سياسى لايه‌نه‌كان به‌كارهێنراوه. ئەم خراپ بەکارهێنانە، هاوشان لەگەڵ لاوازى جێبەجێکردنی یاسا به‌كۆى گشتى، ئاستى لێپێچينه‌وه لاواز دەکات، بەتایبەتی لە دەوڵەتێکی له‌رزۆكی وەکو عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا، لەنێو ئەم بەرەنگاریانەدا، ئه‌وه‌ى هیوا به‌خشه بوونى فشاری گشتی و دروست بوونى گۆڕانکارییە ئایدۆلۆژییەکانە له عێراقدا. به بۆچوونى بەشداربووان ده‌بێت لێپرسينه‌وه پاڵنەرێکی ڕاستەقینەی چاکسازی بێت نەک چەکێکی سیاسی.
هه‌ڵبه‌ته چەند بابه‌تێك ڕێگری لە ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى چاکسازی دەکەن، له‌وانه‌ش نەبوونی دادگای فیدراڵیه كه کێشەکانی ئێستای حوكمڕانى ئاڵۆزتر كردووه. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه کەسایەتییە بەهێزەکان پارێزراون لە چاودێریکردن، هه‌روه‌ها كه‌ناڵه ميدىايیه کۆنترۆڵ کراوهكان لەمپەرێکی گەورەن له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى چاكسازى. لەگەڵ ئەوەشدا، شەپۆلی ئەم دواییەی خۆپیشاندانەکانی تشرین گۆڕانکاری لە خيتابى گشتیدا دروست كردوه، به جۆرێك كه گرنگى به‌بوونى سیاسەتی ناوخۆیی و کۆمەڵگایەکی مەدەنی گەشەکردوو هێناوه‌ته كايهوه، ئه‌مانه‌ش به بڕواى بەشداربووان، بوونه‌ته هۆى بەهێزکردن و دروست بوونى پەیوەندی له‌نێوان ئه‌وانه‌ى له‌نێو سىیستهمى حوكمڕانیدان و ئارهزوومەندى ئه‌نجامدانى چاکسازین. بەپتهوكردنى تۆڕى په‌یوه‌ندى و بەهێزکردنی دەنگی ئه‌م كه‌سانه، کاریگەرییەکی زیاتر و پاڵنەرى پته‌وى چاکسازی له ناو خودى سیسته‌مه‌كه دروست ده‌بێت.
هەرچەندە له‌م دۆخه‌ى ئێستادا ره‌نگه به‌ئاسانى نائومێدی دروست ببێت، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا سیسته‌مى حوكمڕانى پێوىستى به بوونى گەشبینى هه‌يه به‌ڵام به ورياييه‌وه. بەشداریکردنی كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌هێزكردنى تاكه‌كان وفهراههمكردنى كه‌شێكى بازرگانى ته‌ندروست ده‌بنه هۆى دروستكردنى زه‌مينه بۆ دروستكردنى گۆڕانکاری ئەرێنی له پرۆسه‌ى حوكمڕانیدا. بەشداربووان ئاماژه‌يان به‌وه دا کە گەشەی کۆمەڵایەتی کاتی دەوێت و چارەسەری ڕاستەوخۆ لەوانەیە زۆر بخایەنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان هيوادرابوون له‌وه‌ى كه ئه‌و درزانه‌ى له نێو سيسته‌مى سياسى دروست بووه به هۆى خۆپێشاندانه‌كانى تشرىن، ببێته هۆى دروست بوونى گۆڕانكارى، چونكه لە کۆتاییدا، سیستەمی موحاسهسهى ئێستا خزمەتی زۆرینەی خەڵک ناكات. دۆزینەوەی چوارچێوەیەک کە سوود بە هەموو عێراقییەکان بگەیەنێت پێویستی بە کارکردن هەیە لە چوارچێوەی ئەو سیستەمەی کە هەیە،هه‌روه‌ها پێوىستى به پەرەپێدانی دیالۆگ و داکۆکیکردن لە چاکسازی هه‌یه.
قسه‌كه‌ران:
بەڕێوەبەری سێمینار: دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین، سه‌رۆكى ئينستيتيوتى مێرى
پێشكه‌شكارى توێژینه‌وه: ریناد مه‌نسور
تاوتوێكاران:
– عه‌بدولره‌حيم ئهلعوگهیلى، سه‌رۆكى پێشووى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى
– شه‌هلا گلى، توێژه‌ر، ئينستيتيوتى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست
– یاما تورابی – ڕاوێژکاری تەکنیکی بۆ دژە گەندەڵی، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP).