Back

پێشینەكانی سیاسەتی عێراق: راسپاردەكانی وۆركشۆپی پۆڵەسی نێودەوڵەتی

پێشینیەكانی سیاسەتی عێراق
7-6 دیسێەمبەری، 2022
بەغدا، عێراق

 لەنێو چەندین قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ژینگەییدا، کە هۆكاری سەرەكین لە ناسەقامگیری و لاوازبوونی عێراق، ئێستا حکومەتی تازە پێکهێنراو ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبێتەوە،کە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە. جا لە كێشەی بێکارییەوە تا دەگاتە بەردەوامبوونی فەرمانڕەوایی بێهێز و گەندەڵی و قەیرانی ئەمنی و دینامیکی ئاڵۆزی هێزە هەرێمی و جیهانیەكان. ئەوەش لە کاتێکدا كە ئەركی چارەسەرکردنی ئەم تەحەدایانە دەكەوێتە ئەستۆی سەركردە سیاسی و حكومیەكانی عێراق. کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکی لە دابینکردنی پشتیوانی پێویست ببینێت.

زۆرێک لەچاودێران حکومەتی ئێستا بە دوا دەرفەت دەزانن بۆ عێراق، دوای ئەوەی ئەو ولاتە دەوڵەمەندە بەسامانی مرۆیی و سروشتیەوە گەیشتە ئەو ڕادەیە لە لاوازی، لەگەڵ کەڵەکەبوونی قەیرانی سیاسی و ئەمنی و دارایی و ئابووری و ژینگەیی، ئەوەش بێجگە لە تەحەدا دەرەكیەكان. ئێستاش حکومەت پەنجەرەیەکی کاتیی کورتی لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ئامانجە خێراکان و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تەحەدا سەرەکیانە. ئەوەش لە کاتێکدایە كە میچی چاوەڕوانیەكان زۆر بە بەرزی ماونەتەوە.  جا ئەوەی لەم قۆناغەدا گرنگە ئەوەیە کە حکومەت تێڕوانینی ڕوون و ستراتیژیێكی عەمەلی و بەرنامەیەكی تۆكمە لەخۆ كە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا و بەهاوکاری سەنتەری بەیان بۆ پلاندانان و لێکۆڵینەوەکانی بەغدا، ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) بژاردەیەك لە پسپۆڕان و بیرمەندانی نێودەوڵەتی لە ثینك تانکە پێشەنگەكان و سەنتەرەكانی لێکۆڵینەوەی پۆڵەسی و میدیای جیهانی لە وۆركشۆپێكدا كۆكردەوە.  ئامانجی سەرەکی ئەم وۆرکشۆپە سیاساتیە بریتی بوو لە بیركردنەوەی چڕوپڕ لەو تەحەدا سەرەکیانەی کەڕووبەڕووی عێراق دەبنەوەو شیكردنەوەی ئاڵۆزیەكان و پێشكەشكردنی ڕاسپاردەی پۆڵەسی بەبڕیاردەرانی ناو حکومەتی عێراق و لایەنە نەتەوەیی و نێودەوڵەتیەکانی تر. لە ماوەی دوو ڕۆژدا، لە 6 و 7ی کانوونی یەکەمی 2022، له‌ وۆرکشۆپه‌که‌دا ئه‌م چوار بابه‌ته‌ی خواره‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر کرا:

  • سەقامگیرکردنی عێراق و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت
  • چارەسەرکردنی گەندەڵی و لابردنی کۆسپەکانی وەبەرهێنان
  • ئاماژەدان بە گۆڕانی کەش و هەوا و کەمبوونی ئاو
  • پشتیوانی نێودەوڵەتی و هاوبەشی

ئەو وتووێژانە لە ژێر یاسای چاتام هاوس ئەنجامدران و پانێلێكیشی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو، بووە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئامادەبووان سەبارەت بەو تەحەدیانەی کە حکومەتی نوێی عێراق ڕووبەڕوویان بۆتەوە، وە دەرهاویشتەكانی بریتی بوون لە دەربڕینی چەندین پێشنیاری پۆڵەسی كە پێشکەش بە خاوەن بڕیارەكان کران، کە دەکرێت لەو خاڵانەی خوارەوە پوخت بکرێنەوە:

ڕاسپاردەی گشتی

١)  پێویستە لە كاتی داڕێژتنی پۆڵەسی دەوڵەتی عێراق لەبوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سێکتەرەکانی تردا جیاوازی لەنێوان ئامانجی ستراتیژی و تاکتیکیدا بکرێت. سەرۆک وەزیران دەتوانێت چەندین تیمی بەجێگەیاندن پێکبهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی ڕاپۆرتی پۆلەسی لەشێوەی نەخشەی ڕێگادا. دەبێت تیمەکان لە توێژەران و شارەزایانی بوارە جۆراوجۆرەکان پێکبێن، بە هاوکاری لەگەڵ ڕاوێژکارە تایبەتەکان لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران

٢) عێراق لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، لە بواری ئەمنی و ژینگەی وەبەرهێنان و سیستمی ئابووری و دارایی، روویه‌کی گەش و ئەرێنی نیە. بەڵام حکومەت دەتوانێت ئەمە بگۆڕێت، ئەویش لەڕێگەی هەنگاوی پراکتیکی بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و لابردنی کۆسپ و تەگەرە هەنووكەییەكان بۆ وەبەرهێنان. لەوانە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دەستەبەرکردنی شەفافییەت و کارکردن لەسەر سەروەركردنی یاسا و دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ئاسایشی پڕۆژە ئابوورییەکان.

٣) زیاتر لە پەنجا ماددەی دەستووریی هەن كە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی چالاک ماددەی بنەڕەتین، بەڵام ڕێکخستنیان پێویستی بە یاسادانانە كە دەمێكە هەڵپەسێردراوە. ئەم شکستە لە یاسادانان بۆشایی یاسایی دروست کردووە و بۆتە پاڵنەرێكی دیكە بۆ لاوازكردنی دەوڵەتی عێراق، بە جیا لە فاكتەرە دەرەکییەکان. پێویستە حکومەت لیژنەیەکی تایبەت بۆ یاسادانان پێکبهێنێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، بۆ ئەوەی ژمارەیەک لە پڕۆژە یاسای بەپەلە پێشکەش بکات، یان داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران بکات کە ئەو پڕۆژەیاسایانە پێش بخەن کە پێشتر چوونەتە ناو پڕۆسەكەوە.

٤) پێویستە سەرنج بدرێت بەو توێژینەوانەی کە لەلایەن ثینك تانکەکان و زانكۆیەكانەوە ئەنجام دەدرێن، و وەبەرهێنان لە دیراساتی بەرفراوانتر بکرێت بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەوڵەت لەسەر بنەمای بەڵگەی زانستی. پێویستە هەلی تواناسازی بۆ دیسپلینەکانی مرۆڤایەتی تەرخان بکرێت، بەتایبەتی لەبواری سیاسەت و پۆڵەسی و هونەرە جوانەکان و سەرکردایەتیكردنی دامەزراوەكان و خوێندنی کۆمەڵایەتی.

سیستەمی ئابووری و دارایی

٥)  پێویستییەکی بەپەلە بۆ پلانی ستراتیژی گشتگیر هەیە بۆ ئابووری وڵات، بەجۆرێك كە هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە. عێراق پێویستی بەدید و ستراتیژێکی درێژخایەنی ئابووری کەدواتر وەربگێڕدرێتە شێوەی نەخشەڕێگایەکی قەدبڕ لەنێو سێكتەر و وەزارەتە جیاوزەكاندا، و خورد بكرێتەوە بۆ قۆناخی جیاواز بۆ جێبەجێكردن. حکومەت دەتوانێت چەندین لێژنە لەسەر ئاستی کابینە پێکبهێنێت بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم نەخشەڕێگایە لەقۆناغە جیاوازەکاندا.

