لەم پانێلەدا چوار شارەزا تاوتوێیی ئەگەری پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە کرد. شارەزایان بەشێک لە گفتۆگۆکەیان تەرخان کرد بە پێگەی لاوازی عێراق و باسیان لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی دۆخەکە کرد لەوانەش ڕۆڵی ئەمریکا، ستراتیژی سەربازی ئیسرائیل، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و دەرئەنجامی ئێرانێکی لاواز لە ناوچەکە. هەروەها لە گفتوگۆکەدا دەست خرایە سەر ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی عێراق و ئەکتەرە ناوچەییەکانی دیکە دەبنەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە جیۆپۆلیتیکییە ئاڵۆزەدا، هەروەها کاریگەرییە درێژخایەنەکانی بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
مەترسییەکانی پەرەسەندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) ، پانێڵەکەی چڕکردەوە و تیشکی خستە سەر مەترسیی پەرەسەندنی دۆخەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەتایبەتیش ئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان. ناوبراو باسی لاوازی عێراق کرد کە رەنگە ببێتە هۆی گیرخواردنی لە نێوان ئەمریکای هاوپەیمان و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی سەر بە ئێران. هەر بۆیە ئەو جەختی لەسەر پێویستی لێکۆڵینەوە دەیراسەتکردنی کاریگەرییەکان و پەرەسەندنێکی لەو شێوەیە، کردەوە.
ستراتیژی ئەمریکا و ئیسرائیل
دلاوەر عەلائەدین پێشنیاری کرد کە ڕەنگە بۆ ئێستا ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەشداری نەکات، بەڵام هەر لەرسەرەتاوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیری ئیسرائیلی کردووە، ئەمەش ڕێگەی بە ململانێکان داوە ئەمەش ئەگەری درێژەکێشانی ململانێکە زیاتر دەکات. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا دەچێتە پاڵ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران وتا چ ئاستێک ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جیاوازن.
کینێس پۆلاک، جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست( ئێم ئی ئای) کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، باسی لە شێوازی بڕیاردانی سەرۆک ترەمپ کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لەکاتێکدا ڕەنگە ترەمپ مەیلی دەستێوەردانی لە شەرەکە هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەو هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەداوە. پۆڵاک ئاماژەی بەوەشکرد کە شێوازی بڕیاردانی سەرۆک ترەمپ لە کۆتا خولەکدا و ڕەخنەکانی ئەم دواییەی تاکەر کارلسۆن کە هاوپەیمانێکی دیاری ماگا بوو، دەتوانن ئاماژە بن بەوەی بیرکردنەوەی سەرۆک ترەمب لەسەر بەشدارکرن چڕ بۆتەوە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆک ترەمپ مەیلی سەرەتایی سەرۆک ترامپ بۆ پشتگیریکردن لە ئیسرائیل بەهۆی فشارە سیاسییە ناوخۆییەکانەوە کەم بووەتەوە، بەتایبەتی لەلایەن کۆمەڵێک لە دەنگدەرانیەوە کە پاڵپشتی دوورەپەرێزی ئەمریکا دەکەن.
پۆلاک ڕوونیکردەوە کە ئیسرائیل و ئێران لە ئێستادا خەریکی ئەنجامدانی کردەوەی جیاوازن و سەرنجیان لەسەر ئامانجەکانیانە نەک پەرەسەندنی ناوچەیی فراوانتر. بە گوتەی پۆڵاک، ئەمریکا و ئیسرائیل جەخت لەسەر گرنگی ستراتیجیی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەتایبەتی شوێنی فۆردۆ دەکەن. هەروەها ئەوان بەلایانەوە گرنگە کە ئێران نەتوانێت توانای زیندووکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەبێت لە داهاتوودا. بە بڕوای پۆڵاک ئەم خاڵە جێی سەرنجی ئەمریکایە نەک تەنها پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستای ئیسرائیل.
