Back

سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق – چوار هەنگاو بەرەو دواوە، دوو هەنگاو بۆ پێشەوە

یاسای ڕێپێدانی بەرگری نیشتیمانی بۆ ساڵی ٢٠١٦ خاڵی وەرچەرخانە بۆ سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق. بە پشت بەستن بە ڕەهەندە فیدراڵیەکان لە دەستووری عێراق، یاساکە پاڵپشتی پێشکەش بە سوننە و کورد دەکات ئەگەر حکومەتی ناوەندی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە داهاتەکان دابەش نەکات. شایەنی باسە، ئەگەر ئەمریکا لەسەرەتاوە پاڵپشتی دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ و ڕەهەندە فیدڕاڵیەکانی بکردایە، لە جیاتی وڵاتێکی مەرکەزی، ئەمڕۆ عێراق و سەروەری خاکەکەی ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە نەدەبوویەوە کە ئەمڕۆ لەسەریەتی.

ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراقی داگیرکرد – بە چەندین هۆکار – بە سیاسەتی گۆڕینی ڕژێم و کۆتایی هێنان بە دکتاتۆریەت لە عێراق. لەگەڵ ئەوەی چەندین هەڵە لە پلانی دوای جەنگ ئەنجامدرا، سیاسەتی ڕوون و نەگۆڕ بەردەوامبوو. دەستووری عێراقی ٢٠٠٥، هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی فیدڕاڵ دەناسێنێت و ڕێگەی دروستکردنی هەرێمی فیدراڵی تریش دەدات. جۆ بایدن، وەک سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە سیناتی ئەمریکا، پێشنیاری دروستکردنی هەرێمی فیدراڵی بۆ سوننە و شیعەکان کرد، شانبەشانی هەبوونی هەرێمی کورد. بەڵام، ئەم پێشنیارە لە لایەن ئەمریکاوە ڕەتکرایەوە، وڵاتێکی مەرکەزی بەهێز برەوی پێدرا.

یەکەم هەنگاو بەرەو دواوە: لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ باراک ئۆباما بووە سەرۆکی ئەمریکا؛ وەک بەشێک لە کامپەینی سەرۆکایەتی بەڵێنی کۆتایی هێنان بە جەنگ لە عێراق و کشاندنەوەی سەربازەکانی دابوو. خواستی ئۆباما بۆ کشاندنەوەی سەربازەکانی مانای ئەوەبوو کە ئەو سیاسەتی ڕادەستکردنی فایلی ئەمنی هەڵبژاردووە بێ گوێدان بەوەی کە ئاخۆ بەرپرسانی عێراق ئامادەن بۆ ئەو بەرپرسیارێتیە یاخوود نا. ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ سەرۆک وەزیران، نووری مالیکی، بۆ بەدەستهێنان و کۆنتڕۆڵ کردنی دەسەڵات، کە لە دەرئەنجام ڕێگەی پێدا هێزەکانی سەحوەی سوننە هەڵبوەشێنێتەوە  – کە بەرپرسیاربوون بۆ شکشتپێهێنانی قاعیدە لە عێراق و یارمەتیدەربوون لە کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ – بەبێ ئاوێتەکردنیان بەشێوەیەکی دروست لەناو سیستەمی [بەرگری] دەوڵەت.

دووەم هەنگاو بەرەو دواوە: لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ ئەمریکا پاڵپشتی مالیکی کرد بۆ مانەوە لە دەسەڵات، سەرەڕای ئەو ڕاستیەی کە لیستەکەی زۆرترین دەنگی نەهێنا بوو. لەهەمان کات، ڕاوێژکارە عێراقی و ئەمریکیەکان داوایان دەکرد کە ئەمریکا واز لە پاڵپشتیکردنی مالیکی بهێنێت چونکە سروشتی سیاسەتە مەزهەبیەکانی مالیکی وردە وردە ڕووی لە زیادی دەکرد و ڕوونتر دەبوویەوە. پاڵپشتیکردنی مالیکی هەڵەیەکی ئێجگار گەورەبوو، وە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٤ مەرکەزیەتی مالیکی گۆڕا بۆ دکتاتۆریەت. بەڵام، ئەمریکا بەردەوام بوو لە پاڵپشتیکردنی سەرەڕای ئەو ڕاستیەی کە دکتاتۆریەتی مالیکی ڕێگر بوو لەبەردەم ڕۆڵی سوننە و کوردەکان لە بڕیاردان و سەروەری یاسا.

