Back

كوردستانی عێراق: كارە پێشینەییەكان لە نێوەندگیری نێودەوڵەتیدا

کلیک بکە بۆ دابەزاندنی راپۆرت بە شێوەی pdf.

لەو دە سالەی رابوردوودا، هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك قەیرانی بەخۆوە بینیوە، لەوانە بڕینی بودجە، هێرشی داعش بەسەر هەولێر، دابەزینی نرخی نەوت بۆ نیوەی جارانی (بۆ جاری دووەم) وە شەڕی چەكداریی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر كەركوك. ئیمڕۆ هەست دەكەیت بارودۆخەكە جیاوازە و بگرە خراپترە لە قەیرانەكانی پێشتر: پەتای كۆڕۆنا لە ئارادایە، نرخی نەوت لە عێراق و لە هەرێمدا پاشەكشەی كردووە، كرژی هەیە لەگەڵ ئێران و توركیا، وە بێزاریەكی شاراوەی دژ بە كورد لەنێو پەرلەمانتارانی بەغدا دروست بووە.

بەڵام ئەوەی وایكردووە كە ئەو كاتوساتەی ئێستا مەترسیدار بێ بریتیە لە نزیكە هەڵوەشانەوەی هاوكاری نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمان كوردستان. كوردەكانی عێراق نیشانیان داوە كە لەو كاتانەی یەكگرتوو بوونە، توانیویانە هەموو جۆرە زریانێك تێپەڕێنن. كاتێك ئەو دوو لایەنە بە چاكی كار لەگەڵ یەكتر دەكەن، هاوبەشە نێودەوڵەتیەكانی هەرێمی كوردستان پشتگیریەكانیان بە كاریگەرانەتەر پێشكەش دەكەن، وە بە پێچەوانەشەوە كاتێك هاوبەشێكی تەبا نابینن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەواپاشەكشە دەكەن. بیرەوەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە شەڕی ناوخۆی نەوەدەكان دۆزی كوردی لە دوو هەزارەكان بنكۆڵ كردووە، ئەوەش لە كاتێكدا یەكە مەزنترین دەرفەتی خودموختاری كەوتووەتە بەردەمیان.

رووبەرەو پێشەوە، بە روونی دیارە كە ئایندەی عێراق و هەرێمی كوردستان لێك بەستراوە. ئەگەر ئابووری عێراق و دراوەكەی بڕوخێن، ئەوا هی كوردستانیش بە هەمان شێوە دەبن. ئەگەر خەڵكی كوردستان برسی ببن، ئەوا گلەییەكە لە بەغدا دەكرێ. ئەگەر داعش بێتەوە، ئەوا یەكەمجار لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان عێراقی فیدرالی و هەرێمی كوردستان سەر هەڵدەدات. سەركەوتنی پۆڵەسی ئەمەریكی لە عێراق سەركەوتنی سەرجەم پازدە پارێزگاكانی عێراقی فیدرالی و هەرێمی كوردستانە، نەك یەكیان وەیان ئەوی دیكەیان.

دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریكا و عێراق لە هاوینێكی درەنگدا بەردەوام دەبێ، بەو هیوایەی كە سەردانی سەركردەكانی عێراق بۆ واشینگتن لە بەرنامەدا بێ. ئەوەش دەرفەتێك دەرەخسێنێ بۆ دووبارە بەهێزكردنەوەی رۆڵی ئەمەریكی و هاوبەشە نێودەوڵەتیەكان سەبارەت بەو كێشانەی رووبەرووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە. گرنگە جەخت لەسەر گرنگی رۆڵی دەستەجەمعی لە بابەتی یەكڕیزی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێم بكرێتەوە، چونكە ئەمەریكا وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی پەویوەست بە كوردستانی پێ نیە و نیازیشی نیە تەركیزێكی زێدە بخاتە سەریان. لە كاتێكدا هێز و كاریگەرێتی ئەمەریكی زیاتر دەبێ ئەگەر هاوئاهەنگ بێ لەگەڵ هاوبەشەكانی دیكە لە كوردستان، لە نێویاندا فەرەنسی و بەریتانی و كەنەدیەكان.

