Back

دۆزی كریستیان و ئێزدیەكان – با شەرمەزاریان نەبین

دۆزی كریستیان و ئێزدیەكان – با شەرمەزاریان نەبین

پوختەی راپۆرت و ڤیدیۆی پانێل

  • حازم تەحسین بەگ، میر و سەرۆكی ئەنجومەنی روحاني باڵای ئێزدی
  • عەلی ئەلیاس حاجی ناسڕ، ئیختیاری مەرگە (بابا شێخ) و ئەندامی ئەنجومەنی روحاني باڵای ئێزدی
  • مەیان خەیری سەعید بەگ، خاتوونی ئێزدیان
  • نەجیب میخائیل موسا، سەرۆكی قەشەكانی كلدانی لە موسڵ و ئاكرێ
  • نەجم ئەلجبوری، پارێزگاری نەینەوا
  • سەرهەنگ حەمەسەعید، پەیمانگای وڵاتە یەكگرتووەكان بۆ ئاشتی (سەرپەرشت)

چوارچێوەی گفتوگۆی ئەم پانێڵەی دیداری مێری ٢٠٢٢ بریتی بوو لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و بابەتیانە و کرداریی سەبارەت بە زامنکردنی مافی پێکهاتە عێراقییەکان، بە تایبەتی ئێزیدی و مەسیحییەکان (کرتە لێرە بکە بۆ ڤیدیۆی پانێلەكە بە تەواوی). سەرپەرشتیاری پانێلەكە، سەرهەنگ حەمەسەعید، بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای ئەمریکی بۆ ئاشتی لە واشنتۆن، ئاماژەی بەوە دا، کە دەستووری عێراق گەرەنتی بۆ مافی پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت. بۆ ڕەنگدانەوەی ئەمە و ڕێزگرتن و پاراستنی فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی وڵات، جگە لە زامنکردنی ئازادی ڕادەربڕین، داڕێژرابوو. جەختیشی کردەوە کە گفتوگۆ لەم پانێڵەدا لەسەر پێکهاتەکانی ئێزیدی و مەسیحی دەبێت، بەڵام پێکهاتەکانی تر، کاکەییەکان، مەنداییەکانی سابیئان، شەبەک، کوردی فەیلی، تورکمان، بەهایی، عێراقی پێست ڕەش، زەردەشتی و ئەوانی تر، هەروەها لەبەرچاو دەگیرێن و گفتوگۆکە تا ڕادەیەکی زۆر نوێنەرایەتی کاروباری ئەوان و ئاواتەکانیان دەکات.

حەمەسەعید ئاماژەی بەوەشکرد كە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە عێراق نەک هەر هەست بەوە دەکەن کە بەشداری و نوێنەرایەتییەکی پێویستیان نییە، بەڵکو هەست دەکەن کە تەواوی بوونیان لە عێراقدا، مەترسی جینۆساید یا ئاوارەبوون یان کۆچکردنیان لەسەرە. ئەمە هەستێکی ڕاستەقینەیە کە زۆرێک لە پێکهاتەکان لە عێراق  درکی پێدەکەن لەو كاتەوە كە ئەلقاعیدە تاوانە قێزەونەکانی خۆی بەرامبەر ئەوان ئەنجامدا و دوای ئازادکردنی ناوچەکانیشیان. بۆیە ئەو کەس و پێکهاتانە هەست دەکەن کە پێشتر لەلایەن حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکە، هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت لەلایەن سەرکردەکانیانەوە بەهەمان شێوە بێهیوا کراون. بەڵێ ئەو لایەنانە هەوڵی زۆریان داوە، بەڵام لە ئاستی ئەو برینە قووڵە و ئاستی وێرانکارییەدا نەبوون کە داعش و کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو بەجێی هێشتووە. پێویستە هەموو کەسێک بەجدی مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشانەدا بکات. کەواتە “با جارێکی تر بێهیوایان نەکەین”، بەتایبەتی کە عێراق حکومەتێکی نوێی هەیە و بەرپرسیارێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ کێشەکاندا هەیە.

میرحازم تەحسین بەگ وتارێكی پێشکەش کرد، تیایدا هەوڵەکانی ئینستیتوتی مێری بەرز نرخاند بۆ: “لەخۆگرتنی دۆزی دادپەروەرانەی ئێمە، دۆزی ئایینی ئێزیدی و کۆمەڵگەی ئێزیدی، بە لێکۆڵینەوە و دروستکردنی کەشێکی وا بۆ هاندانی گفتوگۆ سەبارەت بە داهاتووی عێراق و پێکهاتەکانی”.  وتیشی، “ئاینی ئێزیدی یەکێکە لە ئایینە کۆنەکانی ناوچەکە، ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام و مەسیحییەت، ئایینەکە لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوە ژیان و خۆنەویستی دامەزراوە، کۆمەڵگەی ئێزیدیش ڕەسەنە بە نەریت و کولتووری دێرین. ڕەگ و ڕیشەی لەم نیشتمانەدا هەبووە، پێش ئەوەی ئیمپراتۆریەت و داگیرکەران بچنە ناویەوە. ئێمە مەترسیمان لەسەر کەس نەبووە. بەڵام بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی ٧٤ هەڵمەتی جینۆساید بووینەوە، کە دوا هەڵمەتیان لەسەر دەستی ڕێکخراوە تیرۆریستی داعش بووە. کاتێک ڕژێمی پێشوو گۆڕدرا و عێراق دەستووری دیموکراسی پەسەند کرد، خۆشحاڵ بووین کە سەردەمی نوێ توانای پاراستنی ئایینەکەمان و کۆمەڵگاکەمانی دەبێ. بەڵام ئەو کارەساتانەی لە ژێر ئەم دەسەڵاتە نوێیەدا بینیمان ئەوانەن کە لە بیرەوەری نەوەکانمان بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە. گوند و شارەکانمان ڕووخێنران، کە تا ئێستاش وێران بوون و ئاوەدان نەكراینەوە و نۆژەن نەکراینەتەوە. خێزانەکانمان بە ژمارەیەکی زۆر لە بارودۆخێکی سەختدا ئاوارە بوون، سەدان هەزار کوڕ و کچمان تا ئێستاش لە کەمپەکاندا دەژین. ژمارەیەك زۆر لە کچان و ژنانی ئێمە هێشتا لە دیلی دان و چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕزگاربووانین بۆ نێو خێزانەکانیان، بە شانازی و رێز لێگیراویەوە. سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی کاک نێچیرڤان بارزانی، کاریان بۆ زۆرێک لە کچ و ژنەکانمان کرد کە بۆمان بگەڕێننەوە، بەڵام كاری زیاتریش ماوە. ڕووخانی ئابووری ناوچەكانمان کە لە پلەی یەکەمدا پشتی بە کشتوکاڵ بەستبوو و تائێستا پشتیوانیمان بۆ دووبارە بوژاندنەوەیان وەرنەگرت، بۆیە زۆرێک لە خێزانەکانمان ناچار بوون کۆچ بکەن و پرۆسەکە تا ئێستاش بەردەوامە. ئەمەش هەڕەشە لە بوونی کۆمەڵگاکەمان دەکات لە سەر خاکەکەماندا. مەسەلەی ئێمە بە دەستێوەردانی هێزە حکومی و ناحکومی و ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان گۆڕاوە بۆ پرسێکی سیاسی و ئەمنی. شنگال باشترین نموونەیە”.

