Back

پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسی ده‌وڵه‌تسازی لە هەولێر

ته‌وه‌ری پانێلی یەكەمیی كۆنفرانس تایبه‌ت بوو به‌ تاووتوێكردنی “سەروەركردنی یاسا و بەدامەزراوەییكردنی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری”  ئەویش به‌ به‌شداری هه‌ریه‌كه‌ له‌ تاووتوێكاران:

  • جەعفەر ئێمنكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردسان.
  • رزگار موحەمەد ئەمین، دادوەر و ئەندامی دادگای پێداچوونەوە.

لەو پانێلەدا دەستخرایە سەر كێشە پەیكەریەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری، بەربەستەكانی بەردەم سەروەركردنی یاسا، وە بەهێزكردنی پێگە و رۆڵی پەرلەمان وەك سەرچاوەی دەسەڵات، داهێنانی ئەنجومەنی پیران دواتریش دادگا و لاوازیە پەیكەری و كارگێڕیەكانی سیستەمی دادوەری (دادگا، داواكاری گشتی).

سه‌ره‌تا جه‌عفه‌ر ئیمینكی جەختی كرده‌وه‌ كه‌ سیستمی حوكمرانی هه‌رێم كێشه‌ی هه‌یه‌و پێویستی به‌ چاره‌سه‌ركردن هه‌یه‌، به‌ جۆرێك كه‌ شێوازی حوكمرانی هه‌رێم زیاتر به‌ (ته‌قالید) ده‌چێت تا سیستم. په‌رله‌مان ده‌بێت بتوانێت پره‌نسیپی لێپێچینه‌وه‌ جێبه‌جێ بكات. ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌رێكی خۆمالی بۆ گرفته‌ خۆمالیه‌كان بدۆزینه‌وه‌، ئه‌م كۆنفرانسه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ دیاریكردن‌و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفتانه‌. جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی حزبه‌كان له‌ ناو په‌رله‌مان بوونایه‌ زۆر له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بوون. راسته‌ هه‌ماهه‌نگی باش هه‌یه‌ له‌ نێوان حكومه‌ت‌و په‌رله‌ماندا به‌ڵام ئه‌م هه‌ماهه‌نگیه‌ ده‌بێت بكرێته‌ سیستم و زۆریش پێویسته‌ بۆردی یاسادانان له‌ ناو حكومه‌تدا هه‌بێت.

دادوەر رزگار موحەمەد ئەمین،  ئەندامی دادگای پێداچوونەوە باسی له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و كه‌موكورتیه‌كانی كرد و گووتی هه‌ر دادوەره‌رێك له‌ رووی كاربەجێگەیاندنەوە سه‌ربه‌خۆیه‌ به‌ڵام كاریگه‌ری كارگێری به‌سه‌ریانه‌وه‌ هه‌یه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌یكه‌لی گارگێری ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌. پێویستە دادگای ته‌مییز جیاواز بێت له‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری. هه‌روه‌ها ده‌بێت كاتێكی دیاریكراوو بۆ مانه‌وه‌ی ئەندامانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری له‌ پۆسته‌كانیان دیاری بكرێت. جه‌نابیان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ زۆرجار سیاسیه‌كان گازانده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دادوه‌ره‌كان به‌كاری خۆیان هه‌ڵناستن، راسته‌ كه‌مووكوری له‌ هه‌ردوولاوه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌بێـت رێگا به‌ دادوه‌ره‌كان بدرێت كه‌ دوا بریاری یاسایی بده‌ن.

له‌ كۆتای پانێلەكەدا ده‌رگای گفتوگۆ بۆ ئاماده‌بووان كرایه‌وه‌، چه‌ند سه‌رنجێك تۆماركران كه‌ ده‌توانین له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ كورتیانبكیه‌نه‌وه‌:

–  ده‌سه‌لاتی دادوره‌ری كه‌موكورتی زۆری تێدایه‌، بۆ نموونە، له‌ رۆڵی سه‌رپه‌رشتی دادوه‌ری ( الاشراف القضائی) لە ئارادا نیه‌.

– حوكمرانی كوردی زاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك نه‌بووه‌ به‌ڵكو زاده‌ی شه‌رعیه‌تی شورشگێری بووه‌، ئه‌م شه‌رعیه‌ته‌ش تا ئێستا ئاماده‌ نیه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان.

– نه‌بوونی دستورێكی نووسراو كێشه‌یەكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و یاسادانان.

– لیستی كراوه‌ وای كردووه‌ ته‌نیا گرنگی بدرێت به‌ كاندیدی پۆپۆلیست بۆ ده‌نگێنان نه‌ك كاندیدی شاره‌زا.

– كه‌مووكورتی زیاتر له‌ رووی كارگێڕیەوەیە نه‌ك له‌ حوكمڕانی چونكه‌ ئه‌و سیستەمە كارگێڕیەی ئێستا هه‌یه‌ هی سه‌رده‌می رژێمی به‌عسه‌و به‌ میرات بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌.

– نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌ نیۆان هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی حوكمڕانیدا وای كردووه‌ هه‌رێم خاوه‌نی حوكمێمی لاوازو ئیداره‌یێكی لاواز بێت.

– هه‌لومه‌رجی ناوه‌خۆی‌و ده‌ره‌كی كاریگه‌ری زۆری كردۆته‌ سه‌ر ئه‌دای حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

Comments are closed.