٦) هەر لەو چوارچێوەیەدا پێویستە ئەو بەرهەمە بێهاوتایانە دیاری بکرێن کە عێراق لە ئابووری پیشەسازی و کشتوکاڵیدا دەكاتە بێ ركابەر، بەتایبەتی لەو بوارانەی کە عێراق دەتوانێت رکابەری لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەکە بکات. پێویستە حكومەت پشتیوانی لەو کەرتانە بکات بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنیان و بەردەوامبوونیان.

٧) قەناعەتێكی نێودەوڵەتی هەیە کە ئەندامێتی لە (ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی) یارمەتی عێراق دەدات بۆ دامەزراندنی بنەماكانی دەوڵەت و تۆكمەكردنی سیستمە ئابووری و داراییەکانی. چاودێران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە کاتی ئەوە هاتووە چوونە پڕۆسەی ئەندامێتی عێراق لەو ڕێکخراوەدا خێراتر بکرێت كە لەمەودای مامناوەندی و درێژخایەندا سوودی گەورە بۆ عێراق دەگێڕێتەوە.

  • بۆچوونێکی پێچەوانە هەیه‌ كە لەلایەن وەبەرهێنە ناوخۆییەكان دەردەبڕدرێت، کە پێیان وایە ناهاوسەنگیی لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیدا هەیە لە نێوان وڵاتانی لاواز و وڵاتە گەشەسەندووەکانی خاوەن ئابووری بەهێز. بۆیە پێیان وایە عێراق ناتوانێت سوود لەئەندامێتی لەرێکخراوی بازرگانی جیهانی وەربگرێت.
  • ئەم مەسەلەیە شایانی لێكۆڵینەوەی زیاترە ،کە ڕەنگە پێگەی حکومەت بەهێز بکات. باشترە كە حكومەت بە بۆچوونی سەرپێی و گشتاندن ،کە لەلایەن لایەنە خاوەن بەرژەوەندیەکانەوە بەبێ بەڵگەی سەلمێنەر دەریدەبرێن، واز لەو بابەتە نەهێنێ.

٨) پێشنیار دەکرێت كە نووسینگەی سەرۆک وەزیران لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنێت بۆ پشتگیریکردنی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان بۆ هاندانی گەنجان هەتا پشت بەخۆیان ببەستن و ببنە داهێنەر و بێکاری كەم بكەنەوە و ببنە هۆی گەشەپێدانی ئابووری. ئەم دەستپێشخەرییە یارمەتیدەر دەبێت لە بنیاتنانی سیستەمێکی ئابووری مۆدێرن، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بە بەشداری ئەو گەنجانەی کە زۆرینەی دانیشتوان پێکدەهێنن.

٩) پێشنیار دەکرێت (ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوە)، كە پێشتر هەبوو، زیندوو بكرێتەوە هەتا یارمەتی لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری لەسەرانسەری عێراقدا بدات. دەكرێ ئەم ئەنجومەنە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەنووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە هەبێت.

١٠)  گەندەڵی ئیداری و دارایی لەگرنگترین کۆسپەکانی بەردەم وەبەرهێنان و گەشەپێدان دادەنرێن لەوڵاتدا. پێویستە چارەسەر کردنی ئەمانە كاری لەپێشینە بێت. گەندەڵیی بەربڵاو لەدامودەزگاکانی دەوڵەت ڕێگە لەتەواوبوونی پڕۆژەکان دەگرێت و دوودڵی لەنێو کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان بۆ بەشداریکردن لەبنیاتناندا زیاد دەکات.  ئەوەش سەرباری زیادبوونی رۆتین و بیرۆکراسی وەک ئامرازێک بۆ رەواندنەوەی کۆمپانیاکان و ڕێگریکردن لە بازرگانییەکانیان.

١١) نەهێشتنی گەندەڵی پێویستی بە یاسادانان لەئەنجومەنی نوێنەران و بە بڕیارو ڕێنمایی هەیە لەلایەن حکومەتەوە، لەوانە دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە جێبەجێکارەکان. پێشنیاز دەکرێت لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەکەلێنەکانی یاسادانان و ڕێنمایی و بڕیارەکانی دژە گەندەڵی و داڕشتنی ستراتیژیەکی کورت و مامناوەند بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانە لەلایەن دامەزراوە یاسایی و جێبەجێکارەکانەوە.