میر حازم داوای لە سەرکردە و بڕیاردەرانی موسڵ و بەغدا و هەولێر و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پرسی ئێزیدییەکان بۆ چارەسەرکردن لەخۆ بگرن، گوتی “چونکە پرسی ئێمە چیتر پرسێکی ناوخۆیی نییە”. داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە وەبەرهێنان لە ژێرخانی ناوچە ڕووخاوەکانیان بكەن، و لە پەروەردەکردنی گەنجان و بتوانن خزمەت بە خێزانەکانیان و خەڵکی عێراق بە گشتی بكەن. هەروەها کار بكەن بۆ پاراستنی ناسنامەی ئێزیدی و ئایینی ئێزیدی و مافەکانی ئێزیدی، وەک هاووڵاتی پلە یەک. وە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵمەتی جینۆساید لە دژیان لە داهاتوودا، ئەویش لە ڕێگەی یاسادانان و دواتر جێبەجێکردنی یاسای توند. تەنانەت سەرکردەکانی ئێزیدی ئامادەبوون گۆڕانکاریی نەگۆڕه ئایینییەکانیش بکەن، بۆ ئەوەی مافی ژنەکانیان بپارێزن و چاکبکەنەوە و کۆمەڵگەکەیان له کاریگەرییەکانی جینۆساید وەربگرن، بەڵام     ئەمه پێویستی به پاڵپشتی دەوڵەت هەیه له ڕێگەی دەرکردنی یاسا و تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە ناوچە زیان لێکەوتووەکانیان، وەک شنگال.

سەماحەتی ئیختیاری مەرگە (بابا شێخ) عەلی ئەلیاس حاجی ناسر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای روحانی ئێزیدییەکان، وتارێکی روحانی پڕ لە پەیامی ئاشتی و هاندانی ئاشتی کۆمەڵایەتی پێشکەش کرد. لە ڕوانگەی ئایینیەوە دەستی بە وتارەکەی کرد و وتی ئەگەر ڕێککەوتن هەبێت هەموو شتێک یەکلایی دەبێتەوە. دەوڵەت بە کۆی دەنگ لە سەرانسەری جیهاندا هەر بە ڕێکەوتن پێک دێت. لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە چەند خاڵێکی پیرۆزی ئایینی ئێزیدی کرد:

  • رێزگرتن لە دایک و باوک: “ئەگەر دڵی باوک و دایکت خۆش نەکرد، با سەد ساڵ عیبادەت بکەیت، ئەو سەد ساڵە دڵی دایک و باوکت خۆش ناکات”.
  • لێبوردن: «لەبەرئەوەی داوای لێبوردن لە خودا دەکەیت، بۆیە دەبێت لە خەڵک خۆش بیت .
  • مرۆڤایەتی: “ئەم دەقە هەزاران ساڵە دەوترێتەوە”.
  • باوەڕبوون بەوەی کە دونیا زۆر جوانە: «خودا دروستی کردووە، بۆیە پێویستە هەموو نەتەوەیەک بە زمانی خۆی لەگەڵ خودا قسە بکات لەسەر ئەم جوانییە».
  • مردن: “بوونی هەیە و واقیعییە، هیچ شتێک لە دونیادا هی ئێمە نییە، بەڵکو هی ئەوانەی دوای ئێمەیە، بۆیە ئێمە پێویستە کێشە بۆ یەکتر دروست نەکەین”.

ئیختیاری مەرگە دووپاتی کردەوە کە ئایینی ئێزیدی ڕێز لە ئایینەکانی جیهان دەگرێت و مافی مرۆڤ دەدات و باوەڕی بە مافی ژنان هەیە.

