Back

ئامانج و تەوەرەکان

ئامانجەكانی دیداری مێری 2024

  • ڕەخساندنی کەشێکی بنیاتنەر بۆ دیالۆگ و ئاشتەوایی گەڵاڵەکردنی بيروبۆچوونەکان لە نێوان سياسەت دارێژەران و بڕاربەدەستان و ئەکاديمستان.
  • وەدەستهێنانی وەڵامی دروست و بوونياتنەر بۆ چەندین مژاری گرنگ و تيشك خستنە سەر بەدیهێنانی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
  • دەستنیشانکردنی بەرەنگاریەکان (تەحەدیاتەکان)ی ئێستا و جەختکردن لەسەر سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشکەشکردنی پێشنیازی پۆڵەسی بۆ بڕیار بەدەستان.
  •  دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی کە پێویست دەکات توێژینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە تێگەیشتنی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەنگاریەکان.

تەوەرەکانی دیداری مێری

ئاشتی لە لێڤانت

لیڤانت شوێنی هەمەچەشنترین کۆمەڵگە ئێتنۆ-ئاینییەکانی جیهانە، کە بۆ هەزاران ساڵ، تا دابەشبوونی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، یەکگرتوو بوون. بەداخەوە، لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، خەڵکانی وڵاتانی لێڤانت کە دەوڵەتەكانی لوبنان، سوریا، عێراق و ئوردن لەخۆ گرتووە، تاڕادەیەکی زۆر تووشی دابەشبوون و ململانێ و شەڕی وێرانکەر بوونە کە لەلایەن هێزی ناوەكی و دەرەکییەوە هاندراون. ئەم میراتە پڕ لە ململانێ و دەستێوەردانی دەرەکییە تەحەدای بێئەندازەیان دروستکردووە کە لە دەوڵەتە لاوازەکاندا گەیشتوەتە ئاستی لوتکە. كۆمەڵگای سەرجەم ئەو وڵاتانە دووچاری جەمسەرگیری و سەربازگەرایی و تاڕادەیەکی زۆر هەژاری بوونە. بە سوودوەرگرتن لە مێژوویەکی دوورودرێژ لە هاوبەشێتی سامان و کولتوور و نەریت، کاتی ئەوە هاتووە داڕێژەرانی سیاسەت و رای گشتی لەسەر دیدگاکان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی درێژخایەن چڕ بکەینەوە. کاتی ئەوە هاتووە سەکۆیەک بۆ بەرەوپێشبردنی هاوکاریی ناوچەیی نزیکتر لە لێڤانت دروست بکرێت، سەکۆیەک کە سوود لە پەیوەندی گەلەکانی و خواستی هاوبەشیان بۆ دەربازبوون لە ململانێی توندوتیژ وەربگرێت.

عێراق بۆ هەموان بێت

لە نێوان چەندین قەیرانی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و ژینگەیی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. سیاسەتی عێراق هەروا بە هەژموونی دینامیکی ئاڵۆز و خێرا گۆڕاودا ماوەتەوە. دیداری مێری ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ دووەم ساڵیادی دەستبەکاربوونی حکومەتی محەمەد شیاع ئەلسودانی، کە بەرنامەیەکی گەورەی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەلی کار، هەمەچەشنکردنی ئابووری و وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخانی وڵاتەکەدا لەخۆگرت. لەم دیدارەدا کۆمەڵێک لە سیاسەتمەدارانی دیار و بڕیاردەر تێڕوانینە پەیوەندیدارەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە و دیدگای خۆیان دەگەیەنن سەبارەت بەوەی کە چۆن دەتوانن خزمەت بە هەموو عێراقییەکان بکەن.

عێراق و دەورو دراسێكانی
مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەیەکی زۆرە لە ناو کێشە و ململانێ و گۆڕانکاری دایە، لە هەمان کاتدا ئەو ناوچەیە نامۆ نیە بە کۆمەڵێک ململانێی تێکهەڵکێش و ئالۆز. گۆڕانکاریەکان و دینامیکیەتە تازەکان هەڵومەرجەکەی زیاتر ئاڵۆزکردوە. ئێستاش ناوچەکە قابیلی کارتێكردنە و كاریگەری ململانێی هێزە زلهێزەکانی بەسەرەوەیە. سروشتی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پڕە لە هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ناکۆک لەگەڵ یەک، وە پڕە لە دەوڵەتی لەرزۆك و شکستخواردووی عەسکەرتاری و دەربەدەری و ئاوارەیی دانیشتوانەکانیان. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە سیستەمێکی نوێ بێتە کایەوە، کە ببێتە هۆی زیاتر سەقامگیری و دواڕۆژێکی باشتر بۆ ناوچەکە و دەوڵەتی عێراقیش لەو نێوەندەدا دەست بە بووژاندنەوە و بنیاتنان بکات. ئایا ناوچەکە چاوەڕوانی چیمان لێدەکات و بەرەو کوێ دەڕوات؟ لەو دیدارەدا بەشداربوان باسی ئەوە دەکەن کە چۆن دەتوانین کاریگەری لەسەر گۆڕانکاریەکان دابنێین بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئاشتی بەردەوام فەراهەم بکەین.

