Back

هاوپەیمانێتی ئەمنی نێوان یەکێتی ئەوروپا و عێراق: دیبەیتێك لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا

دیبەیتێكی پۆڵەسی لەگەڵ لیژنەی ئەمنی و بەرگری پەرلەمانی ئەوروپا.

“ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستان هاوبەشی سەرەکی ئەوروپان. لێكەوتەی ئەو رووداوانەی لێرە ڕوودەدەن لە ئەوروپادا بەدەردەكەون و پێچەوانەكەشی راستە”. ئەوە بەشێك بوو لە گوتەكانی ناتالی لوازۆ، سەرۆکی لیژنەی لاوەکی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئاسایش و بەرگری، كە لە دیبەیتێكی پۆڵەسیدا لە 25ی ئایاری 2022 لە ئینستیتیوتی مێری پێشكەشی كرد.

لەم هەفتەیەدا خاتوو لوازۆ سەرۆکایەتی شاندێکی حەوت ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپای کرد لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕاوێژکاران و ستافی باڵای پەرلەمان (لە خوارەوە لیست کراون) كە سەردانی هەردوو شاری بەغدا و هەولێریان کرد. ئامانجیان لەو سەردانە ئەوەبوو کە لەگەڵ داڕێژەرانی پۆڵەسی و بڕیاردەرانی عێراق کۆببنەوە و تێگەیشتنێکی قووڵتر لەو ئالینگاریە ئەمنیانەی کە ڕووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بوونەتەوە پەیدا بكەن.

لە لێدوانە کراوەکانیدا کە ڕاستەوخۆ پەخشكران، خاتوو لوازۆ جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی ئەوروپا بایەخێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات وەک بەشێك لە دراوسێیەتیە راستەوخۆیەكەی، و لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی کار لەسەر کێشە ئاسایش و بەرگریەكان دەکات. هاوكات ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی داعش بەرزنرخاند، ئەو شەڕەی کە وەك هەڕەشەیەك لە قەڵەمدا، نەك تەنیا بۆ عێراق بەڵكو بۆ ئەوروپاش.  ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد كە: “ئێمە دەتوانین خەلافەتی داعش ببەزێنین بەهۆی ئەو پتەویی شەراكەت و متمانەی كە نێوان یەکێتی ئەوروپا و هاوبەشەکانیدا هەیە”

خاتوو لوازۆ پێیوابوو کە دەبێت لە داهاتوودا شەراکەتێکی ئاوا بەهێز بەردەوام بێت چونکە شەڕی دژی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە و هەرچۆنێک بێت نابێت داعش جارێکی تر سەرهەڵداتەوە. دیارە پشت بەستن بە ئامرازە سەربازییەکان بەس نیە بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە. بۆیە یەکێتی ئەوروپا بەرنامەی نۆژەنكردنەوە و بنیاتنانەوەی دابین کرد بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان. هاوكات، یەکێتی ئەوروپا کار لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی لە ناوچەکەدا.

خاتوو لوازۆ، لەسەر ئەو گرفت و ناکۆکییە بەردەوامانەی کە لە عێراقدا هەیە ڕوونی کردەوە: “پێویستە یەکێتی ئەوروپا چارەسەر و بەشداریەكی باشتر لە هەرێمدا بدۆزێتەوە و بە خاكیانە گوێ لە باشترین پراکتیزە ناوخۆییەکان بگرێت بۆ ئەوەی ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنێت. عێراق ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بەرزکردنەوەی پەیوەندییە ئاشتیخوازەکان لەگەڵ دراوسێکانی و پێویستە ئێمەش ڕۆڵی خۆمان بگێڕین. دەبێ دیالۆگێکی بەهێزمان هەبێت بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی گونجاو بەدەست بهێنین”. هەرەوەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لیژنەی لاوەکی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئاسایش و بەرگری دەیەوێ دڵنیا بێ کە سیاسەت و ڕێکارەکانی یەکێتی ئەوروپا کاریگەریان لەسەر زەوی هەیە. ئەو لیژنە لاوەكیە پێشنیاری بودجە بۆ بەرنامە ئەمنی و بەرگریەكانی یەکێتی ئەوروپا دەکات و لە نزیکەوە کار لەگەڵ دامەزراوەکانی تری یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری باشتر و کاریگەرتر و بەردەوام.

سەبارەت بە چاکسازیەکانی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی یەکە چەکدارەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی هێزێکی یەکپارچە و ڕێکوپێکدا، خاتوو لوازۆ سەرنجی دا کە “یەکگرتن لە نێوان ئەکتەرە جۆراوجۆرەکان شتێکی گرنگە” بوونی یەکڕیزی و دیالۆگ و ڕێزگرتن لە شەراكەتی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و یەکێتی ئەوروپا کلیلی سەركەوتن و كاریگەرێتی سیاسەت و کارەکانی یەکێتی ئەوروپایە لەناوچەکەدا .