خاتوو میان خەیری سەعید بەگ، خاتوونی ئێزیدیان، ئاماژەی بەوەدا کە پێکهاتەی ئێزیدی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و ٧٤ جار کەوتۆتە بەر هێرشی جینۆساید. گوتیشی: “نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم، بە وێرانکردنی ژێرخانی ناوچەی ئێزیدیان، گۆڕی بەکۆمەڵ و ئاوارەکانی ئێزدی کە لە چادردا دەژین؟ یان خوشک و دایکەکانمان کە لەلایەن داعشەوە ئازاد نەکراون. یان شنگال کە هێشتا ئاوەدان نەکراوەتەوە، قوربانییەکان هێشتا قەرەبوو نەکراونەتەوە، و کەسوکاری شەهیدان ئەوەی شایەنیەتیان وەرنەگیراوە. زۆر سوپاسی کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەین بۆ ئەو هەوڵەی بۆ ئازادکردنی سێ هەزار زیندانی ئێزیدی، و ئەمەش کارێکی گەورەیە، بەڵام ئاواتەخوازین زیاتر، داوا لە سەرۆکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغداد دەکەین ئاگاداری ئازارەکانی پێکهاتەکان بن، چونکە تا ئێستا حکومەتی بەغدا هیچی نەکردووە پێمان بڵێت. بۆچی ئاوەدانکردنەوە لەکاتی ئازادکردنی موسڵ دەستیپێکرد، بەڵام دەپرسین بۆ لە شەنگال نایکەن، ئەگەر ئێزیدیەکان بە عێراقی دەزانن. ناوبراو بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ سەردانی ناوچە ئێزیدییەکان و بینینی ئازارەکانی خەڵکی خێمەکان. بەڵێ هاوکاری هەبوو کە لەلایەن ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە پێشکەش کرا، بەڵام هیچ ئیرادەیەک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە نەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێزیدییەکان. ئەوەی بەسەر ئێزیدییەکان دا هات و ئەوەی لە شنگال ڕوویدا، برینێکی قووڵە، بەڵام پێکهاتەی ئێزیدی سەرەڕای ئەوەی کە چی بەسەرهات، ڕۆحی لێبوردن و ڕۆحی هاوکاری و ڕۆحی پێکەوە ژیانی نیشان داوە .

نەجیب مایکل موسا، سەرۆك قەشەكانی کلدانی لە موسڵ و ئاکرێ، دەستپێشخەری ئینستیتیوتی میری لە دیراسەکردنی پێکهاتەی ئێزیدی و مەسیحی و دروستکردنی کەشێکی پشتیوانی بۆیان، بەرز نرخاند و جەختی لەوە کردەوە کە “ئەوەی بەسەر برایانی دئێزیدیدا هات لە نەینەوا ئەوەیە کە بەسەر ئێمەدا هات. ئەوەی بەسەر برا کوردەکانیش داهات لە هەڵەبجە و لە شوێنەکانی تر، و لەم توندوتیژییەی کە بە درێژایی نەوەکان تووشی بوون، ئێمەش ئازارمان چەشت چونکە چارەنووسمان هاوبەشە، ئەوەی ئازارتان دەدات ئازارمان دەدات، هەست دەکەین ئێمە یەک گەلین، با واز لە باسکردنی ئایینەکان بێنین، با واز لە باسکردنی تائیفەگەری بێنین، وە واز لەو قسان بێنین کە چی جیامان دەکاتەوە، ئەمڕۆ ئەو شتانەی یەکمان دەخەن زۆر زیاترن. ئەوەی داعش کردوویەتی نوێنەرایەتی هیچ ئایینێک ناکەن، هیچ ئایینێک بۆ تیرۆر نەهاتووە. بەهیچ شێوەیەک داعش نوێنەری ئیسلام نیە. داعش لە ئیسلامی دا هەروەک چۆن لە برایانی ئێزیدی و مەسیحییەکانی دا. برایانی ئێزیدی و ئێمەی مەسیحی لایەنی ململانێکان نەبووین، بەڵام داعش دەستی کرد بە شێواندنی ئایین، بەناوی ئاینەوە و دەستی کرد بە شێواندنی ئەو ڕاستییە بنەڕەتیانەی کە بەڕاستی سوکایەتی بە مرۆڤایەتی بە گشتی دەکەن. دەشتی نەینەوا بۆتە نموونەیەکی زیندوو بۆ ئەو توندوتیژییەی کە هەیە. بەڵام چاکبوونەوە لە ئارادایە. نەینەوا و موسڵ و کوردستان و عێراق گەشە دەکەنەوە. چونکە من پڕم لە ئومێد، ئەگەر کەسانێک هەبن بە ویژدانێکی هۆشیار و دڵێک کە بە خۆشەویستی لێدەدات، ئێمە لە داهاتوو بۆ ئەم نیشتمانە ناترسین. لە ڕاستیدا تا زیاتر لە نێوان خۆماندا دابەش بین و  زیاتر شەڕی یەکتری بکەین، زیاتر لاواز دەبین و دوژمنی هاوبەش زاڵ دەبێت بەسەر هەمووماندا. ئێمە هەموومان براین، کورد و عەرەب و مەسیحی و ئێزیدی و سابیئةی مەندائی و فەیلی و هەموو ئەو پێکهاتانەی تر، هەروەها ئەو ئاینە کۆنانەی کە بەداخەوە پێدەچێت وەک زەردەشتی و ئەوانی تر نامێنن، بۆچی نامێنن، چونکە ئێمە لاواز دەبین؟ هەموومان وەکو قاپ و جامی كوتراو واین، کە لە قەبارە و ڕەنگ، لە درێژی و کورتیدا جیاوازن، بەڵام مەعدەنەكە وەک یەکە و مەعدەنی ئێمەش ئەو مرۆڤایەتیەیە کە کۆمان دەکاتەوە. پاپای پیرۆز فرانسیس ساڵێک و چەند مانگێک لەمەوبەر لە سەردانێکدا کە هات بۆ عێراق. ئاماژەی پێکرد. سەردانێکی دیار و ناوازە بوو. ئەو شتانەی لە ئورەوە تا نەینەوا و بۆ کوردستان بینی، کاریگەرییان لەسەر كرد. بینیویەتی ئەم گەلە یەکگرتوو و بەهێزە، چونکە ڕەگ و ڕیشەی ئێمە ڕەگ و ڕیشەی میزۆپۆتامیایە کە ئێمە یەکدەخات. هەموومان ئەم ڕەگانەمان بە مێژووەوە بەستراوەتەوە، بۆیە دەبێت بەرهەمی هاوبەشمان هەبێت. من قەشەی مەسیحی نیم، قەشەی ئێزیدی و ئیسلام و شیعە و سوننەم بە گشتی، خزمەتیان دەکەم. ئەمڕۆ ئەو شتانەی یەکمان دەخەن بەهێزترن” سەبارەت بە پرسی کۆچبەری، قەشە وتی: “ئەگەر ئێوە وەک حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان حەزتان لێیە پشتگیری مەسیحییەکان بکەن، باشترین شت ئەوەیە تا دەتوانن کار بکەن پێکەوە بە مەبەستی وەستاندنی دیاردەی  کۆچبەری، چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ زیان بە عێراق بە گشتی و پێکهاتەی مەسیحی دەگەیەنێت. ئەمڕۆ ڕەخساندنی هەلی کار و ڕاگرتنی ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەی کە هەیە ئەرکی ئەم دوو حکومەتەیە” داوای کرد پێکهاتەی مەسیحی بتوانێت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات لە ناوچەکانیدا، و هاوبەشی کاریگەر بن لە بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمەدا.

