Back

لامەركەزيەت بە دروومانێكی خۆماڵی

داڕێژتنەوەی پەيكەری حكومەتی خۆجێیی و كاراكردنی ئەنجومەنەكان لە هەرێمی كوردستان

کلیک بکە بۆ دابەزاندنی راپۆرت بە PDF

خەڵكی هەرێم چاویان لەوەیە كە بە سیستەمێكی مۆدێرن بناخەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دابمەزرێت، بەجۆرێك كە پرۆسەی حوكمڕانی لە ئاستی حكومەتی خۆجێیی كارا بێ، ئاسان بێ و بە كەمترین خەرجی باشترین كواڵیتێ تێدا بەرجەستە بكرێ.  بەڵام لە واقیعدا، پەیكەر و سیستەمی حكومەتی خۆجێیی هەرێم هی عێراقی كۆنە كە لە 27 ساڵدا گەشەیەكی ناڕێكی پێكراوە و لە دوا ئەنجامدا بووەتە سەرچاوەی كێشە و گرفتی ئاڵۆز. سەرباری كەموكورتیەكانیش، كەچی هێشتا سیستەمەكە بەردەوام كاری پێ دەكرێ. تەنانەت لە ئێستادا وا پەلە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێ كە هەر خۆی یەكێكە لە گرێكۆرەكان.  لەو وتارەدا، لەسەر بنەمای توێژینەوەیەكی تێروتەسەلی ئینستیتوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری)، پێشنیازی دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە و داڕێژتنەوەی پەیكەری حكومەتی خۆجێیی و هەمواركردنەوەی یاسایەكەی كراوە، بەو ئومێدەی كە پەرلەمانی هەرێم ئەو بابەتە بە زووترین كات بخاتە سەرووی ئەجێندا و ئەولەویاتەكانی.

مەركەزیەت لە نەهجی حوكمڕانی

لە هەرێمدا، هاوڵاتیان بۆ ئەنجامدانی كاری رۆتینی گەورە و بچووك مەجبوور كراون روو لە سەنتەری پارێزگاكان بكەن، جا هەر لە تۆماركردنی ئوتومبیلێكەوە بگرە تا دەگاتە دەركردنی پاسپۆرت و رەزامەندی وەرگرتن بۆ حەج و دامەزراندن و گواستنەوە و ناردنەدەرەوەی فەرمانبەران.  ئەو ئاستە لەرادەبەدەرەی مەركەزیەت لە نەهجی حوكمڕانی لەگەڵ‌ خواست و ئامانجی خەڵكە پێشكەوتنخوازەكەی هەرێم ناگونجێ.

دیارە بەپێی ياسا و عورفی حوكمڕانی هەرێم، زۆربەی دەسەڵاتەكانی بڕياردان لە وەزارەت و پۆستی وەزيرەكاندا چڕكراونەتەوه. پەيكەری وەزارەتەكان وەك‌ هەڕەمی بنكەفراوان ‌باڵيان به سەرتاپای هەرێمدا كێشاوە. شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بەپێی سياسەتی وەزيرەكان بەردەوام لە هەڵبەزين و دابەزيندايە و بووەتە هۆی لاوازكردنی دامەزراوەكانی خوارتر. لوتكەی وەزارەتەكان لە رۆتينی بەڕێوەبردن و كاربەڕێكردندا نقوم كراون. رێچكەی رۆتينەكان له سەرجەم وەزارەت و ئۆرگانەكانی حكومەت، بەتایبەتی لە ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان ناڕوون، تێكەڵاو وەیان  لێكدابڕاون و بوونەتە هۆی هەڵاوسانیان و گرانبەهاكردنی خزمەتەكان و بنكۆڵكردنی كواڵيتی. بەو پێیە، سیستەمی ئێستا رێگرە لەوەی كە حكومەتە خۆجێییەكان ببنە خاوەن بڕیار لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان و وەبەرهێنان لە توانا ئابووری و مرۆییەكانیان بەپێی سروشتی جوگرافی و پێكهاتەی كۆمەڵگاكانیان.

