نوێنەرانی ئینستیتیوت دیداری بەردەوامیان هەبووە لەگەڵ نوێنەرە سەرەکییەکانی کەرکووک بۆ ئەوەی تێگەیشتنی زیاتریان وەدەست بهێنن دەربارەی باردودۆخی مەیدانی و ستراتیژی گونجاو کە لەوانەیە ببێتە هۆی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی. لەم چوارچێوەیەش، مێری سەردانی کەرکووکی کرد و کۆبوونەوەیەکی زانیاریبەخشی لە بەرواری ٦ نیسان لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک، دکتۆر نەجمەدین کەریم سازکرد.
پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی مێری، تیشکی خستەسەر گرنگی چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک و پێویستی بەشداریپێکردنی بڕیاردەران و نوێنەرانی کۆمەڵگای کەرکووک لە تاوتوێ و گفتوگۆی سیاساتی. وەهەروەها، ئاماژەی بەو توێژینەوانە کرد کە مێری دەستیپێکردووە بە ئامانجی دروستکردنی کاریگەری لەسەر پرۆسەی بڕیاردان.
پرسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە داهاتووی کەرکووک بەچری باسیان لێوەکرا. ئەم پرسانەش بریتیبوون لە بوارەکانی چۆنیەتی دروستکردنی متمانە و ناوەرۆکی ماددەی ١٤٠ و بۆچوونی پێکهاتەکانی تری کەرکووک بۆ داهاتووی ئەم پارێزگایە و ناوچە جێناکۆکەکان و چارەسەرە گونجاوەکان. بە ئاماژەدان بە چارەنووسی کەرکووک، پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەدا کە ناکرێت کێشەکە بە هێز چارەسەر بکرێت و بەپێچەوانەوە پێویستە جۆرێک لە کۆدەنگی بەدەست بهێندرێت.
پارێزگاری کەرکووک پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆژەی توێژینەوەی کەرکووکی دەربڕی و ڕەزامەندی نیشاندا بە پێدانی زانیاری پێویست بۆ پرۆسەی توێژینەوەکە. شایەنی باسە مێری لە قۆناغی کۆتایی هێنانی ڕاپۆرتەکەیە کە لە قۆناغەکانی داهاتوو بڵاودەکرێتەوە. توێژینەوەی کەرکووک سەیری رەهەندە بنچینەییەکان بە بەراورد لەگەڵ ستراتیژی سیاسی لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەکات، بەئامانجی پێدانی تێگەیشتنێکی قوڵتر لە دید و بۆچوونەکانی لایەنە سەرەکییەکان.