نەجم الجبوری لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، کە داعش کوشتنی بڵاوکردەوە. گوتی: “داعش لە بانگەشەی كوشتندا جیاوازی لەنێوان مەسیحییەک، موسڵمانێک، ئێزیدییەک، کوردێک و عەرەبێک، نەكرد. بەڵام ئەوەی لە گەلی ئێزیدیمانیان كرد جیاوازە، ئەوەیە کە هێڵی سووری گەورەیان بەزاندووە، و ئەوەش بە پێشێلکردنی  کەرامەت و شەرەفی ئێمە بوو.” ئەوەی بەسەر گەلی ئێزیدیمان هات کارەساتێکە هاوشێوەی لە مێژوودا نەبووە بەسەر هیچ میللەتێكدا نەهاتووە. بۆیە كە یەکەم هەنگاومان لە مەخمور بۆ ڕزگارکردنی پارێزگای نەینەوا دەست پێکرد ، ووتە بەناوبانگەکەمان گوت؛ (ئەوەی شەرەفی ئێمەی پێشێل کرد، ئەگەر خۆی بە پەردەی کەعبەەوە هەڵواسێ، وازی لێناهێنین)، بەڕاستی هێزە چەکدارەکان بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ کرد، و ستایش بۆ خودا، سەرکەوتن بەدەست هات.  لە کەنیسەی موسڵ ئەوەم وت کە ئەولەویەتەکانی من گرنگیدانە بە ئێزیدییەکان، چونکە تووشی کارەساتێک بوون، پاشان مەسیحییەکان، ئینجا ئەوانی دیکەش دێن.”

