Back

شەڕی سەپاندنی ئیرادە لە نێو ماڵی شیعه‌

لە هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی لوتكەی دەسەڵات، موقتەدا سەدڕ شەڕێکی دیکەی دۆڕاند. ئەمجارەیان لە خولەكانی پێشوو بە زەرەرمەندتر و تاڵتر لێی دەرچوو. بەڵام هێشتا زووە و با تواناكانیشی بەكەم نەزاندرێ چونكە جارێ جەنگەكەی نەدۆڕاندووە

لە 29ی ئابی 2022، موقتەدا “وازهێنانی” خۆی لە سیاسەت ڕاگەیاند، بەڵام بەبێ ئەوەی داوا لە لایەنگیرانی بکات واز لە داگیرکاری ئەنجومەنی نوێنەرانبهێنن. بە پێچەوانەوە، لێدوانەکەی سەدر وەک ئاماژەیەک بۆ پەرەسەندنی زیاتر وەرگیرا، کە دوای ئەوە و دەستبەجێ لە ناوچەی سەوزی بەغدا هێرش کرایە سەر کۆشکەکانی حکومەت. تەنانەت خۆپیشاندەران هەوڵیاندا لە پردی هەڵواسراودا (جسر المعلق) بپەڕنەوە بۆ ناو ئەلجادریە، کە مۆڵگەی نەیارەکانیانە. ئەمانە وەک هەوڵێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەغدا و تەواوی دەسەڵات لێکدرانەوە. دیارە سەدرییەکان پێشبینیان لە سەرهەڵدانی توندوتیژی كردبوو، بەو پێیەی كە چەند گروپێكی باڵی سەربازی بزوتنەوەكەیان، سەرایا ئەلسەلام، گەیشتنە نێو خۆپیشاندەران. بەڵام ئەو هێزە بچووكەی سەرایا، کە بە باشی ئامادە نەکرابوون، لە ئاستی (فەسائیل)ە پڕچەك و چەسپاوەكەی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی نەبوون. سەدرییەکان لە مەڕ بێبەزەیی و گوڕی نەیارەکانیان سەریان سوڕما، ئەوەبوو رێژەیەكی زیاتریان لە قوربانیان بەرکەوت، كە زۆربەیان لە رێزی خۆپیشاندەرانی بێچەک دا بوون.

هاوکات موقتەدا کەوتە ژێر فشارێکی زۆرەوە، چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ، لەلایەن ئەکتەرە شیعەکانەوە لە نێو ناوەندەکانی دەسەڵاتی شیعی لە نەجەف، قوم، تاران و ئەولاتریش. لە دەرەنجامدا، سەدر لە بارێكی دەروونی خراپدا بڕیاری كشانەوەی هێزەكان و خۆپیشاندەرانی لە سەرجەم ناوچەی سەوز راگەیاند. ڕەخنەشی لە بزوتنەوەكەی گرت و دیسانەوە جەختی لە وازهێنانی خۆی لە سیاسەت کردەوە. ئەوەش پەیامێكی چەند بارەیە کە خووی پێوە گرتووە و هیچ لایەنێك قسەکانی سەبارەت بە کشانەوە بە جیددی وەرناگرێت. بە پێچەوانەوە، خەڵك نیگەرانن لەوەی ئەگەری زیاتر ئەوەیە كە سەدر بە تۆڵەکردنەوە بگەڕێتەوە مەیدانی شەڕ.

وەستانی ئێستا

لە وتارێکی ئەم دواییەدا جەختمان لەوە کردەوە کە سەدر ئاڵۆزیی سیستەمی سیاسی عێراق و هەژموونی ‘جیهانی شیعە’ی لەسەر سیاسەتی عێراق بە کەم سەیر کردووە، کە دواجار ئەوانە دەبنە ڕێگر لەوەی بە ئامانجە کۆتاییەكەی بگات، كە بریتیە لە زاڵبوون بەسەر دەسەڵات لە عێراقدا. هەروەها توانای خۆی، وەک ئۆرکێسترایەکی یەک کەسی، و توانای لایەنگیرانی بۆ ملكەچكردنی نەیارەكانی، بە زۆر زانی. بۆیەش لە هەڵبژاردنی رێچكەكانیدا سەركەوتوو نەبوو و بەڵكو هەڵەش بوو.