لێرەدا بۆچوونێك هەیە بەوەی كە دەبێ لە چوارچێوەی رێكەوتنی ستراتیژی ئەمەریكی و عێراقی لێژنەیەك وەیان گروپێكی تایبەت بە كێشەكانی هەرێمی كوردستان هەبێ (وەیان لەسەر لامەركەزیەت بێ بە گشتی)، وەیان میكانیزمێكی گشتگیر لە ئارادا بێ كە دڵنیایی بدات لەوەی هەرێمی كوردستان دەبێتە ئەندام لە گروپی كاركردن لەسەر لایەنی ئەمنی، سیاسی، ئابووری و ووزە. ئیتر لیستی ئەو بابەتانەی كە پێویستیان بە تێڕوانینە زۆر درێژە.

لەهەموویان گرنگتر، پێویستە پارتی و یەكێتی بەرەو ئاراستەی هێوركردنەوە ببرێن بەجۆرێك كە هەرێم بە یەك دەنگی هاوئاهەنگ لە بەغدا و لە نێو هاوبەشە نێودەوڵەتیەكان قسە بكات. ئەوەش كارێكی بنەڕەتیە كە كاریگەری لەسەر هەموو  بابەتەكانی دیكە هەیە. پەیوەندیەكی نەیارانە لە نێوان ئەو دوو حیزبە هەموو ئەو شتانە بنكۆڵ دەكات كە پێشتر لە هەرێمی كوردستان هەوڵی بۆ دراوە، هاوكات بۆ هاوبەش و وەبەرهێنەرە دەرەكیەكانیش هاندەر نابێ. بۆشی هەیە ببێتە هۆكاری بەرەنگاربوونەوەی چەكداری لە نێوانیان و كاریگەری لەسەر هەندێ پیشەسازی وەك گواستنەوەی گازی شل وەیان قەیرانی ئەمنی هەبێ، هەروەك لە زینی وەرتێ بووە هۆی پێكدادانی چەكداری لەنێوان پێشمەرگەكانی پارتی و یەكێتی لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئیمساڵ.

 لە ئێستادا هیچ شتێك نیە كە بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی بە چاكی و بەپێی پێویست ئەنجام بدرێت، هەر لە وەبەرهێنانی نەوت و گازەوە بگرە هەتا دەگاتە بەرەنگاربووەنەوەی تیرۆر و پەتای كۆڤید و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا. كارێكی ئاسان نیە كە ئەو دوو حیزبە دەتوانن بە ئاسانی ئاشت ببنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئەمەریكا و هاپەیمانە جۆراوجۆرەكان ئەولەویەت بدەنە ئەو هەوڵانەی كە سەركردە بەهێز و بڕیاردەرەكان لە ژوورێكدا دادەنێ بۆ ئەوەی بتوانن نزمترین ئاستی هاوكاری بدۆزنەوە و لەوێوە دەست بە دیالۆگێك بكەن، جا گرنگ نیە ئەو كارە چەند زەحمەتە لە سەرەتادا.

هەروەها پێویستە ئەمەریكا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكان هاوكاری بەغدا و هەرێمی كوردستان بكەن بۆ بەردەوامبوونی ئەو هەنگاوە ئومێد بەخشانەی كە تا ئێستا لە بواری هاوكاری سیاسی و ئەمنی و ئابووریەوە هاویشتراون. كوردەكان باش كاریان لەگەڵ حكومەتەكەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو (عادل عەبدولمەهدی) دەكرد لە بەغدا، وە توانیان زاڵ ببن بەسەر دوودڵیەكانی پێشوویان سەبارەت بە گۆڕینی حكومەتی بەغدا و پشتگیریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، مستەفا ئەلكازیمی، كە دۆستێكی دیكەیە. بەڵام بە لای كوردەكانەوە، سەرجەم ئەو پەیوەندیانە دەكەونە سەر تەنیا یەك بابەت ئەویش مەسەلەی گەیاندنی بودجەیە.

