Back

چارەسەرکردنی لاوازیەکانی بنەمای ئابووری هەرێمی کوردستان

ڕاپۆرتی ئینستیتیوتی مێری “چارەسەرکردنی لاوازیەکانی بنەمای ئابووری هەرێمی کوردستان“، ژمارەیەک پێشنیازی دەربارەی ئەولەویەتی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی سیستەمی ئابووری، لەخۆگرتووە. دوای هەڵسەنگاندنی کاریگەری قەیرانی دارایی، جەنگی دژی داعش و بنبەستی سیاسی دەربارەی ئابووری، توێژەرانی ئینستیتیوت هەڵساون بە دەستنیشانکردنی هۆکارە بنچینەییەکانی لاوازیی ئابووری هەرێمی کوردستان. لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە پێکهاتەیەک لە بژاردەی پۆلەسی و پێشنیاز کە وەک بنەمایەک لە ڕێڕەوی چاکسازی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، دەخاتەڕوو. ئەم ڕاپۆرتە پێشینە دەدات بەو بوارانەی کە ئامانج لێیان چاکسازی کەرتی حکومی و هاوسەنگکردنی بوودجەیە، بەڵام بە بایەخدانی تایبەت بە پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، چونکە بوژانەوەی ئابووری درێژخایەن پێویستە فرەییکردنی سەرچاوەی ئابووری لەخۆبگرێت.

لەگەڵ ئەوەی نیشانەکانی ئەو قەیرانانە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژمارەیەک شۆک هەیە کە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوو پێیدا تێپەڕبووە، کاریگەری ئەو قەیرانانە پەیوەستە بە لاوازیەکانی بنەمای ئابووری لە پێش قەیرانەکە. ئەو چاوپێکەوتنانەی کە تویژەرانی ئینستیتیوتی مێری ئەنجامیانداوە، تیشک دەخەنەسەر چەندین کەلێن و بۆشایی لە ئابووری هەرێم، کە پەیوەستن بە تەمویلی کەرتی گشتی بەشێوەیەکی ناتەندروست، گەشەنەکردنی کەرتی تایبەتی لە بوارە غه‌يره‌ نەوتیەکان، لە کارکەوتنی کەرتی بانکی و دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی بەشێوەیەک کە بەرگەی قەیران ناگرێت.

دەرئەنجامی سەرەکی ئەوانەش ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە سیستەمی ئابووری هەرێمی کوردستان هەرگیز ئامادەکاری بۆ نەکراوە بۆ بەرگەگرتنی قەیرانێکی لەم چەشنە. بۆیە ئەم سیستەمە وەک خۆی ماوەتەوە و بە لاوازیش دەمێنێتەوە بەرامبەر شۆک و قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی. سەرەڕای هۆکاری جیۆپۆلەتیکی، هەرێمی کوردستان لاوازە لەبەردەم هەڵبەز و دابەز لە نرخی نەوت، جەنگ و ناسەقامگیری سیاسی. بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری بە ئاراستەیەکی باشتر، پێویستە شانبەشانی ئەو ڕێکارە ئابووریانەی کە ئێستا لە ژێر جێبەجێکردن دان وەک وەڵامدانەوەی نیشانەکانی ئەو قەیرانانە، حکومەتی هەرێم ئەجێندایەکی فراوانی بۆ چاکسازی بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی ئابووری پتەوتر، هەبێت. ئەمانەی خوارە چەند کۆڵەکەیەکی چاکسازین بۆ ئەو ئەجێندایە:

  • كارا كردنی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و بوودجەکەی: بۆ هاوسەنگکردن و بەردەوامیدان بە بوودجە، پێویستە هەرچی زووە چاکسازی دارایی ئەنجام بدرێت بە کۆنتڕۆڵکردنی خەرجی کەرتی گشتی و مووچە، دەستپێشخەری بکرێت لە فرەییکردنی داهاتی گشتی و باشتر بەڕێوەبردنی کەرتی گشتی.
  • به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای دەستپێشخەری و له‌خۆگرتنی سیاسەتی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت: بۆ پتەوکردنی کەرتەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری، پێویستە چاکسازیەکان تەرکیز بکەنەسەر کەمکردنەوەی ڕێکارەکان لەو کەرتانە و لەبڕی ئەوە پاڵپشتی گەشەسەندنی ئەوکەرتانە بکرێت بە لابردنی ئاستەنگەکان و باشترکردنی توانای تەکنیکی بەڕێوەبردن تێیاندا.
  • گرێدانی دامەزراوەکانی کوردستان بە ئابووری: دامەزراوەکان و یاسا بەرکارەکان کاریگەری بەهێزیان هەیە لەسەر دەرفەتی ئابووری و پێویستە هەندێکیان هەمواربکرێنەوە: بەتایبەتی هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان و چوارچێوەی خەرجی گشتی و شەفافیەت و بەرپرسیارێتی لە دامەزراوەکان و بەڕێوەبردنی سندوقی نەوت و گاز و گواستنەوەی لێهاتوویی و شارەزایی لە کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانەوە بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکان.

بە تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان نیشانەکانی قەیرانەکان و لاوازیە بنەڕەتیەکان لە ئابووری و پێدانی پێشنیازی پێویست بۆ دەربازبوون لێیان، هیوادارین ئەم ڕاپۆرتە ببێتە هۆکارێک بۆ دروستکردنی گفتوگۆی چڕوپڕ و لەوەش گرنگتر ئاراستەکردنی کوردستان بەرەو ئابووریەکی پتەوتر و بەردەوامتر و خۆشگوزەرانی بۆ گشت دانیشتووان.

کلیک لێرە بکە بۆ دابەزاندنی ڕاپۆرتەکە.

Comments are closed.