كێشەی یاسا و سیستەم

بۆ چارەسەركردنی ئەو جۆرە كێشانە، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ياسای ژمارە (3) ی 2009 ی دەركرد. كۆمەڵێك دەسەڵاتی رێنماییكردن و چاودێریكردنی بۆ سێ ئەنجومەنی هەڵبژێردراو لە ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان دیاریكرد.  یاسایەكەی هەرێم بە لاساییكردنەوە و كۆپیكردنی ياسا عێراقیەكەی ژمارە (21)ی ساڵی 2008 داڕێژرا، كە بۆ ئەو پارێزگا عێراقيانە دەركرا كە هێشتا نەكراونەتە هەرێم (إقليم). مەبەست لە دەركردنیشی ئەوەبوو كە رێگە لە بەهەرێمبوونی پارێزگاكانی دیكە بگرن و زۆر لەو دەسەڵاتانەی كە بە پێی دەستوور درابوونە هەرێمی كوردستان بیاندەنە پارێزگاكانی باقی عێراق. كەواتە، یاسای ژمارە (21)ی عێراقی بۆ سیستەمی حوكمڕانی هەرێم نەدروابوو و پێویست نەبوو كتومت لاسایی بكرێتەوە.

خۆ ئەزموونیش سەلماندی كە یاساكەی هەرێم لە یەكەم رۆژەوە قابیلی جێبەجێكردن نەبوو. جارێ ئەنجومەنەكانی قەزا و ناحیەكان لە بنەڕەتەوە ئەنجام نەدران.  ئەنجومەنی پارێزگاكانیش لەبەر كێشەی كارگێڕی و دارایی و بگرە یاسایی زۆرەوە نەیانتوانی ئامانجەكانیان بپێكن وەیان رۆڵێكی ئەوتۆ لە پرۆسەی حوكمڕانیدا ببینن. بۆ نموونە مەودای دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگا لە هەرێمدا بە روونی دیارنەكراون و لەگەڵ پەرلەمان و حكومەت بەریەك دەكەون. توانای ئەنجومەنەكان بۆ دەركردنی رێكاری كار و رێنماییەكانیان و چاودێریكردنی جێبەجێكردن سنووردارە. ئەوانەش بێجگە لەوەی كە پەیوەندیەكانی نێوان پارێزگار لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا و كابینەی حكومەت ئاڵۆز و پڕ كێشەیە.  لە نێو پەیكەری پارێزگاشدا كۆمەڵێك بەڕێوەبەرايەتی‌ و بەش و هۆبەی لێكدابڕاو هەن كە كارەكانيان تەواوكەری یەکدین بەڵام رێچكەی كارگێڕی و مەرجەعیەتی زۆربەیان راستەوخۆ سەر بە وەزارەتەكانن. لە ئەنجامدا دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان بە سنوورداریی ماوەتەوە، بۆیەش هاوڵاتیان بۆ زۆر لە كارەكانیان راستەوخۆ روو لە وەزارەتەكان دەكەن.

دیارە كە دەستكاری رووكەشیانەی پەیكەری سیستەم دەردی حوكمڕانی تیمار ناكات، بۆیە پێويستە حكومەتی خۆجێیی هەرێم لە بنەڕەتەوە پێناسە بكرێتەوە و بە یاسا دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكان دابەش بكرێنەوە. گرنگە كە داڕێژتنەوەی سیستەمی هەرێم بە دروومانێكی خۆماڵی بێ، بە رەچاوكردنی تایبەتمەندێتی لۆكاڵی و بەبێ چاولێكەری باقی عێراق وەیان وڵاتانی دیكە.  دیارە لە جيهانی دەرەكيدا مۆدێلی سەركەوتوو زۆرن بۆ لاساييكردنەوە بەڵام مەرج نيە بۆ هەرێم گونجاو بن چونكە پێكهاتەی كۆمەڵايەتی، مێژووی گەشەكردنی سيستەم، كولتووری بەرێوەبردن، ديناميەت و هاوكێشە سياسيەكان و ئەقليەتی بيركردنەوە و جۆری كێشەكانی هەرێم زۆر جياوازن لە هی هەموو وڵاتێكی ديكەی نزيك و دوورەوە.