لە مەودای دە ساڵدا و دوای چاودێریكردنی شەش سەرۆك وەزیران لە كاتی گفتوگۆ و دووبارە گفتوگۆكردنیاندا لەگەڵ كوردان لەسەر بودجە، ئەمەریكا لە نزیكەوە لە هەموو بنج و بنەوانی كێشمەكێشەكان ئاگادارە، بگرە باشتریش لە سەركردە كوردی و عێراقیەكان خۆیان.  ئەوەی هەمیشە روون بووە ئەوەیە كە سیاسەت بەسەر ئابووریەوە زاڵ دەبێ لەو گفتوگۆیانە: چارەسەرەكە سیاسیە و ژمارە و فۆرمیولاكان دەگونجێندرێن بۆ ئەوەی جێگەیان لەناو سازشەكان ببێتەوە. بۆیەش، لەوە دەچێ كە بۆ ماوەی ئیمساڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێ لە فرۆشتنی نەوتەكەی و كۆكردنەوەی داهاتی گومرگەكان، و لە بەرامبەردا بەغدا مانگانە بودجەیەكی كەمكراوە بۆ خەزێنەی هەرێم دەنێرێ، كە هەروەك ئەوەی كە لە دوو ساڵی رابوردوودا ئەنجامدراوە. دوای گفتوگۆیەكی زۆر، لایەنەكان دێنەوە سەر هەمان ئەو خاڵەی كە لێیەوە دەستیان پێكردووە.

ناكرێ ئەو شێوازەی دووبارەبوونەوەی قەیرانی بودجە بەردەوام بێ، لەبەر دوو هۆكار. یەكەمیان، بەرەنگاریی ساڵانە لە بەغدا پرۆسە ئاڵۆزەكانی دانانی بودجە ئاڵۆزتر دەكات، و لەگەڵ هەر خولێكی قەیران و گفتوگۆدا پەرلەمانتارە عێراقیەكان لەبەرامبەر ئابووری هەرێمی كوردستان توندتر دەبن. دووەم: پارتی و یەكێتی هەروا دێ زیاتر شەڕیانە لەسەر میكانیزمی دابەشكردنی داهات، كە سلێمانی داوای گواستنەوەی بودجە دەكات راستەوخۆ لە بەغداوە وەیان داوای گەرەنتی دەكات كە بەشە بودجەكەی بە دادپەروەرانە بۆ دەچێت.

پێویستە ئەمەریكا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكان پشتگیری لە رێكەوتنی درێژمەودای چەندین ساڵە بكەن كە سەركردە باڵاكان پێوەی پابەند بن، واتە سەرۆك وەزیرانی عێراق كە نوێنەرایەتی كوتلەیەكی گەورەی سیاسەتی عێراق دەكات و سەركردە بڕیاردەرەكانی پارتی و یەكێتی. ئەوە هۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەوەی هەردوو حیزب لە بەرزترین ئاستی سیاسیدا بەیەكەوە دانیشن. ئاستە خوازراوەكەی بودجە كە بەغدا و هەرێم لەسەری رێككەون لە دەوروبەری هەشت سەد میلۆن دۆلاری مانگانەیە، وە پێویستی بەوەیە كە پارتی و یەكێتی لەسەر كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەت (وەك مووچە و خزمەتگوزاریە كۆمەڵایەتیەكان و دەرماڵەكان) هەتا رادەی سەدا سی رێككەون، بەبێ ئەوەی گلەیی لە یەكتر بكەن وەیان بابەتەكە بە سیاسی بكەن. پێویستە ئەمەریكا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكان فشارێكی بەهێزی بەڵام بە نیەتچاكی بخەنە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی وەزیرێكی تایبەتمەند و توا پێدراو بۆ سامانە سروشتیەكان دابنێن تاوەكو متمانە بگێڕێتەوە بۆ وەبەرهێنەرانی بواری ووزە، كە دەبێتە هێمایەكیش بۆ وەبەرهێنەرەكانی بوارەكانی دیكەی غەیری ووزە لە هەرێمی كوردستان.