دیالۆگی بەپێی رێنمایی چاتام هاوس

پێشەكیەكەی خاتوو لوازۆ، دیالۆگێکی گەرم و پڕسەرنجی بەدوا داهات، کە لە ژێر یاساکانی چاتام هاوس ئەنجام درا. لە درێژەی ئەم بەشەدا تیشكخرانە سەر چەندین پرس لەلایەن بەشداربووانەوە و گفتوگۆیان لەسەر کرا. بۆچوونەكان لێرەدا بەبێ ناو و ناونیشان هێنان کورتکراونەتەوە.

  • هێشتا داعش بەتەواوی نەبەزێندراوە و بەردەوام مەترسی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دروست دەکات، و ئەو بۆشاییە ئەمنیەی قۆستۆتەوە كە لە ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا هەیە. لە لایەکی دیکەوە سەرهەڵدانەوەی داعش یارمەتی چەندین گروپی چەکداری ناحكومی داوە كە لە ناوچە جێناکۆکەکان زیاتر چالاك و زاڵ ببن و بەم شێوەیە گرژییەکان لەو ناوچانە زیادیان کردووە.
  • بەکارهێنانی ئامرازە سەربازییەکان بەتەنیا بەس نابێت بۆ تێکشکاندنی داعش یان لەناوبردنی تیرۆریزم. ئەم دۆخە پێویستی بەپلانێکی ستراتیژی و گشتگیر هەیە بۆ ڕێگرتن یان بەرەنگاربونەوەی بیروبۆچوونە توندڕەوەکان لەناو کۆمەڵگەی جۆراوجۆری عێراقدا. پێویستە هۆکاری بنەڕەتی تیرۆریزم و توندڕەویی توندڕەویی لە ڕێگەی چارەسەرکردنی گەندەڵی و دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی سەروەتی و سامان و حکومەتێکی گشتگیر و کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز و هێزە ئەمنییە کاریگەرەکان و سیستەمێکی دادوەری سەربەخۆوە
  • پێویستە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەرپرسیارێتی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خێزانەکانی داعش و چەکدارانی زیندانیکراوی ئەوروپایی بگرنە ئەستۆ، كە سەدانیان لە ئێستادا لە ئەلهۆڵ و کامپەکانی تر لە رۆژاڤا نیشتەجێن.
  • زۆرێک لە ئاوارە عێراقیەكانی کامپەکان و بەتایبەتی ئێزدیەکان ناچاركراون بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان و شارۆچکەکانیان کە تا ئێستا نۆژەن نەکراونەتەوە. وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەتوانن یارمەتی ڕزگاربووانی داعش و ئاوارەکانی عێراق بدەن بە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ ئاوەدانکردنەوە و چاکبوونەوە.
  • لەوە ناچێ هیچ ئیرادەیەکی سیاسی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەبێت بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکانی ناوخۆ بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی بنەڕەت و گێڕانەوەی شێوازی ئاسایی ژیانیان. پێشنیاز بۆ شاندی لیژنەی ئەمنی و بەرگری پەرلەمانی ئەوروپا كر كە ئەو مەسەلەیە لەگەڵ دامەزراوە عێراقی و ئەوروپیە پەیوەندیدارەكان تاوتوێ بکەن و پشتگیری ڕێکخراوە مەدەنییەکانی عێراقیش بکەن کەتایبەتن بەم ناوچەیە.
  • لە بواری دەوڵەتسازی لە عێراقدا، هەندێک لە قسەکەران جێبەجێکردنی دەستوور و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان بە ئەولەویەت زانی. دەمێكە گرژییەکان بەردەوامن و دەبێت بخرێتە بەر باس بۆ چارەسەركردنیان.
  • هەندێک لە ئامادەبوان باسی ئەوەیان کرد کە هێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگی لە شەڕی دژی داعش لە عێراق بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەغدا هەر لە سەرەتاوە هاوكاری لە دابینکردنی مووچە و چەک و تەقەمەنی یان دروستکردنی توانا بۆ پێشمەرگە نەكردووە. هاوکات هێزە ئەمنییەکانی عێراق نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق ناکەن. کورد کەمتر لە 1٪ ی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ پێکدێنێت. ئەم کێشانە دەبێت لە داهاتوودا بخرێتە بەر باس.
  • لە ساڵی 2017ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانێکی چاکسازی بۆ یەکخستنی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگە. دیارە پرۆسەکە ڕووبەڕووی بەرەنگاری و بەربەست دەبێتەوە. پێویستە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام هان بدرێن بۆ دابینکردنی پشتیوانی ڕاوێژکاری و سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە نەک تەنیا لە شەڕی دژی داعش و تیرۆر بەڵکو لە پرۆسەی چاکسازیشدا.
  • هەندێک لە ئامادەبووان باسیان لە گۆڕانکاری دیمۆگرافی كرد لەو ناوچانەی لە دەست داعش ڕزگارکراون. هێشتا زۆرێک لەخێزانە كریستیان و ئێزدیەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان چونکە لە سایەی ناکۆکییەكاندا هەست بەئاسایش ناکەن و متمانەیان بەتوانای حکومەتی عێراق نییە بۆ دابینکردنی ئاسایش. پێویستە حکومەتی عێراق کار بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک لەناوچە ئازادکراوەکان بکات، ئەویش لەڕێگەی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ئاسایش بۆ كۆمەڵانی خەڵك. ئەگەر ئەوەش نەیەتە دی، هەمیشە دەرفەت بۆ زیادبوونی ناکۆکیەکان لە ئارادایە.
  • پێویستە بارودۆخی ناوچە ئازادکراوەکان باشتر دیراستە بكرێ و لە ئالینگاریەكان باشترتێبگەین. پێویستە قوربانیانی شەڕی داعش لەڕێگەی بەرنامەیەکی گشتگیرەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبوو بکرێنەوە.
  • پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەکانی ناو هەرێمی کوردستانی عێراق لەماوەی چەند ساڵێکدا کەمبۆتەوە و پێدەچێت لەداهاتوویەکی نزیکدا کۆتایی پێبێت. هاوکات حکومەتی عێراق هیچ پلانێکی بڵاونەکردۆتەوەو هیچ ئیرادەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکانی ناوخۆ دەرنەبڕیوە. ئەم هۆکارانە بەشێك بوون لە بزوێنەرە سەرەکیەکانی کۆچکردن بۆ ئەوروپا. دەوترێت کە لە بەرژەوەندی هەموو کەسێکدایە کە یەکێتی ئەوروپا فشار بخاتە سەر عێراقییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و لە هەمان كاتدا پشتیوانی بۆ ئاوارەکان بەردەوام بێت.
  • وەک هەرێمێكی فیدراڵی، هەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانێت وەک مۆدێلێک بێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام خۆشی كێشەی ناوەكی لە بواری دیموکراسی و حکومەتی كارا و بەدامەزراوەییكردن هەیە. كێشەی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كێشەی ململانێ ناوخۆییەکانی هەیە.
  • یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا هاندران بۆ ئەوەی زیاتر لە نزیکەوە لەگەڵ عێراق مامەڵە بکەن و ڕۆڵێکی ئەرێنی لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکەدا ببینن. دەستێوەردانە ئەمنییەکانی ئێران و تورکیا لەناو عێراقدا وەک بزوێنەری ناسەقامگیری لە پانتایی ناوچەدا و بزوێنەری ململانێ لە ناو عێراقدا دەبینرا.

