ankara escort çankaya escort
Back

عێراقێكی لاواز چۆن بەرەنگاری پەتای كۆرۆنا دەبێتەوە

پەتای كۆڤید 19 لە كۆتایی مانگی شوباتدا بەسەر عێراقی دادا، ئەوش لە كاتێكدا بوو كە وڵاتەكە لەوپەڕی لاوازی و لەرزۆكیدا بوو و حكومەتە كاربەڕێكەرەكەی لەوەتەی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019 لە حاڵەتی سڕبوونێكی قووڵدابوو. جا لەگەڵ دابەزینە لەناكاوەكەی نرخی نەوتیش، كۆڤید بووە هۆی ئاڵۆزبوونی ئەو دینامیەتە ئەمنی و سیاسی و ئابووریانەی كە زیاتر لە دە ساڵە بەرۆكی عێراقیان گرتووە.

تووشبووی یەكەمی كۆڤید لە عێراقدا خوێندكارێكی ئێرانی بوو كە لە شاری نەجەف دەیخوێند، ئەو شارە پیرۆزەی شیعەكان و سەنتەری باڵای ئاینیان. نەخۆشەكە لە رۆژی 22 ی شوبات دەسنتیشانكرا و كەرەنتین كرا و نێردرایەوە ئێران. بەلام زۆری نەبرد دەیان كەیسی نوێ، كە زۆربەیان پەیوەندی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆیان بە هاتوچۆی ئێرانەوە هەبوو، لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق، بە هەرێمی كوردستانەوە، دەستنیشانكران.

لەسەرەتادا، حكومەتی عێراق بەخاوی مامەڵەی لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتاكە كرد. ئەگەرچی لە كۆتایی شوباتدا بڕیاری دا كە دەروازە سنووریەكانی لەگەڵ ئێراندا دابخات و تەنیا رێگەی گەڕانەوەی هاوڵاتیە عێراقیەكان بدات، كەچی ئەو ژمارە زۆرەی دەروازەكان بەتەواوی دانەخران و ژیان لە هەردوو دیوی سنووردا تا ماوەیەك بە ئاسایی بەردەوامبوو. لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردابوو كە كابینەی حكومەتی عێراق كۆبووەوە و بڕیاری دا كۆمەڵێك هەنگاوی جیددی بۆ رێگرتن لە تەشەنەی كۆڤید بهاوێ، لەوانە قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە بەغدا و لەنێوان پارێزگاكان، وە دابەزاندنی دەسەڵاتی سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆی بۆ پارێزگارەكان. هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر خانەی قەیرانیان پێكهێنا و لقی هاوشێوەش لە پارێزگاكان پێكهێنران و پلان و پرۆگرامێكی تێروتەسەلیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كۆڤید لەخۆ گرت.

جێگەی داخە كە سەرجەم عێراقیەكان پابەندی رێنماییەكانی حكومەت و قەدەغەكردنی هاتووچۆ نەبوون. بۆنە و رێورەسمە ئاینیە قەرباڵغەكان لە ناوچە شیعەكانی عێراق بەردەوام پەیڕەو دەكران. تەنانەت هەندێ سەركردەی ئاینی و كۆمەڵایەتی هانی خەڵكەكانیان دەدا كە لە رێورەسمەكاندا بەشدار ببن و سەردانی مەزارەكان بكەن، وە جەختیان دەكردەوە كە خەڵك لەوجۆرە سەردانە ئاینیانەدا تووشی ڤایرۆسەكە نابن. بەڵام دوای ئەوەی رێورەسم و زیارەتە گەورەكەی 21 ی ئادار بۆ مەزاری ئیمام موسا ئەلكازم لە شاری بەغدا، مەرجەعە باڵاكانی شیعە و سەركردە سیاسیەكان بەیاننامەیەكیان دەركرد و تێیدا داوایان لە هاوڵاتیان كرد كە خۆیان بەپێی پێویست بپارێزن و پەیڕەوی رێنمایی حكومەت بكەن. لە فەتواكەیدا، مەرجەعی هەرەباڵای شیعە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی گوتی كە خۆپارێزی و لێكدووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی ئەركێكی ئاینیە. هاوكات، ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەیانێكی دەركرد و تێیدا كە ئامادەن سزای دارایی بەسەر ئەو كەسانەدا بسەپێنن كە بە هەر شێوازێك بێت هانی گردبوونەوەی خەڵك دەدەن.

بێگومان بەرپرسە عێراقیەكان نیگەرانن، نەك تەنیا لەبەر هاوكاری نەكردنی هەندێ كۆمەڵگا، بەڵكو بە هۆی كەمیی ئامرازەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاكە. لەوكاتەی نەخۆشیەكە وا بە خێرایی تەشەنە دەكات و هێشتا نەگەیشتووەتە لوتكە، كەچی سیستەمی تەندروستی عێراق (كە سەردەمانێك لە هەرە باشترینی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو) لەوپەڕی بێسەروبەری دایە. ژێرخانەكەی و ئاستی خزمەتگوزاریەكانی لە رووی كوالیتی و ژمارەوە زۆر سنووردارن. هەروەها، پارێزگارەكان رەخنەی ئاشكرایان لە حكومەتی فیدرال گرتووە بەوەی كە بە درەنگەوە ئامادەباشی كرد و دەروازە سنووریەكانی پێ كۆنتڕۆل نەكراو و هەماهەنگیشی لەگەڵ پارێزگاكان لاواز بوو.

