ankara escort çankaya escort
Back

ستراتیژی ئیتالیا لە عێراق: دیبەیتێكی پۆڵەسی لەگەڵ باڵیۆز گریگانتی

“ئیتالیا هەمیشە لە سەختترین ساتەکانی مێژووی عێراق پشتگیری ئەو وڵاتەی کردووە”. ئەمە وتەی مۆریزیۆ گریگانتی باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق بوو کە لە مێزگردێکی ئینستیتیوتی مێری  لە 17ی شوباتی 2022 ڕێکخرابوو. لە  مێزگردەکە ژمارەیەک لە سیاسەت داڕێژەران و سیاسەتمەداران و یاسادانەران و شارەزایانی ئەکادیمی و هەروەها کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لەهەولێر ئامادەیبوون (ناوەکان لیست کراون).

لە لێدوانە کراوەکانیدا، کە لە کەناڵە ڕاستەوخۆکانی تەلەفزیۆنەوە پەخش کران، باڵوێز گریگانتی، سیاسات و چالاكیەكانی ئیتالیای لە عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە “سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق لە بەرژەوەندی ئیتالیایە، عێراق وڵاتێکی سەرەکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر عێراق سەقامگیر بێت، هەموو ناوچەکە سەقامگیر دەبێت”.

ئیتالیا لە کاتی شەڕی داعشدا پشتیوانی و یارمەتی سەربازی پێشکەش بە عێراق کرد و سەربازەکانیان لە هەرێمی کوردستان و بەغدا جێگیر كرد. باڵێۆز گرێگانتی جەختی لەوە کردەوە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەجێی خۆی ماوەتەوە و بەردەوام دەبێت، چونکە داعش هێشتا سەرچاوەی مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە، ئیتالیا ئەندامێکی سەرەکی نێردەی سەربازی ناتۆیە لەعێراق و لەمانگی ئایاری ئەمساڵەوە فەرماندەیی ئەرکەکە دەگرێتە دەست. ” ئیتالیا لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ڕاهێنانی بە 70 هەزار هێزی ئاسایشی عێراقی و 63 هەزار پێشمەرگەی پێکردووە”

لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکان، باڵیۆز گریگانتی ئەوەشی خستەڕوو کە عێراق هاوبەشێکی ستراتیژییە بۆ ئیتالیا وەک سێیەم گەورەترین دابینکەری نەوت، ژمارەیەک لەکۆمپانیاکانی نەوت و گازی ئیتالی لەعێراقدا کاردەکەن. پێش کۆڤید-19، ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەردوولا 5 ملیار یۆرۆ بوو، لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2021 بازرگانی بە ڕێژەی 36 لە سەد زیادی کرد و کۆی گشتی گەیشتە 8 ملیار یۆرۆ. باڵێۆز گرێگانتی، وتی: لە دەرەوەی کەرتی نەوت و گاز، ئیتالیا لە چەند کەرتێکی تری وەک دۆزینەوەی شوێنەواری، پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و بیناکردنەوە کاری کردووە.

 باڵۆێز گریگانتی ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2005ەوە ئیتالیا زیاتر لە 300 ملیۆن یۆرۆی لە پڕۆگرامەکانی سەقامگیری و پەرەپێدان لە عێراق خەرج کردووە، و پرۆژەی هەیە بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ لەو ناوچانەی کە پێشتر لە کاتی شەڕی ڕزگاریدا زیانیان پێگەیشتووە یان لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون. بەنداوی موسڵ نمونەیەكی دیارە کە ئیتالیەکان کاریان لەسەر كرد. ئەوە یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە ئیتاڵیا بەرەوپیلی بانگەوازەكەی عێراقەوە هات كە داوای هاوكاری كرد بۆ پاراستنی ئەو پرۆژە ژێرخانیە کە لە کاتی شەڕی داعش و لەپێشتریشدا زیانی زۆری بەرکەوتبوو. حکومەتی ئیتالیا پلانی زیاتری هەیە بۆ یارمەتیدانی عێراق لە کەرتی بەڕێوەبردنی ئاو و بانگهێشتی کۆمپانیا ئیتالییەکانی کردووە بۆ وەبەرهێنان لەم بوارەدا. لە کەرتی تەندروستیدا، ئیتالیا پرۆژەی تەرخان کردووە بۆ سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ یارمەتیدان و باشترکردنی خزمەتگوزاری پەرستاری و کلینیکی و پاراستنی قوربانیانی توندوتیژییە جێندەریەکان. کەلتوور و کەلەپووریش یەکێکە لە ئەولەویەتانە بۆ گرنگی پێدانی نێردەی دیپلۆماسی ئیتالیا لە عیراق. باڵیۆز گریگانتی پێی وایە کە “گەورەترین سەرچاوەی ئەم وڵاتە میراتی شوێنەواری و کولتوورییە” پێویستیەكی زۆر هەیە بە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەو شوێنەوارانە. ئەو پێی وایە گەشت و گوزاری لە عێراق دەبێتە سەرمایەیەکی گەورە بۆ ئابووری وڵات، ئەوەشی خستەڕوو کە یازدە ئەرکی شوێنەوارناسی لە لایەن شوێنەوارناسانی ئیتاڵی لە عێراق ئەنجام دەدرێن، کە سێ لەوانە لە هەرێمی کوردستانن. لەسەر هاوکارییە ئەکادیمییەکانی نێوان ئیتالیا و عێراق، 38 یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆکانی ئیتالیا و هەرێمی کوردستان هەن. ئەوەشی خستەڕوو کە دەکرێت ئەم ئاڵوگۆر و هەماهەنگییە ئەکادیمییە زیاتر پەرە پێ بدرێت و فراوانتر بکرێت .