سێیەم هەنگاو بۆ دواوە: لە ساڵی ٢٠١١ ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە بەڕێزگرتن لە ڕیکەوتنێک کە لە لایەن سەرۆکی پێشووتر، جۆرج بۆشەوە واژۆکرابوو، بۆ کشاندنەوە لەو بەروارە. لە بنەڕەتدا، هیچ کام لە مالیکی و ئیدارەی ئۆباما بوونی سەربازەکانی ئەمریکایان لە عێراق نەدەویست؛ بۆیەش جێگەی سەرسوڕمان نەبوو کە گفتوگۆکان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەکە سەرکەوتوو نەبوو. ئەرکی ئەمریکا بوو کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە پاشەکشە بکات و عێراق بە هەبوونی پرسی چارەسەرنەکراو و پێکهاتەیەکی دەسەڵات کە مۆرکی ڕژێمی سەدامی پێوەبوو، بەجێنەهێڵێت. بەڵام، سەرەڕای فراوانبوونی مەزهەبگەرایی و دکتاتۆریەتی مالیکی، کارێکی ئەوتۆیان نەکرد بۆ دڵنیاییکردنی سەقامگیریی عێراق بەر لە پاشەکشەکردن. وەک ئاماژەیەک بۆ سەرهەڵدانی ڕووداوەکان، ڕۆژێک دوای کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا، مالیکی فرمانی دەستگیرکردنی بۆ جێگری سەرۆک کۆمار تاریق هاشمی سوننە دەرکرد. مالیکی بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتەکانی لە عێراق ڕەفتاری کرد و کۆنتڕۆڵی هەردوو بواری سیاسی و سەربازی کرد. ڕەفتارەکانی مالیکی کۆمەڵێک بارودۆخی گونجاوی یارمەتیدەری بۆ سەرهەڵدانی خێرای داعش، دروستکرد. ئەمەش بە هەناردەکردنی هێز لە لایەن مالیکیەوە وەک مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەرانی سیاسی ئاڵۆزتربوو، کە دەرفەتێکی ئەوتۆی بۆ چارەسەری سیاسی نەهێشتەوە.

چوارەم هەنگاو بۆ دواوە: سەرهەڵدانی داعش سەرنجی ئەمریکای بەدەستهێنا و تەرکیزی ئەمریکای هێنایەوە سەر عێراق. بۆیە، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ ئەمریکا پاڵپشتی مالیکی نەکرد، سەرەڕای ئەوەی کە ئەمجارە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. ئەمریکا لە کۆتایی دا بەرەو ڕووی هەڕەشەکانی مالیکی بۆ سەر یەکگرتوویی عێراق، خەبەری بوویەوە. بەڵام، هێندەی نەبرد کە ئەمریکا دووبارە کەوتەوە هەمان داوی پاڵپشتی کردنی تاکە کەسێک وەک لەخۆگرتنێکی کوێرانە بۆ حەیدەر عەبادی. تەرکیزی ئەمریکا بریتی بووە لە هەوڵدان بۆ شکستپێهێنانی داعش لە ڕووی سەربازیەوە، بەڵام لە چارەسەرکردنی شکستەکان لە پێکهاتەی عێراق کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی داعش، سەرکەوتوو نەبووە. عەبادی توانا و پاڵپشتی ئەوتۆی نیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە، وە هەوڵەکانی لە پەرلەمان تێپەڕی نەکردووە.

هەنگاوێک بەرەو پێشەوە: ڕاپۆرتی لیژنەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ خزمەتگوزاری سەربازی دەربارەی پرۆژە یاسای (H.R.1735) –  یاسای ڕێپێدانی بەرگری نیشتیمانی بۆ ساڵی ٢٠١٦ ئاماژە بەوە دەکات:

ئەم بڕگەیە داوا دەکات کە [هێزەکانی] پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی هۆزە عەرەبەکان لە سۆنگەی ئامانجی ئەمنی نیشتیمانی، وە پاسەوانی نیشتیمانی عێراقی سوننە وەک وڵات مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەم هێزانە کە ڕاستەوخۆ یارمەتی لە ئەمریکا وەربگرن…[جەختی لەسەر کراوەتەوە].