عێراق لە نێو هاوكێشە ئیقلیمی و جیهانیەكاندا
دینامیکیەتی هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان کە لە ناوخۆی عێراق کاریان پێدەکرێ زۆر ئاڵۆزو تێکهەڵکێشە و بەردەوام لە گۆڕاندایە. ئەو دینامیکیەتە کاریگەری نەرێنی لەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵایەتی ناوخۆی عێراق هەیە، و کارئاسانی کردووە بۆ ئەوەی ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی هێزە ناوخۆییە ناکۆکەکان. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی عێراق تادێت زیاتر بەرەو شکست دەڕوات، مەشهەدی ناوخۆ لەتوپەت بووە لەژێر کاریگەری بەردەوامی لایەنە کاریگەرەکانی حکومی و ناحکومی، کە زۆربەیان پەیوەستن بە دەوڵەتانی تر و دەتوانێت سەرکردایەتی گۆڕانکاریەکان بکات بە شێوەیەکی سەربەخۆ. ئەو شێوازە لە فرەیی حوکمڕانی وایکردووە کە زۆر قورس بێت بۆ سەرکردە ناوخۆییەکان بتوانن یارمەتی کۆمەڵگای عێراقی بدەن بۆ چارەسەری کێشەو نەهامەتیەکان. لە بەشداربوانی ئەو دیدارەدا کە خۆیان سەرکردەی ڕاستەوخۆن، گوێبیستی ئەو بەرەنگاریانە دەبین، و دەربڕینی راوبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو دینامیکیەتە و پلانیان بۆ گواستنەوەی دینامیکیەتەکان.

هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتسازی لە عێراق
لە ساڵی ٢٠٠٥ دەوڵەتی عێراق دەستورێکی دیموکراسی لەخۆگرت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەو دیموکراتیە ساوایەی کە  لە قۆناخی سەرەتایی دایە، ڕووبەڕووی چەندین بەرەنگاری بووەتەوە بۆ دەوڵەتسازیی. شەڕو تەنگو چەلەمە یەک لەدوای یەکەکان کۆسپیان خستە بەردەم پرۆسەی چەسپاندنی دیموکراتیەت، و بوونە هۆی لاوازبوونی دەوڵەت. لە کاتی سەرهەڵدانی گروپە توندڕەکان کە پەیوەستن بە هێزی دەوڵەتانەوە، سوودیان لەو لاوازی و بێسەروبەریە وەرگرت، کێشە ناوخۆییەکان بوون بە کێشەی نێودەوڵەتی. لە ئەنجامی ئەو پالپشتە نێودەوڵەتیە عێراق توانی تا ڕاددەیەکی زۆر خۆڕاگر بێت بەرامبەر بە داعش. لە کاتی ئێستادا، سەرەڕای هەموو تەحەدییاتەکانی ناوخۆیی و ناوچەیی، ئەمەریكا و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیکگرتووەکان و دەوڵەتانی تری وەبەرهێنەر پاڵپشتی لە بنیاتنانی پایەکانی دیموکرات دەكەن لە عێراق، لە بوارەکانی: بەهێزکردنی توانا دامەزراوەییەکانی دەوڵەت، پشتگیریکردنی پرۆسەی سەروەرکردنی یاسا، هاندانی بە پیشەیی کردنی دەزگا ئەمنیەکان. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، هێشتا پێویستیەکی زۆر ماوە بۆ بنیاتنان و بووژانەوەو ئاشتەوایی، کە ئەمانە بەربەستی گەورەن لەبەردەم گەشەی پرۆسەی دیموکراتی. لەم دیدارەدا هەوڵ دەدرێ كە لە سیاسەتی دەوڵەتە هاوبەش و دۆستەكان و پێشبینیەکانیان بۆ داهاتوو شی بكرێنەوە و ڕۆڵی بەردەوامی ئەوانە بۆ بەرەوپێش بردنی عێراق بخرێنەڕوو. هاوكات، هەوڵ دەدرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیكەی هاوشێوەی عێراق، لە ئاسیا و ئەفریكا، وەر بگیرێت.

پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر: چارەسەری كێشە ریشەییەكانی ناكۆكی
لە ماوەی ئەو پانزە ساڵەی ڕابووردوو، بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و داهاتی نەوت لە عێراقی فیدراڵ خاڵی هەرە گرنگی ناکۆکی کێشەکان بووە لە نێوان هەولێر و بەغدا. هەموو ساڵێك، کە دەست دەکرێت بە داڕشتنی یاسای بودجە و دەنگدان لەسەری، قەیرانیێکی نوێ لە پەیوەندیەکان دروست دەبێت. پێویست دەکات لەسەر هەردوو لایەن چارەسەرێکی گونجاو درێژخایەن بۆ ئەو بابەتە بە گوێرەی دەستوور دابڕێژن، و جێگای رەزامەندی هەموولایەک بێت و یاسایەکی بنەرەتی بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ دەربکەن، کە هەتاکو ئێستا بەو دەرئەنجامە نەگەیشتوون. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە هەولێرو بەغدا بە شیوەیەکی شەفاف چارەسەی ئەو بەربەستە بکەن و هەنگاوبنێن بەرەو باشترکردنی پەیوەندیەکان. لەو دیدارەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا دەکرێ ئەو کێشانەی کە پەیوەندیدارن بە و بابەتە ڕیشەکێش بکەین و بە نیەتێکی پاک دەست پێبکەین؟  ئایا دەکرێت بنیاتی متمانەیەک دابڕێژین لەو پرۆسە گرنگە؟ چاوەڕوانین وەڵامەکانمان لە بڕیاردەران و سیاسات داڕێژەران کە بەشدارن لەو پانێڵە وەربگرینەوە.