قەزا ببێتە بەردی بناخە

لە دوایین توێژینەوەی ئینستیتوتی مێری {1} پێشنیازی پەیكەرێكی ئەڵتەرناتیڤ وەك مۆدێلێكی خۆماڵی بۆ حكومەتی خۆجێیی كراوە و تێیدا هاتووە كە قەزا (شارۆچكە) بكرێتە یەكە بنەڕەتیەكەی ئیدارەی حكومڕانی لە هەرێمدا و سەرجەم كۆڵەگەكانی حكومەتی خۆجێیی لەسەر بونیاد بنرێت.  ئەو پێناسە نوێیە لەسەر بنەمای ئەو پرینسیپەیە كە هاوڵاتیان لە قەزاكانیاندا سەرجەم كار و خزمەتگوزاریەكانیان بۆ ئەنجام بدرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت و پارێزگاكان. واتە، زۆربەی دەسەڵاتەكانی بڕیاردانی كارگێڕی و دارایی و ئەركەكانی جێبەجێكردن بدرێتە قەزاكان و تەنیا ئەركی هەماهەنگردن و رابەرایەتیكردن بدرێتە پارێزگار و سەرووتر.

ديارە كه ئەو گۆڕانكاريە بنەڕەتیانە پێويستیان بە هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە (3) ی ساڵی 2009  و ژمارە (159) ی ساڵی 1969 (قانون إدارة المحافظات) هەیە، كە ئەوانەش كاری قورس نین.  دەكرێ لە ئاستی ئەنجومەنی وەزيرانیشدا دەزگايەك بەناوی هەماهەنگی حكومەتی خۆجێی (الحكم المحلي) دابنرێ، كە لە كۆمەڵێك شارەزا پێك بێت بۆ هەماهەنگكردنی ياساكان و جێبەجێكردنيان لە نێوان دەسەڵاتەكانی ياسادانان و جێبەجێكردن و دادوەريەكاندا و بۆ بەدواداچوونی كاروباری حكومەتە خۆجێييەكانيش له ئاستی حكومەتی لوتكەوە.

يەك هەڵبژاردن و دوو ئەنجومەن

دەكرێ لەمەودوا تەنیا یەك هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەویش بۆ ئەنجومەنی قەزا بێ. لە سنووری هەر ناحیەیەك نوێنەرێك بۆ ئەو ئەنجومەنە هەڵبژێردرێت و دواتر سەرۆك و جێگری سەرۆك دەستنیشان بكرێن . هەر ئەو دوو سەركردەیەش كە پێشڕەوێتی ئەنجومەنی قەزا دەكەن لە هەمان كاتدا ببنە ئەندام لە ئەنجومەنی پارێزگا. واتە ئەنجومەنی پارێزگا لە سەركردەی ئەنجومەنەكانی قەزا پێك بێت.

بەو پێیە، لە یەك پرۆسەی هەڵبژاردندا دوو ئەنجومەنی بەهێز دێنە كایەوە كە هەر یەكەیان نوێنەری سەرجەم ناحیە و قەزایەكانی تێدا دەبێ. واتە پێویست بە هەڵبژاردنی دووم بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و هی سێهەم بۆ ئەنجومەنی ناحیەكان ناكات. دەشكرێ ناوەندی قەزا گەورە و چڕەكان دابەشكرێنە سەر دوو یان سێ ناحیە هەتا ژمارەی نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنی قەزادا بە پێێ رێژەی دانیشتوانیان بێ. بە هەمان شێوە، دەكرێ سەنتەری شارە گەورەكانی پارێزگاكانیش دابەشكرێنە سەر دوو یان سێ قەزا و هەریەكەیان ببێتە یەكەی ئیداری سەربەخۆ و خاوەنی ئەنجومەنێكی بەجیا. بەوە ژمارەی نوێنەرانی شارە گەورەكان لە ئەنجومەنی پارێزگادا بە پێی رێژە گونجاوەكەی دانیشتوان دەبێ.

شایانی باسە بەو مۆدێلە، خەرجی مووچەی خەڵكانێكی زۆریش كەم دەكرێتەوە چونكە لەجیاتی دامەزراندنی لەشكرێك لە هەڵبژێردراوان بە مووچەی پلە تایبەت، تەنیا سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی قەزاكان كاتی خۆیان بە تەواوی (فولتایم) تەرخان دەكەن و ئەوانی دیكە بە نیوەی كات (پارتایم) كار بۆ ئەنجومەن دەكەن.