پڕۆژە یاسای کۆتایی، کە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە واژۆکراوە، وشەی ‘وڵاتی’ لابردووە، بەڵام کورد و سوننەی وەک دوو پێکهاتە ناساندووە. لە کۆتاییدا، ئەم پڕۆژە یاسایە تەرکیزی ئەمریکای لە پاڵپشتی کردنی تاکە کەسێک و عێراقێکی مەرکەزی گۆڕی، بەرەو دانپێنان کە عێراق لە سێ پێکهاتەی سەرەکی و خاوەن ئامانجی جیا پێکهاتووە. بەڵام، تەنیا بە سەرهەڵدانی داعش ئەمە ڕووی دا. ئەم پرۆژە یاسایە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمریکا لە کۆتاییدا درکی بەوەکردووە کە پاڵپشتیکردنی وڵاتێکی مەرکەزیەتی بەهێز لە ڕاستیدا عێراق دابەشدەکات تادەگاتە خاڵی وێرانبوون، لە کاتێکدا پاڵپشتیکردنی عێراقێکی فیدڕاڵی دابەشبوو دەتوانێت پارێزگاری لە یەکگرتووییەکەی بکات.

دوو هەنگاو بەرەو پێشەوە: هەروەک لاوازبوون و شکستی عەبادی خەریکە ڕوونتردەبێتەوە، ئەمریکا لە کۆتاییدا نەگەڕایەوە بۆ بەغدا و ڕاستەخۆ یارمەتی بەرچاوی بە پێشمەرگە دا. ئەمەش لە ڕێگەی یاسای بەرگری نیشتیمانی جێبەجێکراوە، کە بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر یارمەتییەکان بە شێوەیەکی پێویست دابەشنەکرا، ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ یارمەتی دابەشدەکات بەخۆ بەدوورگرتن لە یاساکانی هەناردەکردنی چەک و یارمەتی دەرەکی. ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە چونکە وا نیشاندەدات کە ئەوە دەستپێکی سیاسەتی نوێیەتی لە پاڵپشتیکردنی عێراقێکی فیدڕاڵ. دەرئەنجام، کەرەستەکانی سیاسەتێکی هاوسەنگ لە عێراق هەردەم لەبەردەستبوون، بەڵام ویستی سیاسی بوو کە بوونی نەبوو.

دوو هەنگاوی تری پێویست: بۆ بەرەوپێشچوون، ئەگەر ئەمریکا پاڵپشتی عەبادی دەکات، دەبێ دڵنیابێت لەوەی کە دەستوور بەرز ڕادەگرێت و بەشێوەیەکی شیاو دەسەڵات دابەش دەکات. پێویستە ئەمریکا ئەو ئاراستە نوێیە پەیڕەو بکات کە لە یاسای بەرگری بۆ ساڵی ٢٠١٦ داڕێژراوە و پاڵپشتی سوننە و کورد بکات ئەگەر عەبادی شکستی هێنا. تەنیا لە ڕێگەی بەهێزکردنی سوننەکان لە ڕووی سیاسیەوە، وە دروستکردنی شتێک لە چوارچێوەی “پاسەوانی نیشتیمانی عێراقی سوننە” – لە میلیشیا سوننیەکانی ئێستا – وە یارمەتیدانی سوننەکان بۆ ئەوەی ببنە هەرێمێکی فیدڕاڵ؛ ئەو کاتە دەتوانرێت داعش بەتەواوی شکستی پێبهێنرێت، چونکە هێزی سوننە و پاڵپشتی سیاسی بۆ سوننەکان پێویستی بنچينەیین بۆ تێکشکاندنی داعش لە موسڵ. لەهەمان کاتدا، پێویستە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ سوننە و کوردەکان بەو مەرجەبێت کە ئەوانیش بەهەمان شێوە ڕێز لە دەستوور دەگرن و خۆیان لە چوارچێوەی پێکهاتەی فیدڕاڵی فراوانتر ناکەن. ڕووداوەکانی چەندین مانگی داهاتوو ئایندەی عێراق دیاری دەکەن، ئاخۆ فیدڕاڵی، کۆنفیدڕاڵی یاخود دابەشبوون بێت. تەنیا شتێک کە ڕوونە بریتیە لەوەی کە ئەمریکا پێویستە ئەو ڕۆڵەی هەیەتی بیگێڕێت، وە پاڵپشتی فیدڕاڵیزم کە دەستوور بەڵێنی داوە بکات، بۆ پێچەوانە کردنەوەی هەندێک لەو زیانانەی کە لە دەرئەنجامی پاڵپشتیکردنی مالیکی ڕوویانداوە.

ئەم بابەتە بۆ یەکەمینجار لە بەرواری ١٨ ئایار لە ماڵپەڕی ئۆپن دیموکراسی بڵاوکراوەتەوە.

Comments are closed.