Back

سەرچاوەی سەرەكی بۆ هەڕەشە لەسەر هەرێم و رێگاچارەكان لە نێوخۆ دانە

وێرای پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، لە دەرەنجامی دەیان ساڵی خەبات و ئەزموونی چارەیخۆنووسین، كەچی لە سەردەمی ئێستادا هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئایندەی کوردستان زۆر زیادی كردووە. هۆكارەكان زۆرن، هەیانە دەرەكی و هەیانە ناوەكی. بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستاو رێگاچارەكان، ئینستیتوتی مێری مێزگردێكی تایبەتی لە رۆژی دووشەممە –  20 ی حوزەیرانی 2021، بە ئامادەبوونی بژاردەیەك لە سیاسەتمەداران، ئەنجامدا. پوختەی پەیامەكان ئەوانەی خوارەوەن.

سەرچاوەكانی هەڕەشە

بە بەراورد لەگەڵ رابوردوو، لە ئێستادا دینامیەتی هێزەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاون. پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكان و كۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی گەشەیەكی شایستەی كردووە و گەیشتووەتە ئاستێكی نوێ. هەرێم شەراكەتێكی باشی لەگەڵ ئێران و توركیا پەیدا كردووە، بەجۆرێك كە لە رووی ئابووری نەوت و بازرگانیەوە سوودی بۆ دراوسێكان زۆر بووە و بووەتە بازاڕێکی گەرم بۆ بەرهەمەكانیان. ئەوەش فاكتەرێكی گرنگە بۆ ئەوەی ئەو دراوسێیانە پارێزگاری لە كیانی هەرێم بكەن. هاوكات، دراوسێكان دڵنیان لەوەی هەرێم لە بواری ئەمنیەوە، توانای ئەوەی نیە ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانییان.

بێگومان ئەوە مانای وانیە كە دراوسێكانی هەرێم نابنە سەرچاوەی هەڕەشە لەسەر هەرێم. بەڵكو لەوە دەچێ كە ئەوان كیانێكی بەهێزی وەك هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی خۆیان نابینن و مەبەستیانە كە بایی ئەوەندە لاواز ببێ بیر لە سەربەخۆیی نەکاتەوە. ئەوەش لە كاتێكدایە كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رەنگە چیتر زەمانەتی مانەوەی هەرێم بە بەهێزیی نەكات چونكە ناتوانێ لەجیاتی هەرێم بە ئەركی پاراستنی كیانەكەمان هەڵبستێ. ئەمریكا لە ڕووی سەربازییەوە بە دوای رێگەیەکدا دەگەڕێت هەتا لە عێراقدا بکشێتەوە و لەو حاڵەتەشدا رەنگە ئامادەبێ دەست لە تەواوی ناوچەكە هەڵبگرێ، بە هەرێمی كوردستانەوە. خۆ ئەگەر جاران هاوسۆزی نێودەوڵەتی بۆ هۆی مەزڵومیەتی کوردەوە وایکردبێ پشتگیریەكی بێسنوور لە کیانەکە بکەن، ئێستا کورد کێشەی لە ناوخۆی هەیە كە وا یكردووە پشتگیری نێودەوڵەتی بە پێچەوانەوە کەم ببێتەوە. لە عێراقیش لە دوای 2003، هیچ نیەتێك و توانایەك لە بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوخۆمان یان نێوانمان بەدی ناكرێ.

هەڕەشەی ناوەكی

بەو پێیە، لەوە ناچێ كە هەڕەشەی سەرەكی لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە سەرچاوە بگرێ بە پلەی یەكەم، بەڵكو سەرچاوە سەرەكیەكانی هەڕەشە لە نێوخۆی کوردستاندانە. فریادرەس و كلیلی چارەسەری كێشەكانی هەرێمیش هەر لەناوەوەی هەرێمە و بە تایبەتیش لە دەستی دوو هێزە قەڵەمڕەوەكەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. كەچی ئەو دوانە بەردەوام كێشەی هەماهەنگیان لەنێواندابووە.

مایەی سەرنجە كە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دەمنادەم ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی بە نەرێی لەسەر کوردستان نووسراون، ئەوەش تەواو پێجەوانەوەی ساڵانی یەکەمی دوای 2003 ێیە سیستەمی حوكمڕانی هەرێم لە بنەڕەتەوە لاواز بووە و بەو لێكترازانە سیاسی و ئەمنی و ئابووریەی ئەو چوار ساڵەی رابوردوو لاوازتریش بووە. بێزاری خەڵک، بە تایبەت چینی گەنج، لە دۆخەكە روو لە كشانە. دۆخی گوزەرانی خەڵک لە ئاستێکی نەخوازراو دایە. لەوكاتەی كە مووچە دوادەكەوێ و بەشێكی لێ دەبڕدرێ، باجیش لەسەر كەلوپەل و خزمەتگوزاری زیادی کردووە. دیارە كە یەکڕێزی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە کوردستان بەرجەستە نابن ئەگەر جیاوازی چینایەتی لەو ئاستە بەرفراوانەی ئێستادا هەبێ.

