Back

بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و گوزەران لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان

ئینستیتیوتی مێری کۆتایی بە پڕۆژەیەکی توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) دەربارەی کشتوکاڵ و گوزەران لە ناوچە تازە ئازادکراوەکانی عێراق هێنا. ئەم ڕاپۆرتە داتا و زانیاری دەربارەی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و سەڵاحەدین لەخۆگرتووە و تەرکیز دەخاتەسەر چوار سێکتەر: دانەوێڵە، ئاژەڵداری، کشتوکاڵ و ماسی و گوزەران. وە دەستنیشانی ئەو ئاستەنگ و گرفتە سەرەکییانەی کە ڕێگرن لە بوژاندنەوەی چالاکی کشتوکاڵی لەو ناوچانەی کە لە داعش ئازادکراون، وە چەندین پێشنیازی کردەیی بۆ بوژاندنەوە لە ئایندەی نزیک و مامناوەندن و درێژخایەن، لەخۆ دەگرێت (لاپەڕە ٦٠). دەتوانن تەواوی ڕاپۆرتەکە لێرەدا بەدەستبهێنن.

بۆ زۆر خەڵک لە نەینەوا و کەرکوک و سەڵاحەدین، کەرتی کشتوکاڵ بەشێکی سەرەکی و گرنگی گوزەرانی ژیانیان پێک دەهێنێت. بەڵام، کەرتی کشتوکاڵ لەو ناوچانە زیانی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی داگیرکاری و توندوتیژیەکانی داعش. چاککردنەوە و بوژاندنەوەی ئەو کەرتە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە ئاوارەبوون و هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان. هەروەها، کشتوكاڵ تەنیا نابێتەهۆی دروستکردنی دەرفەتی کار و داهات، بەڵکو بەهەمان شێوە دەبێتەهۆی زیادکردنی کۆی بەرهەمی کشتوكاڵی لە عێراق. بوژاندنەوەی ئەو کەرتە تەنیا بۆ کۆمەڵگای ئاوارەکان گرنگ نیە بەڵکو بۆ تەواوی وڵات بەگشتی.

لە بڵاوکراوەیەکی ڕۆژنامەوانی کە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە “گرنگی بوژاندنەوەی چالاکی کشتوکاڵی و گوزەران لە تەواوی ئەو ناوچانە جێگەی پرسیار نیە – نەک تەنیا بۆ کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیە، بەڵکو بۆ تەوای عێراق بەگشتی”.

دەرئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکە پشت دەبەستێت بە ژمارەیەک چاوپێکەوتن و فۆکەس گروپ کە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایەنە ئەنجامدراون. چاوپێکەوتن و فۆکەس گروپەکان لە لایەن ڕێکخراوێکی ناحکومی لۆکاڵی (Muslim Aid) و رێکخراوی نێودەوڵەتی REACH لە عێراق. سەرەڕای بارودۆخی دژوار و سنوورداری گەیشت بەو ناوچانە، هەردوو ڕێکخراو توانیان داتای مەیدانی گرنگی پێویست بەم توێژینەوەیە بەدەست بهێنن. دواتر داتاکان کۆکرانەوە بۆ پشتڕاستکردنەوە و شیکاریکردنیان لە لایەن ئینستیتیوتی مێری. دواتر شیکاری داتا و زانیاریەکان وەرگێردران بۆ ڕاپۆرتێکی پۆڵەسی، وە دەستنیشانکردنی ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی کە ڕووبەڕووی جوتیاران دەبنەوە، لەگەڵ پێشنیازی پێویست بۆ بەدەنگەوەهاتن لە لایەن ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەم ڕاپۆرتە لە لایەن FAO  بۆ باشترکردنی تێگەیشتنیان لە بارودۆخی ئێستا، پەرەپێدانی پرۆگرام و پەیداکردنی تەمویل لە لایەن بەخشەرە نێودەوڵەتیەکانەوە بەکاردەهێنرێت.

پێشنیازە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکە بریتین لە:

١. بوژاندنەوەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە

  • پێدانی پاڵپشتی ڕاستەوخۆ لەشێوە پێدانی تۆوی چاندن و پەین و دەرمانی لەناوبردنی زیندەوەری زیانبەخش و ئاسانکردنی دەستەبەرکردنی زەوی و کەل و پەلی پێویست بۆ بوژاندنەوەی بەرهەمهێنان
  • دابینکردنی چارەسەری ئاوەڕۆ وەک لێدانی بیر
  • پاڵپشتی ڕێکارەکانی کارئاسانکردنی گواستنەوەی بەرهەم بۆ بازاڕ

٢. بوژاندنەوەی بەرهەمی ئاژەڵداری

  • دابینکردنی ئاژەڵ بۆ پاڵپشتی بەرهەمهێنان، بەتایبەتی مەڕ و مریشک
  • دابینکردنی خزمەتگوزاری ڤێتێرنەری بەپەلە و داو دەرمان
  • دابینکردنی ڕاستەوخۆی خۆراکی مریشک
  • پەرەپێدانی سەلامەتی و دەستەبەرکردنی لەوەڕگاکان

٣. بوژاندنەوەی بەرهەمهێنانی ماسی لە نەینەوا و سەڵاحەدین

  • چاککردنەوەی حەوزەکانی ماسی
  • دابینکردنی ڕاستەوخۆی خۆراکی ماسی و داودەرمان

٤. سەقامگیرکردنی گوزەران (سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ڕێکارانەی سەرەوە یارمەتیدەرن بۆ گوزەران)

  • پاڵپشتی دارایی بۆ پلانی کارکردن
  • یارمەتیدانی بنیاتنانەوەی پڕۆژەی بچووک لە ڕێگەی پێدانی تەمویل و قەرزی بچووک و ڕێکارە یارمەتیدەرەکانی تری گەیاندن بە بازاڕ.

Comments are closed.