سەبارەت بە كاریگەری و دەرەنجامە كۆمەڵایەتیەكانی كۆڤید 19، حكومەت رووبەڕووی بەربەست و ئالینگاری دیكەش بووەتەوە، لەوانە مەسەلەی ناشتنی قوربانیەكانی ڤایرۆسەكە. كۆمەڵگای شیعە حەز دەكەن لە گۆڕستانە گەورەكانی نەجەف بنێژرێن، كە بەش بەش كراون. بەڵام بەرپرسانی گۆڕەكان و كۆمەڵگای لۆكاڵیەكان نایانەوێ قوربانیانی كۆڤیدیان لا بنێژرێت. هەندێ كۆمەڵانی سوننەش هاوڕان لەگەڵ شیعەكان و داوا لە حكومەت دەكەن كە مردووەكان لە گۆڕستانی تایبەت و دوور لە ئاوایی بنێژن.

بە بەراورد، هەرێمی كوردستانی عێراق لە قۆناخێكی جیاوازی پەتایەكەدایە. ژمارەی تووشبووەكان بە سنوورداری ماونەتەوە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێكارانەی زوو گیرانە بەر بۆ داخستنی دەروازە سنووریەكان (لەگەڵ ئێران و باقی عێراق) وە بەدواداچوونی رێچكەی نەخۆش و هەڵگرانی ڤایرۆس. لە فرۆكەخانە و دەروازەكانەوە میوانی دەرەكی و گەڕاوە عێراقیەكانیان كەرەنتین كران. سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی كوردستاندا پێشكەوتوو نیە بەڵام لە ئاست و حاڵەتێكی بەشتردایە وەك لە عێراق. قەدەخەی هاتووچۆ لە 13 ی ئادارەوە زۆر بە توندی گیرایە بەر كە چەند جارێك درێژكراوەتەوە وتا ئێستاش بەردەوامە. خۆشبەختانە، حكومەتی عێراقیش قەدەخەی هاتووچۆی هەتا ناوەراستی نیسان درێژكردەوەو و ئێستا لە جاران باشتر دەیسەپێنێ.

دیارە بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆڤید پێویستی بە حكومەتێكی كارا هەیە. مایەی نیگەرانیە كە سەرباری هەوڵەكان سەركردە عێراقیەكان هەتا ئێستا لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ سەركەوتوو نەبوونە. چەندین كاندیدی بەئومێدكراو یان راسپێردراو بەودواییە دەسنتیشانكران بەڵام هیچ كامیان نەگەیشتنە هێلی كۆتایی. دوایینیان عەدنان الزورفی بوو (پارێزگاری پێشووتری نەجەف وئەندام پەرلەمانی ئێستا) لە رۆژی 17 ی ئادار راسپێردرا بەوەی لە مەودای 30 رۆژدا حكومەت پێك بهێنێ. ئەزموون سەلماندی كە ئەو ئەركە كارێكی ئاسان نیە و هەتا دوا ساتیش هیچ گەرەنتیەك لە ئارادا نەبوو كە پاڵپشتی لایەنە سیاسیە زاڵەكانی سەر بە ئێرانی دەست دەكەوێ، وەیان لە كۆتاییدا دەنگی پێویست لە پەرلەمان دێنێ، ئەویش لەوكاتەی كە پەرلەمانتاران پابەندی دوورەپەرێزی كۆمەڵایەتی بوونە.

هاوكات، لەوە دەچێ كە چیتر ئەمەریكیەكان پشوویان بۆ حكومەتی عێراقی درێژ نەبێ كە نەیانتوانیوە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئێران كەم بكەنەوە و كۆنتڕۆڵی چەكدارە پرۆئێرانیەكان بكەن. ململانێی ئەمەریكا و ئێران و زنجیرە كار و كاردانەوەكانێ نێوان سوپای ئەمەریكی و چەكدارە پرۆئێرانیەكان كرژی لەنێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان پەیدا كردووە. ئەمەریكیەكان هەڵاوێردنیان بۆ عێراق تەنیا بۆ ماوەی 30 رۆژ درێژكردەوە تاوەكو گاز و كارەبای ئێرانی هاوردە بكەن، وە ئابلۆقەیان لەسەر 20 كەس و كۆمپانیا داناوە كە بە بۆچوونی ئەوان هەلی ئەو هەڵاوێردنانە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پارە بۆ فەیلەقی قودسی و سەر بە سوپاسی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بنێرن.

پوختەكەی، كاتی ئەوە هاتووە سەركردە عێراقیەكان خۆیان رێكخەن و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت خێرا بكەن و بەرەنگاری ئەو كۆمەڵە بەربەست و ئالینگاریانە ببنەوە كە رووبەڕووی وڵاتەكە بوونەتەوە، ئەگینا رەنگە پەتای كۆڤید 19، دابەزینی نرخی نەوت و كەنارگیری نێودەوڵەتی ببنە هۆی پاڵنانی عێراق تا رۆخی شكست و گورزێكی چارەنووسازی لێ بدەن، جا چ وەك دەوڵەت وەیان نیشتیمان.

Comments are closed.