باڵوێز گریگانتی جەختی لەوە کردەوە کە ئیتالیا ڕێز لە سەروەریی عێراق دەگرێت و سەقامگیریی بە “گرنگترین بەها” وەسف کرد بۆ ئەوەی عێراق گەشە بکات. هانی کۆمپانیا بیانییەکان دەدات بێنە عێراق و وەبەرهێنانی زیاتر بکەن، وە ئاماژەی دا کە چاکسازی و هەمەجۆركردنی ئابووری پێویستن بۆ ئەوەی وڵات گەشە بکات و كارا ببێت.

کێشەی جێندەری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان بەشێکی گرنگی بەرنامەکانی نوێنەرانی ئیتالیان لە عێراق. ئیتالیا پشتیوانی لە داواکاری قوربانیان و ڕزگاربووانی شەڕی داعش دەکات.

دیبەیت بەپێی رێنماییەكانی چاتام هاوس

دوای پێشکەشکردنی ئەو پێشەکیەی باڵوێز، دیبەیتێکی گرنگ بە پێی یاساکانی چاتام هاوس ئەنجام درا. لەم بەشەدا کۆمەڵێک کێشە لەلایەن بەشداربووان خرانەڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. کە لێرەدا بە بێ ناوهێنانی بەشداربووان بە کورتی دەخرێنە ڕوو.

–  دروستکردنی سیستمی فیدراڵی لە هەموو شوێنێکی جیهان بەرەنگارییەکی گەورەیە و سیستەمی سیاسی عێراق   تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامە، بۆیە جێگای سەرسوڕمان نییە کە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە بەغدا بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز وئالنگاری ماوەتەوە.

–  دوای ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوویدا، عێراقییەکان زۆر نیگەران بوون لە کشانەوەی خێرای ‌هێزەکانی ناتۆ، هەرچۆنێک بێت عێراق لە ئەولەویەتەکانی ناتۆ دەمێنێتەوە، بۆیە پێدەچێت وڵاتانی ئەندام لە عێراق بمێننەوە و یارمەتی پرۆسەی چاکسازی کەرتی ئەمنی بدەن .

-بەشداربووان پێیان وابوو کە ئیتالیا وەک ئەندامێکی سەرەکی لە ناتۆ و هاوپەیمانی دژە داعش و یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی لە سیستمی حوکمڕانی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە ئەمە لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو لایەنە بەشدارەکان دەبێت.

–  دواین بڕیار لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی سەربەخۆیی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوتی کوردستان زۆر جێگەی نیگەرانیە، ئەمە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەلە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی زیاتر.

–  داواکاری ڕزگاربووانی شەڕی داعش بەتایبەتی کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی داعش بۆ ڕادەستکردنی تاوانباران بۆ دادگا گفتوگۆی لەبارەوە کرا. جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دادپەروەریی ئینتیقالی توخمێکی گرنگە بۆ هێنانەدی سەقامگیری و ئاشتی بۆ وڵات.

–  گفتوگۆ لەسەر ئەوە کرا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ چەکدارانی بیانی داعش و خێزانەکانیان کە لەناو کامپەکانی سەرانسەری سوریادا گیریان خواردووە ئەمە دەبێت چارەسەر بکرێت، ئەگەرنا دەکرێت قەیرانەكەی زیندانی حەسەکە لە کانوونی دووەمی 2022 دا دووبارە بێتەوە.

لەسەر ئاشتەوایی لە عێراق، ئامەدەبووان جەختیان لەوە کردەوە کە ئاشتی و ئاشتەوایی بە بێ بەشداری ژنان و لاوان یان پردی پەیوەندی لە نیوان کۆمەڵگا جیاوازەکان بەدی ناکرێت.

ناوی بەشدار بووان

  • عەلی کوردستانی، شرۆڤەكاری سیاسی
  • بەهار عەلی، ‌هەڵسوڕاوی بواری مافەکانی ژنان
  • دارا خەیلانی، ڕاوێژکاری جێگری سەرۆک وەزیران
  • دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری
  • فوئاد سمایل، بەڕێوبەری  لە مێری
  • گاری کێنت، مامۆستای زانکۆی کوردستان
  • گیولیە مازارا، ڕاوێژکاری سیاسی لەباڵیۆزخانەی ئیتالیا لەبەغدا
  • میكێل کامیرۆتا، کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەولێر
  • محەمەد ئیحسان، وەزیری پێشوو و سەرۆکی زانکۆ
  • محمود نه‌شئه‌ت، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان
  • نەهرۆ زاگرۆس، ئەکادیمی
  • عوسمان لەیلانی، ئەکادیمی
  • سەعدی پیرە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
  • کامەران پاڵانی، توێژەر لە مێری
  • کاروان گەزنەیی، پەرلەمانتار لە هەرێمی کوردستان
  • تانیا گلی خەیلانی، ڕێکخراوی سید،  ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقی
  • هۆشیار سیوەیلی،  پارتی دیموکراتی کوردستان
  • سۆزان عارف، تواناسازی ژنان
  • سروش خۆشناو، توێژەر لە مێری

Comments are closed.