ئەلجبوری ئاماژەی بە دەسەڵاتە سنووردارەکانی پارێزگار و حکومەتی خۆجێی کرد و وتی: نازناوێ ئێستا بەكارە بریتیە لە (پارێزگار)ە نەک (موتەسەڕیف – کارگێڕێكی دەسەڵاتدار) وەک لە ڕابردوودا. توانا و دەسەڵاتەکانمان سنووردارە. سەرەڕای ئەوەش حکومەتی خۆجێی دەستی کرد بە دروستکردن و چاودێریکردنی قەزاکان، لەوانە ئەلحەمدانییە، بەدرە، بەعشیقە، شێخان، ئەلقوش، ئەلفایدە، شەنگال. ڕێککەوتنێک هەیە لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و گەڕانەوەی ئیدارە بۆی، لەنێویاندا قایمقامی قەزا و بەڕێوەبەری ناحیەکان. نەگەڕانەوەیان تەحەدایەکی گەورەیە بۆ حکومەتی ناوخۆیی. بڕگەیەکی دیکەی گرنگ لە ڕێککەوتنەکەدا پەیوەندی بە گەڕاندنەوەی متمانە بۆ ئێزیدییەکان هەیە بە پێکهێنانی تەواوی لیوایەکی پۆلیس لەنێوانیاندا، بۆ ئەوەی سوپا و حەشدی شەعبی لە دەرەوەی شار بمێنێتەوە. بەڵام حکومەتی ناوەند لە دیدگای خۆیدا لە شەنگال یەکگرتوو نەبوو، حکومەتی هەرێم تەنها بە چارەسەری تەواو ڕازی بوو (واتە 100%). هەر بۆیە ئەم بڕگە سەرەکیانە جێبەجێ نەکراون. جگە لەوەش، شەنگال بووەتە شوێنی ململانێی سیاسی نێودەوڵەتی. پارێزگار چارەسەری دیکەی پێشنیار کرد، وەک پێکهێنانی شانەی قەیرانەکان بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دادوەری، بە ئەندامێتی ئێزیدییەکان لە هەندەران و لە شەنگال و نوێنەری خێڵەکانی هەرێم، بەڵام بڕیاردەرانی هەرێمی کوردستان بەو شتە ڕازی نەبوون. پاشان بڕیارێک لەلایەن سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە دەرچوو کە پارێزگاری نەینەوا ئەرکی قایمقامی قەزا لە شنگال بگرێتە ئەستۆ تا ئیدارەیەکی نوێ هەڵدەبژێردرێت، یان ئیدارەیەکی نوێ دێت. ئەم پێشنیازەش ڕەتکرایەوە. کەواتە ئێستا شەنگال قایماقام و بەڕێوەبەری ناحیەی نییە تا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەڵام پارێزگا دەرگای بەڕووی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە کە لە شنگال کاردەکەن، ئێستاش لە شنگال پڕۆژە هەیە کە لە پارەی بەستوو پارەیان بۆ دابین دەکرێت.

پارێزگاری نەینەوا، نەجم ئەلجبووری، جەختی لەوە کردەوە کە هیچ شارۆچکە و گوندێک ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەری پێش خۆی، ئەگەر خەڵکەکەی بۆی نەگەڕێنەوە. کاتێک گوندێک ئاوەدان دەکەیتەوە و وەبەرهێنان لە ژێرخانەکاندا دەکەین، لەوانە قیرتاوکردنی شەقامەکان و دامەزراندنی کارەبا و دروستکردنی کلینیک. بەڵام هیچ كۆمەڵگایەك لەوێ نییە کە بتوانێت شارەکە بپارێزێت، بۆیە پرۆسەکە بەردەوام نابێت. ئێستا لە سینونی و بەعشیقە و حەمدانییە بەھۆی بوونی كۆمەڵگاكانیانەوە کێشەی ئاوەدانكردنەوەیان نییە، بەڵام شەنگال تاکە شوێنە کە کێشەی ھەیە. کێشەکە پێویستی بە بڕیارێکی تۆکمە و بەهێزە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە.

Comments are closed.