Back

لێدوانی باڵیۆزی بەریتانیا فرانک بەیکەر دەربارەی ئابووری و شەفافیەت

لەچوارچێوەی بەشداریکردن لە سیمینارێکدا لە ئینستیتیوتی مێری، فرانک بەیکەر جەختی لەسەر پێویستی هاریکاری نێوان پارتە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابووریانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە.

باڵیۆزی بەریتانیا بۆچوونێکی گەشبینانەی لەمەڕ بارودۆخی سیاسی ئێستای عێراق پیشاندا. عێراق پێکهاتەی هاوپەیمانی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت و لەوانەیە ئەمەش ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ گۆڕینی شانۆی سیاسی لە عێراق. بەڵام کێشەکان لە لاوازی پەیوەندی و کارلێککردن لە نێوان حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەکانی تری دەوڵەت سەرهەڵدەدات. باڵیۆز بەیکەر ئاماژەی بەوەکرد کە سیاسەتمەداران لە هەوڵی هاریکاریکردنن بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی لە بەغدا، وە هانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دا بۆ قۆزتنەوەی ئەو ‘دەرفەتە مێژووییە’ وە زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە سیاسی و ئابووریەکان لەگەڵ بەغدا.

باڵیۆزی بەریتانیا پێی وایە کە “سەربەخۆیی مافی ڕەوا و یاسایی کوردە، بەڵام بەهەمان شێوە ئێستا کاتێکی زۆر باشە بۆ کورد تا ڕۆڵێکی زیاتر لە بەغدا ببینێت”. بە ئاماژەدان بە پرسی سەربەخۆیی سکۆتلەندا، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی پشت ئەستوور بێت بە ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان. وە هەروەها پێی وابوو کە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ هەردوولا بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک و ناکۆکیەکانیان لەمەڕ کەرتی نەوت و پرسەکانی تر چارەسەر بکەن. فرانک بەیکەر پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان دوو پارتی سەرەکی(یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و گۆڕان) لە هەرێمی کوردستان کرد، وەک هەنگاوێکی ئیجابی بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەرێمی کوردستان. دروستکردنی هاوپەیمانی ڕێگایەکی سەرکەوتووە بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی لە ناوچەکە: “لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و گۆڕان لەیەکتر نزیکبوونەوە، بەیەکەوە دانیشتن بۆ ڕێککەوتن لەسەر ڕێگاچارەیەک بۆ داهاتوو. پێم وایە ئەوە کارێکی پۆزەتیڤە. پێم وایە کە پێویست نیە ئەو هەنگاوە بەهیچ جۆرێک بە کارێکی نێگەتیڤ ببینرێت.

IMG_3262

ئابووری عێراق لە دۆخێکی زۆر لاواز دایە، ئێستا عێراق ڕووبەڕووی دوو ئاستەنگی ئابووری سەرەکی دەبێتەوە، تێچووی جەنگی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، کە عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی پێ دەبەستێت بۆ دابینکردنی بوودجەکەی. یەکێک لە ڕێگاچارەکان بریتیە لە هەبوونی پلانێکی چاکسازی ئابووری یەکگرتوو بۆ دەستنیشانکردنی بوارەکانی چاکسازی؛ بۆ نموونە ئاسانکردنی سیستەمی باج، کەمکردنەوەی پاڵپشتە داراییەکان “subsidies”، فرەییکردن و خۆبەدوورگرتن لە پشتبەستن بە نەوت، لە هەمووی گرنگتریش بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

ئەو سیمینارەی ئینستیتیوتی مێری هاوکاتە لەگەڵ لوتکەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە لەندەن، کە ئامانج لێی دروستکردنی بەدەنگەوەهاتنێکی نێودەوڵەتیە بۆ چارەسەرکردنی گەندەڵی. وڵاتانی وەک عێراق بەهۆی گەندەڵیەوە دەناڵێنن. فرانک بەیکەر پێی وایە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەندەڵی قەبارەی کەرتی گشتیە. بۆیە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دامەزراندن لە کەرتی گشتی کەم بکەنەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا هەوڵەکانیان بەگوڕ بخەن بۆ بووژاندنەوەی کەرتی تایبەت. باڵیۆز بەیکەر جەختی کردەوە کە پێویستە ئەم پرۆسەیە لە ژێر ڕێسا و ڕێکخستنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێت بۆ ڕێگرتن لە نادادپەروەری. وە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری وردبینی بانگهێشت بکات و هانیان بدات بۆ ئەنجامدانی وردبینی لە کەرتی نەوت بۆ پێدانی زانیاری لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و بوارەکانی تر.

باڵیۆز بەیکەر ئاماژەی بەوەکرد کە عێراق توانای هەیە بەسەر قەیرانەکانی ئێستادا زاڵبێت و تەنانەت ببێتە هێزێکی گرنگ لە ناوچەکە، بەهۆی زۆری سەرچاوە سروشتیەکانی و گاز و سەرچاوەی ئاوی و چەندین شوێنەواری دەگمەن. بەهەمان شێوە، ناوچەی جوگرافی عێراق زۆر لەبارە بۆ ناوچەی بازرگانی ئازاد، وە خاکی عێراق زۆر بەپیتە و ئەگەر بەباشی بەڕێوەببردرێت و بچێندرێت؛ دەتوانرێت کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق بگەڕێندرێتەوە بۆ چاخی زێڕینی خۆی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ لەمەوبەر. بەڵام، فەرمانڕەوایەتی نادروست ڕێگرە لەبەردەم هەوڵەکان بەئاراستەی فرەییکردنی سەرچاوەکانی ئابووری.

Comments are closed.