“ئەڵمانیا چەن ستراتیژێكی سەرەكی هەیە لە عێراقدا، هەر لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆرەوە بگرە تا دەگاتە پتەوكردنی پەیوەندی ئابووری و كەلتوری نێوان هەردوولا”. ئەوانە گوتەی ئۆلێ دییل، باڵوێزی ئەڵمانیا، بوون لە مێزگردێكی مێری لە 26 مایس 2021. لەو دیبەیتەدا بژاردەیەك لە داڕێژەرانی پۆڵەسی و پەرلەمانتار و پسپۆڕی ئەكادیمی و نێردەی دیپۆماتی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
لە پێشەكی و بەكراوەیی، لەبەردەم پەخشی راستەوخۆی كەنالەكاندا، باڵوێز دییل جەختی لە ئامانجە سەرەكیەكانی سیاسەتی بەرلین لە عێراق كردەوە، لەوانە:
1) بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش. تیرۆریزم كێشەیەكی گەورەیە نەك تەنیا بۆ عێراق بەڵكو بۆ تەواوی جیهان. ئەو كارە پێویستی بە كاردانەوە و هاوكاری نێودەوڵەتی هەیە و ئەڵمانیاش لەو چوارچێوەیەدا بووەتە هاوبەشێكی سەرەكی لە عێراقدا. دیارە كە رێكارە ئەمنیە توندەكان بەتەنیا ناتوانن رێگە لە توندوتیژی و تیرۆر بگرن. بۆیە، ئەڵمانیا پاڵپشتی لە سەقامگیری و سەروەری یاسا و یەكڕیزی كۆمەڵایەتی و بونیادنانی ئاشتەوایی دەكات لە عێراقدا، بەتایبەتی لە ناوچە رزگاركراوەكاندا.
2) هاندانی خەڵك بۆ حەوانەوە لە وڵاتی خۆیان تاوەكو بە زۆردی وڵات بەجێ نەهێلن و رێگە لە هیجرەتی ناشەرعی بەرەو ئەوروپا بگیردرێ. ئەڵمانیا وەبەرهێنانی لە كۆمەڵێك پڕۆژە كردووە لە عێراقدا، وەك دابینكردنی دەرفەتی كار و راهێنانی پیشەیی بۆ گەنجان تاوەكو هەست بەوە بكەن كە ئایندەیەكی گەش لە وڵاتەكەیان چاوەڕێیان دەكات. هەروەها ئەڵمانیا هەوڵی گەشەپێدانی كوڵتوری و پەروردەكردن بۆ لاوانی عێراق دەدات. بەداخەوە، پەتای كۆڕۆنا و نەبوونی ئاسایش و ناسەقامگیری بوونەتە بەربەستی گەورە لەبەردەم كارەكانی بەرلین بەرەو ئەو ئامانجانە.
3) هاوكاری عێراق بۆ هەمەجۆركردنی ئابووریەكەی. لە ئێستادا كەرتی گشتی عێراق هەڵاوساوە بەبێ ئەوەی كەرتی تایبەت گەشەی پێویستی كردبێ. عێراق بەزۆری پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، كە ئەوەش بەردەوامێتی نابێ. ئەڵمانیا هاوكاری عێراقی كرد لە ئامادەكردنی پرۆژە ئابووریەكەی ئەو دواییە (ناسراو بە ‘لاپەڕەی سپی’) و هاوكاری دەكات لە هەمەجۆركردنی ئابووری و گەشەپێدانی كەرتی تایبەت و پەیداكردنی دەرفەتی كار بۆ لاوان.
4) هاوكاریكردنی عێراق بۆ بەتواناكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و زیادكردنی بەشداری خەڵك. فیدرالیەتی كارا و پێككردنی هاوڵاتیان و پاراستنی مافی دەستووری سەرجەم خەڵكی عێراق دەوڵەت بەهێزتر دەكات. دیموكراسیەت پێویستی بە میكانیزمی روونە بۆ بەشداری پێكردنی خەڵك لە داڕێژتنی پۆلەسی لۆكالی و فیدرالی و لە چالاكیەكانی كۆمەڵگای مەدەنی.