بەشداربووانی مێزگردەكە:

ئامادەبوانی ئەم مێزگردە بریتی بوون لە بژاردەیەك لە سیاسەتمەداران و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی و شارەزایانی ئەکادیمی لەگەڵ شاندێكی باڵای لیژنەی لاوەکی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئاسایش و بەرگری و تیمی ڕاوێژکارانیان ئامادەیبوون

  • ئانا باربیری، بەڕێوبەر، لیژنەی لاوەکی بۆ ئاسایش و بەرگری – پەرلەمانی ئەوروپا
  • ئان میسکانین، سەرۆکی ڕاوێژكارانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق
  • ئەسیتا کانکۆ، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، بەلجیکا
  • ئارناود دانژین، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، فەرەنسا
  • ئۆرماس پایەت، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، ئیستۆنیا
  • بەختیار محەمەد، وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان
  • گێرارد کوێل، بەڕێوبەرایەتی گشتی سیاسەتی دەرەوە، لیژنەی لاوەکی بۆ ئاسایش و بەرگری
  • یۆزاس ئۆلێکەس، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، لیتوانیا
  • جوان یونس، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، عێراق
  • دلاوەر عەلائەدین، ئینستیتوتی مێری
  • فوئاد ئیسماعیل، ئینستیتوتی مێری
  • هەژارعومەر ئیسماعیل، وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان
  • هێمن میرانی، وەزارەتی ناوخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان
  • کامەڕان پەلانی، ئینستیتوتی مێری
  • کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، عێراق
  • لارس پاتریك بێرگ، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، ئەڵمانیا.
  • لەیلان ئیبراهیم عەبدوڵا، وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان
  • ماری پارێت، سەرۆکی نوسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر
  • مارتینا هێس، ڕاوێژکاری سیاسی، لیژنەی لاوەکی ئاسایش و بەرگری
  • نەبەز ساڵح سدیق، وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان
  • ناتالی لوازۆ، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، فەڕەنسا
  • خدر دۆملی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، عێراق
  • خافیر نارت، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، ئیسپانیا
  • سەنا سەلاح محەمەد، وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان
  • سیمۆن کارلستیتەر، ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق
  • عوسمان لەیلانی، ئەکادیمی، زانكۆی سەڵاحەدین، هەولێر
  • ڤلادیمیر وێلگنبێرگ، ڕۆژنامەنووس
  • ڕۆمان بابل، ڕاوێژکاری سیاسی، لیژنەی لاوەکی لەسەر ئاسایش و بەرگری، پەرلەمانی ئەوروپا
  • تانیا گلی خەیلانی، هاوسەرۆکی ڕێکخراوی SEED، هەرێمی كوردستان
  • تەلار نوری، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەرێمی كوردستان

Comments are closed.