ئامانجەكانی دیداری مێری 2023
- ڕەخساندنی کەشێکی بنیاتنەر بۆ دیالۆگ و ئاشتەوایی گەڵاڵەکردنی بيروبۆچوونەکان لە نێوان سياسەت دارێژەران و بڕاربەدەستان و ئەکاديمستان.
- وەدەستهێنانی وەڵامی دروست و بوونياتنەر بۆ چەندین مژاری گرنگ و تيشك خستنە سەر بەدیهێنانی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
- دەستنیشانکردنی بەرەنگاریەکان (تەحەدیاتەکان)ی ئێستا و جەختکردن لەسەر سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشکەشکردنی پێشنیازی پۆڵەسی بۆ بڕیار بەدەستان.
- دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی کە پێویست دەکات توێژینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە تێگەیشتنی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەنگاریەکان.
تەوەرەکانی دیداری مێری
عێراق بۆ هەموان بێت
دیداری مێری 2023 هاوکاتە لەگەڵ پێشکەوتنە گەورە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە پێدەچێت داهاتووی عێراق دیاری بکەن. لە نێوان چەندین قەیرانی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و ژینگەیی کە لە جیهاندا تووشی بووە، عێراق یەکێکە لەو قەیرانانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. سیاسەتی عێراق هێشتا زاڵە بە داینامیکی ئاڵۆز و گۆڕاوی خێرا. پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنی پارێزگاکان كەشی سیاسی زیاتریش هەڵبچێ.
هەروەها دیدارەكە هاوکات دەبێت لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی دەستبەکاربوونی حکومەتی ئەلسودانی و چەند مانگێک دوای پەسەندکردنی یەکەم بودجەی سێ ساڵی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە. خەڵکی عێراق چاوەڕوانی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و هەلی کاری زیاتر و هەمەجۆرکردنی ئابووری و وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخانی وڵاتەکە دەکەن. پرسیارەکە ئەوەیە: عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟ لەم دیدارەدا، کۆمەڵێک سیاسەتمەدار و بڕیاردەری دیار تێڕوانینی پەیوەندیدار هاوبەش دەکەن و تێڕوانینی خۆیان دەربارەی چۆنیەتی خزمەتکردنی هەموو عێراقییەکان ڕادەگەیەنن.
عێراق و دەورو دراسێكانی
مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەیەکی زۆرە لە ناو کێشە و ململانێ و گۆڕانکاری دایە، لە هەمان کاتدا ئەو ناوچەیە نامۆ نیە بە کۆمەڵێک ململانێی تێکهەڵکێش و ئالۆز. گۆڕانکاریەکان و دینامیکیەتە تازەکان هەڵومەرجەکەی زیاتر ئاڵۆزکردوە. ئێستاش ناوچەکە قابیلی کارتێكردنە و كاریگەری ململانێی هێزە زلهێزەکانی بەسەرەوەیە. سروشتی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پڕە لە هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ناکۆک لەگەڵ یەک، وە پڕە لە دەوڵەتی لەرزۆك و شکستخواردووی عەسکەرتاری و دەربەدەری و ئاوارەیی دانیشتوانەکانیان. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە سیستەمێکی نوێ بێتە کایەوە، کە ببێتە هۆی زیاتر سەقامگیری و دواڕۆژێکی باشتر بۆ ناوچەکە و دەوڵەتی عێراقیش لەو نێوەندەدا دەست بە بووژاندنەوە و بنیاتنان بکات. ئایا ناوچەکە چاوەڕوانی چیمان لێدەکات و بەرەو کوێ دەڕوات؟ لەو دیدارەدا بەشداربوان باسی ئەوە دەکەن کە چۆن دەتوانین کاریگەری لەسەر گۆڕانکاریەکان دابنێین بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئاشتی بەردەوام فەراهەم بکەین.
عێراق و هەرێمی كوردستان لە نێو هاوكێشە ئیقلیمی و جیهانیەكاندا
دینامیکیەتی هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان کە لە ناوخۆی عێراق کاریان پێدەکرێ زۆر ئاڵۆزو تێکهەڵکێشە و بەردەوام لە گۆڕاندایە. ئەو دینامیکیەتە کاریگەری نەرێنی لەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵایەتی ناوخۆی عێراق هەیە، و کارئاسانی کردووە بۆ ئەوەی ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی هێزە ناوخۆییە ناکۆکەکان. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی عێراق تادێت زیاتر بەرەو شکست دەڕوات، مەشهەدی ناوخۆ لەتوپەت بووە لەژێر کاریگەری بەردەوامی لایەنە کاریگەرەکانی حکومی و ناحکومی، کە زۆربەیان پەیوەستن بە دەوڵەتانی تر و دەتوانێت سەرکردایەتی گۆڕانکاریەکان بکات بە شێوەیەکی سەربەخۆ. ئەو شێوازە لە فرەیی حوکمڕانی وایکردووە کە زۆر قورس بێت بۆ سەرکردە ناوخۆییەکان بتوانن یارمەتی کۆمەڵگای عێراقی بدەن بۆ چارەسەری کێشەو نەهامەتیەکان. لە بەشداربوانی ئەو دیدارەدا کە خۆیان سەرکردەی ڕاستەوخۆن، گوێبیستی ئەو بەرەنگاریانە دەبین، و دەربڕینی راوبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو دینامیکیەتە و پلانیان بۆ گواستنەوەی دینامیکیەتەکان.
هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتسازی لە عێراق
لە ساڵی ٢٠٠٥ دەوڵەتی عێراق دەستورێکی دیموکراسی لەخۆگرت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەو دیموکراتیە ساوایەی کە لە قۆناخی سەرەتایی دایە، ڕووبەڕووی چەندین بەرەنگاری بووەتەوە بۆ دەوڵەتسازیی. شەڕو تەنگو چەلەمە یەک لەدوای یەکەکان کۆسپیان خستە بەردەم پرۆسەی چەسپاندنی دیموکراتیەت، و بوونە هۆی لاوازبوونی دەوڵەت. لە کاتی سەرهەڵدانی گروپە توندڕەکان کە پەیوەستن بە هێزی دەوڵەتانەوە، سوودیان لەو لاوازی و بێسەروبەریە وەرگرت، کێشە ناوخۆییەکان بوون بە کێشەی نێودەوڵەتی. لە ئەنجامی ئەو پالپشتە نێودەوڵەتیە عێراق توانی تا ڕاددەیەکی زۆر خۆڕاگر بێت بەرامبەر بە داعش. لە کاتی ئێستادا، سەرەڕای هەموو تەحەدییاتەکانی ناوخۆیی و ناوچەیی، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیکگرتووەکان و دەوڵەتانی تری وەبەرهێنەر خەریکی بنیاتنانی پایەکانی دیموکراتین لە عێراق، لە بوارەکانی: بەهێزکردنی توانا دامەزراوەییەکانی دەوڵەت، پشتگیریکردنی پرۆسەی سەروەرکردنی یاسا، هاندانی بە پیشەیی کردنی دەزگا ئەمنیەکان. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، هێشتا پێویستیەکی زۆر ماوە بۆ بنیاتنان و بووژانەوەو ئاشتەوایی، کە ئەمانە بەربەستی گەورەن لەبەردەم گەشەی پرۆسەی دیموکراتی. لەم دیدارەدا بە هاوبەشی لەگەڵ دۆست وهاوبەشە نێودەوڵەتیەکانمان هەوڵ دەدەین پێشبینیەکانیان بۆ داهاتوو، و ڕۆڵی بەردەوامی خۆیان بۆ بەرەوپێش بردنی عێراق بخەنەڕوو.
پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر: چارەسەری كێشە ریشەییەكانی ناكۆكی
لە ماوەی ئەو پانزە ساڵەی ڕابووردوو، بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و داهاتی نەوت لە عێراقی فیدراڵ خاڵی هەرە گرنگی ناکۆکی کێشەکان بووە لە نێوان هەولێر و بەغدا. هەموو ساڵێك، کە دەست دەکرێت بە داڕشتنی یاسای بودجە و دەنگدان لەسەری، قەیرانیێکی نوێ لە پەیوەندیەکان دروست دەبێت. پێویست دەکات لەسەر هەردوو لایەن چارەسەرێکی گونجاو درێژخایەن بۆ ئەو بابەتە بە گوێرەی دەستوور دابڕێژن، و جێگای رەزامەندی هەموولایەک بێت و یاسایەکی بنەرەتی بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ دەربکەن، کە هەتاکو ئێستا بەو دەرئەنجامە نەگەیشتوون. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە هەولێرو بەغدا بە شیوەیەکی شەفاف چارەسەی ئەو بەربەستە بکەن و هەنگاوبنێن بەرەو باشترکردنی پەیوەندیەکان. لەو دیدارەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا دەکرێ ئەو کێشانەی کە پەیوەندیدارن بە و بابەتە ڕیشەکێش بکەین و بە نیەتێکی پاک دەست پێبکەین؟ ئایا دەکرێت بنیاتی متمانەیەک دابڕێژین لەو پرۆسە گرنگە؟ چاوەڕوانین وەڵامەکانمان لە بڕیاردەران و سیاسات داڕێژەران کە بەشدارن لەو پانێڵە وەربگرینەوە.