دیارە كە بەشێك لە خەڵكی هەرێم و توێژی خاوەنڕا بێ ئومێد بوونە لەوەی كە بنبەستی سیاسی ئیمڕۆ بە ئاسانی چارەسەر بكرێ. شاراوە نیە كە ئیمڕۆ لە هەرێمدا فرەیی سیاسی و دەسەڵات و چەكدارێتی لە ئارادایە. ئەو دیاردەیەش هاوشانە لەگەڵ بێهیوا بوونی خەڵک لەوەی كە سیستەمە سیاسیەكە ئەڵتەرناتیڤێكی گونجاوتر لە ئایندەیەكی نزیكدا بێنێتە كایەوە، بە تایبەت لە ڕێگەی هەڵبژرادنەوە.  ئەوانەش بوونەتە هۆی ئەوەی كە چارەسەرییەکان زۆر ئاڵۆز بن و هەرێم نەتوانێ وەکو قەوارەیەکی یەکگرتوو دەربکەوێ. تەنانەت تا ئێستا هێزە سیاسیەكان لە پێناسەكردنی کێشەکان هاوڕانین، بۆیە لە دۆزینەوەی چارەسەریەكانیش هاوڕا نین. تەنانەت مەترسیە هاوبەشەكانیش حیزبەكان كۆ ناكەنەوە.

شەڕی توركیا و پەكەكە

لە نێو ئەو بارە شلەژاوەدا، شەڕی نێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) رژاوەتە نێو خاكی هەرێم و بووەتە هۆكارێكی گرنگی ناسەقامگیری. لەلایەكەوە لەشكری توركی بە سەرباز و ئامراز و تەكنۆلۆژیای هێرشبەریەوە سنووری بەزاندووە و دەیان بنكەی سەربازی لە دیوی عێراق دامەزراندووە و گورزی لە هێزەكانی پەكەكە وەشاندووە.  لە لایەكەی دیكەوە، پەكەكە بە قووڵاییەكی بێ پێشینە لەناو هەرێم تەشەنەی كردووە. دەیان بارەگای لە ناوچەی جیاجیا  دامەزراندووە. هێزی سەربازی لە ناوچەیەكی بەرفراوانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بڵاوە پێكردووە كە تێیاندا دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی دامەزراندووە. لەو شوێنانەدا، پەكەكە و هێزەكانی پارتی دەمنادەم رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە و زیان بە یەكتر دەگەیەنن، وە دڵەڕاوکێیەکی زۆر لای تەواوی خەڵک دروست دەکەن.

دیارە بەهۆی كاریگەریی تەكنۆلۆجیای سەربازی توركی، پارسەنگی هێز لە بەرژەوەندی  تورکیادا لاسەنگ بووە. بەوەش چالاكی پەكەكە لە رووی سەربازیەوە سنووردار كراوە. بۆیە لە ئێستادا ناتواندرێ تورکیا ناچار بکرێ دەست لە رێگاچارەی سەربازی هەڵبگرێ و بیر لە دانوستان و پڕۆسەی سیاسی بکاتەوە. بەڵام دەكرێ پەكەكە ببێتە خاوەن دەستپێشخەری. پپێویستە سەرکردەکانی پەکەکە واقیعبینانە مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانە گەورەیە بكەن و ئیمڕۆ پێش سبەی ئامادە بن سازش بكەن چونكە هێشتا دەرفەتی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا بە تەواوەتی دانەخراوە، دەکرێ دووبارە دەست پێ بکرێتەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ساڵانی ڕابوردوو لە هاوکێشە و هاوسەنگی هێز لە نێوان پەکەکە و تورکیادا ڕوویداوە.

پێشنیازەكان:

ئەگەرچی بارودۆخی کوردستان زۆر باش نیە، بەڵام هێندەش خراپ نییە کە لە میدیا و سۆشیال میدیا و بگرە لای كۆمەڵانی خەڵك وێنا كراوە. ئەو رەشبینیە لە پرۆپاگەندەی سیاسی و شەڕی دەروونی لە دژی هەرێمی کوردستان، و تا رادەیەكیش بە هۆی بەشێک لە توێژی نوخبە و رەوتی پۆپۆڵیستی، هاتووەتە كایەوە. ئەگینا، دۆخەكە قابیلی چاكردن و برەوپێدان و هەڵسانەوەیە.