١٢) بەردەوامیدان بە هەڵمەتی دژە گەندەڵی و تیشک خستنە سەر ئەو ڕێوشوێنانەی کە گەندەڵی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا پەرە پێدەدەن، جگە لە بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە دەستنیشانكردنی گەندەڵكاران و بڵاوکردنەوەی دەستكەوتەكان لە بواری چالاکیەکانی دژە گەندەڵی بە شێوەیەکی شەفاف و دوور لە مەرامی سیاسی. ئەوەش هاوشان بێ لە بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانی سەرۆك وەزیران لە مەسەلەی پەلكێشانی گەندەڵكاران بۆ دادگا، جا هەر كەسێك بن.

١٣) حکومەت دەتوانێت ڕۆڵی پشکنەرەکان لە دامەزراوەكانی دەوڵەت کارا بکاتەوە، كە دەتوانن لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێسای دامەزراوەییدا هاوكار بن.

هێزە ئەمنییەکانی عێراق

١٤)  پێویستیەکی دەستبەجێ هەیە بۆ ڕێکخستنەوە و دووبارە داڕێژتنەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. سەرۆک وەزیران وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەتوانێت پڕۆژەیەکی توێژینەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی بڵاوەپێکردنی چەک و چارەسەری كارەساتی پرۆسەی فەرمان و کۆنتڕۆڵکردنی هەموو هێزە ئەمنی و چەکدارەکان و باڵادەستكردنی بەرپرسیاریەتی هێزەکانی دەوڵەت بەسەر هێزە نادەوڵەتەکاندا دەست پێ بکات.

١٥) پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ پێداچوونەوە بە مەسەلەی دووپاتبوونەوەی چەکو تفاق و هەمەچەشنیی هەڕەمەکیانە لە پڕچەککردنی هێزە هەمەجۆرەکانی عێراق. لە ئێستادا ناهاوسەنگی هەیە لە نێوان پڕچەککردنی دامەزراوەی هێزە تایبەت و ناتایبەتەکان لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە.

١٦)  دۆخی شەنگال و هاوشێوەكانی لە رووی ئەمنیەوە ئاڵۆز بوونە و ئەگەر بۆ سروشتی خۆیان بەجێ بهێلدرێن لە ساڵانی داهاتوودا ئاڵۆزتر دەبن. حکومەت دەتوانێت بە پرۆسەیەکی مەرکەزیانە دەست پێ بکات کە لە کۆتاییدا دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانکردنەوە و ئاساییكردنەوەی ژیان. دەكرێ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال ببێتە خاڵێکی دەستپێکی ئەرێنی.

هاوبەشی نێودەوڵەتی

١٧) بەشداربووان پێشوازیان لە شێوازی حكومەتی نوێ كرد بۆ كرانەوە بەڕووی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتی باش و هاوسەنگی دەسەڵات . دەکرێت كەلك لەوە کەشە ئیجابییەی ئێستا و نیشانەکانی نیازپاکی بەرامبەر عێراق وەربگیردرێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان لەبوارە جیاجیاکاندا.

١٨)  پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی کاریگەر بۆ بەدواداچوونی پڕۆژە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، چونکە عێراق لەم بوارەدا خاەوەنی یادەوەری دامەزراوەیی نییە. كۆمەڵێكڕێککەوتن و بەڵێننامە هەن كە لەلایەن حکومەتەکانی پێشووەوە ئەنجامدراون یان پڕۆژەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی هەن کە لەلایەن حکومەتی پێشووی عێراقەوە دەستیان پێکراوە بەڵام بەدواداچوونیان بۆ نەكراوە.

١٩)  پێشنیازدەکرێت لیژنە ئابوورییە دوولایەنەكانی نێوان عێراق و چەندین وڵات دابمەزرێنرێتەوە و ڕاستەوخۆ بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە ببەسترێتەوە، ئەویش بۆ خاتری کاراکردنی ڕۆڵەکانیان لەکارکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە بۆ ئابووری عێراق گرنگن.