لە بەرامبەردا، نەیارانی سەدر، بە تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی، توانای سەدڕیان بۆ بەكارهێنانی ئامرازەكانی لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت بە کەم زانیوە. بەڵێ توانیویانە هاوپەیمانیەكەی نێو خۆیان بە تۆكمەیی ڕابگرن و سەدرییەکان لە پەرلەمان و دەرەوەیدا بگەیەننە چەقبەست، بەڵام ئەڵتەرناتیڤێكی گونجاویشیان پێشکەش نەکردووە. بەڵكو دوای ئەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان کشانەوە، ئەوان كەوتنە ئاهەنگ گێڕانی پێشوەختە و کاتەکانیان بەفیڕۆدا و نەیانتوانی حكومەتی نوێ بە خێرایی پێك بهێنن. نەیانتوانی بە زوویی کورد و سوننە بەلای خۆیاندا رابكێشن یان هاوسۆزییەکی زیاتر لەنێو شیعەکاندا بەدەست بهێنن. ئێستا، دوای ئەوەی سەدریەکان ناوچەی سەوزیان چۆڵ کردووە، پێدەچێت جارێکی دیکە چوارچێوەی هەماهەنگی زێدە متمانەیان بەخۆیان پەیدا كردبێتەوە. تەنانەت رەتیانکردووەتەوە دان دابنێن بە دەستپێشخەرییەکەی سەدر بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، و بگرە دەستیان کردووە بە وروژاندنی سەدریەكان بە شێوازی جیاواز، هەروەك ئەوەی كە داوای دانیشتنی پەرلەمانیان كردووە بۆ بەردەوامبوون لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەپێی کارنامەی خۆیان.

لەم نێوەندەدا، دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لە باشترین حاڵەتدا تەنیا رۆڵی چاودێرێكی ناکارامەیان بینی، یان لە خراپترین حاڵەتدا بە هاندانی پەرەسەندنی توندوتیژیەكان تاوانبارکراون. هه‌روه‌ها لایەنە غه‌یره‌ شیعه‌كانی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بوونه‌ته‌ چاودێرانی نیگه‌ران و بێزار، بەجۆرێك كە دەستەوەستان بوون لەوەی چۆن به‌شێوه‌یه‌كی بنیاتنه‌رانه‌ مامەڵە لەگەڵ لایەنە ململانێكەرەكان بكەن. بێگومان گلەییان لێناكرێ چونكە ساتێ كە سەرکردە شیعەکان لە سەرکردایەتیکردنی پێكهاتەكەیان شکست دەهێنن، رۆڵی لایەنە ناوەكی ودەرەكیەكانی دیكە (جگە لە ئێران) هەمیشە سنووردار دەبێ.

داهاتوو

داهاتووی نزیك تاریک دەردەکەوێت، چونکە سەرسەختی ڕکابەرەکان دەتوانێت عێراق بەرەو شکستێکی درێژخایەن ببات. شیعەکان دەتوانن بەرگەی توندوتیژییەکی سنووردار بگرن، كە لەو ماوەیەدا گەیشتنە ئەو سنوورە، ئەگەر لەوە تێپەڕی عێراق رووبەرەو ناوەوە دەتەقێتەوە. بەڵام دەكرێ رێگە لەو رێچكەیە بگیردرێت.