گۆڕینی ڕژێم لە بەرنامەی کاردا نییە
پۆڵاک جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل لە ئێستادا ئامانجی گۆڕینی ڕژێمی ئێران نییە و ڕوونیشی کردەوە کە ئامانجی هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ئێران تێکدانی بەرنامەی ئەتۆمی و ژێرخانی سەربازییە،نەک گۆڕینی ڕژێم یان بە ئامانجگرتنی سەروەت و سامانی مەدەنی. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیلییەکان لە هێرشەکانیاندا زۆر وردن و ئاماژە بۆ ڕێژیمی ئێران دەنێرن کە هێرشەکانیان بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل ڕابگرن. پۆلاک نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە ڕەنگە ئیدارەی ئەمریکا بە تەواوی لە ستراتیژی ئیسرائیل تێنەگات و ئەگەری هەیە ستراتیژی ئیسرائیل تێکبدات.
لەلایەکی دیکەوە و بە گوتەی ئەنیشە بساری تەبریزی، شرۆڤەکاری باڵا لە ڕێکخراوی مەترسییەکانی کۆنترۆڵکردن کە بنکەکەی لە ئەبوزەبییە، لە کاتێکدا کە دانیشتووانی ئێران بە خۆڕاگری ماونەتەوە و بەردەوامی بەژیان دەدەن سەرەڕای پەککەوتنە بەردەوامەکانی ژیانی ڕۆژانە، بەڵام نیگەرانی لە ئارادایە بەوەی کە گۆڕانی ڕێژیم لەکارنامەی ئەمریکا و ئیسرائیل هەبێت. سەرباری ئەو ئەو نیگەرانیە، ناوبراو گومانی لە ئەگەری دەرئەنجامێکی لەو شێوەیە کرد بەهۆی نەبوونی ئامادەیی و پشتیوانی ناوخۆیی بۆ گۆڕانکارییەکی لەوشێوەیە.
دلاوەر عەلائەدین ئامادەبووانی بیرخستەوە کە گۆڕینی ڕژێم زاراوەیەکی ئەکادیمی دروست نییە، بەڵام ڕەنگە داڕمانی ڕژێم یان کودەتای ناوخۆیی زیاتر گونجاو بێت بۆ دۆخی ئێرانی ئێستە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کەداڕمانی ڕژێم لە غیابی لەشکرکێشی دەرەکی یان دژایەتییەکی بەهێزدا زۆر بەدووری دەزانێت و لەڕادەبەدەر قورسە، نموونەی مێژوویی ڕژێمی بەعس و بەهێزی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای ئێرانی هێنایەوە بۆ پاڵپشتیکردن لەو بۆچوونەی.
خۆڕاگری ئێران لە نێوان ئاڵۆزییەکانی ڕژێمدا
دلاوەر عەلائەدین ئاماژەی بەوەدا کە پشتیوانی دەرەکی ئێران لەلایەن وڵاتانی وەک ڕووسیا و چینەوە سنووردارە و وڵاتەکە تاڕادەیەک گۆشەگیرە، بەڵام داوای لە تەبریزی کرد شیکاریی دۆخی ناوخۆیی ئێران بکات. تەبریزی باسی لەوە کرد کە ترسی دانیشتوانی ئێران لە ناسەقامگیری و پرسی مافە مەدەنییەکان لە دوای گۆڕانی ڕێژیم، کۆمەڵێک نیگەرانی بەرچاون. ئەو هەل و مەرجی کات وساتی دانوستانەکان ڕوانگەی ئێرانی خستەڕوو و ڕوونیکردەوە کە ئێرانییەکان سەرەڕای پەرەسەندنی سەربازی لە کۆتاییدا پرۆسەی دانوستاندن بە ڕەوا دەبینن. تەبریزی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێناچێت ڕێژیمی ئێران بەبێ مەرج تەسلیم بێت و ئەگەر تێوەگلانی ئەمریکا زیاتر بێت، ئەگەری هەیە کە ئێران بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکاتە ئامانج.
سەقامگیری عێراق لە نێوان ململانێی ناوچەیی
عەلائەدین باسی لە کاریگەرییەکانی ململانێی بەردەوام لەسەر عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکە لە دۆخێکی ناسکدایە لە نێوان ئەکتەرە بەهێزەکانی ناوچەکەدا. حکومەتی عێراق تا ئێستا خۆی ڕاگرتوە و بەیاننامەی گشتی دەرکردووە بەڵام هیچ کارێکی ئەوتۆی نەکردووە کە تێوەگلێت. پاشان داوای لە قسەکەران کرد کرد بۆ پێشکەشکردنی ڕاسپاردەی پۆڵەسی بۆ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان. پۆلاک یەکەم کەس بوو کە جەختی لەسەر پێویستیی تێوەنەگلانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئەوەی نەکرێتە ئامانج.