5) زیاتر پتەوكردنی پەیوەندی و هاوبەشێتی دوولایەنە، لەوكاتەی كە عێراق بە هێزێكی سەقامگیركەر و پارێزەری پارسەنگی هێز دادەنرێ لە رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی ناسكدا.
6) هاوكاریكردنی عێراق بۆ زاڵبوون بەسەر پەتای كۆڕۆنا. ئەڵمانیا یەكێكە لە كۆمەكبەخشە سەرەكیەكانی بەرنامەی گەیاندنی جیهانی بۆ ڤاكسین (ناسراو بە كۆڤاكس). ئەڵمانیا ئەو كۆمەكە بۆ مەرام و دەستكەوتی دیپلۆماتی و سیاسی، یان كیبڕكێی نفوز، بەكار ناهێنێ.
دیبەیتی راشكاوانە
دوای ووتەكانی باڵوێز دییل، دیبەیتێكی گەرم بەپێی رێنماییەكانی چاتام هاوس لەنێوان ئامادەبووان ئەنجامدرا. لێرەدا پوختەی ناوەرۆكی دیبەیتەكە پێشكەشكراوە بەبێ ئاماژەكردن بۆ خاوەن گوتەكان.
بەربەستەكان
هاوبەشە نێودەوڵەتیەكانی عێراق هەمیشە رووبەڕووی كۆمەڵێك بەربەست و ئالینگاری بنەڕەتی دەبنەوە كە بوونەتە رێگر لەبەردەم پێشكەوتن و گەیشتن بە ئامانجەكانیان. زۆربەی ئەو بەربەستانە پەیوەستن بە لاوازیەكانی حوكمڕانی لە عێراقدا. لەوانە:
أ) حكومەتی عێراق مۆنۆپۆڵی لە بەكارهێنانی چەك مسۆگەر نەكردووە و كۆمەڵێك لایەنی چەكداری ناحكومەی هەمەجۆر هەن كە لە بەرامبەر دەسەڵاتی دەوڵەتدا ملكەچی لێپرسینەوە نین.
ب) ئەو لاوازیەی هاوكاری نێوان بەغدا و هەولێر لە ناوچە جێناكۆكەكاندا بۆشاییەكی ئەمنی دروستكردووە كە داعش سوودی لێ بینیوە.
ج) كۆمەڵگای عێراق سەیری حكومەتەكەی دەكات وەك سەرچاوەی رێكخستن و مسۆگەركردنی بژێوی ژیان. ئەوەش لە قووڵایی كەڵتور و ئەقلیەتی خەڵك و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا چەسپیوە. پێویستە ئەوە بگۆڕدرێ تاوەكو سەرچاوەكانی دارایی و ئابووری هەمەجۆر بكرێ.
د) گەندەڵی و مەحسوبیەت و بیرۆكراسیەتی نارێك بوونەتە رێگر لەبەردەم كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكان بۆ ئەوەی چالاكیەكانیان بە كاراییەوە ئەنجام بدەن.
هـ) لە عێراقدا، كێشەی جیاكاری و پشكێنەی نافەرمی بۆ دەسەڵات لەسەر بنەمای تایەفەگەری لەنێو حیزبەكان و سەركردەكان و فراكسیۆنەكاندا چەسپیوە، ئەوەش لە دەرەنجامدا بووەتە هۆی لاوازكردنی بەردەوامی دامەزراوەكانی دەوڵەت و میكانیزمەكانی لێپرسینەوە.
و) چەندین هێزی خاوەن بەرژەوەندی دەرەكی هەن كە دەست لە كاروباری ناوەكی عێراق وەردەدەن. كێبڕكێ و ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە عێراقد نموونەیەكی ئاشكرایە.
ز) بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئیتر پشبەستنی عێراق بە تاكە داهاتی نەوت نەبووە فشارێك بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم.
