Back

ئینستیتیوتی مێری ئەنجومەنی پێکهاتە ئێتنی و ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستان پێشنیازدەکات

بەمەبەستی پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە دەستوور و بەشداریپێکردنیان لە سیستەمی فەرمانڕەوایەتی هەرێمی کوردستان، ئینستیتیوتی مێری پێشنیازی ئەنجومەنی پێهاتە ئێتنی و ئاینیەکان دەکات

لە راپۆرتێکی تایبەت  کە پێشکەشی لێژنەی ئاماده‌كردنی ده‌ستووری كردووە، ئينستيتوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژينه‌وه‌ (ئينستيتيوتی مێری) پێشنياز ده‌كات کە‌ له‌ ره‌شنووسی ده‌ستووردا پێداگیری له‌سه‌ر چەسپاندن و‌ پاراستنی مافە كەلتووری و فه‌رهه‌نگی و زمانه‌وانی و ئاينيه‌كانی پێكهاته‌ ئێتنی و ئاينيه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت. وه جه‌خت له‌سه‌ر خاوه‌نماڵێتی ئه‌و پێكهاتانه‌ و به‌شداری پێكردنيان له‌ پرۆسه‌ی فه‌رمانڕه‌وايه‌تی بكرێته‌وه‌. ئینستیتیوتی مێری پێیوایە، کە ئەمە دەبێتە هەنگاوێک بۆ پێکەوە بەستنەوەی پێکهاتە‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كه‌ی هه‌رێم و بنیاتنانی وڵاتێكی سەقامگیر لە ژێر چەتری دەستوورێکی مەدەنی و دیموکراسی بۆ هەمووان.

له‌و راپۆرته‌دا ئينستيتيوتی مێری پێشنيازی‌ دامه‌زراندنی دوو ئه‌نجومه‌ن ده‌كات کە بریتین لە:

  • ئه‌نجومه‌نی پێكهاته‌ ئێتنیه‌كان بۆ نوێنه‌رايه‌تی پێكهاته‌ی توركومان و عه‌ره‌ب و كلدانی و ئاشوری وسريانی و ئه‌رمه‌نی
  • ئه‌نجومه‌نی پێكهاته‌ ئاينيه‌كان بۆ نوێنه‌رايه‌تی پێكهاته‌ی ئێزدی و كريستيان و كاكه‌يی و زه‌رده‌شتی و سابیئە و به‌هائی و مەندەنائی

مه‌به‌ست له‌و دوو ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌ فه‌رمی له‌ په‌رله‌مان و له‌ نێو دامه‌زراوه‌كانی فه‌رمانڕه‌وايه‌تيدا نوێنه‌رايه‌تی راسته‌قينه‌ی پێكهاته‌كان‌ بكه‌ن و له‌ پرۆسه‌ی ياسادانان و بڕياردان و جێبه‌جێ كردن و به‌دواداچووندا به‌شدار بن. ئه‌نجومه‌نه‌كان راوێژ و پێشنياز و پرۆژه‌ی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی پرس و كێشه‌ی تايبه‌ت به‌ پێكهاته‌ ئێتنی و ئاينيه‌كان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هەرێم بکه‌ن، و هاوكار بن له‌ داڕێژتنی ياسا و رێسا و ستراتيژ و پلانی درێژخايه‌ن، و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ حكومه‌تی و ناحكومه‌تيه‌كان به‌دواداچوون بۆ ره‌وتی جێبه‌جێكردنی پڕۆسه‌كان بكه‌ن. بەهەمان شێوە، ئەرکی ئەو دوو ئەنجومەنەیە کە هه‌ر سێ مانگ جارێك راپۆرتی تايبه‌ت به‌ ره‌وشی پێكهاته‌كان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ڕای گشتی بکه‌ن.

Comments are closed.