دەكرێ لە چوارچێوەی شەڕی دژەتیرۆردا سەركەوتنێكی خێرا بۆ هاوكاری نێوان بەغدا و پارتی و یەكێتی بەدەست بهێندرێ. دەزگای دژەتیرۆری عێراقی، بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری سەر بە پارتی و گروپی دژەتیرۆری سەر بە یەكێتی سێ رێكخراوی زۆر پرۆفێشناڵن و لە نزیكەوە كار لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكان دەكەن لە دژی داعش. ئەوانە پێشتر كاریان بەیەكەوە كردووە و دەتوانن بە ئاسانی لە ناوچە جێناكۆكەكان كار لەگەڵ یەكتر بكەن. دەكرێ تەركیزی یەكەمی پێكهێنانی سەنتەری هاوكاری و كاری دژەتیرۆری هاوبەش لەسەر ئەو دەزگا نایابانە و لقی زانیاریەكان بێ، لەجیاتی تەركیز لەسەر رێكخراوە سەربازیە گەورەكانی وەك لەشكری عێراق و پۆلیسی فیدرالی و پێشمەرگە.

دەكرێ یەكێك لە سیمبوڵە گرنگەكان بۆ هاوكاری نێوان بەغدا و هەرێم لە بواری وەبەرهێنان بێ لە جێگیركردنی فڕۆكە جەنگیەكانی F-16 ی عێراقی (بۆ ماوەی كورت كورت) لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی. ئەو فڕۆكە شەڕكەرە بۆمبهاوێژانە تا رادەیەكی ترسناك وەك دار عەسایەك بینراون كە رەنگە بەغدا لە دژی كوردانی بەكار بێنێت، بەڵام ئەو كۆمەڵە فڕۆكانە و تەكنیكارە ئەمەریكیەكانی كێشەی بەردەوامبوونیان هەیە لە بنكەی بەلەد كە دەورە دراوە بە چەكدارانی پشتئەستوور بە ئێران. رەنگە بیرۆكەیەكی باش بێ كە بەشێكی فلیتی F-16 لە كەشێكی كاركردنی سەلامەتدا لە هەولێر و سلێمانی بخولێندرێنەوە، هەروەك فرۆكە جەنگیەكانی ئیتاڵی كردیان بە بەشداریەكی بچووكی یورۆفایتەرەكان لە كاتی شەڕی دژ بە داعش.

رێچكەی هاوبەش لەو بژاردانە ئەوەیە كە بە گەورەیی بیر بكەیتەوە لە پەیوەندیەكانی نێوان بەغدا و پارتی و یەكێتی، وە یاریكەرە نێودەوڵەتیەكان هاندەر و پشتگیریكەری بیركردنەوەی نوێ بن. لە ئێستادا هەرێمی كوردستان رووی بەرەو لێژی دەخولێتەوە دوخولێتەوە، وە كەمتر جێگیرە و كەمتر سەرنج راكێشە وەك كەشێكی گونجاو بۆ وەبەرهێنان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە سەركردە كوردەكان رێگەیان بە خۆیان داوە كە بە هۆی سیاسەتی شەخسیەوە لێك بترازێن. دەستوەردانی ئەمەریكی لە عێراق لە ساڵي 1991 بووە هۆی ئازادكرنی كوردەكانی عێراق، وە دەستوەردانەكەی ساڵی 2003 وایكرد كە ئەمەریكا داوا لە هەمان ئەو كوردانە بكات كە بە گەرەنتی ئەمەریكیەوە ببنەوە بە بەشێك لە عێراق. ئێستاش كاتی هاتووە كە ئەو گەرەنتیانە بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە. دەستوەردانی ئەمەریكا عێراقی لە دیكتاتۆریەتەوە گواستەوە بۆ دیموكراسیەت (كە ناتەواوە، هەروەك هەموو دیموكراسیەتەكان)، بەڵام دەكرێ گواستنەوەیەكی دیكەی مەزن ئەوەبێ كە ئەمەریكا هاوكاربێ لە داهێنانی عێراقێك كە لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی لە ئاشتەواییدا بێ، پێش هەموویان پێكهاتە كوردەكەی. ئەو پرۆسەیەش دەكرێ وە دەبێ لە ئێستاوە بە زووترین كات دەست پێ بكات.

کلیک بکە بۆ دابەزاندنی راپۆرت بە شێوەی pdf.

Comments are closed.