بە بڕوای ڕێناد مەنسور، توێژەری باڵا لە چاتام هاوس کە بنکەکەی لە لەندەنە، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە عێراق توانیویەتی لە ململانێی ناوچەکە دوورەپەرێز بمێنێتەوە. لەو کاتەوە عێراق ئەولەویەتی زیاتری داوە بە سەقامگیری و گەشەپێدان تا پەیوەندییە ئایدیۆلۆژییەکان. حکومەتی عێراق کە نوخبەی شیعی باڵادەستە تێیدا، سیاسەتی دەرەوەی فرەلایەنی کردووە و گرنگی بە پاراستنی دەسەڵات و سەقامگیری دەدات بەتایبەتی لەم ساڵدا چونکە ئەم ساڵ ساڵێ هەڵبژاردنە. لە کاتێکدا ڕەنگە هەندێک گروپی چەکدار بەرژەوەندی ناکۆکیان هەبێت لەگەڵ حکومەت، بەڵام سیاسەتی گشتی لە سەرانسەری ماڵی شیعەدا بریتییە لە گرنگیدان بە سەقامگیری. خۆ حاڵی حازرخەمی سەرکی لە ناوچەکەدا، چۆنیەتی مانەوەیە و ڕوونە کە نیگەرانییە ئابووری و ئەمنییەکان باڵی کێشاوە بەسەر تێکڕای لایەنەکان.
رێناد مەنسوور جەختی لەوەش کردەوە کە حکومەتی بەغدا لەبەر پەرتەوازەیی لە بەڕێوەبردنی ئەم پەیوەندیانەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بۆتەوە و پێشنیاریشی کرد کە باشترین ڕێباز بۆ عێراق چاوەروان بێت و تەماشای دۆخەکە بکات و لەکارکردن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو وەک سعودیە و ئیمارات، کە ماوەیەکە پاڵپشتی ئاشتی لەگەڵ ئێران دەکەن، بەردەوام بێت.
پاشان دلاوەر عەلائەدین وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری دایەوە سەبارەت بەئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بڵابوونەوەی ململانێ لە ناوچەکە. ئەو نادڵنیایی دەربڕی سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ئەگەر ململانێکان درێژە بکێشن.
گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە کۆتا بەشی دیبەیتەکەدا، دلاوەر عەلائەدین پرسیاری لەبارەی کاریگەریی لاوازی ئێران کرد لەدۆخی ناوچەکە کرد، هەر لە یەمەنەوە هەتا لەڤانت، و ئاماژەی بە پێویستی ڕەچاوکردنی ڕێکخستنەوەی درێژخایەن و دۆزی ئەمنی لە ناوچەکەدا کرد.
پۆلاک هاوڕا بوو و ئاماژەی بە ئەگەری گۆڕانکارییەکان کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای شەڕی ئێستا و جەختی لەسەر پێویستی گرنگیدان بە ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێران کردەوە. ناوبراو تیشکی خستە سەر لاوازبوونی ئاشکرای نفوزی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکە، لەوانەش لە لوبنان، سوریا و یەمەن. پۆڵاک دژی ڕێککەوتنەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک لەگەڵ ئێران وەستایەوە و پاڵپشتی ڕێبازێکی هەمەلایەنەی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی میحوەری مقاوەمە کرد. هەروەها پێشبینیشی کرد کە شەڕەکە دەتوانێت پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییە میانڕەوەکان بەتایبەتی سعودیە تێکبدات و بەمەش پێشکەوتنەکانی پرسی فەلەستین پەک بخات.
لە کۆتاییدا، ڕێناد مەنسوور باسی لە کاریگەرییەکانی لاوازبوونی ئێران لەسەر هاوپەیمانەکانی لە عێراق کرد و ئاماژەی بەئەگەری دروستبوونی بۆشایی کرد، بەڵام ئەم حاڵەتە توانای ئەکتەرە دەرەکییەکانیش سونووردار دەکات لە داڕشتنی سیاسەت لە عێراقدا. لەلایەکی دیکەوە تەبریزی نیگەرانی خۆی لە بارەی دۆخی ناوچەکە بە تایبەتی سەبارەت بە پەیوەندی ئێران و ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەربڕی. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ئێرانێکی لاوازتر دەتوانێت لە درێژخایەندا مەترسیدارتر بێت.