“ئینستیتیوتی توێژینەوەی سیاسی وەک مێری زۆر گرنگە بۆ دامەزراوەکانی حکومەت لە وڵاتە دیموکراسیەکان، خۆشحاڵدەبین بە هەماهەنگی کردن و واژۆکردنی ڕێکەوتنامەی لێک تێگەیشتن لەگەڵ ئینستیتیوتی مێری” فەلاح مستەفا، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە سەرادنێکیدا بۆ ئینستیتیوتی مێری، ڕایگەیاند.

فەلاح مستەفا، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پرۆفسیۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری
یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگە خاتوو سیهام جەبەلی و ١٥ ئەندامی پێشەنگی بەشە جیاجیاکانی فەرمانگەکە یاوەری سەردانەکەی سەرۆکی فەرمانگەی ناوبراو بوون. ئامانجی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە دۆزینەوەی بوارەکانی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە نێوان هەردوو دامەزراوە، بەتایبەتی لە بواری توێژینەوەی سیاسی، دیبەیتکردنی ستراتیژی و دەستپێشخەری پڕۆژەی هاوبەش.
پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری هاوڕایی خۆیی ڕاگەیاند و پێداگیریی کرد لەسەر پێویستی بنیاتنانی پردی پەیوەندی لە نێوان نوخبەی سیاسی لە کوردستان و شاندی نێودەوڵەتی ئەکادیمیستان، دیپلۆماتان و داڕێژەرانی سیاسیەت. هەروەها وتی “شاندی دیپلۆماتان بە دەگمەن دەرفەتی ئەوەیان پێدەدرێت کە لە نزیکەوە ئەکادیمیستان و ڕووناکبیران ببینن لە ماوەی سەردانە کورتەکانیان بۆ کوردستان”. بەهەمان شێوە ئاماژەی بەوەدا کە “زۆربەیان تەنیا سەرکردە سیاسیەکان دەبینن لە پشتەوەی دەرگا داخراوەکان”.
ئینستیتیوتی مێری دەتوانێت هەڵبستێت بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بە دابینکردنی سەکۆیەکی بێلایەن کە تێیدا شاندی میوان و داڕێژەرانی سیاسەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیەک بگەن. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەردوولا کە لەیەکتر فێرببن و تێڕوانینی باشتریان لەسەر کەلتووری سیاسی یەکتر لا دروستببێت.
سەرۆکی فەرمانگەی ناوبراو پێداگیری کرد کە پرۆگرامە هاوچەشنەکانی توێژینەوە و شیکاری ورد و پێشنیازە سیاسییەکانی ئینستیتیوتی مێری، زۆر گرنگن بۆ کارەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بۆیە، پێشوازی دەکەین لە هەر بەشداریەک لە توێژینەوە و دیبەیتەکانی ئینستیتیوتی مێری.