رێكەوتن

  • پێویستە لە ئایندەیەكی نزیكدا و بە دەستەجەمعی، بە هاوكاری سەرجەم هێز و لایەنەكانی گۆڕەپان، پڕۆژەیەکی نیشتیمانی ئامادە بكرێ و لەخۆ بگیردرێ. لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا، ستراتیژە گشتگیرەكان و بەرژەوەندیە باڵاكانی هەرێم پێناسە بكرێن و میكانیزمی پاراستنیان بۆ دابنرێ. هاوكات سیاسەتی هەرێم بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پارچەكانی دیكەی كوردستان و دەوڵەتە دراوسێكانی تێدا روون بكرێتەوە و ئەولەویەتیان پێ بدرێت.
  • پارتی و یەکێتی پێویستییان بە رێكکەوتنێکی ستراتیژی نوێیە، بەڵام ئەوجارە بە بەشداری پێکردنی حیزبەکانی دیکەش، ئەگینا سەرناگرێ. لەو چوارچێوەیەدا پێویستە یەكگرتنەوەی ئیدارە و ئابووری و هێزە چەكدارەكان سەربخرێن.
  • گفتوگۆیەكانی ئەو دوو ساڵەی دوایی لەگەڵ بەغدا سەلماندوویەتی كە ڕێککەوتنی دارایی لە نێوانیاندا بە ئاسانی جێبەجێ ناكرێ. لەو نێوەشدا باری دارایی و ئابووری خەڵك رووی بەروە خراپتربوونە. بۆیە دەبێ حكومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی بە خۆیاندا بچنەوە. لەجیاتی ئەوەی چاویان لە بەغدابێ بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، تەركیز بكەنە سەر كەمكردنەوەی گەندەڵی و باشتر ئیدارەپێكردنی داهات و خەرجیەكانی هەرێم كە بەزیادەوە بەشی پێداویسیتیەكان و وەبەرهێنانەكان دەكات.

دیالۆگ

  • پێویستە لێك تێگەیشتن و دیالۆگی بەردەوام لە نێوان پەکەکە و حكومەتی هەرێمدا دروست بکرێ و پرسەكە نەخرێتە چوارچێوەی پەیوەندی نێوان پارتی و پەكەكە بە تەنیا. لە هەرێمدا ستراتیژیەتی تەحریمکردنی شەڕی ناوخۆ دابڕێژدرێ و بەدامەزراوەیی بكرێ.
  • پێویستە سەركردەكانی هەرێم چاوەڕێ گەشەسەندنی سروشتی رووداوەكان نەكەن و دواتر خەریكی كاردانەوە بن، بەڵكو دەبێ بەرپسیارێتی هەڵەی پەكەكە و توركیاش لەئەستۆ بگرن و دەسپێشخەر بن لە هاندانیان بەرەو پرۆسەیەكی نوێی ئاشتی. پێویستە حكومەتی هەرێم، بە پاڵپشتی هێزە سیاسیەكان، لە ئاستێكی باڵاوە لەگەڵ هەردوو لایەن، پەکەکە و تورکیا، بكەوێتە گفتوگۆ.
  • پەیامی هەرێم بۆ پەكەكە روون بێ بەوەی كە دەبێ لەو ناوچانە بکشێتەوە كە بوونەتە هۆی پەلكێشكردنی لەشكری توركیا بۆ داگیركردنیان و گەیاندنی زیانێكی زۆر بە هاوڵاتیان. پێویستە پەكەكە رێگە بدات ئەو ناوچانە بکەونە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
  • بێگومان، هەمان ئەو پەیامە دەبێ بگەیەندرێتە دەوڵەتی توركیا و هەمان داوایان لێ بكرێ سەبارەت بەو ناوچانەی كە گرتوویانە. ئەزموون و مێژوو سەلماندوویانە كە ناوچەكانی ژێر فەرمانڕەوایەتی هەرێم هەرگیز نەبوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر توركیا.
  • پێویستە یەكێتی بە ئەرکی گەورەی خۆی هەڵبستێ نەك چاودێرێكی دوورەپەرێز بێ. لەگەڵ پارتی کار بکات بۆ ئەوەی قەناعەت بە پەکەکە بهێنن كە هێزی پێشمەرگە لەو شوێنانە جێگیر بکرێن کە ئێستا پەکەکە تێیاندایە، ئەگینا هەروەك لە رۆژئاوای کوردستان روویاندا، رەنگە ناوچەكان بكەونە ژێر دەسەڵاتی توركیا و دواتر خەڵكانی تووندڕەویان لێ جێگیر بكرێ.

ئەو راپۆرتە

ئەو راپۆرتە پوختەیەكی ئاوێتەكراوی پەیامەكانە نەك كتومت گوتەكان. مەرج نیە ئامادەبووان لەسەر هەموو پەیام و پێشنیازەكان كۆدەنگ و هاوڕابووبن. بەهەمان شێوە، هیچ لە پەیامەكان رەنگدانەوەی بۆچوونی هێزە سیاسیەكان یان ئینستیتیوتی مێری نین بەڵكو هی تاكە كەسەكانن و تەنیا بۆ سوودی گشتی رووماڵكراون.

ئامادەبووان:

  • ئەبوبەكر كاروانی، ئەندامێكی سەركردە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
  • بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
  • جەعفەر ئێمنكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
  • دلاوەر عەلائەدین، سەرۆكی ئینستیتیوتی مێری
  • هادی عەلی، جێگری سەرۆكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
  • كاردۆ محەمەد، پەرلەمانتاری پێشووتر لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان
  • كامەران پالانی، توێژەر لە ئینستیتیوتی مێری
  • مەسعود عەبدولخالق، رۆشنبیر و نووسەر
  • عەبدولسەتار مەجید، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵەی دادگەریی كوردستان
  • فوئاد سمایل، بەڕێوەبەر و توێژەر لە ئینستیتیوتی مێری

Comments are closed.