هەڵبژاردنی گشتی
پێشتر حكومەتەكەی مستەفا كازمی هیوایەكی بەخشی بەوەی كە عێراق ئیتر بەرەو زاڵبوون دەچێ بەسەر بەربەستە هەنووكەییەكانی وەك تووڕەیی شەقام و پرۆتێستی گەنجان و ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران و لێكترازانی گروپە شیعەكان. بەڵام لەدوای تێپەڕبوونی ساڵێك، پێشكەوتنەكان زۆر سنووردار بوون و هێشتا مەترسیەكان و كێشەكان بەقووڵی ماونەتەوە. عێراق وا بەرەو هەڵبژاردنێكی نوێ دەچێ كە وادە وایە لە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەر بەڕێوە بچێ. هاوبەشە نێودەوڵەتیەكان وا لە حكومەتی عێراق چاوەڕوان دەكەن كە كەش و ژینگەیەكی لەبار بێنێتە كایەوە بۆ ئەوەی بەشداری خەڵك لە هەڵبژاردنەكان ئاسان بكات. بەبێ بەشداری بەرفراوانی خەڵك، بۆ حكومەتی ئایندە زۆر زەحمەت دەبێ شەرعیەت وەربگرێ و دواتر سەقامگیری مسۆگەر بكات.
سەروەری یاسا و ئازادی رادەربڕین لە كوردستان
بابەتێكی دیكەی سەرەكی دیبەیتەكە پەیوەست بوو بە ترسی ئەڵمانەكان لە شێوازی مامەڵەكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دۆسیەی رۆژنامەنووسان و چالاكوانە بەندكراوەكان، بەتایبەتی سەبارەت بە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوە لە هەولێر. جەخت كرایەوە لەسەر ئەوەی كە دەبێ دادگا سەربەخۆ و شەفاف بێ دوور لە دەستوەردانی دەرەكی. هاوكات، هاوبەشە نێودەوڵەتیەكان وا لە حكومەتی هەرێم چاوەڕوانن كە ئازادی رادەربڕین و مافی خەڵكیش بۆ دادگایەكی دادپەروەرانە وەك پێداویستیەكی بنەڕەتی دیموكراتی بپارێزن.
بەشداری كوڵتوری و ئەكادیمی
بەشداربووان جەختیان لەسەر گرنگی ئاڵوگۆڕی كوڵتوری و ئەكادیمی كردەوە بۆ گەشەپێدانی درێژخایەنی پەیوەندیەكانی هەردوولا. باس لە دەستپێشخەریەكانی پێشتر كرا لە بواری ئاڵوگۆڕی ئەكادیمی بەتایبەتی ئەوانەی لە ڕێگەی رێكخراوی (DAAD)ەوە ئەنجامدران. بەڵام پەرەسەندنی كێشە ئەمنی و سیاسیەكانی عێراق بە تایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی پرۆتێستەكانی ئۆكتۆبەری 2019 و دواتر پەتای كۆڤید، بوونە بەربەست لەبەردەم جێبەجێكردنی پلانە كولتوری و پەروەردەییەكانی ئەڵمانیا لە عێراق. ئەڵمانیا دەیەوێ سەنتەری كوڵتوری بە هاوبەشی لەگەڵ فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دابمەزرێنێ.
بەشداربووان:
- ئۆلی دییل باڵوێزی ئەڵمانیان لە عێراق
- تانیا گلی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەركردە لە كۆمەڵگای مەدەنی
- چارلی سایكس هەماهەنگی سەربازی، كونسوڵگەری بەریتانی لەهەولێر
- خانزاد ئەحمد سەرۆكی ئەنجومەنی خانمان لە هەرێمی كوردستان
- دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە
- دارا خەیلانی راوێژكاری جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم
- دلاوەر عەلائەدین سەرۆكی ئینستیتیوتی مێری
- ستەم عەلی سەعید ئەكادیمی و ئەندامی جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕان
- سەعدی پیرە سەركردە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
- كاروان گەزنەیی پەرلەمانتار
- كاثرین جاشكێ راوێژكار لە كونسوڵگەری گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر
- كلێمەنس سێمتنەر كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر
- عیماد فەرهادی بەرپرسی پەیوەندیەکانی یەکێتی نیشتیمانی/ هەولێر
- فەلاح مستەفا راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان
- ناز عەلی ئەنجومەنی باڵای خانمان لە هەرێمی كورستان
- نەهرۆ زاگرۆس پرۆفیسۆری زانكۆ
- نەشئەت مەحموود راوێژكار، پەرلەمانی كوردستان