لە ماوەی دەستبەجێدا، پەنجەرەیەکی تەسکی دەرفەت لە ئارادایە بۆ ئەوەی ئەکتەرەکان پلانێک بۆ چارەسەرێکی بەردەوام بخەنە ڕوو. لە ئێستاوە تا زیارەتی چلە (ئەربەعینییە، لە ١٦ی ئەیلول)، سەركردە جەنگخوازەکان ناچارن پشوو بدەن و لەخۆ بفكرن. لەم نێوەندەدا گرژییەکان هەر دەمێننەوە و ئەگەری ئەوە هەیە توندوتیژی لێرە و لەوێ ڕووبدات، خۆ دوور نیە جارێکی دیکە شەڕێکی سەرتاسەری لێبکەوێتەوە یان نەكەوێتەوە. بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەبێ چارەسەر بمێنێتەوە، ئەوا پێشبینیكردن لە رووداوەكانی داهاتوودا ئاسان نابێ. بە ئاڵوگۆڕكردنی لێدوانی نادیپلۆماسی و ناتۆرە و پەیامی رەق، ڕەنگە هەمان ئەکتەرەکان دوای چلە دەست پێ بکەنەوە و عێراق بەرەو كۆتاییەكەی ببەن.

درەنگ یان زوو سەدرییەکان درک بەوە دەکەن کە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی تەواوی سیستەمی حوكمڕانی بژاردەیەکی واقیعی نییە و گرتنەبەری ڕێگای دەرەوەی دەستوور بۆ زاڵبوون بەسەر عێراقدا ئەنجامی نابێت. تاکە ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ شەرعیەت ئەوەیە کە ڕێگە بە پەرلەمان بدەن کۆببێتەوە، یاسا بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ دابنێت و دەنگ بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە بدات. بە پێچەوانەشەوە، دەبێ چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوە قبوڵ بکەن کە ناتوانن ئۆپۆزسیۆن پشتگوێ بخەن، چ جای سڕینەوەیان. لێرەوە سازانی دوولایەنە پێویستە.

هەرچی لایەنە غەیرە شیعە عێراقیەكان و لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكانن، پێویستە فشار بخەنە سەر هەردوو دیوە ڕکابەرەکە بۆ ئەوەی لەسەر زەمینەیەکی ناوەڕاست ڕێکبکەون. باشترە کورد و سوننە پەلە لە رێكەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی نەكەن، بەتایبەتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە لەسەر حیسابی سەدرییەکان بێت. بەڵکو پێویستە بەشداریکردنیان بە مەرجی بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و عێراقێکی سەقامگیر بێ. پێویستە ئەمریکا و ئەوروپییەکان و یونامی بەردەوام بن لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە شێوەیەکی بنیاتنەر و دیبەیتەكان لەسەر سەقامگیری و شەرعیەت و کارایی دەوڵەت چڕ بکەنەوە.

پێویستە ئێران درک بەوە بکات کە رووداوەکانی ئەم دواییانە هەستی دژە ئێرانی لە نێو شیعەکاندا زیاد کردووە و رەنگە لە کۆتاییدا زێدە توندوتیژی لە ئێران دوورتریان بخاتەوە. دەبێ ئێران رۆڵی بنیاتنەر لە رازیکردنی هەموو لایەنەکان بۆ سازشکردن بگێڕێت. هەرچەندە ئێران بە پشتیوانیکردن لە چوارچێوەی هەماهەنگی بووەتە بەشێک (لایەنگیر) لە ململانێکان، بەڵام لەتوانایاندایە كە چوارچێوەی هەماهەنگی ناچار بكەن بۆ سازشکردن. دیارە ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی دابەشبوونە بەسەر گرووپی توندڕەو و میانڕەودا. نهێنی نییە کە لە ناوەوە بێ سەرکردایەتیەكی یەكگرتوون و دیارە لەلایەن ئێرانەوە بە باشتری ڕێنمایی دەکرێن. لە کاتێکدا ئەوانە و ئێران هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت سەدر لە هەوڵەكانی بوەستێنرێت، بەڵام نەیانتوانی لەسەر باشترین ڕێگاچارە ڕێکبکەون. کاتی ئەوە هاتووە چاو بتروکێنن و بەرەو ناوەڕاست بڕۆن.

Comments are closed.