٢٠) عێراق پێویستی بەسیستمێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هه‌یه‌ بۆ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان و خۆلادان لەزیان  یان شکستهێنان لەدابینکردنی ئەركەكانی لەکاتی خۆیدا.

کەش و هەوا

٢١) کێشەی گۆڕانی کەش و هەوا زۆر ئاڵۆز بووە. دەوڵەت پێویستی بەستراتیجێکی ڕوونە بۆ تێگەیشتن لە تەحەدا و پێشبینییەکان و دیاریکردنی ئەو ئەركانەی پێویستە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئەنجام بدرێن. چاوەڕوان دەکرێت حکومەت بەرنامەیەکی ڕوون و ئاشکرا بگرێتەبەر بۆ ئاراستەکردن و بەڕێوەبردنی گرفتەکانی ژینگە و کەمی ئاو.  بەتایبەتی لە پرسی پشتگیریکردنی جووتیاران و هاندانیان بۆ بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی و پشتیوانیکردن لەپیشەسازی خۆراک دەکرێت لیژنەیەکی باڵای تایبەت لەنووسینگەی سەرۆک وەزیران پێکبهێنرێت بەبەشداری پسپۆڕانی ناوخۆیی و بیانی بۆ وێنەکێشانی نەخشەڕێگایەکی لەو شێوەیە.

٢٢)  پێشنیاز دەکرێت كە فایلی کەش و هەوا دابەشبکرێت بەسەر پێکهاتەکانیدا بۆ دیراسەتكردنیان بەقووڵی و گرنگیدانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بە دەرەنجامەکانی قەیرانی ئاو و ئیدارەدانیان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نێگەتیڤەکانیان. بۆ نموونه:

  • وشکەساڵی لەناوچە کشتوکاڵی و مارشەکان (ئەهوار) و کاریگەریی لەسەر هەژاری و ناکۆکی کۆمەڵایەتی و توندڕەوی و کۆچکردنی خەڵک لەگوندەکانەوە بۆ شارەکان و کەمبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی عێراق بەگشتی.
  • کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو کە لە وڵاتانی دراوسێوە دەڕژێتە ناو عێراق و بە سیاسەتکردنی ئەو كارە لەلایەن حکومەتەکانەوە.
  • كەمكردنەوەی خراپ بەكارهێنان و بەڕێوەبردنی ئاو لەعێراق و هاندانی دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و لۆكاڵیدا بۆ پێدانی ئەولەویەتی بەرز بۆ کەمکردنەوەی پاشەڕۆ و وەبەرهێنان لە کۆکردنەوەی ئاو و دروستکردنی بەنداو.

لایەنە سیاسییەکان

٢٣) کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگی بە عێراق دەدات چونکە وڵاتێکی گرنگ و ستراتیژییە لە ناوچەکەدا. لە ئێستادا که‌شێکی گەشبینی و نیازپاکیی وشیارانە بەرامبەر بە عێراق هەیە کە دەتوانرێت لەلایەن حکومەتەوە ئیستیغلال بكرێت بۆ بەیەك گەیشتن و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەڕێگەی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە و هەنگاوی پراکتیکی بۆ هەموو لایەنەكان.

٢٤) چاوەڕوان دەکرێت حکومەت پلانەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان له‌ ساڵی ٢٠٢٣ ڕوون بکاتەوە لەڕووی بەروار و بودجەی پێناسەکراو و پرۆسەی ئەنجامدانەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەرۆشی لەو پرۆسەیە دەڕوانێ و لەنزیکەوە چاودێری دەکات.

٢٥) حاڵەتێکی چاوەڕوانکردن هەیە سەبارەت بەوەی لەگۆڕەپانی سیاسیدا ڕوودەدات، بەتایبەتی لە مەڕ پەیوەندی نێوان حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی و ئۆپۆزسیۆن ،کە لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. بەدواداچوونی بەرنامەی چاکسازیی حکومەت بۆ سیستمی دارایی و ئیداریی، ئامرازێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی فشاری ئۆپۆزسیۆن لەداهاتوودا.