پێكهاتەی ئەنجومەن و دامەزراندنی قایمقام

دەكرێ سەرجەم ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی قەزا و پارێزگا هەڵبژێردراو بن، وەیان زۆرینەیان (٣/٢) هەڵبژێردراو بن و ئەوانی دیكە بریتی بن لە جێبەجێكاران. بۆ نموونە، لە ئەنجومەنی قەزادا، قایمقام و دوو بەڕێوەبەری ناحیە (بە شێوازی خولی لە نێوان بەڕێوەبەرەكاندا) ئەندام بن. لە ئەنجومەنی پارێزگاشدا، دەكرێ پارێزگار و دوو قایمقام و دوو بەڕێوەبەری ناحیە بە خولی ئەندام بن.  ئەو جۆرە ئەندامێتیە بۆ پتەوكردنی پردی متمانە و ئاڵوگۆڕی زانیاری و كەڵەكەبوونی ئەزموون  زۆر گرنگە. هەڵبەتە، بژاردەی دیكەش هەن و هەریەكەیان سوود و زیانی خۆیان هەیە و دەبێ بە ووردی رەچاو بكرێن.

سەبارەت بە میكانیزمی دامەزراندنی پارێزگار، دەكرێ وەك هی ئێستا بمێنێ وەیان دەستكاری بكرێت، بەڵام دەبێ دامەزراندنی قایمقام گرنگی زیاتری پێ بدرێت. دەكرێ ئەویش لەنێو ئەندامە هەڵبژێردراوەكانی ئەنجومەنی قەزادا دەستنیشان بكرێت، وەیان بە پێی سی ڤی و لە كێبركێیەكی كراوەدا بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی قەزا دابمەزرێندرێ.  ئەوەی دواییان دەرفەت دەداتە ئەنجومەن كە رابەری لێهاتوو لە هەركوێ بێ بۆ شارۆچكەكەی بێنێ و سوودی گەورەی لێ ببینێ. زۆر گرنگە كە دانان و لادانی قایمقام تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی قەزادا بێ، بەجۆرێك كە پارێزگار تەنیا بۆی هەبێ داوا لە ئەنجومەنی قەزا بكات كە پێدانەوە یان سەندنەوەی متمانە بە قایمقام بخرێتە دەنگدانەوە.  لە ناو ئەنجومەنیشدا بۆ سێیەكی ئەندامان هەبێ كە هەمان داوا بكەن.

بەڕێوەبەرايەتيەكانی نێو حكومەتی خۆجێیی

دەكرێ بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئاستی قەزایەكان بەجۆرێك رێكبخرێنەوە كە بەش و هۆبەی هاوپيشە و هاوشێوەی لێكنزيك ئاوێتە بكات.  گرنگە كە بەڕێوەبەرەكان دەسەڵاتی كارگێڕی و دارايی سەربەخۆیان هەبێ بەڵام لە بواری پسپۆڕیە پيشەييەكانيانەوە پەيوەست بن بە پەيڕەويكردنی ستراتيژ و پلان و رێنمايی قەزا و پارێزگاكەیان و وەزارەته پەیوەندیدارەكان. هاوكات پێویست ناكات ژمارەی بەڕێوەبەرایەتیەكان ئاوێنەی سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەكانی لوتكە بن. بەڵكو لە ئاستی قەزادا كەمترین ژمارەی بەڕێوەبەرایەتی زۆرترین بەش و هۆبەی تایبەتمەند لەخۆ بگرن.

بۆ نموونە، دەكرێ (بەرێوەبەرايەتی شارەوانی و دێهاتەكان) دابهێندرێت كە كۆمەڵێك‌ بەش و هۆبە خزمەتگوزاريە پەيوەنديدارەكان لەژێر يەك چەتردا‌ كۆبكاتەوه، لەوانە‌:  پلانی نيشتەجێ و ئاوەدانكردنەوە، هۆبەی تۆماركردنی خانوبەرە (تاپۆ)، ئاو، ئاوەڕۆ، كارەبا، خاوێنكردنەوە و خاشاك لابردن، باخچەكان، ئاسەوار و كەڵەپور، رێگا و پردەكانی شار و دێهاتەكان و چاككردنيان، گواستنەوەی ناوشار (پاس و تاكسی)، پۆستە و گەياندن، هێماكانی هاتوچۆ و پۆليسی تەجاوز.  بەوە كۆمەڵێ كێشەی پلاندانان و هەماهەنگیكردن و بەفیڕۆدانی خەرجی كەمبكرێتەوە.  چيتر شەقامەكان بۆ جاری سێيەم و چوارەم بە هۆی بێپلانی و لێكدابڕانی بەڕێوەبەرايەتيەكانەوە هەڵنەكەندرێنەوە.  بەو پێیە، پەیكەری شارەوانی قەزاكان لەرووی كارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ دەبێ و لەژێر چاودێری قایمقام و ئەنجومەنی قەزا دەبێت. بۆیە دەكرێت كە ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆكايەتی شارەوانی شارەگەورەكان و بەرێوەبەرايەتی گشتی شارەوانيەكان لە بنەڕەتەوە هەڵبوەشێندرێنەوە و فەرمانبەرەكانيان بەسەر قەزا و ناحيەكان دابەشكرێنەوە.

بە هەمان شێوە، دەكرێ بەڕێوەبەرايەتيەك بۆ (كاروبارە مرۆڤايەتيەكان) دابنرێ بۆ كۆكردنەوەی چاڵاكيەكانی  چەندين بەش و هۆبە لەبواری رۆشنبيری، لاوان، كاروبارە ئاينيەكان و ئەوقاف، كاروباری كۆمەڵايەتی، شەهيدان و ئەنفالكراوان، خانمان، چاودێری تايبەت، چاودێری كەمئەندامان، دەستەبەركردنی كرێكاران، راگەياندن و چاپكردن.

دیارە لە ئێستادا كەموكوڕی لە ژمارە و ئەزموونی رابەرایەتی لە ئاستی لۆكاڵیدا بەدی دەكرێ، بەڵام دەكرێ لە ئێستاوە بەرنامە بۆ بەرزكردنەوەی تواناكان و پەروەردەكردنی رابەران ئامادە بكرێ. هاوكات پێویستە  مەرج بۆ خۆ كانديدكردن بۆ سەرجەم پۆستە هەڵبژێردراو و دامەزراوەكان دابنرێ، وە رێبەری كاركردنی قايمقام و بەڕێوەبەری ناحيە و بەڕێوەبەرەكان بە ووردەكاريەوە دابڕێژرێت.

داڕێژتنەوەی پەيكەری پارێزگاكان

لە نێو پەيكەری پارێزگاشدا دەكرێ ژمارەیەكی كەم بەرێوەبەرايەتی هەبن كە ئاوێنەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی قەزاكان بن و تەنیا رۆڵی هەماهەنگی و چاودێری ببینن. بەو پێيە رۆڵی پارێزگار و بەڕێوەبەرايەتيەكانی ئاستی پارێزگا سنووردار دەكرێ لە: كارە ستراتیژیە لوتكەیی و رابەرێتیەكانی وەك داڕێژتنی پۆڵەسی و پلان و ستراتيژی سەرتاسەريی ئاستی پارێزگا بۆ سێكتەرەكانی ئابووری و خزمەتگوزاری؛ بەرپرسیارێتی ئەمنی و فریاكەوتن لە ئاستی پارێزگا؛ هەماهەنگيكردن له نێوان وەزارەت و بەرێوەبەرايەتيەكانی خوارتر؛ لۆبيكردن لە ئاستی ناوەكی و دەرەكی بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی زياتر؛ دڵنيا بوون لە كواڵیتی و كارايی كاری بەرێوەبەرايەتيەكان لە رێگەی كاراكردنی ميكانيزمەكانی چاودێری ناوەكی و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و لێپرسينەوە.

دەستكەوتەكان

بەپێی ئەو رێكخستنەوەيە پێشنیازكراوە، كۆمەڵێك دەستكەوت لە يەك كاتدا بۆ هەرێم دێتە كايەوە. لەوانە: كەمكردنەوەی رۆتين و داهێنانی پرۆسەی يەك پەنجەرە؛ گێڕانەوەی هەيبەت بۆ قايمقام و بەڕێوەبەری ناحيە و تەواوی حكومەت؛ دروستكردنەوەی متمانەی نێوان حكومەت و هاوڵاتی؛ كەمكردنەوەی گەندە‌ڵيی لە رێگەی دابەزاندنی دەسەڵات و بەرپرسيارێتيەكان و كاراكردنی سيستەمی چاودێريی؛ چارەسەكردنی كێشەی هەڵاوسانی لوتكە و دابەشكردنەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكان؛ ئاودانكردنەوەی قەزا و دێهاتەكان بە هۆی باشتر كردنی كواڵيتی ژيان.

کلیک بکە بۆ دابەزاندنی راپۆرت بە PDF

Comments are closed.