بەشداربووان

ئیبتسام الکیتبی،  سەرۆکی سەنتەری ئیمارات بۆ توێژنەوە
ئەندرۆ باراسیلیتی،  سەرنووسەری ئەلمۆنیتەر، ئەمەریكا
ئەحمەد ئەلتەبەقچلی،  ئەکادیمی، سكوڵی ئابووری لەندەن
بیلال وەهاب،  ئەکادیمی، ئینستیتیوتی واشنگتن، ئەمەریكا
جۆنەثان لۆرد،  سەنتەر بۆ ئاسایشی نوێی ئەمەریكی
جیسیکا فەندەلی،  نووسینگەی عێراق لە دەزگای کۆماری نێودەوڵەتی
دۆگلاس ئۆلیڤان،  ئەندام لە پەیمانگای ئەمریکای نوێ
دلاوەر عەلائەدین،  سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری
حەمزە حەدداد،  توێژەر، ئەنجومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەندیە دەرەكیەكان
حەمید ئەلشەتڕی،  سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی
حەیدەر حەنوون،  سەرۆکی دەستەی دەسپاکی، عێراق
تەیف سامی،  وەزیری دارایی عێراقی
یوسف ئەلبەلوشی،  ئەکادیمی لە زانکۆی عومان، شانشینی عومان
لەهیب هیگل،  توێژەر لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتیەکان، بەلجیكا
لۆکاس لامبەرتی،  بەڕێوەبەر لە کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتونگ، ئەڵمانیا
لویزا لەفلۆک،  رۆژنامەنووس، واشنگتن پۆست، ئەمریکا
مارک کیمیت،  یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
محەمەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
محەمەد عولویە،  سەنتەری عەشتار بۆ پشتگیری دیموکراتی
موحەمەد ئەلنەجار،  ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران – ئابووری
مەزهەر ئەلجبوری،  جێگری سەرۆکی دەستەی دەسپاکی
ستیڤ دریهاوس،  بەڕێوەبەر لە پەیمانگای دیموکراتی نیشتیمانی
سیمۆنا ڤۆلتین،  میدیاكار، خزمەتگوزاری ڕادیۆی گشتی، ئەمریکا
عیسام ئەلسەعدی،  جێگری ڕاوێژکاری ئەمنی نەتەوەیی
عەباس ئەلعامری،  پەیمانگای عێراقی بۆ دیالۆگ
عەباس کازم،  ئەنجومەنی ئەتلانتیک، ئەمەریکا
علی تاهیر ئەلحەمود،  سەنتەری ئەلبەیان بۆ پلاندانان و دیراسات
فەرهاد عەلائەدین،  ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران -کاروباری دەرەوە
فەرید یاسین،  نوێنەری تایبەتی سەرۆکوەزیران بۆ ژینگە
رانیا ئەلعەتار،  میدیاكار و رۆژنامەنووس
رەناد مەنسور،  توێژەر لە چاتام هاوس، بەریتانی
توبی دۆدج،  ئاكادیمی لە سكوڵی لەندەن بۆ ئابووری
ئیبراهیم ئەلبەغدادی،  سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراقی
باقر کازم ئەلمەشات،  ئەندام، ئەنجومەنی ئابووری عێراقی
جابر خەلیفە جابر،  بەڕێوەبەر لە کۆمپانیای نەوتی ئەلهیلال
سلیک نوری،  بەڕێوەبەر لە کۆمپانیای کار بۆ پیشەسازی چیمەنتۆ
عبداللە ئەلقازی،  بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی ئەلهیلال، ئیمارات
فیراس نەعیم ئەلمیالی،  ئەندام، ئەنجومەنی ئابووری عێراقی

پێزانین:

سوپاسی ستافی پشتیوانی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە و سەنتەری ئەلبەیان دەکەین بۆ هاوکاریەکانیان لە ماوەی وۆرکشۆپەکەدا و سوپاسی کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتونگ و کریسنت پترۆلیۆم و پیشەسازی چیمەنتۆی کار و ئەنجومەنی ئابووری عێراقی دەكەین بۆ سپۆنسەرایەتی وۆركشۆپەكە.

Comments are closed.